خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه‌ له پێناوی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌لی کوردستان
In Kurdish
In English
In Farsi
In Arabic
 
کار و چالاکی ڕابردووی پارتیمان

ڕه‌نگاوڕه‌نگ


پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پسک بە بۆنەی ٦٩ مین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پسک بە بۆنەی ٦٩ مین ساڵیادی دامەزراندنی                      
کۆماری کوردستان.

 صورة

گەلی کوردی وڵات داگیرکراو!
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
لاوانی سەربەستیی و سەربەخۆییخواز،  بۆ ڕزگاری خاکی کوردستان !

وا ئەمساڵیش یادی٢ی ڕێبەندان: ٦٩مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری سەربەخۆیی کوردستان پیرۆزدەکەین. ئەم یادە کە ساڵ بە ساڵ بە تین تر و جۆشترەوە یادی بەرز و پیرۆز ڕادەگیرێت.
بە بۆنەی ئەم یادە پیرۆزەوە وەک ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی خۆمان و گشت ئەندامان و لاینگرانمان و گشت خەلکێ کوردستانی مەزن وبە تایبەت کەس ولایەنە نەتەوەیی وسەربەخۆیی خوازەکان دەکەین.

٦٩ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی٢ی رێبەندانی ساڵی٢٦٤٥ی کوردی بەرامبەر بە و١٩٤٦ی زاینی، لەو ئان و ساتەدا نەتەوە چالاکەکان ئەو بۆشاییانەی دەسەڵاتی پاش شەری دووەمی جیهانیان قۆزتەوە بۆ سەربەخۆیی خۆیان، گەلی ئێمەش لە سایەی لێهاتووی سەرۆکێکی وەک پێشەوا قازی موحەممەد و بە هاوکاری حیزب و هاورێکانی لە شاری مهاباد مزگێنییەکی مەزنی بۆ گەلێکی سەدانساڵە چاوەرێی سەربەخۆیی بەخشی پێمان. کە تا ئیستاش و تا ژیان وتەمەن بەردەوامبێت مێژووی خەبات وتێکۆشانی ڕزگاریخوازیمان نەوە دوای نەوە شانازیی پێوە دەکەین. ئەو کۆمارە نەتەوەیی و سەربەخۆیەی کوردستان کە توانی لە یەکەم رۆژی دامەزراندنیەوە رەنگ و بۆی گشت کوردستانی پێوە دیاربێت، و هەر بۆیەش بە بەشداری هەزاران تێکۆشەری باشوری کوردستان و بە سەرۆکایەتی بارزانی نەمر، هەروەها هەڵبژاردنی جەنەراڵ بارزانی وەک وەزیری بەرگری کوردستان باشترین بەڵگەی کۆماری سەربەخۆیی کوردستانە. کە پێچەوانەی زۆر مێژوو نەناس و دژە کورد، کە بە کۆمارێكی ئۆتۆنۆمی بچووکی ژێر دەسەڵاتی لایەنێکی غەیرە کورد ناوی دەبەن.  بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان، بە شێوەیەکی فەرمی ئاڵا و لەشکر و نێوی ئێران لە سەر سنووری ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان سڕایەوە، و نەتەوەی کورد بووە خاوەن نیشتمان و ئاڵا و سروودی نەتەوەیی و لەشکری خۆی، زمانی کوردی بوو بە زمانی ڕەسمی، و کتێب و ڕۆژنامە و گوڤاری کوردی لە چاپ دران و چاوی  منداڵانی کوردیان پێ گەشایەوە، ڕادیۆ و شانۆ و سینەما بە زمانی شیرینی کوردی دەپەیڤین، کوردان بۆ خۆیان بەڕێوەبەری وڵات و هەر بۆخۆشیان خزمەتکار و گیان فیدای وڵاتی خۆیان بوون، ژنانی چەوساوەی کورد ئازاد و سەربەست هاتنە مەیدان و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان دامەزراند وچالاکانە بەشداری ژیانی سیاسی بوون لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا. کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکانی دانیشتووی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵگای خەڵکی کورد مافی یەکسانیان هەبوو لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیاندا. گومان لەوەدانی یە کە بە دامەزرادندنی  کۆماری کوردستان، رۆژهەڵاتی نێوراست بوو بە خاوەن یەکەم دەسەڵاتی ئازاد و دێمۆکرات لە مێژووی دورودرێژی خۆیدا، چون هەتا ئەو کاتەش هیچ دەسەڵاتێک نەبوو کە ڕێزی بەرانبەر بۆ کەمە نەتەوە و مەزهەبیەکان دابنێت و مافی یەکسانیان پێبدات، هیچ کەسێک لە ماوەی نزیک بە ساڵێک تەمەنی کۆمار نە لە سەر بیروباوەری سیاسی یا ئاینی بەندی کرابێت یا کوژرابێت. هەر چەندە کۆماری کوردستان ساڵێک لە تەمەنی پڕ لە شانازی تێپەڕ نەببوو کە کرا بە قوربانیی بەرژەوەندییە ئابووریەکانی ڕوسیای کۆمۆنیست و لە ئاکام دا کەوتە بەر هێرشی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی تاران و هاوپەیمانەکانی و مخابن سەرۆک کۆمارەکەی لە سێدارە درا. بەڵام دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئەوەی سەلماند کە کورد هیچ کات خۆی بە ئێرانی نەزانیوە و نایشیزانێت و لە هەر هەلو دەرفەتێکدا ئامادەیە بۆ پێکەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان.  بەدەنگەوە هاتنی هەموو کوردانی سەر گۆی زەوی بۆ پشتیوانی لە شنگال وکوبانی جارێکی دیکە یەکریزی و نەتەوەیی بوونی گەلەکەمانی بە بیر٤ وڵاتی داگیرکەر و جیهاندا هێنایەوە.

