خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه‌ له پێناوی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌لی کوردستان
In Kurdish
In English
In Farsi
In Arabic
 
کار و چالاکی ڕابردووی پارتیمان

ڕه‌نگاوڕه‌نگ


ئاستەنگی شەری ناتۆ لەگەڵ داعش، لە نێوان تورکیا و کوردا. نووسینی عارف باوەجانی
ئاستەنگی شەری ناتۆ لەگەڵ داعش، لە نێوان  تورکیا و کوردا. نووسینی عارف باوەجانی
١١ / ١٠ / ٢٠١٤


صورة 

سیاسەتی شەرکردن و لە بەین بردنی گروپی تروریستی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام داعش بووەتە پلانی کاری سەرەکی ئەمساڵی ڕێکخراوی هاوپەیمانی باکوری ئەتلەسی  ناتۆ. بە تایبەت لە كۆتایی کۆبوونەوەی لوتكەی هاوپه‌یمانی ناتۆدا لە سەپتەمبەری ٢٠١٤، كە سەرۆکی ٢٨ وڵات لە شاری نیوپۆرتی وێڵزی بەریتانیا بەڕێوەچوو. لە ئاکامی ئەو کۆبوونەوە لوتکەیەدا بە تێکرا لە سەر ئەوە ڕێکەوتن كه‌ رێكخراوی داعش ھەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر جیهان، و بە تایبەت یەکێک لە وڵاتانی ناتۆ کە تورکیایە، کە هاپێچی تورکیا ئاماژەش بە مەترسی لە سەر ئێراق و سوریاش کرا. بریار درا کە ناتۆ لە جەنگدا بێت بۆ لە بەیندانی داعش. هەر لەو کۆبوونەوەش کە ئەو کات مەسەلەی کۆبانی نەهاتبووە پێش ئەندامانی هاوپه‌یمانی ناتۆ لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە هاوكاری و پشتگری ئەمنی بۆ کوردستان و ئێراق بنێرن.

کورتە پێناسەیەکی ناتۆ.
ناتۆ یان ڕێکخراوی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی، کە بە ئینگلیزییەکەی دەبێتە،
(North Atlantic Treaty Organisation ) NATO   
ئەم ڕێکخراوە لە ٤ / ٤ / ١٩٤٩ لە واشیینگتۆن دی سی دامەزراوە. لە سەردەمی کۆتایی شەری دووەمی جیهانی لەو کاتەدا لە لایەن ١٢ وڵاتی هاوپەیمانی دەریای ئەتڵەسی، لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە ئەم ڕێکخراوە هاوبەشە دروستبکەن. کۆنگرە بە کۆنگرە ژمارەی ئەندامانی ئەم هاوپەیمانییە پەرەی سەند. ئیستا ژمارەی وڵاتانی ئەندام ٢٨وڵاتە. سکرتێری گشتی ئیستای ناتۆ ( یان سۆێلتەنبەرگ) سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتی نەرویژە.
وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ بریتن لە ئە‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، توركیا، لاتیڤیا، ئیسپانیا، هۆڵه‌ندا، به‌لجیكا، پورتوگال، كه‌نه‌دا، كۆماری چیك، دانیمارك، بولگاریا، یۆنان، نۆرویژ ، کرواتیا، كرواتیا، رۆمانیا، ئه‌ستۆنیا، مه‌جه‌رستان، ئایسله‌ند، ئه‌لبانیا،لیتوانیا، لۆكسه‌مبۆرگ، سلۆڤاكیا، سلۆڤینیا. هەروەها باره‌گای‌ سه‌ره‌كی‌ رێكخراوه‌كه‌ له‌ شاری‌ برۆكسلی‌ پایته‌ختی‌ (به‌لجیكا)یه‌.

تورکیا بۆ لە بەرامبەر بە شەری داعش وا دەکات.
تورکیا کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ و بە پێێ هەڵکەوتە جۆگرافیایەکەی بۆ ناتۆ گەلێک گرنگە، هەربۆیەش ناتۆ زۆر جار لەبەر بەرژەوەندییەکانی تورکیا زۆر کاری خۆی لەو وڵاتەوە ئەنجام نەداوە.
لە بواری نزیکبوونەوەی داعش بۆ سەر شاری کوبانی کە دەبێتە هاوسنووری باکوری کوردستان، کە خراوەتە سەر تورکیا و کە یەکێکە لە وڵاتانی ناتۆ. ئەم دۆزەش زیاتر ناتۆی سەرقاڵکردوە کە چۆن بەرەنگاری داعش ببنەوە. لەم بوارەوە ناتۆ و جیهان بە باشێ سیاسەتی نارونی تورکیا لەبەرامبەر بە داعش هەست پێدەکەن. بگرە بۆچوونی زۆربەی ناوەند و ئەنیسیتۆ و رۆژنامەکانی جیهانیش بە ڕاشکاوانە باسی هاوکاری تورکیا لەگەڵ داعش دەکەن. هیندێک بەڵگەی ئاشکرا بووی ناوخۆی تورکیا لە ڕێگەی میدیاکانیانەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنن.

