ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له‌ مێژووی ٨ی مارس, ڕۆژی خه‌بات و تێكۆشانی ژنان! ئاوردانه‌وه‌یه‌ك له‌ مێژووی ٨ی مارس, ڕۆژی خه‌بات و تێكۆشانی ژنان!



ڕۆژی 8ی مارس ێەکێ لە ڕۆژە هەرە مێژوویانەیە کە لە زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان یادی دەکرێتەوە و گرنگی و بایخێکی زۆری پێ دەدرێت وبەتاییبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە لەوێ دا ژنان بە بەشێکی زۆر لە مافە ڕەواکانیان گەیشتوون. ڕۆژی 8ی مارس بە واتای ڕۆژی ئاڵا هەڵگرتنی خەبات و تێکۆشان لە پێناوی ڕەواندنەوەی ئەو نابەرابەری و زۆڵم و ستمەیە کە سەدان ساڵە ژن پێوی دەناڵێنێت و هه‌وڵدانێكه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ڕه‌واكانیان. خوینه‌رانی به‌ڕێز
پتر لە 150 ساڵ دەبێت کە خەبات و تێکۆشانی ژنانی خەباتگێڕ لە چوارچێوەی ڕێکخراو و سەندیکا بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانەوە و بوێرانە دژ بە زەتکردن، بێ مافی، نابەرابەری، ترساندن و تۆقاندن درێژەی هەیە و توانیوێتی بەربەرەکانێ لە گەڵ سیستمی پیاو ساڵاری دا بکات. بەڵام لەم سەردەمە دا, لە زۆربەی وڵاتانی دوونیا ژنان و پیاوانی ئازادیخواز کۆدەبنەوە تاکو دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بە ئەو ستەم ، نابەرابەری و فشارە ڕۆحی و جسمیانه‌ دەرببڕن کە لە لایەن پیاوانەوە دژ به‌ ژنان ئەنجام دەدرێن , هه‌ر چه‌ند خەبات و ‌تێکۆشان لە پێناو ڕەواندنەوەی مەینەتی، خنکان و خەفەقانی ژن وباڵادەستی پیاو هەموو کاتێک بوونی هەبووە, به‌ڵام به‌دخه‌وه‌ له‌ هندێك له‌ وڵاته‌ دواكه‌وتووه‌كاندا تاكو ئیستاش ژنان له‌ لایه‌ن پیاوان و كه‌لتووری كۆمه‌ڵه‌كه‌یانه‌وه‌ ده‌چه‌وسێنرینه‌وه‌ و ڕێگه‌ له‌ پێشكه‌وتنیان ده‌گیرێت و به‌ زۆره‌ملێ ده‌بێت خزمه‌ت به‌ حه‌ز و ئاواته كانی پیاوانی ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ بكه‌ن.
ئەگەر بمانهەوێت ئاورێک لە خەبات و تێکۆشانی ژنان بدەینەوە, دەبێت لاپەڕەکانی مێژووی هەڵدەینەوە و بگەڕەینەوە بۆ دەسپێکی شۆڕشی مەزنی فەرەنسا کە کاتێک لە پاریس دا ژنان بۆ ناڕەزایرتی دەربڕین لە دژی توندووتیژی خۆپیشاندانێكیان ڕێكخسته‌ بوو, توانیان خوازیاری ویستە بنەڕەتییەکانی خۆیان وەک ئازادی، بەرابەری و مافی دەنگدان بۆ ژنان بن. له‌ ڕاستی دا دیاری کردنی ڕۆژی 8ی مارس لە بەر خۆپیشاندانێکی گەوەرەی ژنان کرێکار لە کۆمپانیای نساجي و پارچه بافيVersailles لە نیویۆرک بوو کە دەیانهەویست پارەی ڕۆمژمەڕەی ژنە کرێکارەکان بەرنە سەرەوە و هەوڵ بده‌ن بۆ هێنانە خوارەوەی ڕێژەیەی كاتژمێره‌ کاریه‌كان لە ساڵی 1857 , به‌ڵام لە لایەن هێرشی دڕندانه‌ی پۆلیس تێکدرا و زۆرێک لە ژنانی ناڕازی بریندار كران و کوژران و هندێکی تریش ڕاپیچی بەندیخانه‌كان کران. خەبات و تێکۆشانی ژنانی نساجی ئەمریکا لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازی ژنان بە شێویەکی ڕێکوپێک لە تێکۆشانی ماف ویستانەی ژنان لە جیهان دا دەنگی دایەوە و خه‌بات و تێكۆشانی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ به‌رز نرخێندرا. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ژنانی کرێکار لە کۆمپانیای نساجی لە دژی ئەو ڕێژە پارە كه‌مه‌ بوو کە وەریان دەگرت، هەروەها له‌ به‌ر زرووفی کار و بێ ئیمکاناتی و درێژ بوونی كاتژمێره‌ کارییەکان و...هتد.....لەو هۆکارانە بوون کە بوونە هۆی پێکهێنانی ئەو خۆپیشاندانە مەزنە، لێره‌ دا هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌ داخوازی و ویستە ڕه‌واكانی ژنان لەو سەردەمەدا لە چەند خاڵ دا به‌ كورتی كۆ بكه‌مه‌وه‌ و بیهێنمه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌ران :1ـ ڕێژەی ئەو بڕە پارەیە کە لە بەرابەر کارەکە دا وەریان دەگرت, زیاتر بکرێت، 2ـ ڕێژه‌ی كاتژمێره‌ کارییەکان کەم بکرێنەوە بۆ 10 كاتژمێر لە هەر ڕۆژێک دا، 3ـ مافی پێکهێنانی ڕێکخراو و سەندیکای کرێکاری و وەرگرتنی مافی ده‌نگ دان لە ڕێکخراوەکاندا.
به‌ڕێزان خەبات و تێکۆشانی ژنان هێندەی نەبرد کە گۆشەو کنارەکانی گۆی زەوی تەنییەوە و سیمایەکی جوان و نوێی بە خەباتی ماف ویستانەی ژنانی کرێکاری جیهان بەخشی.
به‌ڵام لە دەسپێکی ئەم سەدە و هەزارەی سێیەم دا، واتا لە ساڵ ڕۆژی 28ی 2ی ساڵی 1909 دا لە سەر بەیاننامەی پارتی سۆسیالیست لە ئەمریکا ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری کرا. هه‌روه‌ها له‌ مانگی ئۆتی ساڵی 1910، کۆنفرانسی نێونەتەوەی سۆسیالیستەکان لە شاری کۆپنهاگنی دانیمارک بەسترا، کە لەو کۆنفرانسە دا نوێنەری سەندیکا و ڕێکخراوە کرێکاری و هەروەها پارتە سۆسیالیستەکان بەشدار بوون. بەڵام ڕۆژێک پێش دەسپێکی ئەو كونگره‌یه‌, کۆنفرانسێکی جیهانی بۆ ژنان بەسترا بوو کە لەو کۆنفرانسە دا پتر لە 100 نەفەر لە نوێنەری ڕێکخراوە و سەندیکای ژنان لە 17 وڵاتی دوونیا بەشدار بوون. ئەو 100 نەفەرە, نوێنەر و کەسی یەکەمی ڕێکخراو و سەندیکا کرێکاری و پارتە چەپ و سۆسیالیستەکان بوون کە لەو کۆنفرانسە دا بەشداریان کرد، شایانی ووتنە کە ئەو کۆنفرانسە لە ساڵۆن و ژووری تاییبەتی کۆبونەوە کرێکارییەکانی خاکت وژ، ژمارە 69 بەسترا، و پێکهێنان و پێکهێنەری ئەو کۆنفرانسە گرنگ و مێژووییە لە ئەستۆی کلار ازتکین بوو.
