وتووێژێکی گرنگی گۆڤاری چرکە لەگەڵ بەڕیز عارف کە لە ژمارە ١٢٠ لە کۆی ٦ لاپەرە بۆچوونەکانی بەڕێز باوەجانی لە وڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسی بە توانا گۆران شاخەوان، لە گۆڤاری پر خۆێنەری چرکە بڵاوکراونەتەوە. وتووێژێکی گرنگی گۆڤاری چرکە لەگەڵ بەڕیز عارف کە لە ژمارە ١٢٠ لە کۆی ٦ لاپەرە بۆچوونەکانی  بەڕێز باوەجانی لە وڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسی بە توانا گۆران شاخەوان،  لە گۆڤاری پر خۆێنەری چرکە بڵاوکراونەتەوە.
 لەو  وتووێژەدا بەڕێزیان تیشکیان خستووەتە سەر زۆر خاڵی گرنگی پێوەندیدار بە دۆزی سەربەخۆیی کوردستان، پلانی وڵاتانی دراوسێ و داعش و زۆر بابەتی دیکەی رۆژ.


صورة

چرکە: جەنابتان چۆن دەڕواننە بارودۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان؟
وەڵام عارف باوەجانی :بەبۆچوونی من لە ڕووداوەکانی٣٥ رۆژی پێشووی ئێراق، هەرچەند برێک ناخۆشی و قەیرانی بەنزین و دارایی لە ناوچەکانی کوردستانیش دروستکرد، بەڵام تەکانێکی گرنگی بە پێشکەوتنی زیاتری بە هەرێمی کوردستاندا. کە کەم کاتەدا هەرێمی کوردستان بوو بە سەردێری رۆژنامەو میدیاکانی گرنگی جیهان. لە لایەکی دیکەشەوە بیری سەربەخۆخوازی لە نێۆ گشت تاکێکی کوردی زیندووکردەوە. بە کورتی دەتوانم بڵێم کە بارودۆخی ئیستای هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشی سیاسی و دیپلوماتی و پێشکەوتندایە. کەش و هەوایەکی نەتەوەیی و دەوڵەتخوازی باڵی بە سەر هەموو تاکەکانی کوردیدا کێشاوە.

چرکە: هەرێمى کوردستان دواى نزیکەى هەشت مانگ چاوەڕوانى توانى کابینەى هەشتى حکومەت پێکبهێنێت وخولێکى نوێى پەرلەمان دەستبەکاربێت، ک هەموو هێزە سیاسیەکان تێیدا بەشدارن. جنابتان چۆن دەڕواننە کابینە و خولى نوێى پەرلەمان جیاوازى چییە لەگەڵ خولەکانى پێشووتر؟
وەڵام عارف باوەجانی : پیرۆزبایی لە دامەزراندنی کابینەی هەشتەم دەکەم، هەستدەکەم کابینەیەکی گەنجانەو دڵخۆشکەرە. بەڵام من بۆچوونی دیکەم لە سەر حکومەتی هاوبەش هەیە. پێموایە کابینەیەک کە هاوبەش بێت لە نێۆ لایەنی ڕازی و نا رازی پێویستە باوەرێکی قووڵ لە نێوانیادا هەبێت، کە هەڵگری کێشەو ناکۆکیەکانی سەردەمی پێش کابینەی هەشت بە خۆیەوە نەبینێت،  حکومەتی هاوبەش چییەو چۆنە: لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی سەردەمی ئیستادا هەمیشە ٢ یا ٣  فراکسیۆن، وەک باڵی ڕاست و لیبراڵەکان، باڵی چەپ و سوسیالدیمۆکراتەکان، یا باڵی دیمۆکرات و ئاینییەکان و نێوەندەکان. کە هەرکامیان لە چەندین پارت و لایەن پێکهاتوون، بە نیشانەی رەنگێکی دیاریکراو کێبەرکێی هەڵبژاردنەکان دەکەن و لە ژێر ناوی دروستکرنی حکومەتی ئەو ڕەنگە یا ئەو باڵە. پێش هەڵبژاردن هەر کام لەو باڵ یا فراکسێۆنانە ڕێکدەکەون لە سەر ئەوەی هەرکام لەو باڵانە دەنگی زۆرینەیان بەدەستهێنا پێکەوە حکومەت دروستبکەن. واتە بۆ نموونە ئەگەر باڵی ڕاستەکان کەبریتی دەبن لە چەند حیزب سەرکەوتنیان بە دەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی کە لە کاتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا هەر کام لەو حیزبانە بە جیا پروپاگەندە بۆ خۆیان دەکەن، بەڵام لە کۆتایی هەڵبژاردنەکەدا هەر کام لەو فراکسیۆنانە یان حیزبانە کە دەنگی زۆرینەی خەلکی وڵاتەکەیان بە دەستهێنا، ئیتر پێکەوە دیالۆگ دەکەن لە سەر دروستکردنی حکومەت.
هەڵبژاردنی  ئەمجارەی هەرێمی کوردستان، وێرای ئەوەی زۆر باشتر لە جاران بە ڕێوە چوو، چاودێرێکی زۆری جیهانی تێیدا بەشداریانکرد و زۆربەی میدیا و ڕاگەیاندنە ناسراوەکانی جیهان بەگرنگەوە باسیان لێوەکرد، هەروەک باس لە هەڵبژاردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناویان دەهێنا، نەک وەک هەرێمێکی سەر بە حکومەتی ئیراق. دیارە ئەمەو زۆر هۆکاری دیکە کاریگەری زۆریان بەدوای خۆیاندا هێنا وکارێکیان کرد کە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی کوردستانیان زۆر جیاوازتر کرد لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی پێشوو.
ئەمە وێڕای ئەوەی هەر ئەم هەڵبژاردنە جیاوازیەکی دیکەشی هەبوو لەگەڵ زۆربەی هەڵبژاردنەکان کە لە وڵاتە جۆربەجۆرەکانی دونیای پێشکەوتوودا دەکرێت. چوون ئەگەر بڕوانین دەبینین کە پێشوەخت هیچ گروپ و فراکسیۆنێک وەک باڵی دیاریکراوی چەپ، راست، یا ئاینی بۆ حکومەتی پاش هەڵبژاردنەکانی کوردستان دیارینەکرابوو، کە بتوانن دەنگەکانیان لە کۆتایی هەڵبژاردن بە هاوبەش جیاکرێنەوە و براوی حکومەتی ٤ ساڵەکە بن.
بە کورتی لەم کاتەدا لە هەموو کات زیاتر یەکریزی و کاری هاوبەش لە بەرژەوەندی گەلەکەماندایە.

