له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا بۆ ( باسنیوز )عارف باوه‌جانى سه‌رۆكى پارتى سه‌ربه‌ستیی كوردستان له‌ سێ ته‌وه‌رى جیاوازدا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (باسنیوز) ده‌داته‌وه‌، له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا بۆ ( باسنیوز )عارف باوه‌جانى سه‌رۆكى پارتى سه‌ربه‌ستیی كوردستان له‌ سێ ته‌وه‌رى جیاوازدا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (باسنیوز) ده‌داته‌وه‌،
صورة
(باسنیوز)-هێمن ساڵح
له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا بۆ ( باسنیوز )عارف باوه‌جانى سه‌رۆكى پارتى سه‌ربه‌ستیی كوردستان له‌ سێ ته‌وه‌رى جیاوازدا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (باسنیوز) ده‌داته‌وه‌، باس لە هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئوروپاو  گرنگی ئەو یەکێتییە بۆ کورد. لەمپەرەکانی بەردەم کۆنگرەی نەتەوەیی، دۆزی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات. رایده‌گه‌یه‌نێ له‌ چاوه‌ڕوانى 10 كورسى په‌رله‌مانى ئه‌وروپادا كورد یه‌ك دوو كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ زیان به‌سه‌ر لۆبى كوردى ده‌زانێت

یه‌كێتیى ئه‌وروپا ده‌توانێ سه‌رپه‌رشتى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بكات

له‌م دیمانه‌ تایبه‌ته‌دا عارف باوه‌جانى سه‌رۆكى پارتى سه‌ربه‌ستى كوردستان له‌ سێ ته‌وه‌رى جیاوازدا وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى (باسنیوز) ده‌داته‌وه‌، رایده‌گه‌یه‌نێ له‌ چاوه‌ڕوانى 10 كورسى په‌رله‌مانى ئه‌وروپادا كورد یه‌ك دوو كورسى به‌ده‌ستهێناوه‌، ئه‌وه‌ش به‌ زیان به‌سه‌ر لۆبى كوردى ده‌زانێت. 

(باسنیوز)-هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی ئه‌وروپا چ قازانجێكی بۆ كورد هه‌بوو، كورد قازانجی كرد یان زیان؟

عارف باوه‌جانی : یه‌كێتیی ئه‌وروپا یه‌كێكه‌ له‌و ڕێكخراوه‌ گرنگانه‌ی جیهان، ئه‌م یه‌كێتیه‌ ڕێكخراوی كۆكردنه‌وه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایه‌ له‌ ده‌وری یه‌ك له‌ گشت بواره‌كانی ڕامیاری و ئابوری و زانستیدا. كه‌ ئیستا له‌ 28 وڵاتی ئه‌وروپایی تێێدا ئه‌ندامن. ئه‌م ڕێكخراوه‌ كه‌ نۆینه‌رایه‌تی ئه‌وه‌نده‌ وڵاته‌ ده‌كات، تا 25ى مه‌ى ساڵی 2014 ژماره‌ی دانیشتووانی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ئه‌ندامن له‌م یه‌كێتییه‌ ده‌گاته‌ 500 ملیۆن كه‌س. گرنگترین ڕێكخراو یا نیهاده‌كانی ئه‌م یه‌كێتیه‌، بریتین له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا، شۆرای یه‌كێتی ئه‌وروپا، كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپا، دادی یه‌كێتی ئه‌وروپا، كۆنگره‌ی ئه‌وروپا، بانكی مه‌ركه‌زی ئه‌وروپا. ئه‌م جۆره‌ یه‌كگرتووییه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپایی له‌ بواره‌ جیاوازانه‌ بوونه‌ته‌ هێزێكی گرنگ له‌ جیهاندا.

