خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه‌ له پێناوی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌لی کوردستان
In Kurdish
In English
In Farsi
In Arabic
 
کار و چالاکی ڕابردووی پارتیمان

ڕه‌نگاوڕه‌نگ


بارزانی په‌یامێك سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆم بڵاوده‌كاته‌وه‌
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی سه‌باره‌ت به‌ پرسی ڕیفراندۆم له‌هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌.

صورة

په‌یامه‌كه‌ی بارزانی وێنه‌یه‌كی بۆ(باسنیوز) نێردراوه‌ و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌"لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك سیاسیی ناوخۆ و كاربەدەستی وڵاتانی ئیقلیمی لێدوانی ناڕاست و بێ ئینسافانەیان لەبارەی مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و ڕیفراندۆم داوە و دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو مافە سرووشتییەی گەلی كودستان دەربڕیوە".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌" بەر لە هەموو شتێك بوونی نەتەوەیەك بەناوی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حەقیقەتێكە و گەلی كورد لەچەشنی هەموو گەلانی تر دەتوانێ مافەكانی پیادە بكات و لێی سوودمەند بێت و ئەو مافانە سرووشتین و خودا پێی بەخشیون و لەژێر هیچ بیانوو و پاساوێك ناكرێ ڕێگری لێ بكرێت یان ئینكار بكرێت. هەتا ئەو كاتەی ئینكاری ئەو حەقیقەتە بكرێت كێشەكان هەر بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەگەر دان بە حەقیقەتی بوونی گەلی كوردستان و مافەكانی بنرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە گرفتەكان كەمتر دەبن و ئاشتی و سەقامگیرییش بۆ ناوچەكە بەدی دێت".

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌:-

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كودستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك سیاسیی ناوخۆ و كاربەدەستی وڵاتانی ئیقلیمی لێدوانی ناڕاست و بێ ئینسافانەیان لەبارەی مافی گەلی كوردستان لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی و ڕیفراندۆم داوە و دژایەتیی خۆیان بۆ ئەو مافە سرووشتییەی گەلی كودستان دەربڕیوە.

بە لە هەموو شتێك بوونی نەتەوەیەك بەناوی كورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا حەقیقەتێكە و گەلی كورد لەچەشنی هەموو گەلانی تر دەتوانێ مافەكانی پیادە بكات و لێی سوودمەند بێت و ئەو مافانە سرووشتین و خودا پێی بەخشیون و لەژێر هیچ بیانوو و پاساوێك ناكرێ ڕێگری لێ بكرێت یان ئینكار بكرێت. هەتا ئەو كاتەی ئینكاری ئەو حەقیقەتە بكرێت كێشەكان هەر بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەگەر دان بە حەقیقەتی بوونی گەلی كوردستان و مافەكانی بنرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە گرفتەكان كەمتر دەبن و ئاشتی و سەقامگیرییش بۆ ناوچەكە بەدی دێت.

 

ئەگەر گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەوە بێت خەڵكی تر مافی سەربەخۆیی وەك دیاری پێشكەشی بكات ئەوە هیچ كات سەربەخۆیی وەدەست ناهێت. ئەو مافە بوونی هەیە و دەبێ گەلی كوردستان داوای بكات و پیادەی بكات. هەموو لایەك ئەو ڕاستییە باش دەزانێ كە ناوچەكەمان و بە تایبەت كوردستان بە بێ ڕەچاوكردنی ئیرادەی دانیشتوانی ڕەسەنی ناوچەكە دابەش كراوە و ئەوەیش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرفتی قووڵ و سەد ساڵ شەڕ و ئینكار و ناسەقامگیریی. ئەوانەی هۆكاری ئەو دابەشكردنە بوونە زۆر بە باشی دەزانن كە چ هەڵەیەكی گەورەیان ئەنجام داوە بەڵام ئامادە نین دان بە فەشەلی سیاسەتی سەد ساڵەی خۆیاندا بنێن. هیچ ڕەوایش نییە كە لەبەر خاتری بەرژەوەندیی سیاسی و ڕازیكردنی خەڵكی تر مافی گەلی كوردستان نادیتە بگرن. ئایا ئەوان ڕێگە بە خۆیان دەدەن كۆسپ و تەگەرە بۆ مافی گەلانی خۆیان دابنێن؟ كوردستان خاوەنی هەموو تایبەتمەندییە جیوگرافی و مێژوویی و مرۆڤییەكانە. هەروەكچۆن سكۆتلەندا و كاتالۆنیا و كیوبێك و شوێنەكانی تر ئەو مافەیان هەیە ڕای خۆیان لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن كوردستانیش خاوەنی ئەو مافەیە و جێگەی نیقاش نییە.

