خه‌بات و تێکۆشانی ئێمه‌ له پێناوی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌سته‌ بۆ گه‌لی کوردستان
In Kurdish
In English
In Farsi
In Arabic
 
کار و چالاکی ڕابردووی پارتیمان

ڕه‌نگاوڕه‌نگ


کە مرۆڤ خاوەنی بروا نامەبوو، پێویستە ڕەگەزپەرەستانە بە کاری نەهێنێت، وڵامێک بۆ دوکتور باسل حسێن . عارف باوەجانی.

کە مرۆڤ خاوەنی بروا نامەبوو،  پێویستە ڕەگەزپەرەستانە بە کاری نەهێنێت، وڵامێک بۆ دوکتور باسل حسێن .  عارف باوەجانی.




صورة
تێ بی نی : ئەم بابەتە لە پێشدا بە زمانی عەرەبی بۆ ناوبراو چەندین ڕاگەیاندنی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە.
لە ڕێکەوتی ٧ / ١٠ / ٢٠١٧ بینەری بەرنامەی صالون الروابط ، کاناڵی عەرەبی (التغيير) بووم لە ژێر ناوی ( كردستان والانفصال خارج حدود المكان . استقلال دولة ام لعبة دول).
لەو بەرنامەدا ٣ میوان بەشدارییان هەبوو، کە یەکێک لەو میوانانە بەڕێز دوکتۆر مونزر ئەلحەوارات، کە خەڵکی ئۆردونە، شیکەرەوەو چاودێری سیاسیی و کوردناسە، لە دەستپێکی بەرنامەکە ناوی کوردی وەک نەتەوە هێنا (الأمة كوردية) زۆر بە جوانی باسی مێژووی کوردی کرد و بە چوارەمین نەتەوەی گەورەی ناوچەکەی ئەژمارکرد. کەسی دووەم بەرێز ئەیاد ئەلعەناز، شارەزا لە دۆزی ئێراق، کە ئەویش زۆر زانستیانەو بێلایەنانە باسەکەی خۆی پێشکەشکرد. 




کەسی سێیەم ناوی دوکتۆر باسل حسێن بوو، کاتێک نۆرەی قسەکردنی هات، دیاربوو بە بیستینی وشەی (الأمة كوردية)  زۆر زۆر نارەحات تێکچوبوو، هەر بۆیە بەوە دەستی پێکرد روویکردە دوکتۆر مونزر و وتی  تۆ چۆن ناوی کورد وەک نەتەوە دەهێنی، من کەسێکم ئاکادیمیانەو مێژوویانە باس دەکەم. پێناسەی نەتەوە دەبێت یەک زمانی هاوبەش و  مێژووی دێرین و ئاسەوار کە بیسەلمێنێت ئەوان نەتەوەن. بەڵام بە قسەی ئەو نەتەوەیەکی زیاد لە ٥٠ ملۆینی وەک کورد هیچ کام لەو خاڵانەی تێدا نییەو  گوایا زمانەکەی یەک نییە، دیالیکتی جیا جیایە، سۆرانی لە فارسییەوە نزیکەو، گوایا هیچ ئاسەواری مێژوویی نیە بیسەلمێنێت کە کورد نەتەوە نییە.

دیارە بە هۆی گۆرانکاری لە ناوچەکەدا بە خۆشییەوەلە چەندین وڵاتی عەرەبی و زۆر کەسایەتی دیاری ئەو وڵاتانە، ناوەندە زانستی و مێژوویەکانیان  زۆر بە ڕوونی و بۆێرانە ئاماژە بەو ڕاستییە دەکەن، کە کورد نەتەوەییەکی دێرینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ئاماژە بە گشت پێناسەیەکی نەتەوە بوونی دەکەن، زۆربەی ئەو کەسایەتی و ناوەندە عەرەبیانەی کە من دیتوومەو بیستوومە بریتین لە  وڵاتانی ئۆردون، عەرەبستانی سعودی، ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو و میسر  و هیندێک ناوەندی دیکە لە تاراوگە.
 لەگەڵ ریزی زۆرم من پێشتر هەرگیز ناوی ئەم دوکتۆرەم نەبیستبوو، دوای ئەو بەرنامەیە،  لە ڕیگەی یوتوبەوە گۆێم لە هیندێک لە بەرنامەکانی پێشووتری گرت، دیتم کە زۆربەی بەرنامەو دیالۆگەکانی تایبەتن بە دژایەتی کورد، سەیر لەوەدایە کە ناوبراو خۆشی بە کەسێکی ئاکادیمی و مافپەروەر دەناسێنێت؟

لێرەدا دەمەوێ ڕێۆێنێ بە ناو دوکتۆر باسلی خاوەن بروانامە بکەم، پێی بڵێم من هەرچەند کە مێژوو ناسنیم، و بەڵام بە کورتی ئەوەی کە فێری بووم و بە بەڵگەیە هەیە لێرەدا دەیخەمە بەر دەستت.
١ – ئەگەر باوەرت بە بەڵگە نامە کوردی و عەرەبییەکان نییە، پێویستە ئەو پرسیارە لە خۆت بکەی کە ئەوە چۆنە زمانی نەتەوەی عەرەبی کە نەتەوەی خۆشتە  خاوەنی چەندین دیالیکتی جیاوازە، بەڵام هەر بە نەتەوەش ئەژمار دەکرێت، هەروەها دەیان نەتەوەی دیکەی جیهان هەن کە خاوەنی دەیان زمان و زاراوەی جیاوازیشن و بەڵام هەر نەتەوەن و نکۆڵیان لە بەر دیالیکتی جیاواز لێنەکراوە. با ئەوەش بزانی ئەوە زمانی فارسیە کە لە زمانی کورد ونەتەوەبندەستەکانی ئیرانەوە نزیکە،و وشەکانی ئەو نەتەوانەی کردوە بە زمانی خۆی. نەک زمانی کوردی لە فارسی نزیک بێت.
کە وابێت پێناسەکەت هیچ فری بە میتولۆژی و ئاکادیمیەوە نییە، بگرە بۆنی ڕەگەسپەرەستیی لێدێت.