كوردیش له‌ ماوه‌ی زیاد له‌ 50 ساڵه‌ به‌ لێشاوه‌یی كۆچبه‌ری ئه‌وروپابوون، ئێستاش ژماره‌ی كوردان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ 2 ملیۆن مه‌زنده‌ ده‌كرێت، به‌شی زۆریشیان هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ن، جا به‌ هۆی به‌شداری كورد له‌ حیزبه‌كانی ئه‌وروپا و چوونه‌ ناو ئه‌و یه‌كێتییه‌ ده‌توانێ گه‌وره‌ترین ده‌سكه‌وتی بۆ پشتیوانی له‌ دۆزی ره‌وای كورد هه‌بێت. بوونی كورد له‌و یه‌كێتییه‌ گه‌وره‌ترین قازانجی سیاسی هه‌یه‌.

(باسنیوز) چۆن ده‌توانرێت كورسیه‌كانی كورد له‌و یه‌كێتییه‌ وه‌كو لۆبی كوردی به‌كاربهێنرێ؟ 
عارف باوه‌جانی : من پێموایه‌ كورد به‌ گشتی و حكومه‌تی هه‌رێم به‌ تایبه‌تی بۆ خۆهه‌ڵبژاردن له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا وه‌كو پێویست كاری بۆ هاندان و پشتیوانی له‌ چه‌ند كوردێكی چالاك نه‌كرد، ئه‌گه‌ر به‌ جدی كار بكرایه‌ حیزبه‌كانی ئه‌وروپایان دڵنیابكردایه‌ كه‌پشتیوانی له‌ كاندیده‌ كورده‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌وا لانیكه‌م كورد ده‌یتوانی 10 بۆ 15 كورسی ببات. له‌و 28 وڵاته‌ی ئه‌ندام، چه‌ند وڵاتێكی گرنگی تێدایه‌ كه‌ هه‌م له‌ ناو ئه‌و یه‌كێتیه‌دا، هه‌م له‌ ئاست جیهانیشدا ڕۆڵێكی باشیان له‌ بواره‌كانی دیمۆكراسی، ئابووری و بووژانه‌وه‌ و ئاوه‌دانیدا هه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ به‌ وڵاتانی زلهێزی جیهانی ده‌ناسرێن كه‌ نموونه‌یان وڵاتانی ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و فه‌رانسه‌یه‌. بۆ كورد خاڵێكی گرنگ ده‌بێت كه‌ له‌ ڕێگای جۆراوجۆره‌وه‌ خۆی بخزێنێته‌وه‌ نێۆ ئه‌م یه‌كێتییه‌وه‌. له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی چه‌ند رۆژ پێش به‌ داخه‌وه‌ یه‌ك دوو كورد شانسی بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌. هیوادارم كورد به‌ گشتی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ تایبه‌ت كاری زیاتر بكات بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی یه‌كێتیی ئه‌وروپا بۆ لای دۆزه‌ ڕه‌واكه‌ى، كه‌ تا ڕاده‌یه‌كی باش حكومه‌تی هه‌رێـم له‌و بواره‌وه‌ هه‌نگاوی ناوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌نگاوی زیاتر بنرابایه‌، به‌ تایبه‌ت ده‌كرا بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی یه‌كێتی ئوروپا بۆ ساڵی 2014 حكومه‌تی هه‌رێم ئیمكاناتێكی زۆری ڕاگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ری و ئابووری ته‌رخان بكردایه‌ بۆ چه‌ند كاندیدێك، بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند كوردێكی كاندیدی حیزبه‌ ئه‌وروپییه‌كان بۆ ئه‌و یه‌كێتییه‌. كه‌ بۆ نموونه‌ له‌ وڵاتانی وه‌ك ئه‌ڵمان و سویدی و دانیمارك و به‌ریتانیا و فینله‌ند و فه‌رانسه‌ و هۆڵه‌ند و به‌لجیك كه‌ زۆربه‌ی كورده‌كان له‌وێ ده‌ژین. بوونی ژماره‌یه‌ك كورد كه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر له‌ كۆی 517 كورسی، لانیه‌كم 10 كورسی كوردبێت، هه‌ر ئه‌و 10 كورده‌ كه‌ نوێنه‌ری چه‌ند حیزبی جیاوازده‌بن، ده‌توانن به‌ هاوكاری و هاوڕێیه‌تی لایه‌نه‌كانی دیه‌كه‌ى گروپی پشتیوانی له‌ كورد دروستبكه‌ن، هه‌ر له‌و ڕێگه‌وه‌ ده‌توانرا ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه‌ بگاته‌ سه‌ره‌وه‌ی 50 كه‌س. ئه‌و كاته‌ ده‌نگه‌كه‌ له‌ نێو په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كاریگه‌ری خۆی ده‌بێت، هه‌روه‌ك چۆن لۆبی عه‌ره‌بی و لۆبی جوله‌كه‌، و تامیله‌كان و تیبیته‌كان به‌و شێوه‌ پشتیوانی باشیان بۆ خۆیان له‌ نێو ئه‌و یه‌كێتییه‌دا هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كوردیش له‌ ئه‌وروپا خاوه‌نی پشتیوانی به‌هێز بێت، زیاتر شانسی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی ده‌بێت.

