ساڵێک لە تێپەڕبوونی شۆڕشی ژینا و بێهەڵویستیی وڵاتان لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان.

نووسینی: عارف باوەجانی
ساڵێک لە تێپەڕبوونی شۆڕشی ژینا و بێهەڵویستیی وڵاتان لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان.

زۆر جاری بە مەبەستەوە هەوڵ دەدرا ناوەڕۆکی ئەو شۆڕشە کە کاراکتەرەکە و خەڵکەکەی کورد و کوردستان بوون، بگۆڕن بە شۆڕشێکی گشتی فێمێنیستی.




پێشەکی
مێژووەکان خێرا تێپەڕ دەبن، بەڵام بەدەستهێنانی مافەکان زۆر بە خاوی تێ دەپەڕێت. نەتەوەی کورد و کوردستان خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی پڕ لە کارەسات و ڕووداوە. بە گێڕانەوەی هەر کام لەو مێژووانە بە دەیان پەڕتووک و ڕۆمانی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە شۆڕشی یەک ساڵەی ژینا ئەمینی دەکەین کە چۆن وا بەپەلە مێژووەکە تێپەڕی و دیسانەوە شایەتی بێهەڵویستی بەناو چاودێرانی مافی مرۆڤ بووین.

ژینا کێ بوو، چۆن شەهیدکرا و بۆچی شەهیدکرا؟
لە ڕێکەوتی ١٣سەپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی، کەنیشکە کوردێکی تازەپێیگەیشتوو، دڵخۆش بە ژیانی لاویەتی و پێشکەوتن و خوێندن، بە ناوی "ژینا ئەمینی" کە دەیانەویست بە زۆر و بەبێ ویستی باوک و دایکی، ناوەکەی بکەن بە مەهسا. "ژینا"ی جوانەمەرگ بە مەبەستی سەردانی ماڵی پوری، واتە خۆشکی دایکی و خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی زانکۆ و کڕینی پێداویستییەکانی پێش زانکۆ، لە گەڵ باوک و دایکی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی شاری تارانی پایتەختی ئێرانیان کرد. بەڵام هەر لە ئێزگەی شەممەندەفەری پایتەختی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرە، درایە بەر لێدانی دڕندانەی "باتۆم"ی دەستی پۆلیسە سەرکوتکەرەکانی ئێران، کە ناسناوی پۆلیسی پاراستنی ئاکار و ئەخلاقیان لێ نراوە. بەهۆی ئەو لێدانە دڕندانە و هۆڤانەیە، سەر و مێشکی ژینا لەتمەی کاریگەر لێ کەوت و دوای ٣ ڕۆژ مانەوە لەژێر چاوەدێریی چڕوپڕی پزشکانی نەخۆشخانەی تاران، مخابن دوای٥٠ کاتژمێر بە سەر کارەساتەکە، واتە لە ١٦سەپتەمبەری ٢٠٢٢ "ژینا"ی کوردستان جوانەمەرگ کرا و مەرگی ژینا بوو بە هەڵگیرسانی بۆرکانی ژێر خوڵەمێش و بڵێسەی شۆڕشێکی گشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و لە جیهانەوە شەوقی دایەوە.