٢ -  ئەگەر بکرێت چاوێک بە مێژووی هەزاران ساڵەی مادەکان، بخشێنە کە ٨٠٠ ساڵ پێش لە مەسیحیەت بەرەو ئەو ناوچانە کۆچیان کردوە، کە ناوچەی هاوبەشی کورد و چەند نەتەوەی دیکەیە،  هەر مادەکان بوون یەکەم بناغەی پاشایەتی ئارییایەکانیان دامەزراند، مێژوو نایشارێتەوە کە کوردەکان چەندە خاوەنی دەسەڵات بوون لە مێژووی ئاریایەکاندا، بگرە دەسەڵاتی زۆر لەو وڵاتانەی ئیستا بە دەست کەسایەتییە کوردەکانەوە بووە. کە مخابن  لە ئیستادا نەتەوە دراوسێکانی ئەو سەردەمەی کورد هەموویان خاوەنی سەربەخۆیی خۆیانن، تەنیا گەلی کورد بە دەست دیکتاتۆرانی سەردەمی نۆییەوە لەو مافە بێبەشکراوە.
یا زەحمەت بکێشەو چاوێک بە مێژووی شارستانی مێزوپۆتامیا بخشێنە، کە سەدان مێژوونووسی ئوروپی وئەمریکی و ئوسترالی و ئەفریقی شایەتی لەوە دەدەن کە ئەوە مێژووی سەلماندنی نەتەوەبوونی کوردە، کە جەنابت باسی نەبوونی شایەت دەکەی.
یا برۆ لە نامەخانەکانی لەندەن و مۆسکۆ کە هەڵگری هەموو بەڵگە مێژوویەکانی جیهانن برێک بەڵگەی مێژوویی لە سەر نەتەوەبوونی کورد بخۆێنەوە، بەهەرحاڵ سەدان بەڵگەی دیکە هەیە کە لێرەدا بە پێویستی نازانم خۆێنەری پێماندوو بکەم، یا لام گرنگ نییە کە جەنابت براو بکەی.

یا کاکی دوکتۆر هەوڵبدە و ڤیزای سەفەر وەرگرەو سەردانێکی باشوری کوردستان بکە، تا لە نزیکەوە ئەشكەوتی (شانەدەر) کە له چیای برادۆست له ناوچەی بارزانە ببینە كه شوێنەواری ئێسك و پەیكەری مرۆڤی نیاندرتالی لێدۆزراوەتەوه. تەمەنی (٤٥-٥٠) هه زار ساڵ دەبێت.
 یا لە ڕێگەی بابەگۆرگۆرەوە سەردانێکی چەمچەماڵی لانکەی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان بکە، و ببینە کە  سەرچاوەی بژێوی سەرتاسەری جیهان لە سەردەمانی کۆن و نۆێدا کە کشتوکاڵە، بۆ یەکەمین جار لە گوندی (چەرموو) کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی چەمچەماڵ ئاشکرا کراوە.
 سه رەرای دەیان شوێنەواری دیكه كه قووڵایی مێژووی شارستانێتی کورد دەردەخەن.
هەمووشمان ئەوە دەزانین کە حکومەتەکانی یەک لە دوای یەکی ئێراقیش هیچیان نکۆڵیان لە نەتەوە بوونی کورد نەکردوە، بگرە وایان باسکردوە کە ئێراق پێکهاتووە لە نەتەوەی عەرەب و نەتەوەی کورد.
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەوەت پێ بڵێم کە ئەگەر خۆت بە خاوەن بروانامەو میتولۆژی ناس دەزانی، تکایە پیشەکەت تێکەڵ بە ڕەگەزپەرەستی مەکە، تۆ وەک عەرەبێکی ئێراقی ئەگەر دژی دەوڵەتی کوردی بیت بۆ ئێمەی کورد شتێکی نامۆ نییە، بەڵام بە کارهێنانی بروا نامەکەت بە مەبەستی دژایەتی گەلێکی زیاد لە ٥٠ ملۆینی دەتخاتە ژێر پرسیارەوە؟.

 

نووسه‌ر‌‌ : عارف باوەجانی
ڕێکه‌وتی: : 2017-10-12 04:23:01
ئه‌و بابه‌ته‌ : 505 خوێندراوه‌ته‌وه‌‌
 
 
■ مافی کۆپیکردنی وتار و وێنه‌.

ئه‌و بابه‌تانه‌ی ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان خاوه‌ندارێتیان ده‌کاتن، ئازادن بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ و کۆپی کردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست به خزمه‌تکردن به نه‌ته‌وه‌‌که‌مان بێت، به مه‌رجێک ئاماژه‌ به سه‌رچاوه‌که‌ی بکرێ. 

 
■ زانیاری په‌یوه‌ندی بۆ به‌شی ڕاگه‌یاندن
مه‌کته‌بی سه‌رکردایه‌تی پارتیمان له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویجه‌، هه‌روه‌ها پارتیمان له وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئه‌وروپا له به‌رنامه‌دا هه‌یه‌ که ئۆفیسی خۆی بکاته‌وه‌.