چرکە: ئەزموونێکى تازە بۆ ئیسلامییەکان رەخساوە، چونکە بەوتەى خۆیان لەناو حکومەت بەشدار نەبوون، پێشتر تەنها بەناو وەزیرییان هەبووە، ئایا حزبە ئیسلامییەکان لەم کابینەیە تا چەندە دەتوانن سەرکەوتووبن؟
وەڵام عارف باوەجانی : لە کوردستانیشدا وەک هەموو وڵاتانی ناوچەکە، لایەنی جۆراوجۆری ئایدولۆژیایی سیاسی و ئاینی لە ئارادایە. ئەوەی دەبێت بۆ هەموو لایەک هێڵی سوور بێت، مەسەلەی کوردستانی بوون و کار بۆ سەربەخۆیی ئەم وڵاتە. نابێت هیچ  لایەنێک بە بیانووی ئاین و ڕەگەزەوە ڕێگە خۆشکەربێت بۆ دەستێوەردانی وڵاتانی داگیرکەر لە کاروباری کوردستان. مێژووی هیندێک لە لایەنە سیاسییەکان لە کوردستان پێشتر زۆر باش نەبووە، لایەنی ئاینی سیاسی هەبووە کە دەستی لە ڕادەستکردنی ٧ لاوێ رۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامی هەبووە. هەر ئیستا ئاسەورای ئەو لایەنەی بە ناوی دیکەوە خزاونەتە لایەنی دیکەوە. بە دڵنیایشەوە  ئەوانە هەر خزمەت بەو رێژیمە دەکەن. پێویستە لایەنی ئەمنیەتی کوردستانی بە تووندی ئەو جۆرە مرۆڤانە بخاتە ژێر چاودێری و ڕێگە نەدرێت بێنە ناو کارو باری حکومەتەوە. هەروەها پێویستە گەلیش ڕێگە نەدەن بەو جۆرە مرۆڤانە لە ژێر ناوی ئاینی ئیسلامەوە، بە مەبەستی تایبەتی خۆیان بخزێنە نێۆ جمگەکانی حکومەتەوە و خزمەت بە بێگانە بکەن.

چرکە: چ شتێک هۆکارى سەرەکى تێکچوونى بارودۆخى عێراق بوو. کە تاوەکو ئێستا تیشکى نەخسترابێتە سەر؟
وەڵام عارف باوەجانی : خاڵی یەکەم سیاسەتی هەڵەی مالکی کە وەک سەرۆکوەزیران، نەیتوانیوە رٶڵی سەرۆکی هەموو ئێراق ببینێت. مالکی بە چاوێکی جیاوازەوە لەگەڵ ئێراقیەکان هەڵس وکەوتی دەکرد، بگرە لە نێۆ شیعەکانی ئێراقیش هەر کەسێک لەگەڵ بۆچونەکەی نەبایە دژایەتی دەکرد. نموونەش سەرخی بوو، کە چۆن هێرشیان کردە سەر خۆی و جەماعەت و بارەگاکەیان تێک و پێکدا.
خاڵی دووەم: ئێراقی ئیستا لە چی وەزعێکدایە.لە ساڵی ١٩١٩ کە دەوڵەتی ئێراق لە لایەن ئینگلیزەکانەوە دروستکراو کوردیان بە زۆرلکاند بە ئێراقەوە تا ئێراقی پاش ٢٠٠٣ هەرگیز ئەم وڵاتە ئەوەندە کێشەی شیعەو سونی و تایفی لەو ئاستەدا نەبوو، کە ئیستا ئێراق کەوتووە ئەو قەیرانە قووڵەوە. ئەوەی لە سیاسەت تێبگات وتەماشای ئەم وەزعەی ئیستای ئێراق دەکات بۆی ڕووندەبێتەوە کە هەرگیز ئێراقی یەکگرتووی فیدراڵی کە مافی هەموو نەتەوەکان و ئاینەکان لە بەرچاو بگریت دروستنابێتەوە. هەر ئیستا بە ئاشکرا چەند وڵاتێکی دراوسێ دەستیان لە کاروباری ئێراقدا هەیەو بە ڕەزامەندی ئەوان پۆستەکانی دەسەڵات دابەشدەکرێن. جاران کە کورد باسی لەجیابوونەوەی ئێراق دەکرد ویژدانەکانی جیهان بەتاوانێکی گەورەییان دەزانی، کەچی ئیستا چاودێرانی سیاسی کاروباری ئێراقیش هاتوونەتە سەر ئەو قەناعەتەی کە هیچ چارەسەرێک نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە ئەم وڵاتە بە سەر ٣بەشدا دابەشبکرێت، جا بە سەربەخۆیی یەکجاری بێت، یا بە قسەی ئەوان فیدراڵی یا کۆنفیدراڵی. ئەویش ناوچەی سوونەکان، ناوچەی  شیعەکان، و کوردستان. ئیتر پێویستە کورد چاوەرێی ئێراقی عەیار ٢٤ نەکاتەوە، پێویستە هەنگاوی بەپەلە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی بنێت، خۆی بۆ تەداروک بکات

چرکە: پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ وڵاتى تورکیا تا چەندە جێگاى دڵخۆشین، ئایا کوردستان دەتوانێت لە رێگاى تورکیاوە پێگەى خۆى لە بازارەکانى ئەوروپا بەرزبکاتەوە؟
وەڵام عارف باوەجانی : بەبۆچوونی من کورد لە باشوری کوردستان سیاسەتێکی باشی بەرامبەر بە هێورکردنەوەی تورکیا گرتە بەر. ئاکامەکەشی ئەوە بوو کە ئەو تورکیا دژە کوردەی ساڵانی پێشوو، وا لێکرد یا بە تورکیای سەلماند کە سەربەخۆیی کورد مەترسی نییە بۆ ئەوان، بگرە لە بوارەکانی ئابوری و ئاسایشەوە لەبەرژەوەندی ئەوانیشدایە. هەروەها ئەزموونی باشور وخۆراگری کورد لە شارو شاخەکانی باکوری کوردستان، تورکیای بە گۆرانکاریەکی زۆر ناچارکرد.
بمانەوە یانە تورکیا دراوسێی کوردستانەو سنووری گرێدانی کوردستانە بە ئوروپاوە

چرکە: پێتانوایە داعش کێین. چیان دەوێت، ئامانجیان چییە؟
وەڵام عارف باوەجانی : داعش گروپێکی سونی قاعیدەلیزمە، کە ئیستا بە دەیان گروپی جیاواز لە جیهانی ئیسلامی بە تایبەت سونییەکان بە ناو و ناسناوی زۆرەوە پرش و بڵاون. لە بەرامبەر ئەوانەشدا ئێران چەندین گروپی شیعەی لە جیهاندا بە ناوی جیاوازەوە دروستکردوە، بۆ نانەوەی ئاژاوە لە جیهاندا.
لە ئاکامی نا ئارامی و شلەژانێکی سیاسی و تایفی و ئاینی لە زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناڤین سەریهەڵداوە، کە هیندێک وڵات تا ئیستا توانیویانە کۆنترۆڵی بکەن، هیندێکیش بەردەوام بە دەستییەوە دەناڵێنن. ئێراقی پاش ٢٠٠٣ ی یەکێک لەو وڵاتانەیە کە بەزەقی ئەو ناکۆکیەکە ئاینیەی کە دەیانساڵ بوو لە ناوچەکە چەقی بەستبوو سەریهەڵداوە. شیعە مەزهەبیەکانی ئێراقی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسی لە ئێراق دەچەوسانەوە و لە بێ دەسەڵاتی هیچیان پێنەدەکرا. لە پاش روخانی ئەو ڕێژیمە شیعەکان کەوتنە تۆڵە سەندنەوە، بە تایبەت لە کاتی بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی مالکی ئەو پلانە زیاتر ئاشکرا کرا. کە مالکی بەردەوام کەوتە بەرنامەدانان بۆ گرتنی کەسایەتییە سونیەکان، هەر یەکەو تۆمەتێکی دەدایە پاڵیان. دیارە کردەوەکانی مالکیش بە هاندانی ئاشکرای ئێران بووە. ئێرانیش بەرنامەی تایبەتی هەیە بۆ دروستکردنی چەند وڵاتێکی سێبەری خۆی لە ناوچەکەدا واتە ئیمپراتۆری شیعە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. نیگرانی سونەکانیش وایکردوە کە گروپەکانی ئەلقاعیدە لە ژێر ناوی جۆراوجۆر کە ئیستا بە ئاشکرا بە ناوی  دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام، هەروەها ئەندامان و لاینگرانی حیزبی بەعس و زۆربەی  لایەنە سیاسیە سونەکانی ئێراقیش. جا هاتنی ئەم گروپە بەو شێوە رمەکی نەبووە، ئەمە چەند دەستێکی بە هێزی لە پشتەوەیە. بە لایەکی دیکەشەوە روونە کە ئەو گروپانە خەڵکانێکی زۆریان لە شارە سوونیەکان لەگەڵدایە، بە تایبەت لە ناو موسل و تکریت. هیچ کات جێگەی بروا نییە هێزێکی دەیانهەزار کەسی بەرامبەر بە چەند هەزار کەسێک ئاوا چۆکدا بدەن و هەڵێن، دیارە ئەمەش مانای بوونی نفووزی ئەو گروپە لە نێۆ سوپای ئێراقدا هەیە.

چرکە: ئایا داعش دەبێتە مەترسى بۆسەر هەرێمى کوردستان؟
وەڵام عارف باوەجانی : داعش لەشەری ٢ساڵەی لەگەل یەکینەکانی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان،، توانایی کوردی بۆ دەرکەوتوە. بۆیە دەزانێ رۆڵەکانی گەلی کورد کەسانێک نین بە زۆر هێنرابن، یا لەبەر خاتری مەعاش هاتبن. کەسانێک بە بیروباوەرەوە بەرگری لە خاک و نیشتیمانی خۆیان دەکەن. بوونی هەر گروپێکی مەبەستدار لە ژێر ناوی ئاین لە ناوچەکە مەترسییە بۆ سەر دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ وسەربەخۆیی نەتەوەکان، کە گەورەترین ویستی ئەمرۆی گەلی کوردە.  کەوابێت بوونی داعیشیش مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام  ئەوەی من تێگەیشتبم، هاتنی داعیش بۆ ئیستای ناوچە سوونیەکانی ئێراق تەنیا دژایەتی کردنی شیعەو سیاسەتەکانی ئێرانە لە ئێراقدا. هەر بۆیەش هێرشیان بۆ زۆر شۆێنی کوردستان نەکردوە، تەنیا لە هیندێک ناوچەی هاوسنووری سونەکان و کوردستان پێکدادان روویداوە.

چرکە: دواى تێکچوونى بارودۆخى عێراق پرسى دەوڵەتى کوردى زیاتر گەشاییەوە، ئایا پێتانوایە دەوڵەتى کوردى بەرێوەیە و ئێستا کاتییەتى؟
وەڵام عارف باوەجانی : دەوڵەتی کورد بە تەواوی کاتی هاتووە، دیارە بۆ بە دەسهێنانی دەوڵەتی کوردی برێک فیداکاری زیاتری دەوێت.
کورد دەبێت هەنگاوی داهاتووی بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت. بە بۆچوونی من ئیتر لەوە زیاتر دوا خستنی مانایەکی نەماوە. ئەزموونی ١١ساڵ پاش پرۆسەی ئازادی ئێراق سەلماندی کە ئێراقیکی دیمۆکرات و  فیدراڵ تەنیا لە میدیاکانی کوردی ڕەونەقی پێدراوە دەنا بۆ ١١ رۆژیش ئەو پرۆسە لەئێراق بە کردەوە نەبووە. سایکۆلۆژی کۆمەڵگای ئیستای ئێراق ئەوەمان پێشاندەدات کە ئەم وڵاتە بە دەیانساڵی دیکەش بە شەری تایفی و ئاینییەوە سەرقاڵ دەبن، تازە کێشەی سونی وشیعە لە ئێراق زیندووکراوەتەوە. ئەلبەت کێشەی شیعەو سونی و تایفەیی لە ئێراق لە لایەن چەند حکومەتێکی ناوچەکەوە کاریشی بۆ کراوە. کەوابێت چیدیکە نابێت گەلی کورد کاتی خۆی بە فیرۆ بدات. بەم بەڵگانەی کە ئیستا لە ئێراقدا لە ئارادان دەتوانرێت دەسەڵاتی زلهێزانی پێڕازی بکرێت. نەتەوەیی ئێمەی کورد یەکێکە لەو نەتەوە پر حەشیمەت و دێرینانەی سەرگۆی زەویە کە لە مێژ ساڵە بەبێ بوونی کیانێکی سەربەخۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خۆی لە ژێر ستەمی داگیرکەران تێپەردەکات. لە پاش مێژووی شەرەکانی یەکەم ودووەمی جیهانی و دروستبوونی دووجەمسەری دەسەڵات لەو کاتانەدا، بە هۆی هاتنە ئارای چەند پەیماننامە و ڕێکەوتننامەیەکی زلهێزانی ئەو سەردەمانە، ڕێگە خۆشکرا بۆ بە دەوڵەتبوونی زۆر نەتەوە، هەمانکات ئاستەنگیش دروستبوو بۆ سەربەخۆیی زۆرنەتەوەی بندەست، کە لە نێوانیاندا نەتەوەی بەرچاوی گەلی کورد. ئێمەش لەو درێژایی مێژووەدا بە دەیانجار هەلی سیاسی لە ناوچەکە هەڵکەوتووە، بەڵام کورد هەمیشە ئەو هەلانەی بەسەردا تێپەربووە. هەنگاونانی کورد بۆ سەربەخۆیی کارێکی نایاسیی نییە کە پێموانوابێت لەم کاتەدا لە ئاست جیهاندا کێشەمان بۆ دروست دەکات  بە تاوان دەبینرێت..