(باسنیوز)- بۆچى بڕیاره‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ چ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كورد به‌ گشتی ده‌بێت؟

 عارف باوه‌جانی : وه‌كو وتم به‌ بوونی گروپی پشتیوانی كوردی له‌و په‌رله‌مانه‌، كورد ده‌توانێ مه‌سه‌له‌ و ڕووداوه‌كانی رۆژ بخاته‌ رۆژه‌ڤی كاری په‌رله‌مانی ئوروپاوه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانێ داوای پشتیوانی له‌ ڕێفراندۆمی چاره‌نووسسازی كورد له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات، هه‌ر ئه‌وانیش سه‌رپه‌ره‌ستی ئه‌و ڕێفراندۆمه‌ بكه‌ن.

(باسنیوز) ئه‌گه‌ر بڕۆینه‌ سه‌ر ته‌وه‌رێكى ناوخۆیی به‌ حوكمى شاره‌زاییان له‌وبواره‌ پێتانوایه‌ له‌مپه‌ره‌كانی به‌ره‌ده‌م كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی چین؟ كێ هۆكاری دواخستنیه‌تی ؟

عارف باوه‌جانی: دیاره‌ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی وا گه‌وره‌ له‌ مێژووی كوردا بێ له‌مپه‌ر نه‌ده‌بوو ناشبێت، كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان هه‌ر 4 وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كه‌ی كوردستان به‌ هه‌موو هێز و توانایانه‌وه‌ هه‌وڵی تێكدانیان داوه‌، جا ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌ گژدانی حیزبه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتر، كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ ته‌نیا چه‌كی كوشه‌نده‌یه‌ كورد به‌ رامبه‌ری كورد. ڕاسته‌ نه‌یارانی گه‌لی كورد له‌ هه‌وڵی تێكدانی بوون و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌و هه‌وڵه‌یانه‌یاندا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد له‌ نێو خۆی یه‌كگرتوو بێت و ڕه‌زامه‌ندی له‌ كاری هاوبه‌ش له‌ناوخۆدا بكه‌ن، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پیلانی نه‌یاران تێك ده‌چێت و سه‌ر ناگرێت. با هه‌مووشمان ئه‌و ڕاستییه‌ قبووڵ بكه‌ین كه‌ ئێستا هه‌ولێر به‌ هۆی ئه‌و زروفه‌ سیاسی و ئابووریه‌ی له‌ ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا هه‌یه‌ حسابی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت. با ئێمه‌ی كوردیش به‌هه‌موومانه‌وه‌ پشتیوانی له‌و ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌ بكه‌ین، به‌وه‌ حه‌ساسیه‌ت پێشان نه‌ده‌ین كه‌ نابێت به‌رپرسی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی باشوری كوردستان بێت. به‌ بۆچوونی من له‌ قۆناغی یه‌كه‌م سه‌رۆكایه‌تی كۆنگره‌ به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌كانی باشور بدرێت سه‌ركه‌وتوو ترده‌بێ، چوون له‌بواری یاسایشه‌وه‌ ئه‌و به‌شه‌ ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی ئازاد و موڵه‌ت پێدراوه‌. ده‌توانێ زیاتر ده‌نگی كورد به‌ جیهان بگه‌یه‌نێت. یا ده‌شتبێت هاوسه‌رۆكی له‌گه‌ڵ هه‌یندێك له‌و كورده‌ چالاكانه‌ی باكوور كه‌ پاسپۆرتی هاتووچۆی یاساییان هه‌یه‌ بۆ دروستبكرێت. به‌ گشتی مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت به‌ هۆكاری ته‌كنیكی بچووك له‌مپه‌ر بخه‌یه‌نه‌ به‌ر ده‌ستكه‌وتێكی وا مه‌زن بۆ گه‌له‌كه‌مان.

(باسنیوز)-ئه‌نجامنه‌دانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی تاچه‌ند زیانی له‌سه‌ر قورسایی كورد و چوونه‌ پێشه‌وه‌ی دۆسیه‌كه‌ی ده‌بێت؟

 عارف باوه‌جانی: به‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان دڵخۆشییه‌كی زۆر له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستان له‌ ئیلام و لورستانه‌وه‌ تا موسل و شنگار و دیاربه‌كر و سه‌لماس و قامیشلۆ و كوردستانی سۆڤیه‌تی كۆن و كوردانی ئه‌وروپاو ئه‌مریكاو ئه‌فریقا و وڵاتانی عه‌ره‌بی شاد كرده‌وه‌. هه‌موو به‌وه‌ خۆشحاڵبون كه‌ سه‌كۆیه‌ك دروست ده‌بێت هه‌موو كوردستان له‌ شانشینێكی كوردایه‌تی كۆده‌كاته‌وه‌. ئیدی رۆژ به‌ رۆژ و حه‌فته‌ به‌ حه‌فته‌ چاوه‌ریی بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ 3 جار كات دیاریكردن كۆنگره‌كه‌ نه‌به‌سراو وا نزیك به‌ 1 ساڵه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و كاره‌ به‌ بێده‌نگی تێپه‌ر ده‌بێت. ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌ سه‌ر لاوازی بیری نه‌ته‌وه‌یی دروستكرد. من وه‌ك خۆم تا ئیستاش له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی نائۆمێد نیم و به‌و هیوایه‌ به‌ زووترین كات ده‌ست به‌ كار بكاته‌وه‌.

(باسنیوز)- تاچه‌ند وڵاتانی ئیقلیمی ده‌یه‌وێ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ نه‌كرێت؟

 عارف باوه‌جانی: هه‌ر جۆره‌ ده‌ستكه‌وتێكی كورد، له‌ هه‌ر كۆیه‌كی جیهان بێت، بێگومان ئه‌و 4 وڵاته‌ هه‌وڵده‌ده‌ن دژایه‌تی بكه‌ن، به‌ تایبه‌ت له‌ ئیستادا كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ هه‌موویان زیاتره‌. نموونه‌ش تازه‌ترین نووسینی به‌رپرسی كونسوڵگه‌كه‌یان بوو له‌ سلێمانی كه‌ چۆن به‌ بێرێزی باسی مێژووی كۆن و نۆی كورد ده‌كات، ئه‌و مه‌ترسییه‌شیان له‌ كاتێكدا دیسان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورد له‌ باشوری كوردستان هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌.

(باسنیوز)- ده‌چینه‌ سه‌ر باسێكى دیكه‌ى تایبه‌ت به‌ پارته‌كانى رۆژهه‌ڵات، تاچه‌ند ئه‌و تۆمه‌تانه‌ راستن كه‌ ده‌گوترێ پارته‌كانی رۆژهه‌ڵات وه‌كو مردون له‌به‌رانبه‌ر جوڵاندنی كورد له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؟ 

عارف باوه‌جانی: من ئه‌وه‌ به‌ لێدوانێكی مه‌نتیقی نازانم، هه‌موو كات هه‌لومه‌رج گۆرانكاری له‌ شێوه‌ی سیاسه‌ت دروست ده‌كات، ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه‌ بۆ مێژووی هه‌شتاكان حیزبه‌كانی رۆژهه‌ڵات حه‌فته‌ نه‌بوو زه‌ربه‌یه‌كی كاریگه‌ری سه‌ربازی له‌ كۆماری ئیسلامی نه‌ده‌ن. به‌ڵام ئیستا زروفێكی دیكه‌ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌. كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌موویان پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كانی به‌شی باشوری وڵات. ئه‌مانه‌ وا ده‌خوازن كه‌ بیانوو نه‌درێته‌ ئێران، به‌ڵام به‌ بۆچوونی من ئه‌وه‌ 23 ساڵه‌ كوردی رۆژهه‌ڵات پشتیوانی له‌م پرۆسه‌ ده‌كات. ده‌بێت بیر له‌ میكانیزمی نۆی بكرێته‌وه‌.