کلار از تکین یەکێ لە کەسایتیە ناسراوەکانی پارتی سۆسیالیستی ئاڵمان بوو، ئه‌و بۆچوونه‌كانی خۆی پێشكه‌ش به‌ کۆنفرانسەكه‌ كرد و له‌ سه‌ر پێشنیاری ئه‌و بوو كه‌ دیاری کردنی ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان بهێننه‌ به‌ر باسه‌وه,‌ هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر خه‌بات و تێكۆشان , كۆكردنه‌وه‌ی هاوكاری و پیشتیوانی بۆ ژنان بەیاننامەیەکی پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرد. کلار از تکین هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکی خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوە بتوانێت بۆچونی بەشدار بووانی کۆنفرانسەکە بۆ لای گیر و گرفتی ژنان ڕابکێشێت. ئەگەر باس لە نێوەڕۆکی بەیاننامەکە بکەین ئەوا بۆمان دەر دەکەوێت کە 4 خاڵ و ویستی گرنگی لە خۆ گرتە بوو, كه‌به‌م شێوه‌یه‌ ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌م, 1ـ خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی دەنگدان، 2ـ خەبات لە دژی هەر ڕووداوێکی شەڕ، واتا هەوڵ دان بۆ ئەوەی کە دەرفەت بۆ هیچ لایەنێک نەڕەقسێت کە ببێتە هۆی ڕووداوی هه‌ڵگیرسان و ده‌سپێكردنی شەڕ، 3ـ خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافی دایکی و مافی منداڵان، واتا هەوڵ بدرێت کە مافی ئەو ژنانە بدرێت كه‌ دەبنە دایک و مافیان پارێزراو بێت, و هەروەها مافی منداڵانیش ژێر پێنه‌خرێت و كه‌س نه‌توانێت مافه‌كانی منداڵان پێ شێل كات و توندووتیژی له‌ دژی منداڵان به‌ كار بهێنێت 4ـ خەبات لە دژی گرانی و چوونە سەری نرخی کالاکان.
له‌ کۆنفرانسی ساڵی 1910 پتر تەئکید لە سەر ئەوە كرایه‌وه‌ کە ڕۆژێک دیاری بکرێت وگرنگی زۆری پێ بدرێت، کە وەک ڕۆژی خەبات دژی توندووتیژی ژنان یادی بکریتەوە، و ئەو ڕۆژە وەک سیمبۆلی تێکۆشانی ژنان لە دژی بێ مافی و توندوتیژی گرنگی پێ بدرێت و هەر ساڵ ڕێوڕەسمی تاییبەتی بۆ بەڕێوە بچێت، لە بارەی دیاری کردنی ڕۆژێک, بۆ ئەو مەبەستە زۆر گفتگۆ و دیالۆگیان ساز کرد بەڵام نەگەیشتنە ئاکام و نەیانتوانی لە دیاری کردنی ئەو ڕۆژە دا سەرکەوتن بە دەست بهێنن و لە بەر ئەو هۆیە تاساڵی 1921 لە مێژوویەکی جیاواز و لە یەکێک لە یەکشەمەکانی مانگی مارس, ڕۆژی ژنان پێک هات و دیاری کرا. بەڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕه‌ینه‌وه‌ دواوه‌ بۆ چاو خشاندنه‌وه‌ به‌ مێژووێكی نه‌ چه‌ندان دوور, ئه‌و كات ده‌بینین كه‌ لە ڕۆژی8ی مارس, ساڵی 1914 ، خۆپیشاندانێکی گەورە لە سەرتاسەری ئەورۆپا لە دژی شەڕ بەڕێوە چوو، کە ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی مێژووی باییخی زۆری پێ ده‌درێت و چاوی لێ دەکرێت کە قەد لە هزری بزاڤی یه‌كسانخوازی ژنان ناچێتەوە ، و ئەو خۆپیشاندانە لە لایەن ژنانەوە لە دژی شەڕ ڕێکخرابوو، کە لە ئەورۆپا دا وەک دەسپێکی ڕۆژ و ژیانیکی نوێ بۆ ژنان سەیر دەکرێت بە تاییبەت لەو 4 وڵاتەی کە ژنان یەکەمین هەنگاویان سەبارەت بە 8ی مارس هەڵهیناوەتەوە کە وەک وڵاتانی ئاڵمان، سۆئیس و دانمارک.