چرکە: سەربەخۆی کوردستان، ئایا هەرێم هەموو ئەو خاڵانەی تێدایە بۆئەوەی دەوڵەتێکى سەربەخۆ رابگەینێت؟
وەڵام عارف باوەجانی :  من پێموایە بە زیادیشەوە کورد ئەو خاڵانەی تێدا بەدی دەکرێت و دەبوو لە مێژساڵە ئەو دەوڵەتە کوردییە لە جیهان لە دایکبایە.
ئه‌و مافانە‌ی که‌ ئێمه‌ی کورد به‌ ناوی سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ باسی لێوه‌ده‌که‌ین به‌ زه‌قی له‌ نێو جاڕنامەکانی مافی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانی جیهاندا دیاره‌ و به‌رچاوه. له‌ جارنامه‌ی مافی مرۆڤ له‌ به‌ندی٢ له‌ ماده‌ی یه‌که‌مدا هاتووه‌: هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ هیچ جیاوازییه‌ک به‌ هۆی ره‌گه‌ز، ڕه‌نگ، جنس، زمان، ئایین، بیرورای سیاسی، یان هه‌ر رایه‌کی دیکه‌و بنه‌چه‌ و بنه‌مای نیشتیمانی، کۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی و له‌ دایکبوون یان هه‌ر شتێکی دیکه‌، شایسته‌ی سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و ماف و ئازادییانه‌ی که‌ له‌م بانگه‌وازه‌دا هاتوون.
هه‌ر له‌ ماده‌ی ٢ له‌ به‌ندی دووهەمدا هاتووه‌: "هه‌موو که‌سێک مافی ژیان و ئازادی وئاسایشی خۆی هه‌یه‌. یا له‌ به‌ندی (٥) دا هاتووه‌: "نابێت هیچ مرۆڤێک ئه‌شکه‌نجه‌و سزا بدرێت و ڕه‌فتاری تووند و تیژ و دڕندانه‌ی که‌رامه‌ت ڕووشێنی له‌گه‌ڵدا بکرێت.
له‌ به‌ندی ٢١ دا هاتووه‌ که‌: هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافی ئەوەی هه‌یه‌ له‌ ژێر چاوه‌دێری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ڕێگه‌ی دیموکراسی وهه‌ڵبژاردنی ئازادو ڕیفراندۆمەوە چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات. له‌ ماده‌ی ٢٨ دا هاتووه که‌ هه‌موو که‌سێک شایسته‌ی سیسته‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و نێونه‌ته‌وه‌یییه‌، که‌له‌ سایه‌یدا هه‌موو ماف و ئازادییه‌کانی که‌ له‌م بانگه‌وازه‌دا نووسراون به‌ ته‌واوی وه‌‌دی ‌بێنێت. زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ له‌ کۆی ٣٠ ماده‌دا که‌ هه‌ر ماده‌یه‌کیش چه‌ند به‌ندی لێده‌بێته‌وه‌ کورد زیاتر لە ٩٠% له‌و مافانه‌ی لە جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤدا نووسروان بێبه‌شه‌. کەچی هەر سیاسییەکی کورد لە پشتی تەلەفزۆینەکان قسە دەکات دەڵێت داوای سەربەخۆیی لەم کاتەدا بۆ کورد گونجاو نییە، ئیتر من تێناگەم کات نەما لە مێژووی جیهاندا ئێمە تێپەری نەکەین و کەچی هەر کاتێکمان نەدیتەوە بۆ ئەم سەربەخۆییە. درست ٩٤ ساڵ پێش مافی بە دەوڵەتبوونی کورد پەسەندکرا، واتە له‌ په‌یمانی سیڤه‌ری نێوده‌وڵه‌تی كه‌له‌ ٢٠ / ٨ / ١٩٢٠ی زاینی وه‌ک یه‌که‌م په‌یماننامه‌ی گرنگی جیهانی واژۆی له‌سه‌رکرا. به‌ پێێ ماده‌كانی ٦٢ و٦٣ و٦٤ مافی ته‌واوی به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردی داوه‌، هه‌ر له‌و په‌یمانه‌دا کورد وه‌ک یه‌کێک له نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ناسراوە. به‌ڵام به‌ دوای ئه‌و پەیمانەدا له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌وکاتی تورکیا په‌یمانی شوومی لۆزان لە ٢٣ /٧/ ١٩٢١واژۆ کراو ئه‌و ماددانه‌ی که‌ شمولی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان ده‌كرد، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌
هیوادارم کارێک نەکەین کە دیسانەوە بۆ فریودانمان و دوور خستنەوەمان لە مافەکانمان لۆزانێکی دیکەمان بە سەردا دروستکرێتەوە.