کاردانەوەی لە ئاست ناوخۆییی کوردستان و ئێران
وەک بینیمان لە سەرانسەری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک شۆڕشی نەتەوەیەکی بندەستی ڕزگارییخواز و ئازادیخواز، لە ئاست شەهیدکردنی کچە کوردێک لەلایەن پۆلیسی ئێرانی داگیرکەرەوە سەری هەڵدا. کارەساتی شەهیدکردنی ژینا بێجگە لە هەستانەوەی ورەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر ئێران، هاوکات بوو بە هۆکاری شۆڕشێکی ئازادیخوازی لە ئاست سەرانسەری ئێران و کوردستانی و ئێرانییەکانی جیهانی هێنایە سەر شەقام و شەقامەکانی جیهانی بە کوردستانی و ئێرانییەکانی هەژاند و جیهانی ڕاچڵەکاند. لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو جۆغرافیایەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئێران، شۆڕش و ڕاپەڕین دەستی پێ کرد. زیاد لە ٦٠٠ کەس شەهید کران، بە دەیان کەس لە مانگەکانی پاش دەسپێکی ئەو شۆڕشە بە تۆمەتی بەشداریی چالاکانەیان لەسێدرارە دراون. هێندێکیشیان تاکوو کاتی نووسینی ئەم وتارە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو سزا داسەپاوەن بەسەریاندا و لە هەر ساتێکی نادیاردا ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو سزا ناڕەوایە لە ئارادیە کە ڕێژیمی ئێران بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان جێبەجێی دەکات. هەروەها بە هەزاران کەس بریندار و کەمەندام کران، بە هەزارانی دیکەش ڕاپێچی بەندیخانەکان کران و بە هەزارانیش بەردەوام بە ناچاری بۆ ئەوەی نەکەونە بەندیخانەکانی ئێرانەوە، ڕێکەی هەندەرانیان گرتە بەر.
زۆر جاری بە مەبەستەوە هەوڵ دەدرا ناوەڕۆکی ئەو شۆڕشە کە کاراکتەرەکە و خەڵکەکەی کورد و کوردستان بوون، بگۆڕن بە شۆڕشێکی گشتی فێمێنیستی. واتە هیچ پێناسەیەکی مافویستیی نەتەوەییی کورد و کوردستانی پێوە نەهێڵن، لە کاتێکدا لە تەواوی شۆڕشەکانی پێشتر و ئێستای کوردستانیش مافەکانی ژنان و ئازادیی گشت کۆمەڵگە، بەشێکی سەرەکی بەرنامە و کارنامەی لایەنە سیاسییەکانە.

کاردانەوەی لە ئاست دەرەوەی وڵات، ئاکامەکەی و مانەوەی ڕێژیم.

لە زۆربەی پایتەختی وڵاتانی ئازادیخوازی جیهانیش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی، خۆپێشاندان و ڕێپێوان و کاروباری دیپلۆماسی بە چڕوپڕی بەڕێوە چوو. لە مانگە سەرەتایییەکانی گەرمەی ئەو شۆڕشەدا پەیتا پەیتا هەواڵی سزادانی کەسان و دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن پەرلەمانی وڵاتان و یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا بڵاو دەکرانەوە. بەو شێوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوەتی لە پەلوپۆ بخرێت و لەناکاو لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە پتەپێت.

شۆرشی ژینا لە کوردستان بەردەوامە، بەڵام یاری بە دەستەواژۆی "مافی مرۆڤ" بۆ؟
شۆرشی ژینا وەک زۆربەی شۆڕشە مافخوازانە و ڕزگارییخوازانەکانی دیکەی کوردستان هەر درێژەی هەبووە و درێژەیشی هەیە. لەناو کوردستان شۆڕشی ژینا بە ناوەڕۆکەوە کۆتایی نەهاتووە. واتە ڕاپەڕێنە شەقامییەکان کەم کراونەتەوە، بەڵام ئامانجەکانی ئەو شۆڕشە لەنێو هزری تاک بە تاکی خەڵکی کوردستاندایە، بۆ هەر چرکە ساتێکیش بێت ئامادەیییان بۆ درێژەپێدانی هەیە.
بەداخەوە وەک هەر یارییەکی دیکەی مێژووییی وڵاتانی دەرەکی، دوای خولەکی کۆتایی یارییەکە، مەبەستەکەی ئەم شۆڕشەش بەبێ ئاکام کۆتایییان پێ هێنا. زۆری نەبرد هاشوهووشی زۆر لە وڵاتان تەنیا لە چوارچێوەی میدیاییدا مایەوە. وەک دەبینین کە لە قۆناغی پاش شۆڕشی ژینا کۆبوونەوە و دیدارەکانیان لەگەڵ باڵادەستانی ڕێژیمی ئێران لەپێناو بچووکترین بەرژەوەندیی وڵاتەکانی خۆیان دەستی پێ کردەوە. لەم شۆڕشەدا بەتەواوی بۆ من و زۆر کەسانی چاودێری جیهانی، زۆر بە ئاشکراتر ڕوون بوویەوە کە؛ هیچ وڵاتێک و زلهێزێک ئامادە نییە لە پێناو مافی مرۆڤ و مافی نەتەوەییی نەتەوە بندەستەکان، بەرژەوەندی ئابووری و ئەمنییەتیی وڵاتەکەی خۆیان بکەنە قوربانی دەستەواژۆی "مافی مرۆڤ" کە سەدان ساڵە خۆیان بە گوێی جیهاندا دەیڵێنەوە و باسی لێوە دەکەن و کتێبی لەسەر دەنووسن و پانێلی تەلەفزوێنی بەردەوامی لەسەر بەڕێوە دەبەن، لە زانکۆ و خوێندنگەکاندا وانەی لەسەر دەڵێنەوە، کەچی لە کاتی کرداردا، لۆکە دەچێتە گۆێچکەی وەستاکانی وشەی مافی مافی مرۆڤەوە.

بێهەڵویستیی زلهێزان و وڵاتانی باڵادەست لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان
لە مێژساڵە کە نەتەوەی کورد و کوردستان، وەک تاکە گەورە نەتەوەیەک بە قەوارە و بە مێژوو لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین، لەمەڕ سیاسەتی دیکتاتۆرانەی حاکمانی ناوچەکە بە بندەستی ماوەتەوە و بووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی زۆربەی زلهێزانی جیهان. ئەگەر کات و ساتانێشکیش خۆیان بە دۆستی نەتەوەی کورد نیشان دابێت، تەنیا لایەنی مرۆیییەکەی بووە، ئەویش لە ڕیگەی ڕێکخراوە خێرخوازەکانیان بۆ گەیاندنی لایەنی لۆجیستیکی، بەڵام هەرگیز لە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ئامادەیییەکی وایان پێشان نەداوە کە ڕێخۆشکەر بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوەی کورد ە خەڵکی کوردستان کە ڕزگاریان ببێت لەژێر چنگی داگیرکەران. لە کاتێکدا پشتیوانی لە زۆر نەتەوەی بچووکتر بۆ سەربەخۆیی کراوە.
لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە تاکوو ئێستا، بە پشتیوانی و بەرژەوەندیی زلهێزان زیاد لە ١٠٠ نەتەوە و وڵاتانی ناوچەکانی ئوروپایی و ئاسیایی و ئەفریقایی، کە ژمارەی پێکهاتە و قەوارەی پانتاییی جوگرافیاشیان لە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان کەمتر بووە، بەڵام کیانی سەربەخۆی خۆیان بۆ گەڕاندوونەتەوە. بەشێک لەوان کۆمارەکانی ناو یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی ١٩٩١ بۆ سەرەوە، بەشێک لە نەتەوەکانی نێو جوگرافیای یوگسڵاڤیا و باشووری سوودانیش، لە ٢٠٠٠ بۆ سەرەوە کرانەوە بە وڵاتی سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری خۆیان. لە کاتێکدا بە دانپێدانانی مێژوونووسانی جیهانی، نەتەوەی کورد نزیک بە ٢٨٠٠ ساڵ تەنیا بە مێژووی زیندووی حوکمداری و ژیانیان لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین هەیە، وەک نموونەی مادەکان و مێزوپۆتامیا و دەوڵەتشارەکانی حوکمڕانیی *دوو ڕووباڕ* بەر لە مادەکانیش. واتە کورد نەتەوەیەکی کەمینەوە شاراوە و بێ مێژوو و ڕەچەڵەک نین. لە کاتێکدا لە زۆربەی خاڵ و مادەکانی ئامادەکراوی سەر کاغەز و شاشەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو مافانە بە نەتەوەیەکی وەک کورد ڕێگەپێدراوە، بەڵام لەبەر مامەڵە و سەودای گاز و نەوت و ئاو بە کردەوە لێێ بێبەش کراوە. یان لە هەرکام لە وڵاتانی ئەمریکایی و ئورووپایی و ئوسترالیایی و بەشێک لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناڤین، پرسیار بکەی لەسەر چۆنیەتیی دەسەڵات و حکوومەتی ئێرانی، لە وەڵامدا بەبێ هێچ بیرکردنەوەیەک پێمان دەڵێن کە ئێران ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و مەترسیدارە، کەچی هیچ کات ئامادە نین پاڵپشتی لە نەتەوەی ئێمە بکەن تاکوو لەژێر چنگی ئەو ڕێژیژیمە داگیرکەرە دیکتاتۆرە ڕزگارمان بێت.