(باسنیوز)-دروستبوونی په‌ژاك له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ بۆ رۆژهه‌ڵات تاچه‌ند زیانی له‌یه‌كڕیزی كورد داوه‌؟ 
عارف باوه‌جانی: خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵات بۆ خۆیان ده‌توانن له‌ زه‌ره‌ر بوون یا قازانج بوونی هه‌ر پارتێك یا لایه‌نێك بریار بده‌ن، چوون ئێمه‌ هه‌موومان له‌ تاراوگه‌ین. پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان حیزبی نزیك به‌ خۆی دروستكردوه‌، هیچ نكۆڵی له‌وه‌ ناكرێت كه‌ پژاكیش به‌شێكن له‌ سیاسه‌تی پێكاكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. باشتر وایه‌ هه‌موو لایه‌ك بیر له‌ یه‌كریزی و ته‌بایی بكه‌ینه‌وه‌، واز له‌ دونیای بوغز و كینه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یه‌ك بێنین.

(باسنیوز)-ئایا بۆ رۆژهه‌ڵات چالاكی مه‌ده‌نیانه‌ یان چه‌كداری كاریگه‌ری زیاتر ده‌بێت؟

 عارف باوه‌جانی : هه‌ردووكیان له‌ بواره‌كانی خۆیاندا به‌ پێناسه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ قازانجی خۆی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كه‌ت نه‌رمی بنۆێنێت ده‌كرێت خه‌باته‌كه‌ به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی و دیالۆگ درێژه‌ پێ بدرێت، هیچ كوردێك حه‌زی له‌ كوشتن و كێشه‌ نییه‌، به‌ڵام به‌ ناچاری تووشی ده‌كه‌ن. جا ئه‌گه‌ر وڵاته‌ داگیركه‌ره‌كه‌ له‌ به‌رامبه‌رمان تووند و تیژ بێت، ئه‌وا هه‌لومه‌رج ناچارمان ده‌كات كه‌ په‌نا بۆ خه‌باتی چه‌كداری ببه‌ین.

 

عارف باوه‌جانی له‌ چه‌ند دێرێكدا 

له‌ ٤ی نه‌ورۆزی 1973 له‌ گوندی به‌ركوری ناوچه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی سه‌ربه‌ پارێزگای كرماشان له‌ دایكبووه‌.

 دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رۆكی پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستانه‌، كه‌ پارتێكی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌ربه‌خۆخواز و لیبراڵ دیمۆكراته‌، جۆگرافیای ئیستای خه‌باتی روو به‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌. هه‌روه‌ها وته‌بێژی فه‌رمی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌كانی بنده‌ستی ئێرانه‌، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چه‌ندین حیزبی سیاسی 5 نه‌ته‌وه‌یی بنده‌ست له‌ ئێران. 

عارف باوه‌جانی یه‌كێك له‌و كورده‌ چالاكانه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاست ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ حیزب و لایه‌نه‌كانی جیهاندا هه‌یه‌، له‌ ده‌یان كۆنگره‌و كۆنفرانسی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌شداری هه‌بووه‌، 4 ساڵ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نه‌رویج بووه‌. له‌ ده‌یان میدیای كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فارسی له‌ سه‌ر دۆزی كورد وتووێژى له‌گه‌ڵدا كراوه‌.

جگه‌ له‌ وتارو بابه‌ته‌كانى خاوه‌نی چه‌ند په‌رتووكێكه‌.

 
ڕێکه‌و 2014-06-01 04:47:03
به‌شی ( وتوێژ )