چرکە: زۆرێک لە وڵاتانى عەرەبى و ئەوروپى و تورکیا لەگەڵ دەوڵەتى کوردیدان، بەڵام وڵاتى ئێران تاوەکو ئێستا دژى ئەوەیە، پێتوایە چی واى لەو وڵاتە کردووە کە بەسەربەخۆى کورد رازى نەبێت؟
وەڵام عارف باوەجانی : من وای نابینم کە زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش لەگەڵدا بن، بەڵام بە پێی تێپەربوونی چەند ساڵێک بە سەر سەربەخۆیی کوردستان ئەوانیش بە مەمنوونیەوە دەبنە دۆستی کوردستان، ئیستا بۆ نموونە وڵاتێکی وەک میسر بە سەرۆک و ڕووناکبیرانیانەوە کەوتوونەتە دژایەتی کردنی گەلی کورد و ئامادەیی دەربرین بۆ مالکی، بە بۆچوونی من کورد وەک هەڵویست وەرگرتن دەبوایە کۆنسۆلی میسری لە کوردستان دەرکردایە و بگەرایەوە قاهیرە، تا کاتێک داوای لێبوردنیان لە کورد نەکردایە ڕێگەی گەرانەوەیان بۆ سەر خاکی کوردستان لێ بگیرایە.
 ئێران هەرگیز دۆستی کورد نەبووەو ناشبێت، ئەگەر سەردەمانی ئاوارەبوون دەکات بە من بە سەر کوردەکانی باشوردا، ئەو پێشوازییەی ئەو کاتە هی خەڵکی رۆژهەڵات بوو لە خەڵکی باشور کرا نەک حکومەت. حکومەت ئەوەی مەبەستی بوو وەک رێکلامێکی بە دژی حکومەتی ئەو ئێراق کە نەیاری بوو بە کاری بێنێت. من هەمیشە وتوومەو ئیستاش دووپاتی دەکەمەوە کە داگیرکاری ئێران زۆر مەترسیدارترە لە داگیرکاری ٣ وڵاتەکەی دیکەی وەک ئێران و ئێراق و تورکیا. ئەو ٣ وڵاتەی دیکە بە چەک و کوشتن و ماڵۆێرانی بە ئاشکرا پێمان سەلماندۆین کە دوژمنی سەرەکیمان بوون. بەڵام ئێران بێجگە لە کوشتن و گرتن  لە سێدارەدان، بە سیاسەتی کورد خاوەنی ئەسڵی ئێرانە زیاتر بومبارانی مێشکی هیندێک لە بە ناو رووناکبیرانمان دەکات، هەروەها لە ڕێگەی کەلتورو مێژوو ئەدەبیاتی فارسەکان، وای کردوە کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان بەو کولتورە فارسییە ئاشنا بکات و بە فەرهەنگی نەتەوەکانی ئێرانی بناسێنێت. بەڵام ئەو ئێرانەی کە ئیستا لە ناوچەکە خۆی بە هێز دەزانێ ٦ درزی  تێدایە کە زۆر دەترسێ ئەو درزانەی گەورە بن. واتە ئەو وڵاتەی کە ئیستا پێێ دەوتری ئێران وڵاتی ٥ نەتەوەی سەرەکی و چەند نەتەوەی کەمینەن. و من لەو باوەرەدام کە لە پێشهاتنی هەر جۆرە گۆرانکارییەک لە ئێران، ئەو وڵاتە وەک سۆڤیەتی کۆنی لێدێت و دەبێتە لانیکەم ٥ وڵات، کە یەکێکیان رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت. هەربۆیەش لە ناوی وشەی سەربەخۆیی کوردستان ترسی هەیە.

چرکە: پێتوایە لە هەرێمى کوردستان هەندێ لایەنى سیاسى بە قسەى ئێران هەڵس و کەوت بکەن؟
وەڵام عارف باوەجانی : شاراوە نییە کە ئێران نفوزی بە سەر هیندیک لە حیزبەکانی باشوری کوردستان هەیە،  و دەست لە کاروباریشیان وەر دەدات. بەو هیوایە هەموو حیزب و لایەنێکی باشوری کوردستان، بە حکومەتی هەرێمییشەوە، لەوە باش وریا بن کە ئێران هەرگیز دۆست و چاک بێژی کورد نەبووەو ناشبێت. تەنیا مەبەستی تێکدانی هەموو دەستکەوتەکانە، دوورکەوتنەوە لە ئێران مایەی پێشکەوتنی کوردستان، و هەرجۆرە نزیکبوونەوەیەکیش لە ئێران مایەی مەترسییە بۆ کوردستان.