مایەی سەرسووڕمانیشە هەندێ كەس لەناوخۆدا پاساو بۆ ئینكاركردنی مافی گەلی كورد یان دواخستنی دەهێننەوە و باس لە سازكردنی زەمینە دەكەن. ڕیفڕاندۆم و زانینی ڕای گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس مافێكی ڕەهایە و پێویستی بە زەمینەسازی نییە. هێنانەوەی پاساو بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە دوودڵی و بێ بڕواییەوە دێت بەرانبەر مافی ڕەوای گەلی كوردستان. پێداگریی هەندێ خەڵكی ناوخۆ لەسەر ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لەبەر ئەوەیە چونكە دەزانن دەرفەتێكی زێڕین هەیە و دەیانەوێ لەباری بەرن. هەر ئەو جۆرە خەڵكانەیش دواتر ئیدعای ئەوە دەكەن كە دەرفەت بۆ پیادەكردنی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان هەبوو بەڵام سەركردایەتی سیاسیی كوردستان نەیكرد.

 

كاتی ئەوە هاتووە و دەرفەتەكان لەبارن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لەڕێگەی ڕیفراندۆمەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ئەو ڕیفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە بەڵكو بۆ ئەوەیە كە ئیرادە و ڕای گەلی كوردستان لەبارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ بكات. دیاریكردنی چارەنووس و ڕیفراندۆمیش لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانە و سەردەمیانەدا دەبێت و لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەكە و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەن ماف دەبێت و دوور لە توندوتیژی و لەڕێگەی تەفاهوم و دیالۆگدا ئەنجام دەدرێت و هەڕەشەیش بۆ سەر هیچ لایەك دروست ناكات. لە بابەتی فیدڕالیزم و هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش سەرباری بوونی دژایەتیی دەرەكی بەڵام پێداگری و خۆڕاگری و ویستی گەلی كوردستان وای كرد كە ببێتە ئەمری واقع و جیهان مامەڵەی لەگەڵ بكات و بە هیچ شێوەیەكیش نەبووە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵات و لایەنێك. ئێستایش ئەوەی لە سۆنگەی بێویژدانی و سووكایەتیكردنەوە سەیری مافی ڕەوا و سرووشتیی گەلی كوردستان بكات لە ڕاستیدا خوازیاری ئەوە نییە سەقامگیری و ئاشتی بەرپا ببێت و بۆچوونەكەی هیچ بەهایەكی نییە.

ناوچەكەمان شەڕ و كارەساتی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە و گۆڕانكارییش بەڕێوەیە و گەلی كوردستان هۆكاری ئەو گۆڕانكاری و كارەساتانە نەبووە و هەموو جارێكیش بووەتە قوربانی و خەڵكی تر ناوچەكەیان تووشی كارەسات و ململانێ كردووە. پاش ئەو هەموو قوربانیدان و كارەساتانە ئیتر دەبێ گەلی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەركی هەموو كوردستانییەكی نیشتیمانپەوەر و دڵسۆزە لە ئاست بەرپرسیارێتیی مێژوویی و ئیرادەی گەلەكەیاندا بن و شان بدەنە بەر قۆناغەكە و لە پشت ویستی خەڵكی كوردستان بن بۆ پیادەكردنی مافەكانیان. ئینكاری مافی گەلێكی ستەمدیدە و بەشخوراو هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و دەبێ بە بێ دوودڵی ئەو مافە بە گەلی خۆمان ڕەوا ببینین و كاری بۆ بكەین.

basnews.com

نووسه‌ر‌‌ : basnews.com
ڕێکه‌وتی: : 2016-02-02 14:13:25
ئه‌و بابه‌ته‌ : 3420 خوێندراوه‌ته‌وه‌‌
 
 
■ مافی کۆپیکردنی وتار و وێنه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان خاوه‌ندارێتیان ده‌کاتن، ئازادن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ و کۆپی کردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌‌که‌مان بێت، به مه‌رجێک ئاماژه‌ به سه‌رچاوه‌که‌ی بکرێ. 

 
■ زانیاری په‌یوه‌ندی بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن
مه‌کته‌بی سه‌رکردایه‌تی پارتیمان له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها پارتیمان له وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ که ئۆفیسی خۆی بکاته‌وه‌.