هەروەها جارێكی تر لە ساڵی 1917 خۆپیشاندانێکی زۆر گەورە لە لایەن ژنانەوە لە ڕۆژی 8ی مارس کە دەکاتە دواین یەکشەمەی مانگی 2 لە ڕووسیە سەبارەت بە ئاشتی و نان ساز کرا، کە ڕێبەرە سیاسیەکانی ئەو کاتی ڕووسیە دژایەتیان کرد، بەڵام ژنان دڕێژەیان بە خۆپیشاندانەکە دا و لە پاش 4 ڕۆژ حکومەتی تزار دەستی لە کار کێشایەوە.
به‌ڵام له‌ ساڵی 1921 کلار از تکین کە یەکێ لە ڕێبەرە سیاسیەکانی ئینترناسیۆنالی سۆسیالیست بوو جارێكی تر له‌ لەکۆنفرانسەکە دا بەشداری کرد، و ڕۆژی 8ی مارسی پێشنیار کرد, کە وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری بکرێت. له‌ پاش ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان بیر و بۆچونیان ئاڵوگۆڕكرده‌وه‌, ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی نێونەتەوەی ژنان دیاری کرا. هه‌ر وه‌ك له‌ سه‌ره‌وه‌ ئیشاره‌م پێی كردووه‌, لێره ش دا هه‌وڵ ده‌ده‌م كه‌ ئەو هۆکارانەی کە بوونە هۆی ئەوە کە ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی نێونەتەوی ژنان دیاری بکریت بهێنمه‌ به‌ر باس و به‌کورتی ئاماژەی پێبكه‌م, 1ـ لە بەر هۆی ئەوە کە هەر کاتێک ڕێوڕەسمی 8ی مارس لە هەر شوێنیک دا بەرێوە چوو، پێکهێنەرانی ئەو ڕێوڕەسمە یادێک لە قارەمانێتی ژنانی کۆمپانیای نساجی نیویۆرک بکەنەوە ، خەبات و تێکۆشانیان بەرز بنرخێنن و هەمیشە ئەو یادە بەرز ڕاگرن، 2ـ ڕۆژی 8ی مارس هەروه‌ها رۆژی شۆڕشی هەرە مەزنی ژنانی کرێکاری کۆمپانیای پترزبۆرگ لە دژی حکومەتی ڕووسیەی تزاری بوو. هەر لەو کاتەوە كه‌ ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری کراوە, ژنان له‌ كونج و كه‌ناره‌كانی گۆی زه‌وی یادی ده‌كه‌نه‌وه‌ و خه‌بات و تێكۆشانی ژنان له‌و ڕۆژه‌ دا به‌رز ده‌نرخێنن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئیستاش له‌ هندێك وڵات دا ئەو ڕۆژە وەک ڕۆژێکی نا یاسای چاوی لێ دەکرێت و هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه‌ ڕێز له‌و ڕۆژه‌ بگرێت و كۆبونه‌وه‌ و كۆنفرانسی بۆ ساز كات له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵات دارانی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ به‌ تووندته‌رین شێوه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی له‌ گه‌ڵ دا ده‌كرێت و ڕاپێچی به‌ندیخانه‌ی ده‌كه‌ن, بەڵام به‌خۆشیه‌وه‌ ژنان و پیاوانی خه‌باتگێڕ و تێكۆشه‌ر بە هەر شێوەیەک کە ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان بۆ ڕەقسابێت کۆبونەوە و کۆنفرانسیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێکهێناوە و دیالۆگیان ساز كردووه و‌ ڕۆڵ و خه‌باتی ئافره‌ته‌ تێكۆشه‌ر و ماندوونه‌ناسه‌كانی بزاڤی یه‌كسانیخوازی ژنانیان به‌رز ڕاگرتووه‌.
