دوانزەساڵەی دامەزراندنی پارتی سەربەستیی کوردستان پیرۆزبێت !

ئەندامان و هاوبیرانی پارتی سەربەستیی کوردستان.


 سەربەخۆخوازان و لاوانی ناسیونالیزمی کوردستان.


سڵاوی سەربەستیی و سەربەخۆیی و ڕزگاریتان ئاراستە بێت.



 هەروەک ئاگادارن کە ١٢ساڵ پێش! لە رێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی سالێ ٢٧٠٥ی کوردی، بەرانبەر بە١٧ی فێبرواری ٢٠٠٦ی زاینی، هزرێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخوازی و لە نێو بەرگێکی نۆێ سەردەمیانەی لیبراڵدیمۆکراتیدا سەریهەڵدا و  لە ژێر ناوی^ پارتی سەربەستیی کوردستان^، دامەزراندنی خۆی بە مەبەستی پەرەپێدانی بیری مافویستی و ڕزگاری یەکجاری لە ژێر چنگی داگیرکەران ڕاگەیاند.


لەم بۆنە پیرۆزەدا وەک سەرکردایەتی پارتیمان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی خۆمان و گشت ئەندامان و هاوبیرانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین. دەستخۆشی و ئاراستەی جوامیرانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و ڕێکخستن و کۆمیتەکانی  دەرەوەی کوردستان دەکەین، کە شێلگیرانەو بە بێ گۆیدان بە نەبوونی ئیمکاناتی دارایی،  بە هەستکردن بە پیرۆزی ڕێبازی پارتەکەیان و خزمەتکردن بە بیرۆکەی نەتەوەیی، بەردەوام لە خەبات و تێکۆشانیان بوون.


بە تێپەربوونی ١٢ ساڵ بە سەر تەمەنی پر لە شانازیی و کوردپەروەری دوور لە هەر جۆرە پێناسەیەکی ئێرانیچێتی یا چوونە ژێر هەر بارێک کە باس لە یەکێتی خاکی ئێران بکات. لە دوانزەخاڵدا، پێناسەیەیەکی کورتتان ئاراستە دەکەین. 


 ١ –  پ س ک هەر لە یەکەمین حەوتووی دامەزراندنیەوە وێرای هێرشێکی زۆر پرووپاگەیەندیی، بەڵام توانی زۆر زوو وەک پارتێکی نەتەوەیی خۆی بگەیەنێتە ڕاگەیاندن و کۆمەڵانی ڕووناکبیری کوردستانی بە تایبەت لە خۆرهەڵاتی وڵاتەکەمان. بە سەدان کەسایەتی نەتەوەیی بە نامەی پیرۆزبایی داوایان لێکردین کە ئەو ڕێبازەی هەڵتان بژاردوە گەل هەمووی لە داهاتوودا لەگەڵتان دەبێت، بەڵام نەکەن هەرگیز  لە بەر بەرژەوەندی حیزبی لێی پاشەگەز نەبنەوە. 


٢ –  پ س ک خۆی بە خۆشحاڵ دەزانێت کە دوای ١٢ ساڵ بەردەوام وێرای هەموو کۆسپەکانی سەر ڕێگای، ڕاستگۆیانە لە سەر ئەو ڕێچکەی بەدەوامە و ئیش دەکات کە بەڵێنی بە خەڵکەکەی دابوو  . دوای ۱۲ ساڵ ئەو بەڵێن و پەیمانە جارێکی  دیکە لە گەڵ میلەتی خۆمان نوێدەکەینەوە، کە سەربەخۆیی و سەربەستی هەتاهەتایی گەلەکەمان تاکە ئامانجی سەرەکی ئێمەیە. 


ئەگەر چی زۆرجار ئەو پێشنیارانە هەبووە کە لە ئەگەری دەستهەڵگرتن لەو درووشمە و گۆڕانی لە سەربەستی و سەربەخۆیی بۆ دروشمانیتر، هەر لەو پێوەندیەدا بەڵێنیمان پێدراوە کە پ س ک زۆرتر دەتوانێ بەشداری پرۆسە سیاسیە گەورەکانی پێبکرێت و وەک حزب دەسکەوتی مەزنی دەبێت هەم لەبواری سیاسی و هەم  ئابورییەوە،  بەڵام سەرکردایەتی و هاوبیرانی * پ س ک * هەموو ئەو ئیمتیازانەیان ڕەدکردوەتەوە، بەڵێنیانداوە کە وێرای هەموو کێشەیەکی دارایی،  لە ژیانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەیان بگرنەوە، بۆ ڕاپەراندنی کاری رۆژانەی پارتەکەیان و بەردەوام بن لە خەبات لە پێناوی پەرەسەندنی بیرۆکەی سەربەخۆییدا.


٣ –  لە ماوەی ئەم ١٢ساڵەدا وێرای دەیان کۆسپی سیاسی و ئاسایشی، توانیوێتی چەندین ڕێکخستنی نهێنی لە ناوخۆی وڵات و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرێنێت، وەک کادیری دوارۆژ لە ناوخۆی وڵات ئامادەکراون، بە تایبەت لە ڕاپەڕینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی ٢ مانگپێش، ڕێکخستنەکانی پارتەکەمان لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئامادەیی تەواویان پێشاندابوو بۆ هەر ئەگەر و گۆرانکارییەک. هەروەها ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو بە گەیاندنی هەواڵی بیسراو بینراو بۆ ڕاگەیاندنەکانی جیهانی.


 و هەروەها چەندین کۆمیتەو ڕێکخستنی لە نێۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێ لە شار و ناوچەکانی باشوری کوردستان. وڵاتانی ئوروپایی، ئەمریکای و ئوسترالیایی دامەزراندوە ، گەلێک لاوی نەتەوەیی بە ڕێبازی سەربەخۆخوازییەوە گرێداوە،  وێرای هەموو کۆسپەکانی سەر ڕێگای بەڵام بەردەوامە لە زیادبوونی ئەندام و  لەگەشەسەندندایە. 


٤ –  لە ماوەی دروستبوونیەوە تا یادی ١٢ساڵەی دامەزراندنی ٢ کۆنگرە و ٣ کۆنفرانس و چەندین پلۆنۆمی گرێداوە. کە بە سەدان ڕێکخراوی کوردستانی و جیهانی لە کۆنگرەکانی پ س ک بە پەیام و بروسکە، یا بە حزوری تێیدا بەشداربوون. هەروەها پارتیمان لە چەندین مانگی دیکە خۆی ئامادەدەکات بۆ گرێدانی کۆنگرەی سێیەمی.کە یەکێک دەبێت لە کۆنگرە گرنگەکان لە مێژووی گەلی کورددا لە رۆژهەڵاتی کوردستان.


٥ – چەندین پێوەندی دیپلوماتی و سیاسی لە ئاست وڵاتانی زلهێز، ڕێکخراوە سیاسی و گرنگەکانی جیهانی دروستکردوە. هەربۆیەش پارتیمان لە چەندین کۆنگرەی گرنگی جیهانی بەشداری پێکراوە، بێجگە لەوەش کە بەردەوام دیدارو چاوپێکەوتنی دیپلوماتی ئاشکراو داخراوی ئەنجامداوە، بەردەوامیشە لەو چالاکیانە. بە تایبەت پێوەندی باشی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی، وەک گەلی بەلوچ،  گەلی عەرەبی ئەحواز ، گەلانی تورکمەنسەحرایی و ئازەری و دیکە دروستکردوە. چەندین کۆنگرەی نێونەتەوەیی و دیداری سیاسی شانبەشانی ئەو نەتەوانە ئەنجامداوە. بەهۆی بەرچاوی و چالاکی پارتیمان تێیدا سەرۆکی پ س ک بۆ ٤ساڵ وەک وتەبێژی گشتی نەتەوە بندەستەکانی ئیران دیاریکراوە.


٦ – وەک نۆێترین پارتی لیبراڵدیمۆکرات لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێوەندی سیاسی و دیپلوماتی لەگەڵ ڕێکخراو دەزگا گرنگەکانی لیبرالیزم لە جیهاندا دروستکردوە.  هەروەک  لە بەرنامەو پرۆگرامی کاری دوارۆژی پ س ک بۆ خۆرهەڵاتی وڵاتەکەمان ئاماژەی  پێکردوە کە: هەوڵدەدا بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لە بوارەکانی سیاسی و ئابوریدا، بۆ بە دەستهێنانی مافی تاک و کۆمەڵ لە نێۆ چین و تۆیژە جیاوازەکانی گەلەکەمان، وە بووژانەوەی ئابوری لە ڕێگەی کۆمپانیا وسەرمایەدارانی ناوخۆیی و جیهانیدا.


لە ئاکامی پێوەندییەکی بە هێزی ڕێکخراوی لێبراڵی نێونەتەوەیی و هەروەها پارتی ئاڵیانسی لیبرالی ئوروپا کە سەدان پارتی گرنگ و خاوەن دەسەڵات لەو  ٢ ڕێکخراوەدا ئەندامن، وا خەریکە پارتیمان، بە هۆی دروستکردنی باوەری بە هێز و ڕاستگۆیانە لەگەڵ ئەو لایەنانە، وەک ئەندامی چاودێر یا دایم وەخت وەرگیرێت. شایانی ئاماژە پێکردنە کە پارتی سەربەستیی کوردستان یەکەم پارتی خۆرهەڵاتی کوردستان کە دەنگی زوڵملێکراو نەبیسراوی ئەو بەشەی کوردستان بەو ٢ ڕێکخراوە گرنگە بناسێنت.


