کوردستان و سەربەخۆیی.

 

کوردستان و سەربەخۆیی.



بڕیاردانی سەربەخۆیی بە پێچەوانەی قسەی ئەوانەی کە چەندین ساڵە بە هەمو توانایانەوە ، ئەیانەوێت ورەی سەربەخۆخوازی کورد هەرەس پێ بێنن ، کارێکی نەتەنیا ئاسان بەڵکو زۆر لە دنیای ئەمڕۆدا لەبارە. بەڵگەی ئەم جۆرە
.فکرکردنەوەی من ئەم تێڕوانین و نوکتانەیە کە ئیستا باسی دەکەم بۆتان. 
خاڵی یەکەم ، ئەوەیە کە سەربەخۆیی پێویستی بە خاک و حەشیمەت و زمان و کەلتوری تایبەت هەیە ، کە ئەم توخمانە هەمان پێناسەی دەوڵەت نەتەوە دیاری دەکەن. واتە دەوڵەت دروست کردنی کورد پێویستی بەم خاڵانە هەیە و کوردیش هەرچوارەکەی هەیە.
خاڵی دوهەم :مەشروعیەت یان ڕەوایی بڕیار دانی خەڵکە بە پێی مەشروعیەتی حقوقی و ئینسانی و مافی مرۆڤ ، کە لە یەکەم خاڵیدا دەڵێ ئینسان بە ئازادی هاتوەتە دنیا و ئازادانە دەبێت بژیت، واتە هیچ هێزێک لە دونیادا ناتوانێت ئینسان سنوردار بکات لە باری فکری و بڕیاردان و هەڵوێست گرتن لە سەر ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هەمو بوارەکانی ژیانی خۆی. کەواتە ئەم خاڵە پڕاو پێست دیفاع دەکات لە بڕیاردانی سیاسی تاکەکانی کورد بۆ ئەوەی کە هەڵوێستی سیاسی وەر بگرن و داوای کیانی سیاسی خۆیان بکەن.
خاڵی سێهەم : تاریخی جیاوازی گەلی کورد و ڕەگ و ڕیشەی کوردە لەگەڵ ئەو پێکهاتانەی کە ئیستا کوردیان کردوە بە بەشێک لەخۆیان و هەروەها کەم تەمەن بونی تاریخی ئەو پێناسە داتاشراوەی خۆیانە وەک ناسیونالیزمی تورک و فارس و عەرەب بەرامبەر بە ناسیونالیزمی کورد. تاریخی ماد لە تاریخی ناسیونالیزمی هەرسێ نەتەوەکە کۆنتر و ڕەسەنترە، ئەمەی کە دەڵێن کورش و هەخامەنشی شاخیان وابوە و باڵیان وابوە، تەنها هۆکارەکەی ئەوە بوە کە لە دوای دەوڵەتی ماد، ئەوان دەوڵەتیان هەبوە و دەسەڵاتی بڵاوکردنەوەی ئەفکاری خۆیان هەبوە و ئەو جۆرەی کە ویستویانە دەرخواردی خەڵکیان داوەو تاریخیان بۆ خۆیان تاشیوە. عەرەب و ترکیش هەروەتر، تورک بەتایبەت لەدوای ئەتاتورک ناسیونالیزمی گەشەی کرد . عەرەبیش لە دوای هاتنی ئیسلام، جۆرێک لە ئومەت و نەتەوەیان بۆ سەروەری عەرەب تێکەڵ کرد و فورمولەیان کرد و توانیان مێژو بۆخۆیان تۆمار بکەن. بەڵام شارستانیەتی هەرسێ نەتەوەکە دوای شارستانیەتی ماد بوە کە بە ڕەسەن کورد بوەو خاوەنی دەزگای بەڕێوە بردن و پلان دانان بوە.
چوارەم : ویستی خەڵکی کورد بۆ یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی نەتەوەیی لە لایەک ، زوڵم و ستەمی بێ پایانی ئەم نەتەوانە بەرامبەر بەکورد لەماوەی ئەم سەدەیانەی کە کورد بەوپەڕی دڵ ئاواڵەیی ، دەستی دۆستایەتی بۆدرێژ کردون لەلایەکی تر ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنێ ، کە هاووڵاتی بوون لە ژێر دەسەڵاتی تورک و فارس و عەرەبدا هیچ بەرهەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری بۆ کورد دابین ناکات کە پارێزەری ماف و کەرامەتی کورد وەک تاک و وەک کۆمەڵگا بێت. 
پێنجەم : جیاوازی کەلتوری کورد لە باری نەزم و دیسیپلینی بەڕێوە بەری و ئیمان هێنانی کورد بە ستەم نەکردن لە ژێر دەستەیی بەراورد بە لە بەر چاوگرتنی هەڵس و کەوتی ئە و سێ نەتەوە داگیرکەرە ، ئەوەمان بۆ دەردەخات کەلتوری سیاسی و بەڕێوە بردنی کورد زۆر زۆر شارستانیترە لەوانیتر، کورد ناسیونالیستە بەڵام فاشیستی سیاسی و فکری نیە، سەرچاوەی هەمو فکرە فاشیستیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەو سێ نەتەوەیەن ، کە بەداخەوە بەناوی ئیسلامیش زۆر بۆیان لواوە، لە شیعەی دوازدە ئیمامی و تەزویرەوە بگرە تاسونی توندڕەو. 
چەندین هۆکاریتر هەیە کە لەکات و ساتیتردا باسی دەکەم ، هەمو ئەم جیاوازیانە و ڕەوتی مافخوازی لە دونیای مودێڕندا بەستێنێکی گرنگە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت کەڵکی لێ وەر بگرێت و کیانی سیاسی خۆی بنیات بنێت.

ئەسعەد ئەحمەدی
ڕێکه‌و 2018-10-08 22:02:56
به‌شی ( اخبار )