چرکە: ئایا لە ئێستادا کورد پێویستە دووبارە بەشداربێتەوە لە حکومەتى نوێ عێراق و وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار؟
وەڵام عارف باوەجانی :  من دەڵێم باشترین کردنەوە لەم حکومەتە تازە، دیسانەوە کوشتن و خنکاندنی ئەو بیرە سەربەخۆخوازییەوە کە دیسانەوە لە باشور و هەموو کوردستان چرۆی کرد. هیوادارم ئیدی بەس بێت  بۆ سیاسیە کوردەکان، لە ئاوەدانکردنەوەی بەغداو ئێراقی پر لە کێشەوە شەریی تایفی و ئاینی. لەوەتی دەوڵەتی ئێراق دروستبووە لە باتی ئاوەدانی، کوردستانیان وێران کردوە.  بەڵام سیاسیە کوردەکان هەمیشە لە هەوڵی بە مۆدێرنکردنی ئێراقن؟.

چرکە: بەپێى یاسا سەرۆک کۆمار هیچ دەسەڵاتێکى هەیە، ئەگەر ئەم پۆستە هى کورد بێت، هیچ سوودێکى بۆ کورد دەبێت.
وەڵام عارف باوەجانی : بە بۆچوونی من تەنیا کورد حەڵال دەکاتەوە بە ئێراقی ئومەی عەرەبی و هیچی دیکە.

چرکە: داهاتووى کوردستان چۆن دەبینى؟
وەڵام عارف باوەجانی :  ئەگەر لە بەغدا دوور کەوینەوە، ئایندەمان وڵاتێکی سەربەخۆ و نموونە دەبێت لە رۆژهەڵاتی ناڤین.

چرکە: داهاتووى عێراق چۆن دەبینى؟
وەڵام عارف باوەجانی :  وڵاتێکی وێرانی تایفەیی و ئاینی، کە هەرگیز دیمۆکراسی بە چاوی خۆی نابینێت. بێباوەری و بێ متمانەیی لە نێۆ ئەو گەلەدا ڕیشەی هەمیشەیی داکووتاوە. پێموایە مانەوەی کورد لەگەڵ ئێراق تەنیا وەخت کوشتنە.
چرکە : هەنگاوە پێویستەکانی کاتی سەربەخۆبوون چین و دەبێت چی بکەین؟
وەڵام عارف باوەجانی : ئەوەی ئیستا بەرچاو و دڵخۆشە و کۆڵەکەی بەهێزی بە دەوڵەتبوونی هەر نەتەوەیەکە و لە کوردا بە زەقی دەبینرێت ئابورییە. گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان خاوەنی ئابوری و سامانی سروشتی و سەروەرتی دارایی نیشتیمانییە، بێجگە لەوەی کە نەوت لە ناوچەکانی کەرکوک و کۆیەو زاخۆ ئاشکراکراوە. لە چەندین شارو ناوچەی دیکەش هەر لەم هەرێمە باس لە بوونی نەوتی زۆر گرنگ دەکرێت. بێجگە لە نەوتیش کوردستان لە زۆر بوارەکانی میوە و کشتوکاڵ، سەروەتەکانی سەرچیاکان، بەردی بە ناوبانگ. زێر، گوگرد و زۆر سەرچاوەی دیکەی بووژانەوەی ئابوری هەیە. بەڵام مخابن شارەزایانە لە سەر هیندێک لەو بوارە ئابوورییە کار نەکراوە. بە تایبەت لە بواری کشتوکاڵ و باخ و بێستانەوە. کە ئسیتا دەبینین هەموو جۆرە میوەجات و بەرهەمەکانی شیریش لە وڵاتانی وەک تورکیا و ئێران هاوردەی کوردستان دەکرێن. لە حالێکدا کە بەس دەشتەکانی کۆیەو شارەزوور و هەولێر کە دەشتی کشتوکاڵ و میوەجات و ئاژەڵ بەخێوکردنە، نەک هەر لە کوردستانیش زیاترە بگرە دەتوانرێت بنێردرێتە چەندین وڵاتی دەرەوە. بەڵام لەو بوارەوە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان کاری پیویستی بۆ نەکردوە، پێویستە هەنگاوی گرنگ و بەپەلە بۆ بۆژانەوەی کشت وکاڵ و ژینگەی کوردستان هەڵگیرێت. 
بێگومان هیچ وڵاتێک خۆی ناکات بە خاوەنی کێشەی کورد لە بەرامبەر هەر ئاکام لە داگیرکەرانی کوردستان و ئێمە نابێت لە بواری سیاسییەوە چاوەرێێ بکەین چەند وڵاتێک کوردستانەکەمان بۆ دروستبکات و ئەمجا کلیلەکەمان پێبدەن وبڵێن فەرموون بچنە ناوییەوە. ئێمە دەبێت بۆخۆمان لە هەرێمی کوردستان بە پێێ ئەو ئامادەییە باشەی بواری سیاسی و ئابوری و جیوپۆلیتیکیە کە دروستبووە، ئەو هەلە بقۆزینەوە..

پێویستە بە پەلە کار لە سەر ئەم خاڵانەی خوارەوە بکرێت.
١
 /  بە دروستکردنی هێزێکی گشتی پێشمەرگە یا سوپای سەرتاسەری کوردستان کە هێزێکی سەرتاسەری کوردستانی بێت بۆ پاراستنی سنوورەکانی کوردستان. سیستەمی پێشمەرگایەتی هەروەک پرینسیپەکانی سەربازی جیهانی بکرێتە ئیجباری و ساڵ و کاتی هەر گەنجێک دیاری بکرێت کە لە ساڵێک یا ٢ساڵ لە ڕیزی سوپای کوردستان خزمەت بکات. بۆ هەنگاوی یەکەمی بە دەوڵەتبوونمان پیویستە  داوا  لە هەموو تاکێکی کوردستانی لە نێوان١٨ تا ٣٥ بکرێت خۆیان لە ڕیزی سوپای کوردستان تۆمار بکەن، بۆ قۆناخە سەرەتاییەکان دەسەڵاتدارێتی حکومەتی سەربەخۆ پشتیوان بن. 
٢ /  دروستکردنی لێژنەیەکی هاوبەشی سیاسی و دیپلوماتی بۆ گەشتێکی جیهانی و ڕاکێشانی پشتیوانی وڵاتان و ڕێکخراوانی نێۆنەتەوەیی لەمەر دروستبوونی ئەو دەوڵەتە.
٣ /  وەگەرخستنی پرۆژەیەکی سەرتاسەری کشتوکاڵی و ژینگە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ گوندنشینان و خاوەن کێڵگەکان بکرێت. بەرهەمەکانیان بە تایبەت گەنم وجۆ، پێویستە بە پارەیەکی باش لە لایەن حکومەتەوە لێیان بکرێتەوە و لە خەزێنەی تایبەت کۆکرێتەوە.
........................................................................................

عارف باوەجانی
عارف باوه‌جانی له‌ به‌هاری ١٩٧٣ له‌ ناوچەی سه‌لاسی باوه‌جانی سه‌ر به‌ پاڕێزگای کرماشان له‌ دایکبووه‌، له‌ ساڵی ١٩٨٠ وێرای بنه‌ماڵه‌که‌ی له‌ سه‌ره‌تایی شه‌ری نێوان ئێران و ئێراق ئاواره‌ی باشوری کوردستان ده‌بن، دوای دوو ساڵ ‌ بۆ کامپی ئه‌ڵتاش له‌ رومادی ده‌گوازرێنه‌وه.
له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی ژیانی له‌ که‌مپی ئه‌ڵتاش چوار ساڵ ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان‌، بۆیه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی ١٤ ساڵیه‌وه‌ خولیای سیاسه‌ت ده‌بێت و به‌کرده‌وه‌ تێکه‌ڵ به‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌که‌مان ده‌بێت.
له‌ ساڵی ١٩٩٧ له‌ ڕێگه‌ی کۆمیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانه‌وه‌ ده‌گاته‌ وڵاتی نەۆرویژ
له‌ ساڵی ٢٠٠٠ وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی سوسیال چه‌پی نۆرویژی ده‌ست به‌ کار ده‌بێت.
له‌ سالی ٢٠٠٣ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نەرویژ، له‌ لیستی ئه‌و حیزبه‌ بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێردریت. 
له‌ ساڵی ٢٠٠٦ ، پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان داده‌مه‌زرێنێت، پاشان تا به‌ستنی کۆنگره‌ی یه‌که‌می ئه‌و پارته‌ له‌ کۆنفرانسه‌کاندا وه‌ک سه‌رۆکی کاتی هه‌ڵده‌بژێردرێت.
له‌ کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستاندا، له‌ ١٣-١١-٢٠١٠ و لە کۆنگرەی دووەم لە ١٤ / ٢/ ٢٠١٣ لە هەولێر وەک سەرۆکی گشتی هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌.
عارف باوه‌جانی وێرای کاری سیاسی به‌ کاری مرۆڤایه‌تیشه‌وه‌ سه‌رقاڵ بووه‌. له‌ ساڵی ١٩٩٧ تا ئیستا به‌رده‌وام پشتیوانی له‌ کێشه‌ی په‌نابه‌رانی کورد ده‌کات.
عارف هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٨٩ ه‌وه‌ تا ئیستا، به‌رده‌وام نووسینی له‌ ڕۆژنامه‌ و سایته‌کان بڵاو بووه‌ته‌وه‌، خاوه‌نی ٣ په‌رتووکی چاپ نه‌کراوه‌، ناوبراو له‌ ساڵی ٢٠٠٠ تا ٢٠٠١ له‌ هه‌نده‌ران گۆڤارێکی به‌ ناوی به‌ ناوی گۆڤاری هه‌ڵوه‌دا ده‌رکردوه‌.
 له‌ ڕێگه‌ی کاری دیپلوماتییه‌وه‌ پێوه‌ندییه‌کی به‌ هێزی له‌گه‌ڵ ده‌یان که‌سایه‌تی جیهانی دروستکردوه‌. له‌ چه‌ندین خوڵی جیهانی له‌ بواره‌کانی به‌رێوه‌به‌ری، سیاسی و دیپلوماسیدا بەشداریکردوە. لە چەندین ڕاگەیاندنی جیهانی بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و نەرویجی و روسی دیمانەی لەگەڵ کراوەو بابەتی ناوبراو بڵاوکراوەتەوە.

 
ڕێکه‌و 2014-07-24 19:11:46
به‌شی ( وتوێژ )