هه‌شتـی مارس رۆژی جیهانی ژن پیرۆز بێت. هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانهه‌شتـی مارس رۆژی جیهانی ژن پیرۆز بێت. هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ژنانی وڵاتداگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گشت ژنانی جیهان.
ئێمە وەک هاوپەیمانی سەربەخۆخوازانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژی ٨ مارش رۆژی نێۆنەتەوەیی ژنان لە گشت ژنانی کوردستان و جیهان پیرۆز دەکەین.
لە ٨ مارسی ئەم ساڵدا ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێ دەنێنە ٣٣ ساڵ لە ژیان لە ژێر ستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.دیارە لە تەمەنی ٣٣ ساڵەی ئەم ڕێژیمەداوێرای ئەوەی کە کۆمەڵێک لە ژنانی کەم کە خێزان و خوشکی بەرپرسانی باڵادەستی ڕێژیم بوون و پشتیوانی ئەم ڕێژیمە بوون، زیاد لە ٩٠% ژنانی کورد ونەتەوەکانی دیکەی بندەست لە ئێراندا و هەموو ئێرانییەکان چەوسانەتەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و ئایینی و پیاوسالارە هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاریەوە سەرکوتکردنی ژنانی کردە یەکێک لە ئامانجە سەرەکیەکانی خۆی و دەستی لە هیچ چەشنە توندوتیژیەک دژ بە ژنان نەپاراستووە. هیچ جێی گومان نییە کە کۆماری ئیسلامیی بە بەرنامە و پلانی تایبەتەوە لە گەڵ کێشەی ژنان به‌ره‌وڕوو‌ بووە و دەبێت. هەر لە سەیرکردنیەوە وەکو بوونەوەرێکی نوقسان و کەم تا هەڵاواردنی جنسی و دانانی لە ژێر سێبەری پیاودا بە کردەوە لە ژیانی رۆژانەدا دەبینرێت. لەم نێوەدا ژنانی کوردستان، بەتایبەتی لەبەرئەوەی چەوسانەوەی نەتەوەییان لەسەرە، مافەکانیان زۆر کەمتر و باری سەر شان و ئازارەکانیان زۆر زیاترە. ژنانی کوردستان لە ئابووریی خراپی داسه‌پێنراو و لە فەزایەکی بێخزمەتگوزاریی پلان بۆدارێژراودا دەژین. لەو ڕووەوە ناکرێت باسی ژنانی کوردستان دەر لە سیستەمی داگیرکەریی بکردرێت.
ئەگەرچی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوان هەموو ئەو ژنانەدا هەن کە وەکو ژن دەچەوسێنرێنەوە، بەڵام ئەو سیستەمە داگیرکەرییەی لە سەر کوردستان هەیە دۆخی ژنانی کوردستان وا تایبەتمەند دەکات کە لەگەڵ بەشێکی زۆری ژنانی ئێراندا بەراوورد ناکرێت. ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەبێت بزانن بە کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتی بەداخەوە ڕاستەوخۆ بە مانای ئازادیی بۆ ژنان نایەت، هەر لە بەر ئەوە گرینگە هەر لە ئێستاوە هەموو تاکێکی ژن و پیاو بەو تێگەیشتن و خودئاگاییەوە خەبات بکەن کە پرسی ژنان لە یاد نەکرێت و بۆ ڕۆژانی نادیاری ئاییندە هەڵنەپەسێندرێن.
لە پیرۆزراگرتنی خەباتی ژنان و وەبیرهێنانەوەی ٨ مارسدا پشتگیریی خۆمان لە خەباتی ژنان لە کوردستان و لە تەواوی جیهان دەردەبڕین و بە خەباتێکی گرینگ و بە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئازادیخوازانە و مافخوازانەی خەڵک دەبینین.
سه‌رکه‌وتوو بێت خه‌باتی ژنان له‌ پێناوی کوردستانێکی سه‌ربه‌ست و دیموکراتیک و له‌ پێناوی ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی خۆیدا هاوشان و یەکسان بە پیاوان.

کـۆمەڵەــ پارتی سۆسیالدیموکراتی کوردستان / پـارتـی سـەربەســتی کـوردستان ٦/٣/٢٠١٢
ڕێکه‌و 2012-03-06 18:33:57
به‌شی ( ژنان‌ )