خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه‌ له پێناوی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌لی کوردستان
In Kurdish
In English
In Farsi
In Arabic
 
کار و چالاکی ڕابردووی پارتیمان

ڕه‌نگاوڕه‌نگ


پسپۆڕانی رۆژئاوایی: چەكداركردنی پێشمەرگە واتە سەربەخۆیی كوردستان
پسپۆڕانی رۆژئاوایی: چەكداركردنی پێشمەرگە واتە سەربەخۆیی كوردستان

رووداو- لەندەن
صورة
پسپۆڕانی رۆژئاوایی دەڵێن هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا دەزانن پڕچەككردنی پێشمەرگە وادەكات كوردستان لە سەربەخۆیی نزیك ببێتەوە، بەڵام چارەیان نییە. 

ئەو پسپۆڕانە كە بۆ رۆژنامەی گاردیەنی بەریتانیا قسەیانكردووە لەو بڕوایەدان “بۆ كورتمەودا رۆژئاوا پێویستی بەوەیە كە كوردستان وەكو نەوایەكی ئارام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بهێڵێتەوە و واش بكات پێشمەرگە رێگە رێگە لە تەشەنەسەندنی چەكدارانی داعش بگرن، بەڵام لە دوورمەودادا دەرهاویشتەی دڵنیگەرانكەر بەڕێوەن”. هەرچەندە، وەك ئەو پسپۆڕانە باسیدەكەن، وڵاتانی رۆژئاوایی “چەكی قورس نادەنە پێشمەرگە و باڵانسی هێز لەنێوان بەغدا و هەولێردا دەپارێزن”. 

جولیان بۆرگەر، كە راوێژكاری دیپلۆماسیی گاردیەنە، لە راپۆرتەكەدا، كە دەقە وەرگێڕدراوەكەی لەخوارەوە بڵاوكراوەتەوە، دەڵێت بەپێچەوانەی ئەو دوودڵییەی لە بەریتانیا سەبارەت بە پڕچەككردنی یاخیبووە لیبی و سوورییەكان هەبوو، “پڕچەككردنی كوردەكان هیچ كێشەیەكی یاسایی بەدواوە نییە. چونكە كوردەكان حكومەتی دانپێندراویان لە هەرێمەكەی خۆیاندا هەیە”.

**** 

بڕیاری كامیرۆن-ی سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا بۆ چەكداركردنی جەنگاوەرە كوردەكان، وادەكات بەریتانیا هاوهەنگاوبێت لەگەڵ ئەمریكا و فەرەنسا. ئەمە هەوڵێكە بۆ هێشتنەوەی كوردستان وەكو پەناگایەك لەدژی تەشەنەكردنی جۆرێكی مەرگاویی تووندئاژۆیی ئیسلامی، هەروەها هێشتنەوەی ئەو ناوچەیەشە وەكو نەوایەكی ئارام بۆ ئەو عێراقی و سوورییانەی ناچاركراون بەهۆی بڵاوبوونەوەی تووندوتیژییەوە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن و روو لەو هەرێمە بكەن. 

سیاسەتی هەناردەكردنی چەك بۆ ناوچە جەنگییەكان، ریسكێكی گەورەی بەدواوەیە. وەكچۆن چەندین ساڵ چەكی زۆر درایە سوپای نیشتمانیی عێراق، دەكرێ ئەو چەكانەی ئێستاش دەنێردرێن بكەونە دەستی چەكدارانی داعش. هەرچەندە زەحمەتە پێشمەرگە وای بەسەربێت، چونكە سوپایەكی پتەوترە و لەم رۆژانەی دواییشدا بەیارمەتیی هێزی ئاسمانیی ئەمریكا توانیویەتی سەركەوتنی باش بەدەستبهێنێت. 

گرنگتر لەوەش ئەوەیە كە چەكداركردنی راستەوخۆی كوردەكان، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەستی جیاخوازیی كوردەكان بەهێزتر دەكات كە رۆژئاوا دەزانێت دابەشبوونی عێراق كاریگەریی لەسەر هەموو ناوچەكە دەبێت. هەروەها كوردستانێكی سەربەخۆ كاریگەریی لەسەر سەقامگیریی توركیا و ئێرانیش دەبێت كە لە هەردوو وڵاتدا كەمینەی كوردی دەژین. 

ئەم نیگەرانییە ستراتیژییە بە ئامانجێكی كورتمەودا كاڵ بووەتەوە كە بریتییە لە رێگەگرتن لە پەلهاویشتنی داعش و هێشتنەوەی كوردستان وەكو نەوایەكی ئارام بۆ سەدان و هەزاران عێراقی و سووریی ئاوارەبوو. هەرچەندە بەریتانیا و ئەمریكا و فەرەنسا ئاگایان لەوەیە كە دەبێ تەنیا چەكی سووك بدەنە پێشمەرگە، بۆئەوەی باڵانسی هێز لەنێوان بەغدا و هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان، تێكنەچێت. 

ریچارد گۆوان، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە سەنگەری هاریكاریی نێودەوڵەتی-ی زانكۆی نیویۆرك، دەڵێت: “هەندێك چركەسات لە قەیرانە خێراتەشەنەسەندووەكاندا هەیە كە دەبێ یەكەمجار رێگە لەوە بگریت رەوشەكە لەدەست دەرچێت، ئینجا دەبێ بیر لەوە بكەیتەوە كە دەرهاویشتەكانی ئەو كارەی كردت چی دەبن. ئێستا لە چركەساتێكی وادا دەژین. دەكرێ چەكداركردنی كوردەكان هەنگاوی كۆتایی بێت بۆ دابەشبوونی عێراق، كە ئەمەش دەرهاویشتەی دڵنیگەرانكەری بۆ توركیا و ئێران دەبێت. بەڵام كاتێك ئەڵتەرناتیڤەكە ئەوەبێت كە خاكی زۆرتر لەدەستبدرێت لەبەرژەوەندیی داعشدا و رێگەبدرێت تاوانی گەورەتر بكرێت، كەواتە چەكداركردنی كوردەكان باشترین بژارەیە كە لە كورتمەودادا لەبەردەستە”. 

شاشانك جۆشی، توێژەر لە ئەنیستیتیوتی رۆیاڵ یونایتد سێرڤسز، دەڵێت: “ئەوە زۆر روونە كە جەنگاوەرە كوردەكان رۆڵی سەرەكییان گێڕا لە هەوڵەكان بۆ گەیاندنی فریاگوزاریی مرۆڤایەتی، بەوهۆیەشەوە ئێزدییەكان پارێزران و داعشیش راوەستێنرا. ئەو جەنگاوەرانە ئەو كێشەیەیان نییە كە بۆنموونە بۆ بڕیاردان لەسەر چەكداركردنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا هەبوو، هەروەها ئەو كێشانەشیان نییە كە سوپای عێراقی هەیبوو و چەكەكانیان كەوتنە دەست داعش”. 
لەگەڵ ئەوەشدا جۆشی ئاگاداركردنەوەیەك دەدات: “دەبێ ئەوەمان لەبیربێت كە كوردەكان ناچن لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان شەڕبكەن. واتە ناچن كێشە گەورەكەی داعش لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیش چارەسەربكەن، بۆنموونە لە ئەنبار و لە روومادی و شوێنەكانی دیكە”. 

بڕیاری بەریتانیا بۆ گەیاندنی چەك بە جەنگاوەرانی پێشمەرگە بەمانای كۆتاییهێنانە بە سیاسەتی دوودڵانەی ئەو دەوڵەتە. سیاسەتی بەریتانیا، هەم لەڕووی یاسایی و هەم لەڕووی ئەخلاقیشەوە لەبارەی چەكداركردنی راستەوخۆی پێشمەرگە قەت روون نەبوو، بەڵام پێدەچێت حكومەتی بەریتانیا بڕیاریدابێت بەرلەوەی بچێتە نێو كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسەل ئەو سیاسەتەی بگۆڕێت. 

وەك پادی ئاشتۆن، سەرۆكی پێشووی پارتی لیبرال دیموكراتەكان گوتوویەتی: “زۆر سەیرە كە خەڵكی دیكە دەتوانن چەك بنێرن بەڵام ئێمە ناتوانین ئەمە بكەین. مەگەر جیاوازییەك هەیە لەنێوانماندا؟” 
بەپێچەوانەی ئەو دوودڵییەی سەبارەت بە پڕچەككردنی یاخیبووە لیبی و سوورییەكان هەبوو، پڕچەككردنی كوردەكان هیچ كێشەیەكی یاسایی بەدواوە نییە. چونكە كوردەكان حكومەتی دانپێندراویان لە هەرێمەكەی خۆیاندا هەیە، كڕینی چەك و فرۆشتنیش پێیان بەدڵنیاییەوە لەلایەن سەرۆكە كوردەكەی عێراقەوە (واتە فوئاد مەعسووم) رەزامەندیی لەسەر دەدرێت. 

ریچار گۆوان لەوبارەوە دەڵێت: “هەریەكە لە ئەمریكا و بەریتانیا خۆیان لە رەوشێكی باشتردا دەبیننەوە لەچاو سەرەتای دەستپێكردنی قەیرانەكە. چونكە رەوشی مرۆیی لە چیای شنگال باشتربووە، ئەویش بەهۆی ئەو هێرشە ئاسمانییانەوە كە ئەمریكا كردی، هەروەها واپێدەچێت حكومەتێكی نوێش لە بەغدا دابمەزرێت. پشتیوانییەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ تەدەخولێكی نێودەوڵەتیی سنووردار و تەنانەت كۆترێكی وەكو وڵاتی ئەڵمانیاش پشتیوانیی لێدەكات. بەڵام ئەمە بەمانای سەركەوتنی تەواوەتی نییە، چونكە هێشتا نازاندرێت چۆن داعش لەناودەچێت.

نووسه‌ر‌‌ : rudaw
ڕێکه‌وتی: : 2014-08-15 04:39:15
ئه‌و بابه‌ته‌ : 4862 خوێندراوه‌ته‌وه‌‌
 
 
■ مافی کۆپیکردنی وتار و وێنه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان خاوه‌ندارێتیان ده‌کاتن، ئازادن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ و کۆپی کردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌‌که‌مان بێت، به مه‌رجێک ئاماژه‌ به سه‌رچاوه‌که‌ی بکرێ. 

 
■ زانیاری په‌یوه‌ندی بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن
مه‌کته‌بی سه‌رکردایه‌تی پارتیمان له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها پارتیمان له وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ که ئۆفیسی خۆی بکاته‌وه‌.