بەڵام ئایا تورکیا بوونی ئەم گروپە بە مەترسی نازانێت یا چی مەبەستێکی دیکەی هەیە لە پشتگیری کردنی ئەم گروپە.
تورکیا هەمیشە لای مەبەست بووە کە کورد لە هیچ کام لە رووداوەکانی ناوچەکە پر دەستکەوت نەبێت. ئەمەش وەک میراتێکی مێژویی لە ئەتاتورک و پەیمانە شوومەکەی لۆزانەوە بۆیان ماوەتەوە. هەر لە یەکەم شەری ئەمریکا لەگەڵ ئێراق لە ساڵی ١٩٩١ بە ئاشکرا تورکیا نیگرانی وڵاتەکەی لە پێشکەوتنی کورد لە ئاکامی ئەو شەرە بە جیمس بیکری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا  وتووە. دیسانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئەگەری ڕەزایەتی دەربرینی بە کارهێنانی خاکەکەی بۆ شەری دژی ئێراق، چەند مەرجی دژواری هەبووە کە هەموو مەرجەکانی بە دژی کورد بووە. کە مەرجەکانی قبووڵ نەکرا و لە شەری ٢٠٠٣ ئەمریکا بە دژی ئێراق بەشداری نەکرد، و بگرە رێگەشی نەدا لە ڕێگەی ئاسمانی وئەرزیشەوە لە ناوچەی تورکیا بۆ هێرش بردنە سەر ئێراق کەڵک وەرگیرێت. بەردەوامیش لە رێگەی ناتۆ و چالاکیە دیپلوماتییەکانی لە ئاست جیهان بە دژی کورد کاریکردوە. هەوڵێکی زۆر و باجێکی زۆریدا بە ئەمریکا بۆ ئەوەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان بخاتە نێو لیستی تروریستی ئەو وڵاتەو وڵاتانی ئوروپاییەوە. هەروەها بەردەوام لە هەوڵداندابوو بۆ داخستنی تەلەفزۆێنە کوردییەکانی نزیک لە پێکاکا بۆ ئەوەی دەنگی ئەو رێکخراوە نەگاتە نێۆ کوردانی باکور. بەڵام هەرچەند توانی کاناڵەکانی میدیا و مید و رۆژ  بە داخستن بدات، لەو پرۆسەی شکەستی هێنا وچوون هەر تەلەفزۆێنێکی بە دانی خەرجێکی زۆر بە داخستن دەدا، دەبینرا رۆژی دواتر و بە ناوێکی دیکەوە هەمان تەلەفزۆێن دەستبەکار دەبووەوە. تورکیا دەزانێت کە گەریلاکانی پێکاکا و لایەنەکانی دیکەی نزیک لە پێکاکا لەم چەند ساڵانەدا تەنیا بە کەلەشینکۆف و چەکی سووک ئەمنیەتی ئەو وڵاتەیان بە تەواوی خستووەتەوە مەترسییەوە. تورکیایان تووشی خەرجییەکی زۆری سەربازی کردوە. ترسی لەوە هەیە کە ئەگەر چەک و کەرەسەی سەربازای پێشکەوتوو بگاتە یەکینەکانی پاراستنی گەل، دەبێتە هۆی بە هێزبوونی کانتونەکانی کوردی لەو هەرێمانە. ئەمەش بۆ تورکیا زیاتر نیگرانی دروست دەکات.
تورکیا بە ناتۆی وتووە ئەگەر ئێوە هێزەکانی یەپەگە پر چەک بکەن بە مانای ئەوەیە پێکاکا پر چەک دەکەن بە دژی وڵاتێک کە ئەندامی خۆتانە. ئەم جۆرە بیانوو دۆزینەوەی تورکیا بۆ ناتۆ نیگرانی درستکردوە. لە حەفتەی پێشوو دیتمان کە سکرتێری گشتی ناتۆ به‌سه‌ردانێكی ره‌سمی گه‌یشته‌ وڵاتی توركیا، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا چۆر چٶلۆ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجامدا. یەکێک لە قسەکانی بۆ رۆژنامەنووسانی ئاشکرا کرد، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ تورکیا ئەوەیە کە ناتۆ ئاواتە خوازە هەموو وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانییە بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر یه‌كهه‌ڵوێستبن و ڕازی نەبن. وەزیری دەرەوەی تورکیا لە وڵامی رۆژنامە نووساندا وتی وڵاتەکەمان سیاسیه‌تی تایبەت بە خۆمان هه‌یه‌ بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ناوچه‌كەدا. بە لایەکی دیکەوە منەتی ئەوەی خستە سەر جیهان کە نزیکەی ملۆێن و نیوێک پەنابەری کورد و غەیرە کورد لە سوریا ئاوارەی تورکیا بوون و ئێمە خەرجیان دەدەین. باسی ئەوەشی کرد کە هاتنی داعش بۆ سه‌ر سنووره‌كانی توركیا مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئارامی وڵاته‌كه‌مان، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كه‌مان كردوه‌ بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. یانی بە کوررتییەکەی داگیرکردنی کوبانی بۆ ئەوان گرنگ نییە بەڵام ئەگەر بێنە پێشترەوە ئەو کات بەرەنگارییان دەبنەوە.  بۆ مەسەلەی پەنابەریش دیارە تورکیا ئاواتی ئەوەیە لە ناوچە کوردستانیەکان هەمیشە شەر و نا ئارامی بێت و خەڵک بە ناچاری ئاوارەی لای ئەوان بن، و کورد هەمیشە داماو و زەلیل بکرێت، تا ببێتە مەترسیەک بۆ سەر کوردانی باکوریش، هەرچەند ورەی کوردانی باکور هەرگیز دانەبزیوەو پێچەوانەکەشی لەم حەفتەدا بینرا کە چی نائارامییەکی خستە ناو تەواوی تورکیاوە. یان سۆلتەنبەرگی سکرتێری گشتی ناتۆ نەیشاردەوە کە سەردانەکەی بۆ تورکیا بۆ ئەوەیە کە لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە داعش تێبگات. ئەوەشی دووپاتکردوە کە داعش مه‌ترسیه‌ بۆ هه‌موو جیهان نه‌ك ته‌نها بۆ وڵاتانی عیراق و سووریا، هه‌روه‌ها ناتۆ ئاماده‌یه‌ هه‌موو جۆره‌ هاوكاریه‌ك پێشكه‌ش به‌ وڵاتی توركیا بكات له‌پێناو به‌گژداچوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ناوچه‌كه‌.
لە ناو ئاخانی قسەکانیدا چەند جار باسی لە زەرورەتی یەکبوونی وڵاتانی ناتۆ دەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بە داعش، بە قسەکانی ناوبراودا دیارە کە ناتۆ لەگەڵ تورکیا کێشەیەکی گەورەیان هەیە بۆ لێدانی داعش و هاکاری کردنی کوردانی رۆژئاوا.