بەڵام لە ئێراندا 8ی مارسی ساڵی 1385 وەک یەکەمین جەشنی ژنان بوو کە پاش 30 ساڵ خنکان و خەفەقان ژنان توانیان ڕێز لەو ڕۆژە بگرن و یادی بکەنەوە, هەر چەند لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە دڕندانەتەرین شێوە وڵامی درایەوە و بەشێک لە ژنان خرانە بەندیخانەکانەوە.
لەو جەژنە دا پتر لە دە هەزار ژن و پیاو بەشداریان تێدا کرد و درووشمی مافی ژن نە ڕۆژهەڵاتیە ، نە خۆەئاواییە بەڵکو مافی ژن مافێکی ئینسانی جیهانییە کە هەر مرۆڤێک دەبێت هەبێت و هیچ کەس و لایه‌نیك ناتوانێت لەو مافانە نکۆڵی بكات و له‌ به‌ر چاوی نه‌گرێت. بەڵکو ئەوە ئەرکی هەر ئینسانێکی ئازادیخوازە کە لە مافی هاو ڕەگەز و ڕەگەزە جیاوازەکەی پشتیوانی بکات و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافانە بۆ هاو ڕەگەز و ڕه‌گه‌زه‌کەی تری بدات. هەروەها یەکێکی تر لە درووشمەکان كه‌ له‌ ئەوە متینگه‌ دا به‌رز كرایه‌وه ‌ئه‌وه‌ بوو کە ئێمە شۆڕشمان بۆ ئەوە پێك نه‌هێنا کە بۆ سەردەمێکی کۆنتر بگەڕینەوە، بەڵكو ئێمە شۆڕشمان پێكهێنا کە لەو قۆناغە ڕزگارمان بێت و سەردەمێکی نوێتر و ژیانێکی باشترمان هەبێت و ئازادییەکان بەرفەراوانتر بکرێن و ڕێز له‌ ئیراده‌ی كۆمه‌ڵ بگیردرێت و هه‌وڵ بۆ ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ له‌ ویسته‌كانی خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا نزیك ببنه‌وه‌.
بەڵام بەداخەوە ئەو ڕۆژە نه‌ك هه‌ر نێوی لێ نەبردراوە و باسی لێوه‌ نه‌كراوه,به‌ڵكو‌ وەک ڕۆژێکی ئاسایی سه‌یر ده‌كرێت و به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی كۆبونه‌وه‌ ی و كۆنفرانسی بۆ ساز ناکرێت, لە گەڵ ئەوەش دا کە ڕۆژێکی , مێژووی، گرنگ و پیرۆزی وەک 8ی مارس بە نایاسایی لە قەڵەم دەدریت و هەر کەس لایه‌نێك له‌ ئاهنگ و جه‌شنه‌كانی ئه‌و ڕۆژە دا بەشداری بکات, وەک دژبەری کۆماری ئیسلامی چاوی لێ دەکریت و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت و هەڵسوکەوتی زۆر نابەجێی لە گەڵ دا دەکرێت و لەوانەیە کە تەجاوزیشی پێبكرێت، بەڵام ئەو ڕۆژە کە ڕۆژیکی نێونەتەوەییە و لە وڵاتە پێشکەوتووەکان یادی دەکرێتەوە. بەڵام لە ئێراندا بە هۆی خەبات و تێکۆشانی ژنانی ئازادیخواز ئەو ڕۆژە بە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران دا سەپێنراوە و ژنانی ئێران و كوردستان ئه‌و ڕۆژه‌ یان وه‌ك ده‌سپێكی خه‌باتێكی نوێ كردووه‌ته‌ ڕۆژی به‌رخۆدان له‌ دژی سیستمی پیاو سالاری و بێ مافی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان دا.
پیرۆز بێت ڕۆژی ژن, ڕۆژی سه‌ربه‌ستی, سه‌رفرازی و به‌ختیاری كۆمه‌ڵ.

نەدا کوردی بەرپرسی ڕێکخراوی ژنانی سەربەستیی کوردستان ،
نووسەرNeda Kordy
ڕێکه‌و 2012-03-06 18:37:49
به‌شی ( ژنان‌ )