هەولێکی نۆیی مەترسیداری ئێرانی داگیرکەر بەرامبەر گەلی کورد بە گشتی، نوێترین نموونەش

 

هەولێکی نۆیی مەترسیداری ئێرانی داگیرکەر بەرامبەر گەلی کورد بە گشتی، نوێترین نموونەش  سنە و ئۆسڵۆ.



ووتەی سەرەتا:
خۆێنەری هێژا، ئەوەی کە لێرەدا لام گرنگە باسی بکەم،  ئەویش هیندێک هەنگاوی بە پەلەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆ ئاشتکردنەوە یا هێورکردنەوەی دەنگە ناڕازییەکانی کوردانی دەرە وناوخۆ، بەلای دیکەشیدا هەوڵدانە بۆ بچووکردنەوەی داواکارییە گرنگەکەی نەتەوەی بە تواناو کۆڵنەدەری وەک  گەلی کورد.  
مێژوو شایەتە کە ئێرانی ئیستا و پێشووتر و داهاتووتریش لە هەوڵی ئەوەدان لە هەر جۆرە ئیمکانێک بۆیان بلۆێ، لە سەر گەلی کورد بە مێژووی دروسکراوی ناڕاست و شێواندنی زمان و کەلتورو  فەرهەنگ و جوگرافیاوە، نەتەوەی کورد بلکێنن بە مێژووی خۆیانەوە و گوایا ئەم نەتەوە لە ئەسڵدا ئێرانییە.  
دەتوانم بڵێم بە داخەوە ئەم جۆرە فرت و فێلە زیرەکانەی داگیرکەری ئێرانی، تا ڕادەیەک کاریگەری لە سەر هیندێک بە ناو ئاکادیمی و مێژوونووسی بە ناو کورد، هەروەها لە سەر بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش داناوە، کە بە داخەوە هەمیشە لە پەیامەکانیان دەڵێن ئێمە ئێرانین و دەبێت کێشەکانمان لە تاران چارەسەر بکرێت. نازانن ئەم جۆرە لێداوانانە  بۆ مێژوو دەبنە بەڵگەی مەترسیدار  بە دژی نەتەوەیی بوونی گەلەکەیان، کە وەک ئاسانکارییەک ئاراستەی حاکمانی ئیستا و داهاتووی ئێران دەکرێن، ئەوانیش وەک بەڵگەیەکی مێژوویی لای خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن و پێشانی نەوەی داهاتوومان دەدەن، کە ئێوە هەمێشە ئێرانی بوون، بەڵام گلێیتان لە دەسەڵات هەبووە، لە سەر گرانی و بێکاری و ئەو ڕۆتینە رۆژانانەی ژیان.  
چەند جارم  وتووەو تا دواساتەکانی ژیانیشم لە سەری دەرۆم و هاواردەکەم ئەی لاوانی خێر لە خۆ نەدیوی وڵاتداگیرکراوی بندەستی ئێران، کە کێشەی ئێمەی کورد تەنیا کێشەی گۆرانکاری لە ڕیژیمەکان نییە، یا  لە گرانی و هەرزانی بازار نییە.
کێشەی ئێمەی کورد کێشەیەکی نەتەوەییی، و دەبێت نەوە بە دوای نەوەدا ئەو پەیامە بگەیەنین، کە ئیران لەگەڵ چەند وڵاتی دیکە لە ناوچەکەدا خاکی ئێمەی کوردستانیان داگیرکردوە. دەبێت هەوڵ و خەباتمان بۆ گەرانەوەی نیشتیمانەکەمان لە ژێر چنگی داگیرکەراندا بێت، نەک هەوڵبدەین بۆ دیمۆکراسی و بەهێزکردنی ئێرانی داگیرکەری کوردستان، دواتر بکرێنەوە بە کەