گەلانی بندەستی ئێستای ئێران، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجاری لە ژێر ستەمی داگیرکاری ئێرانی فارسی. گەلانی بندەستی ئێستای ئێران، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری یەکجاری لە ژێر ستەمی داگیرکاری ئێرانی فارسی.
                                                  نووسینی عارف باوەجانی

 صورة

پێشنووسی بابەت: لە ڕوانگەی دەسەڵاتداران و حوکمرانانی ئێرانەوە، پێناسەیەکی دروست لە سەر نەتەوە بوونی ئەو نەتەوانەی بندەستی خۆیان نەکراوە. هەمیشە بە کەمینەو ئەقوام ئیرانی ناویان هێنراوە.  ئەگەر بە کورتی پێناسەی نەتەوە بکەین بە پێی تێوری نەتەوە ناسەکان و شارەزایانی بواری نەتەوە، ئەوەمان بە کورتی بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نەتەوە  بریتییە لە کۆمەڵە مرۆڤێك کە خاوەنی یەک زمان، یەک مێژوو، یەک نیشتیمان، یەک کەلتور، لە چوار چێوەی سنوری دیاریکراودا بن. لە مێژووی کۆن و شارستانیەدا ناویان هەبێت و ئاماژەیان پێکرابێت.
بەڵام هەم نەتەوەی کورد و هەم ئەو نەتەوانەی دیکەش کە وەک کورد لە سەر خاک و زێدی خۆیان لە لایەن حاکمیەتی ئێرانەوە خاکیان داگیرکراوە، تەواوی ئەو پێناسەیان تێدایە کە دەبێت نەتەوەیەک هەیبێت.
دەسەڵاتدارانی فارس هەمیشە زمانە جیاوازەکانی کوردی، بەلوچی، عەرەبی، تورکی و ئازەری بە دیالێکت و لەهجەی ناوچەیی پێناسە دەکەن و ئامادە نین وەک زمانێکی جیاواز لە زمانی فارسی بزانن.

لێرەداپێویستە ئەگەر بە کورتیش بێت پێناسەیەکی نەتەوە بکەین و بە گوێرەی تیۆری نەتەوە ناسەکان و شارەزایانی بواری نەتەوە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە نەتەوە بریتی‌یە لە کۆمەڵە خەڵکێک کە خاوەنی یەک زمانی جیا، مێژوو، کەلتور، داب و نەریت و نیشتمان بێت و لە چوارچێوەی سنورێکی دیاریکراودا بن.

جا لێرەدا ئەگەر بڕوانینە مێژوو زمان و کەلتور و فەرهەنگ و .نەتەوەی کورد و میللەتە جیاوازەکانی دیکەی بە زۆر لکێندراو بە ئێرانەوە، دەبینین کە هەرکام لەو نەتەوانە خاوەنی زمان و فەرهەنگ و داب و نەریت و مێژووی جیاواز لە ئێرانی‌یەکانن، هەروەها هەرکامێکیشیان لە سەر خاک و زێدی خۆیان دەژین، بەڵام مخابن وڵاتەکەیان لە لایەن دەوڵەتیی ئێرانەوە داگیرکراوە و دەسەڵاتدارانی تاران حوکمیان بەسەر دا دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرجەم ئەو نەتەوە ژێر دەستانە سەرلە بەری ئەو پێناسەیان تێدابەدی دەکرێت کە پێویستە نەتەوەیەک هەیبێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەرهەڵدان و خەبات لە پێناو ئازادی و ڕزگاری گەلان دا، دەبینین کە دۆزی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکان لە کاتێکدا سەری هەڵداوە کە لە ناوچەکەدا دیکتاتۆریەت و نابەرامبەری لە ئارادابووە و هەست بە چەوسانەوەی نەتەوەیی کراوە، ئاشکراشە کە لە دونیا دا زۆر نەتەوە و وڵات ئەو کێشەیان هەبووە و ئێستاش لە زۆر وڵات دا بونی هەیە و تا بە ئەمڕۆش ڕەگ و ڕیشەی دیکتاتۆری و داگیرکاری ڕیشەکێش نەکراوە.

 زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتیش ئێرانی فرە نەتەوە و فرە زمان و کەلتور نمونەی ئەو ڕێژیمە خۆ سەپێن و داگیرکەرانەیە کە خاک و ڵاتی چەندین نەتەوەی جیاوازی داگیر کردووە و بە زەبر و زەنگ و گرتن و کوشتن ناوی ئێرانی بوونی بەسەردا سەپاندوون، ڕێژیمە یەک لە دوا یەکەکانی ئێرانی فارس دەیان ساڵە ئەو نەتەوانە دەچەوسێنێتەوە و بێ بەشی کردوون لە هەر جۆرە ماف و ئازادیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

لە کەس شاراوە نی‌یە کە لە سەدەی ١٩بەرەو سەر، دەسەڵاتدارانی تاران هەمیشە هەوڵی ئەوەیان داوە کە دەوڵەتی ئێرانی فارس بە یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک مێژوو بە خەڵک و دونیای دەرەوە بناسێنن، دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەردەوام نکۆڵیان لە بوونی ئەو نەتەوە گەورە و جیاوازانە کردوە کە وڵاتەکانیان لە لایەن دەوڵەتی فارسەوە داگیر کراوە، بەڵام بە پێچەوانەی ویست و خواستی دەوڵەتی فارس، هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی ئەم نەتەوە جیاوازانە و خەباتی بێ وچانیان کارێکی کردووە کە بە فارسکردن (تەفریسکردنی) نەتەوە غەیرە فارسەکان نەک هەر سەرکەوتوو نەبووە، بگرە شکستیشی هێناوە، نەتەوە جیاوازەکان لە پێناو مانەوەی خۆیاندا بەرگەی هەموو جۆرە کردەوە دژە مرۆڤایەتیەکانی ڕێژیمی داگیرکەریان گرتووە و ئامادە بوونە کە ماڵ و حاڵیان وێران بکرێت، ڕاوبنرێن، بگیرێن و لە سێدارە بدرێن و سەرو ماڵیان بە تاڵان ببرێت، بەڵام تەسلیمی ویست و داوای داگیرکەر نەبن و ئێرانی بوون قەبوڵ نەکەن.

سەرانی ڕێژیمی دەسەڵاتداری تاران ئێستا باش هەستیان بەوە کردووە کە هەلومەرجی سیاسی ناوچەی خۆرهەڵاتی نێوەراست تا ڕادەیەکی باش گۆڕانکاری بەسەر دا هاتووە و ئامادەکاری و ئاسانکاری بۆ ئەو نەتەوانە کردوە کە لە پاش سەدان ساڵ ژێر دەستی، جیابوونەوەی خۆیان لە دەوڵەتی داگیرکەر ڕابگەیەنن و چیتر حاکمیەتی فارسی داگیرکەر قەبوڵ نەکەن.

مەترسی دەسەڵاتداران و بەنێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەرامبەر بە نەتەوە جیاوازەکان.
ئەگەر بە وردی بڕوانرێتە ئاکار و کرداری دەسەڵاتدارانی حاکم بەسەر ئێرانی فرە نەتەوە و فارسە ناسیۆنالیستە بەنێو دژبەرەکانی ئەم دەسەڵاتەی ئەمڕۆی ئێراندا، دەبینی هیچ جیاوازیەک لە نێوان دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا نیە‌، تەنیا جیاوازیەک کە ئەم دوو بەشە لێکتر جیا دەکاتەوە، ڕەنگ و ڕووی کەسەکانە، دەنا بۆ داگیرکاری و بە زۆر بە  ئێرانی کردنی نەتەوە جیاوازەکان و سەپاندنی دیکتاتۆریەت بەسەر ئەم نەتەوانەدا هەر یەک بیرو باوەڕ و هەر هەمان سیستەمیان گەرەکە، رەنگە لە هەندێ بوارەوە دەسەڵاتدارانی ئەمرۆ تۆزێکیش نەرمتر خۆیان بنوێنن و هەندێک سڵ بکەنەوە لەوەی کە ئەوەندەیان کوشت و کوشتار لەو نەتەوانە کردووە، ئارەقەی شەرم دایاندەگرێت کە لە دانیشتن و لێداوانەکانیان دا باسی کوشتن و زیندانی و دەربەدەرکردن و...  دەکەن، یان هەندێک جار لە ناو حکومەتی ئێستای ئێران دا ئەگەر سیناریۆش بێت هێشتا باس و خواسێک لەسەر  ئازادکردنی زمانی دایکی و فەرهەنگ و کەلتوری نەتەوەکان دەکرێت، بەڵام شۆوێنیستەکانی دەرەوەی وڵات تەنانەت ئامادەنین لەم بوارەشدا دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێن،  فارسە بەنێو ئۆپۆزیسیۆنە شۆوێنیستەکانی کە خۆیان بە دژبەری دەسەڵاتی ئەمرۆی ئێران دەزانن، زۆر دڵڕەقانە تر و لە هەر ڕێگایەکەوە کە بۆیان بکرێت و لەهەر کۆڕ و کۆبونەوەیەکیان دا بێ پەروا دژایەتی خۆیان ڕوو بە نەتەوە جیاوازەکان دەردەبڕن و وەک دوژمنێکی سەرسەختی ئەم نەتەوانە دێنە پێش، ئەو بەنێو ئۆپۆزیسیۆنانەی ئەمڕۆی دەسەڵاتدارانی ئێران؛ ڕووی نێزە و کار و خەبات و تێکۆشانیان تەنیا و تەنیا بە دژی نەتەوە جیاوازەکانە، ئەو فارسە شۆوێنیستە کوێر زەین و قین لە دڵانە  بێ پێچ و پەنا و راشکاوانە دوژمنایەتی خۆیان ڕوو بە نەتەوەکان نیشاندەدەن و ڕوخاندنی ڕێژیمی تارانیان تەواو لەبیر چۆتەوە.

ئەگەر هەندێک بگەڕێینەوە دواوە و چاوێک بە لاپەرەکانی مێژوو دا بخشێنین، دەبینین کە هەرکام لەو دەسەڵات خوازانەی کە حوکمی ئەو وڵاتە بە زۆر لکێندراو بەیەکەوەیان کردووە، بەر لە هاتنە سەر کاریان زۆر وەعد و بەلێنیان بە نەتەوەکان داوە، بەڵام کاتێک دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست هەموو شتێکیان لەبیر چۆتەوە و هەرکەسێکیش ئەو باسەی وروژاندبێت ئەوە بەشی کوشتن و سێدارە و هەڵواسین بووە، ئێستاش ئەگەر بروانرێت دەبینی کە هێندێک لە بەناو ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی کە هیچ پێگەیەکیان لەناو خەڵکەکەیاندا نی‌یە و تەنیا بە مەبەستی کۆکردنەوەی هێز و پشتیوان لەناو نەتەوە جیاوازەکاندا ئامادەییان دەربڕیوە کە ئێران بکرێت بە وڵاتێکی فیدراڵ و نەتەوەکان مافی چارەنوسی خۆیان بگرنە دەست، بەڵام ئاشکرا و دیارە هەموو ئەو فرت و فێڵانە پێشتر تاقی کراونەتەوە و مرۆڤ ئەگەر گەمژە و نەزان نەبێت دەبێ باش ئەو ڕاستی‌یە بزانێت کە هیچ فارسێک ئامادە نی‌یە ئێران پارچە پارچە بکرێت، یان تەنانەت لە شێوەی فیدراڵیشدا بەڕێوە ببرێت، ئەوان هەمیشە پێداگریان کردۆتەوە لەسەر یەکپارچەیی خاکی ئێران و مانەوەی ئەو سنوورەی ئەمڕۆ کە بەزۆری بەسەر نەتەوەکاندا سەپاوە و لەو نێوەشدا هەر ئەوان سەروەر و دەسەڵاتداری موتڵەق بن، مێژوو ئەو ڕاستی‌یەی سەلاماندووە و هەرگیز باوەڕ ناکرێت وەعد و بەڵێنی نەتەوەی سەردەست و بەتایبەت ئەو فارسە رەگەز پەرەست و خۆ بە زل زانانە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵکوو ئەوان تەنیا بە مەبەستی خەڵەتاندنی نەتەوەکان و کۆکردنەوەی هێز و توانای زیاتر بۆ دەستاو دەست کردنی دەسەڵات لە نێوان خۆیان و چەوساندنەوەی زیاتری نەتەوە جیاوازەکاندا وەعد و بەڵێنی زۆر گەورە و بێ بنەما بەو نەتەوانە دەدەن، چونکە مرۆڤی ژیر هەگیز باوڕ بەوە ناکات کە ئەو شۆوێنیستانە ڕازی بن بە دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیان و نەتەوەکانی دیکەدا.  

بۆ هەموو چاودێریکی سیاسی ڕوونە کە ئاڵۆزییەکی زۆری سیاسی و فکری و دەرونی لە ناو فارسە ناسیونالیستەکانی ئێرانی دا بڵاو بۆتەوە، ئەوان چی لەناوخۆ و چی لە دەرەوە دا زیکرو فکریان بۆتە کێشەی نەتەوە جیاوازەکان و بەردەوام کار دەکەن بۆ ڕازی کردنی ئەو نەتەوانە لەپێناو مانەوەیان لەناو سنووری بەزۆر سەپێندراوی ئێستای ئێراندا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە زۆر جاریش بە هەڕەشەو گوڕەشە هێرش دەکەنە سەر ئەو نەتەوانە و بەردەوام ئەو دەستەواژەیە کاوێژ دەکەنەوە کە فڵان لایەنی سیاسی یان فڵان کەسی سەربەخۆ یان فڵانە رۆژنامە نووسە تەجزیە تەلەت (جیاوازیخواز) ەو دەیهەوێت چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران تێکبدات.

 زۆر بە ئاسانی هەست بەوەر دەکرێت کە هەم لە نێۆ حکومەت و هەم لە نێو بە ڕواڵەت ئۆپۆزیسیۆنی فارسیشدا بیرکردنەوەی جیاواز لەسەر شێوەی ڕازیکردنی نەتەوەکان هەیە لەپێناو بنبڕ کردنی بیری سەربەخۆیی لەناو نەتەوە بە ئێرانی کراوەکاندا، بۆ نمونە؛ حکومەتی تازە بە سەرۆکایەتی  ڕوحانی قەراری دابوو لە کوردستان دا دەسەڵات بداتە دەست کوردەکان و پاڕێزگاری شارە کوردستانی‌یەکان کورد بێت، کە ڕەنگە ئەوە سەرەتاییترین مافی شارۆمەندی‌ بێت لە هەر وڵاتێکدا، بەڵام هەتا ئیستاش هیچ هەنگاوێک بۆ ئەو بەڵێنەی ڕوحانی نەنراوە و بگرە کێشە و ناکۆکیشی خستۆتە نێوان حەسەن ڕۆحانی و دەسەڵاتدارانی دیکەی ئێران، هەر لەو پێوەندیەش و  بۆ ناوچەکانی دیکەی وەک ئەحواز و بەلوچستان و تورکمەن سەحراو ئازەربایجانیش باوەر ناکرێت سەرکەوتوو بن و هاو بیر بن لەسەر ئەم کارەیان کە هیچ لایەکیان لە دڵەوە پێیان خۆش نی‌یە و وا وێدەچێ فارسە نەژادپەرەستەکان ئەم کارە بە جۆرێک لە دابەش کردنی ئێران بزانن.  

ئەگەر سەرنج بدرێتە سەر بارودۆخی حکومەتی تازەی ڕوحانی، دەبینرێت کە ناکۆکیەکان بە جۆرێک زەقبوونەتەوە و کارێکی کردووە کە دەزگای سیخوری ئێرانی بە مەبەستی لاوازکردنی دەسەڵات و پرۆژەکانی کارنامەی ڕوحانی بۆ ٤ ساڵی دەسەڵاتی ناوبراو، لە نێوان ٤ بۆ ٥مانگ دەستبەکاربوونی دا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی ئەو نەتەوانەی لە سێدارەداوە و کە ئەگەری لەسێدارە دانی دەیان کەسی دیکەش هەیە.
دیارە ئەو ناکۆکیانەی نێوان باڵەکانی ڕێژیم و هاو بیر نەبوونیان لەسەر شێوەی بەڕێوەبردن و دەسەڵات دابەش کردن؛ نەتەوە بندەستەکانی زیاتر هوشیار کردەوە لە پیلانە گڵاو و ترسناکەکانی سەرانی ڕێژیمی داگیرکەر دەرحەق بە نەتەوەکان، هەربۆیە خەڵکی بەزۆر بە ئێرانی کراو ئێستا باش ئەو ڕاستی‌یە دەزانن کە تەنیا و تەنیا سەربەخۆ بوون و پارچە پارچە کردنی ئەو ئێرانە بەزۆر بە یەکەوە لکێندراوە دەکرێت چارەسەر بێت بۆ رزگاربوون لەو قەیرانەی کە ئەمڕۆ بەرۆکی نەتەوە جیاوازەکانی گرتووە.  

ئەرکی هێزە سیاسیە سەربەخۆ خوازەکان چی‌یە و دەبێ چی بکەن
باسکردن لە سەر مان و نەمانی ئەم رێژیمە بە شێوەی جۆراوجۆر تاوتوێ دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە ئاشکرایەو دەبینرێت ئەوەیە کە ئەدای ئەم رێژیمە ساڵانە لە بوارەکانی دیپلۆماسی و دارایی و  ئابوری بەرەو لاوازی دەروات، هەر خودی ئەم هۆکارانەش بەڵگەیەکن لە لاواز بوونی دەسەڵاتی ڕێژیم و کورت بوونەوەی تەمەنی ئەم رێژیمە دیکتاتۆرە.
ئاشکرایە کە هەر یەک لە نەتەوەکانی کورد، عەرەبی ئەحواز، بەلوچ، تورکمەن و ئازەری، زۆر بە باشی کەوتوونەتە پەرەپێدان و بڵاو کردنەوەی بیری سەربەخۆیی و خۆ ئامادەکردن بۆ سەندنەوەی سەروەری نەتەوەیی و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، هەرچەند لایەنە سیاسیەکانی ئەو نەتەوانە بە شێوەی جیاواز هەنگاو بۆ سەروەری و سەربەخۆیی دەنێن، بەڵام هێندێک لایەنی سیاسی ڕاشکاوانە باس لە ڕزگاری یەکجاری و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ نەتەوەکان دەکەن و پێیان وایە چاوڕوانکردن بۆ دروستبوونی هەلێکی لە بار تەنیا کات کوشتن و بیرۆکەیەکی بێکەڵکی شکست خواردووە، هەربۆیە پێویستە هێزە سیاسیەکان کاری زیاتر بکەن بۆ  وروژاندنی بیر و هەستی سەربەخۆخوازیی و دۆزی سەربەخۆیی بجوڵێن و گەل ونەتەوەکانی خۆیانی بۆ ئامادە بکەن.

سەرچاوەی دارایی ژیانی ئەم نەتەوانە.
هەرکام لەو نەتەوانەی کە باس کران، لە چوارچێوەی سنووری جۆگرافیای وڵاتەکانیان دا خاوەنی ئابوری‌یەکی تا ڕادەیەک مامناوەندی وەک سامانی ژێر زەوی، کشت و کاڵ و بەرهەمەکانی دیکەی بوژانەوەی ئابورین، کە دەتوانرێت بە هۆی ئاڵۆگۆری ئابوری لە گەڵ وڵاتانی دراوسێیاندا ژیانی کۆمەلگاکەی خۆیانی پێ بەڕێوەببەن بەبێ ئەوەی چاو لەدەستی دەوڵەتی تاران بن، بەڵام ئابوری ٢ نەتەوەی بندەست لە ناوچەکە زۆر بە هێزتر دیارە و ڕەنگە ئەگەر کاری لەسەر بکرێت، ژیانێکی بێ کێشە و ئاسوودە بۆ وڵاتەکەیان مسۆگەر دەکەن، ئەویش ئابوری و سامانە ژێر زەویەکانی نەتەوەی کورد و گەلی عەربی ئەحوازە کە ئەم ٢ نەتەوە لە سامانە ژێز زەویەکان وەک نەوت و گاز لە ئاستێکی زۆر باشدان.
گەلی کورد بێجگە لە بوونی نەوت لە چەندین شۆین و ناوچەی جیاواز، کە بەشێکی کەمی ئەو ناوچانە لە لایەن ڕێژیمەکانی پێشوو و رێژیمی ئیستاوە ئاشکرا کراوە و سودی لێوەردەگیرێت، بەڵام پێشبینی٥٠% زیاتر لەوەی کە ئێستا هەیە لە ژێر زەویدا هەبێت کە تا ئێستا سودی لێ وەرنەگیراوە، تازەترین نموونەش حکومەتی ئێستای ئێران لەم چەند حەفتەی پێشوودا ئاماژەی پێکردووە؛ دۆزینەوەی کێڵگەیەکی نەوتی گەورە بوو لە ناوچەیەکی سەرپێڵی زەهاوی سەر بە کرماشان، بێجگە لە سەرچاوەی نەوت کە کوردستانی پێ دەوڵەمەندە، لە زۆر ناوچەی دیکەش دا زێر و گۆگرد و بەرهەمی دیکەی کشت و کاڵ و گەشتیاری زۆری هەیە. هەروەها نەتەوەی عەرەبی ئەحوازیش بێجگە لەو کێلگە نەوتیانەی ئێستا کە بە ئاشکرا لە ناوچە عەرەب نشینەکاندا هەیە، سەرچاوەی دیکەی بە هێز و هەبوونی ئاوێکی زۆرە لە ناوچەکەدا، کە بەداخەوە دەبینین پلانی وشک کردنی ئاوی ناوچەکەو لاوازکردنی کشت و کاڵ و هەژارکردنی ئەو خەلکە لە ناوچەکانی ئەحواز یەکێکە لە پلانە تایبەتەکانی ڕێژیم بۆ چٶلکردنی ئەو ناوچەیە لە لایەن خەڵکەکە و دەستبەسەردا گرتنی لە لایەن حاکمیەتەوە.

چاوەروانی چەند وڵاتێکی سەربەخۆ بن .
پێمخۆشە لە دوا وتەمدا ئەوە بڵێم کە بەندە لەم نووسینەدا هیچ مەبەستم بێڕیزی کردن یا کەمکردنەوە لە ئێوەی بەڕێزی نەتەوەی فارسدا نی‌یە، بەڵکوو تەنیا مەبەستی من ئەوەیە کە پێتان بڵێم هەر نەتەوەیەکی ناو ئەو جیهانە پان و بەرینە کە وڵاتەکەی بە زۆر داگیر کرابێت و ئاسیمیلاسێون کرابێت، بەردەوام کار دەکەن و لە هەر هەل و دەرفەرتێک کەڵک وەردەگرن لە پێناو ڕزگار کردنی وڵاتەکەیاندا. باشترین نموونەش  یەکێتی سۆڤیەتە کە لە ساڵەکانی ١٩٢٢ تا ١٩٩١ دا سیستەمی تاک حیزبی و تاک دەسەڵاتی تێکەوە پێچاو لە ماوەیەکی کەم دا دەیان نەتەوەی بندەست دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لە سەر خاکی خۆیان ڕاگەیاند،  بیلارووس، ئۆکرانیا، مۆڵدۆڤیا، گورجستان، ئەرمەنستان، ئازەربایجان، کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمەنستان، قرقیزستان، تاجیکستان، ئەستۆنیا، لیتوانیا و لاتیڤیا ئەو وڵاتانەن کە چەندین ساڵ بوو لەلایەن ڕووسەکانەوە داگیرکرابوون و دەسەڵاتیان لێسەندرابو، بەڵام بیر و هەستی سەربەخۆ خوازی لەناو دڵ و دەرونی ئەو نەتەوانەدا بەردەوام لە جۆش دا بوو، هەربۆیە بە هەست کردن بە لاواز بوونی دەوڵەتی حاکم، هەرکام لەو نەتەوانە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان ڕاگەیاند، ئێستاش  ئەو نەتەوانەی کە بەزۆر بە ئێرانەوە لکێندراون و کراون بە ئێرانی و سەدان ساڵە زوڵمیان لێدەکرێت و وەک مرۆڤی دەرەجە دوو سێ سەیریان دەکرێت، ئەو نەتەوانەی بێ بەشن لە هەموو جۆرە ئازادیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگیش، بیر و هزری سەربەخۆ خوازی و نەتەوەیی لە دڵ و دەرونیاندا جینگڵ دەدات و لە هەر هەل و دەرفەتێکدا ئامادەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانن، هەموو لایەک باش ئەوە دەزانن کە ئێستا سەردەم سەردەمی ڕزگاری و سەربەخۆ بوونە، هەربۆیە  داگیرکەران چیدیکە ناتوانن بە وەعد و بەڵێنە درۆینەکانیان چاوی نەتەوەکان ببەستن و بیر و هزریان داگیربکەن و خۆسەپێنیەکانیان بەردەوام بکەن، بەڵکوو دەبێ هەموو لایەک ئەوە باش بزانن ئەو ئێرانەی کە ئەوڕۆ یەک دەسەڵات و یەک نەتەوە حوکمی دەکات، لە داهاتویەکی زۆر نزیکدا پارچە پارچە دەکرێت و دەبێتە چەند وڵاتێکی جیاوازی وەک  ئێران یا فارسستان، کوردستان، عەرەبستانی ئەحواز، بەلوچستان، تورکەمەنستانی سەحرایی، ئازەربایجان و نان چەند ستانێکی دیکە.
گومانم لەوەدانی‌یە کە ئەگەر ئێوەش هەر لانیکەم ١ ساڵ بندەستیان بچێژایە ئەو کات دەتانزانی مانای فارسستان چی‌یە و ئەو کات دەتانزانی کە ئەو نەتەوانەی سەدان ساڵە ژێر دەستەی ئێوەن لە چ حاڵ و ژیانێکدا بوون و هەن، ژیانی ئەو نەتەوانە بە دەست حاکمیەتی فارسەکانەوە تەنیا دەرکردن و کوشتن و لە سێدارە دان بوە، هەر ١٠ رۆژ پێش بوو کە دەیان لاوی کوردو بەلوچ و عەرەب بە تاوانی پێوەندی  سیاسی بە لایەنەکانەوە ملیان بە پەتی سێدارەوە کرا، بێجگە لەوەش بە سەدان کەس بە تاوانی گۆیا مادە سڕکەرەکان و لە بنەڕەتیشدا تەنیا بە تاوانی غەیرە فارس بوون لە سێدارەدران، جا لەبەر ئەوانەیە کە دەبێ سەربەخۆیی و ڕزگاری چی ماناو مەفهومێکی هەبێت بۆ ئەو نەتەو بندەستانەی کە سەدان ساڵە لە لایەن ئێرانەوە وڵاتەکانیان داگیر کراوە و سەر و سامانەکەشیان بە تاڵان براوە. لە مادەی سێێ بریارنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ئۆسڵۆی تایبەت بە نەتەوەکانی بندەستی ئێران لە ٥ دیسەمبەری ٢٠١٣ پێداگری لە سەر خەباتی بەردەوام لە پێناو بە دەستهێنانی مافەکانی گەلانی بندەست تا ئاستی سەربەخۆیی ئەو گەلانە بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییشدا هیوادارم کە ئێوە فارس زمانەکانیش هەست و سۆز و ویژدانتان بجووڵێت و پشتیوانی لە بریاری بەجێی ئەو نەتەوانە بکەن کە بۆخۆیان بریار لە سەرچارەنووسی خۆیان بدەن و وەک ئێوە مانان ببن بە خاوەن ئاڵا و وڵاتی سەربەخۆی خۆیان.

عارف باوەجانی  /  سەرۆکی پ س  ک ،  وتەبێژی یەکێتی نەتەوەکانی بندەستی ئێران

سەرچاوە  رۆژنامەی ئەلوەتەنی عەرەبی

http://www.alwatannews.net/Uploads/PrintedNews/PDF/2934/dcf7407e13334ba1b3bbe5cf1b1356c6.pdf
ڕێکه‌و 2014-02-09 13:35:24
به‌شی ( سیاسی )