 پیرۆزکردنی یادی٢ی رێبەندانی ئەمساڵ لە کاتێکدایە، کە هەردوو بەشی لە یەکدابراوی حیزبی دیمۆکرات، واتە ئەو حیزبەی کە پێشەوای مەزن تێیدا ئەندامبووەو هەر لەو سەردەمەشداو لە لایەن ئەو حیزبەوە کۆماری کوردستان دامەزراوە، کەوتوونەتە دیالۆگی بە یەک بوونەوە. ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئەو پەری پشتیوانی خۆمان بۆ تێکەڵبوونەوەی هەردوو بەشی دیمۆکرات دەردەبرین، وداوایان لێدەکەین کە لەم کات وساتە گرنگە پێشهاتووەدا لەناوچەکە، هەنگاوی بە پەلە بۆ تێکەڵبوونەوە بنێن. هەلومەرجی ئیستای کوردستان زۆر خوازیاری بە پەلەی یەکبوونەوەی دیمۆکراتەکان وگشت لایەنە لێکدابراوەکانی دیکەی کوردستانە. ئێمە پێمانوایە کە یەکبوونەوەی هەردووبەشی حیزبی دیمۆکرات خزمەتێکی زۆر دەکات بە پێشکەوتنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و خێراییکردنی رەوتی خەبات، هەروەها باشترین پشتیوانیش دەبێت بۆ بەهێزبوونی بیر وخەباتی نەتەوەیی زیاتر لەرۆژهەڵاتی کوردستان. بەو هیوایە لە پاش یەکگرتنەوەی هەردوو لایەن: سیاسەتە نەتەوەییەکانیان بەهێزتر بکەن و بگەرێنەوە بۆ سەردەمی کۆماری کوردستان.  با ئیتر بیر لە دروستکردنی دیمۆکراسیەت بۆ ئێران و ئاوەدانکردنەوەی تاران نەبین، هیچ لایەنێک تا ئیستا لە پێناو ئێمەی کورد دەستکەوتەکانی خۆیانی نەخستووەتە گرەوی ئازادی بۆ کوردستان، ئەو ئێرانە پان و بەرینە ئەگەر بۆ خۆیان خوازیار نەبن هەرگیز بە  ئێمەی کورد نە چاک دەبێت نە دیمۆکراسیش دەبێت. کەسمان بە دژی دیمۆکراسی نین و ئاواتمان ئەوەیە هەموو جیهان بە چوار وڵاتەداگیرکەرەکەی دراوسێشمان دیمۆکراسی بێت، بەڵام خاک و ئاو سروشت و سایکۆلۆژی ئەو ناوچانەی کە ئێمەیان داگیرکردوە لەگەڵ دیمۆکراسی ناگۆنجێن، باشترین نموونەش ئێراقی ئیستایە لە جنووب وناوەندەکەی کە لە چ وەزع و ئاستێکدایە، بەڵام بە خۆشییەوە باشوری کوردستان لەم چەند ساڵەی پاش پرۆسەی ڕزگاری ئیراق لە چ ئاستێکدایە. کەوابێت پێویستە هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئیستا و داهاتوودا کار لە سەر ئەوە بکەین کە ئەزموونە باشەکانی هەموو جیهان و بەشێک لە باشوری کوردستان ببەینەوە رۆژهەڵاتی کوردستان، و لە خەمی ئاوەدانی و ئازادی گەشەی ئابوری بۆ خەلکەکەمان بێن، و هێز و تواناو کەسە لێهاتووەکانمان لە تاران سەرف نەکەین، و با کرماشان بکەین بە ناوەندی بریاردان بۆ چارەنووسی گەلەکەمان.
بەرز و بەڕێز بێت ٦٩مین ساڵیادی دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان
ئازاد و ئاوەدان بێت کوردستان.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢ی ڕێبەندانی ٢٧١٤ی کوردی  ٢٠١٥ ی زاینی.

نووسه‌ر‌‌ : ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان،
ڕێکه‌وتی: : 2015-01-20 10:00:48
ئه‌و بابه‌ته‌ : 4923 خوێندراوه‌ته‌وه‌‌
 
 
■ مافی کۆپیکردنی وتار و وێنه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان خاوه‌ندارێتیان ده‌کاتن، ئازادن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ و کۆپی کردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌‌که‌مان بێت، به مه‌رجێک ئاماژه‌ به سه‌رچاوه‌که‌ی بکرێ. 

 
■ زانیاری په‌یوه‌ندی بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن
مه‌کته‌بی سه‌رکردایه‌تی پارتیمان له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها پارتیمان له وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ که ئۆفیسی خۆی بکاته‌وه‌.