٧ –  دروستکردنی پێوەندی بە هێز لە گەڵ زۆربەی لایەنە کوردستانیەکان،  وێرای ئەوەی کە بەهۆی هەڵگری دروشمی نەتەوەی وسەربەخۆییخوازی زۆرجار هەوڵدراوە کە پشت گۆی بخرێت، بەڵام کۆڵنەدەرانە و دیپلوماتیانە باڵانسی پێوەندییەکانی پاراستووە. هەر بۆیەش لە چەندین کۆرو کۆبوونەوەی گرنگی کوردستانی بانگهێشتکراوەو ڕاوێژی پێکراوە، لە سەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبێت و لە هەوڵی زیاتریشدایە. هەمیشە وەک سیاسەتێکی دروست کە ویست وئاواتی گەلەکمانە، پێوەندییەکی کوردانەو دۆستانەمان بەرامبەر بە گشتی لایەنێکی کوردستانی هەبووەو  بەردەامیش دەبێن، بە پێکەوە کاردکردنی سیاسی و دیپلوماسی گشت لایەنە سیاسییەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی کوردستان، ڕێگاکە ئاسنتر دەبێت لە پێناو وەدەرنانی هێزی داگیرکەری تاران لە وڵاتەکەمان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان.


٨ –  لە ئاست ڕاگەیاندن و پێوەندی سیاسی و ڕێکخراوەییشدا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهانی و بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی ، وەک پارتێکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، هەر بەوهۆیەوە وەک حیزبێکی سیاسی بەرچاو لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وناوچەکە  هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوەو دەکرێت . هەر بەو بۆنەشەوە ئەو شێوازی  تێڕوانینە بووەتە  هۆکارێک بۆ ئەوەی کە زۆربەی کاناڵ و ڕۆژنامە گرنگەکانی جیهانی وعەرەبی ڕێپۆرتاژ و هەواڵیان لە سەر  پارتی سەربەستی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت کە سەدانجار دیمانەی سەرۆک و سەرۆکایەتی پ س ک و بەشداری لە رێپۆرتاژی هەواڵی میدیاکانی وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە ئەو ڕاستی بەڕوونی دەردەخات، هەروەها لە لایەن سەرۆکی پ س ک بە نووسینی بابەتی سیاسی و مرۆڤایەتی لە گرنگترین ماڵپەرو رۆژنامە پرخۆێنەرەکانیانی جیهاندا بڵاوکراوەتە، کە تایبەت بووە بە گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.


ئەو چالاکیە جوراوجۆرانە  بووەتە هۆکاری بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی دەنگداخراوی ڕۆژهەڵات لەوڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا، بەردەوام دەبێت وەک دەنگێکی مەزن لەئاستی جیهاندا.


٩ –  عارف باوەجانی سەرۆکی پارتی سەربەستیی لە ڕێکەوتی ٣ / ١ / ٢٠١٨  بانگەوازێکی گرنگی بڵاوکردەوە لە ژێر ناوی دروستکردنی حکومەتێکی کاتی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە پێویستییەکی هەنووکەییە!. ئەوەش لە سەر ئاکامی بیرکردنەو هۆشیارانەی پارتەکەمانە لە ئاست ئەگەر هەر پێشهاتێک لە ناوچەکەدا، بۆ ئەوەی کوردستان بە بێ یاسا تووشی چەندین کارەساتی چاوەڕوانکراو نەبێت.  ئەو بانگەوازە لە ئاست میدیا کوردی و عەرەبی و بیانییەکاندا گرنگی زۆری پێدرا. وەک پ س ک بەردەوامین لە سەر ئەو بیرۆکەیەو کاری بەردەوامیشی لە سەر دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لایەنەکانی دیکە بۆ ئەو بیرۆکەیە ئامادە بکەین.


١٠ –  پ س ک وەک بە فەرمی و پەسەندی کۆنگرەکانی ئاماژەی پێکردوە کە "پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان" نیشتمانی کورد به‌ هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه‌ به‌ یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌ناسێ، ئه‌و سنوورانه‌ش که‌ خراونه‌ته‌ نێوان به‌شه‌کانی کوردستان و به‌ ڕواڵه‌ت له‌تیان کردووه‌، به‌ ده‌ستکردی داگیرکه‌ر وسنووری زۆره‌ملییان داده‌نێ و به‌ ڕه‌سمییه‌تیان ناناسێت، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه ‌ناسکه‌دا، پاڕتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان به‌پێێ چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕامیاری(سیاسی) وستراتیژیکی ڕۆژ له‌ ناوچه‌که‌دا، خه‌بات وتێکۆشانی ئێستای ته‌رخان ده‌کات بۆ به‌شی داگیرکراوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، واته‌ کوردستانی بنده‌ستی ڕێژیمی ئێران..


سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستان، پارتیمان هەمیشە هەڵویستی هەبووە، لە هەر پێشهاتێکدا هەڵویستی نەتەوەیی خۆی ڕاگەیاندووە و خۆێندنەوەی دروستی لە سەر کردوە. نزیکترین نموونەش مەسەلەی پێشهاتی ڕاپرسی لە باشوری کوردستان کە لە ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ بەڕێوە چوو، پارتیمان وەک ئەرکێکی نەتەوەیی لە بوارەدا پشتیوانی خۆی نیشانداو کاری زۆریش بۆ کرد، هەر هەرچەند  بە داخەوە بە هۆی هیندیك گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی و خیانەتی ناوخۆیی، ئەو پرۆسە بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگیراوە. یا لە ئیستادا کە مەسەلەی کارەساتی پەلاماری درندانەی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت شاری عەفرین، پارتیمان لە هەموو بوارەکانی دیپلوماتی، ڕاگەیاندن، بەشداری لە خۆپێشاندانەکان پشتیوانی پێشانداوە، سەرۆکی پ س ک تەنیا سەرکردەیەکی کورد بوو، کە توانی لە کۆنگرەیەکی  ناتۆ لە ٥ / ١ / ٢٠١٨ دەنگی خەڵکی عەفرین بگەیەنێتە سەرۆکی ناتۆ، کە سەدان کەسایەتی دیپلوماتی و سیاسی لەو کۆبوونەوەدا بەشداریان هەبووە.


١١ - پارتی سەربەستیی کوردستان لە هەر جۆرە پێشێلکاری و پیلانگێرییەکی کۆماری داگیرکەری ئێرانی هەڵویستی سیاسی ئاراستەی کۆرو کۆمەڵانی کوردستان و جیهان کردوە. لە ڕێگەی تۆرە جیاوازییەکانی دیپلوماتیەوە وڵاتان و رێکخراوەکانی زلهێزی جیهانی لێئاگادارکردوەتەوە، و لەو کارەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها لە سینارێۆکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی لە ژێر ناوی هەڵبژاردن، یا ساڵیادە تایبەتەکانی خۆیان، بەردەوام لە ڕێگەی بەیاننامەوە ڕاستییەکانی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی بندەست لە ئێران و هەروەها وڵاتانی دونیا کردوە. تازەترین نموونەش  لە ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی بندەست و شارەکانی ئێرانیش، پارتیمان یەکێک لەو پارتە بەرچاوانە بووە کە لە ئاست جیهاندا چ بە شێوەی داخراو  دیپلوماتیەت و چ لە ڕاگەیاندن بە سەرکراوەتەوە و بۆچوونی وەرگیراوە.


١٢ – بەادخەوە هەرچەند ئیستا کە لە ساڵی ٢٠١٨ داین، لە هیندیک سەرکردەو بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیسین و دەبینین، کە بەردەوام وشەی کوردستانی ئێران بە کاردێنن. لە ژێر ناو بیانووی گوایە سیاسەتکردن. بۆیە پارتی سەربەستیی کوردستان هەمیشە ئەو جۆرە دارشتنانەی ڕەخنەکردوە. پێمانوابووە کە ئەگەر سیاسەت دەکرێت پێویست ناکات خەڵک و شەقام و نەوەی داهاتوو بەوە فێربکەین، کە ئەو کوردستانە هی ئێرانە نەک هی کوردان. لە سەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین. لەم ڕاگەیاندراوەشدا داوا لە گشت لایەنە بەڕێزەکانی کوردستان دەکەین، کە مادام ئێوە لە بەرنامەو پرۆگرامتاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە خاکی کوردستان داگیرکراوە، ئیدی مانای نییە کوردستان بە ئێرانەوە ناوببەن، تکایە لەو وشە  خۆ بپارێزن، دەتوانن بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر لێتان تێبگات، وشەی کوردستانی بندەستی ئێران بە کار بێنن. 


جارێکی دیکە پیرۆزبایی دوانزەیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتەکەمان ئاراستەی سەرجەم سەربەخۆخوازانی کوردستان و ئەندامان و هاوبیران و دڵسۆزانی 


دەکەین .‌


بۆ پێشەوە بۆ پێکەوە کارکردن لە چوارچێوەی بەرە یا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو وەدەرنانی داگیرکەرانی ئێرانی لە سەر خاک و سامانی وڵاتەکەمان.


هەر شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی سەربەخۆخوازی لە پێناو کوردستانێکی ئازاد و سەربەستدا.


ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان


٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٧ی کوردی. ١٧ فێبرواری ٢٠١٨ ی زاینی


 
ڕێکه‌و 2018-02-16 21:57:48
به‌شی ( به‌یاننامه‌کان )