دەبێت نەتەوەی کورد و کوردستان چی بکات بۆ قۆناغی داهاتوو.
دوو مانگ پیش، مێژووی تەمەنی سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزانیش تێپەڕی، کە زۆر بۆچوون هەبوو پێان وا بوو لەوانەیە دوای ١٠٠ساڵ، بە دەستێوەردان و پێشنیاری بەشێک لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، گۆڕانکارییەک لە پەیماننامەی لۆزان بکرێت و لەو گۆڕانکارییە نۆییەش ڕێخۆشکەرییەکی بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی بۆ کورد و کوردستان تێدا بێت. مخابن لەو بوارەشەوە هیچ هیوایەک بۆ ئەم نەتەوەیە نەمایەوە.
ئیتر سەلمێندراوە کە ئێمەی کورد نابێت هەرگیز بە خەیاڵ و پشتیوانیی دەرەکی، خەون بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی خۆمانەوە ببینین. پێویستە بۆ خۆمان شێوەی خەباتمان کە دەیان ساڵ پێش لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەڕێوە بردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک و پشتیوانییەکی ناوخۆیی فارسی ئێرانی و دەرەکیشمان وەرنەگرتووە. کاتی لەمێژە هاتووە کە شێوەکەی بگۆڕین بۆ خەبات لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆییی یەکجاری.

هیچ بیر لەوە نەکەینەوە کە ئەم جۆرە خەباتە لە ئاست نێودەوڵەتیدا پشتیوانی لێ ناکرێت، بەڵام بە زیاد لە ٨٠ ساڵ خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیش، کام وڵاتی دەرەکی پشتیوانیمانی کرد بۆ بە دەستهێنانی؟
چیی دیکە نابێت خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی ئێمە لە پێناو ئاشتی و ئارامیی جوگرافیایەکی دەستکرد و دروستکراو بڕژێت و نەتەوەی حاکم کەڵکی لێ وەرگرێت و بەردەوام لەسەر حوکمی ڕەگەزپەرەستی خۆی بمێنێتەوە.
پێویستە نەتەوەی ئێمە بۆ خۆمان خەبات بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و وەدەرنانی داگیرکەر بکەین، بە ئەمری واقیعی و کرداری. ئیدی لەو کاتەدا هەر وڵاتێک بۆ خۆی بەرژەوەندی لەو سەربەخۆییەدا بینێتەوە دێتە پێشەوە.
بێگومانیش ئەو بەرژەوەندییەی کە تاکوو ئێستا ئەو وڵاتانەی کردووەتە پاسەوانی مانەوەی وڵاتانی داگیرکەر، هەر نەوت و گازەکەیە کە بەشێکی هی خەڵکی کوردستانە و لەسەر خاکی کوردستانە، لەو کاتەشدا نەتەوەی خاوەن ماڵ دەتوانێت خاوەنداریەتی بکات و سەدوای نێودەوڵەتی پێوە بکات.

2023/09/08 15:20:47
7 مانگ و 37 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ :
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوەجانی
ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان
عارف باوه‌جانی
بەیاننامەی هاوبەشی ٣ پارتی کوردستانی
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
کاناڵی ئەلیوم

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©