کورد دەبێت چی بکات.

کورد بە هۆی لێهاتووی و خۆراگری وبەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ گەورەترین گروپی تروریستی جیهانی لە مێژوودا، میدیای جیهان و ناتۆ،  ڕێکخراوە مەزنەکانی جیهان و وڵاتانی داگیرکەری کوردستانی تووشی شۆک و سەرقاڵی کردوە. ئیستا لەهەر تاکێکی سەرشەقام و گەشتیاری جیهانی بپرسی، کورد چییە و پێشمەرگە چییە، یەکسەر بە ئەرێنی و خۆشحاڵییەوە وڵامت دەداتەوە.
 بەڵام مخابن لەم کاتە گرنگەدا، لە نێو کورداندا ناکۆکی وشەرە ڕاگەیاندن و خۆسەپاندن و گۆێ نەگرتن لە یەکتر وەک پیشەی هەمیشەیی پەرە دەستێنێت، دەسکەوت و گرنگییەکان دەهێنێتە ئاستێکی خوارەوە. ئیستا کورد پێویستە زۆر پەلە کۆنگرەیەک لە ژێر ناوی ئاشتەواوی لە کوردستان ببەستێت و لێژنەی سەرپەرەستی ئاشتی و دژی شەری براکوژی بە پەلە دروستبکرێت. ڕێگری لە هێرشی میدیای کورد بە دژ یەکتر بگیرێت. کورد بە لیژنەیەکی پێکهاتووی نۆێنەرایەتی هەر چوارپارچەی کوردستان، لەگەڵ جیهان و ناتۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان بکەوێتە دیالۆگ و بەرژوەندییەکانی خۆی لە نێۆ گۆرەپانەکانی جیهان بجووڵێنێت. هەروەک چۆن هەموو لایەک بە پێێ بەرژەوەندی خۆی بە دەم کوردستانەوە دێن یا دژایەتی کورد دەکەن. ئەم خۆراگرییە گرنگەی جیهان بکاتە دۆزێکی جیهانی و هەوێنەکەشی ببێتە دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.

نووسه‌ر‌‌ : عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکه‌وتی: : 2014-10-11 09:54:39
ئه‌و بابه‌ته‌ : 5550 خوێندراوه‌ته‌وه‌‌
 
 
■ مافی کۆپیکردنی وتار و وێنه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان خاوه‌ندارێتیان ده‌کاتن، ئازادن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ و کۆپی کردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌‌که‌مان بێت، به مه‌رجێک ئاماژه‌ به سه‌رچاوه‌که‌ی بکرێ. 

 
■ زانیاری په‌یوه‌ندی بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن
مه‌کته‌بی سه‌رکردایه‌تی پارتیمان له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها پارتیمان له وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ که ئۆفیسی خۆی بکاته‌وه‌.