ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان و گلێێ و گازندەی هیندێک لایەن و کەسایەتی ؟ ڕیفراندۆم لە باشوری کوردستان و گلێێ و گازندەی هیندێک لایەن و کەسایەتی  ؟

صورة

لەم چەند رۆژەدا کە هەواڵی دڵخۆشکەری ڕێفراندۆم هاتە نێۆ ڕاگەیاندن و تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا،  کە ٢٥ /٩/ ٢٠١٧ وەک رۆژی ڕاپرسی و ڕێفراندۆم بۆ باشوری کوردستان دیاریکراوە، کە لەو رۆژەدا گەل لە ٢ بۆشایی سەر کاغەزێک لە ژێر ناوی ( بەڵێ ) و ( نەخێر ) خەت بە یەکیاندا بخشێنێت، بۆ ئەوەی چارەنووسی سەدانساڵەی خۆی یەکلا کاتەوە.
 ئەوەی کە چاوەرێ دەکرێت نزیک بە ٩٠ % خەڵکی کورد خەت بە سەر بەڵێدا بخشێنن، بەڵام بەداخەوە وا خەریکە شک و گومان و کۆسپ بۆ ئەم دەسکەوتەی دیکەمان دروست دەکرێت، و لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان زۆر هەرەشەی هەڵبژاردنی نەخێ دەکرێت، و گلێێ سەیرو سەمەرە بە شێوەی خوارەوە دەنووسن و دەبینین.

یەکێک دەڵێت من نەخەیر هەڵدەبژێرم چوون سەرۆک بارزانی سەرپەرەستی ئەو کۆبوونەوەی رۆژی ١٧ی جۆزەردانی ٢٧١٧ی کوردی بەرامبەر بە ٧ / ٦ / ٢٠١٧ی زاینی، کردوە؟.
یەکێکی دیکەش دەڵێ من نەخەیر هەڵدەبژێرم، چوون کێ کردی و کێ خواردی ؟
یا یەکێک دەڵێت ئێمە یەکەم لایەن بووین باسی سەربەخۆمان کرد، بەڵام ئیستا دەنگ بە نەخێر دەدەم چوون لایەنی دیکەی پێی هەستاوە.
یا یەکێک دەڵێ مووچە نییە و خۆمان هیچ بەرهەمێکی خۆماڵێمان نییە.
زۆر کاک و خوشکی دیکەش هەر یەکەو بە جۆرێکی دیکە رق و کینە پێشاندەدەن و بەڵێنی نەخێر دەردەبرن و هێرشدەکەنە سەر ناوەرۆک و دەسکەوتی پرۆسەکە.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە هیچ کەس حەقی گلێێ نییە، یا قسەو گلێێ و نووسینی ئەو بەرێزانە بەرامبەر بە دەسەڵات و سیاسیەکانی باشوری کوردستان ڕاست نییە. بەڵام هەموو گلێی و قسەو قسەڵٶکێک نابێت بخرێتە سەر تەرازوویەک، بەرامبەر بە هەلێکی پێشهاتووی وەک ڕێفراندۆم وەک هەرەشەی بارسەنگی بەکار بهێنرێت، ئەو رێفراندۆمەی کە ڕێگەخۆشکەرە بۆ سەربەخۆیی، کە ئاواتی سەدانساڵەمانە، بۆ ئاکامی خەباتێک کە سەدان هەزار شەهیدمان بۆیداوە؟.
ئایا کە گەلانی دیکە کە ساڵانی پێشوو ڕێفراندۆمیان کرد و جییابوونەوە هەموویانلە ناوخۆیاندا یەکگرتوو بێ کێشە بوون؟، بێگوومان نەخێر، هیچ گەل ونەتەوە نییە لەم جیهانەدا کێشەی ناوخۆیی نەبێت، بەڵام کاتێک کار گەیشتە بەرژەوەندەی نەتەوەیی وڵاتەکەیان، هەموویان پێکەوە دەنگیان بە بەڵێدا و سەروەری خۆیان ڕاگەیاند، کاتێک بوون بە وڵاتی سەربەخۆ بە پێێ تێپەربوونی کات و زیاتر شارەزابوونیان کێشەکانی خۆیان لە بوارەکانی ئابوری و سیاسی و خزمەتگوزارییەوە چارەسەر کرد.
هیچ شک و گومان لەوەدا نییە کە باشوری کوردستانیش لە نێۆ چەندین قەیرانی سیاسی و ئابوری و کێشەی سنووری جۆگرافییدایە، کە چەندین دەزگای داپڵۆسێنەرو گروپی تروریستی  وڵاتانی دراگیرکەری کوردستان دەوریان داوە و کێشەی بەردەوام بۆ دروستدەکەن.
 پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا هەتا هەتایە لە بن دەستی ئەم داگیرکەرانە بمێنینەوە هیچ گۆرانکارییەک یا پێشکەوتنێکمان لا دروست دەبێت؟، یا بە پێچەوانەکەی! مانەوە لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەران و وەرگرتنی پۆستی دیکۆری پرمووچەیی بێدەسەڵات، وا دەکات کە بیری نەتەوەیشمان لاواز بێت، گەلۆ خەریکە کەم کەم ڕەگ و رێشەی تێکۆشەرە ناودارەکانیشمان دەکەینە عەرەب و فارس و تورک؟.
ئایا دوای دەیانساڵ خەبات و تێکۆشان و شەهیددان و ماڵۆێرانی، لە ژێر ناوی ئێرانێکی فیدراڵ و تورکیای دیمۆکراتی و ئێراقی فیدراڵی، هیچ چارەسەرو پێشکەوتنێکی بۆ دروستکردوین؟.
 بە دڵنیایەوە چارەسەری هەموو کەم و کورییەک کە ئەمرۆ لە باشور و بەشەکانی دیکەی کوردستان هەیە؟ تەنیا سەربەخۆییەو بریاری خۆبەرێوەبەرییە لە ژێر ئاڵاو دەسەڵاتی کوردستانی، ئەو کات نەوەی نۆێ و ئەزموونی نۆی وامان لێدەکات کە بەپەلە گۆرانکاری لە خۆمان دروست بکەین و کێشە جۆراوجۆرەکانمان چارەسەر بکەین.
لە وڵامی ئەو خوشک و بەرێزانەش کە پێیانوایە پرۆسەکە بۆ پروپاگەندەی حیزبێکە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دانی بە جدی بوونی پرۆسەکەدا ناو، ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بە نٶینەری نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە، کە ئەمساڵ ڕاپرسی سەرتاسەری دەکەین و داوای لێکردون کە وەک چاودێر بەشداریان هەبێت، و پشتیوانی لە هەڵبژاردەی گەلی کورد بکەن. ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە ئەمجارە هەنگاوی بە کردەوەی بە نێونەتەوەیی کردنی پرۆسەکە زیاتر نراوە.   
لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم کە بە بۆچوونی من هەر لایەنێکی سیاسی یا هەر کەسێک لە ڕێفراندۆمدا دەنگ بە بەڵێ نەدات، لە ئاست مێژوو نەتەوەکەی وخەباتی چەندساڵەی خۆی زۆر غەدر دەکات، رۆژانێک بۆ خۆی بە دەم ئەو کەمتەرخەمییەوە عەزاب دەچێژێت. با هەموو ڕق و کینەیەک بەرامبەر بە یەک بخەینە لایەکەوەو مەسەلەی رێفراندۆم و دەنگ بۆ سەربەخۆیی نەکەین بە موڵکی کەس و ڕق ڕقانە بە کار نەهێنین.


بەهیوای ئاکامی زۆرینەی دەڵێ بەڵی ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
١٠ / ٦ / ٢٠١٧
پەیجی فەرمی فایسبووک
Aref Bawecani عارف باوەجانی 
ڕێکه‌و 2017-06-09 16:02:01
به‌شی ( ده‌نگوباس )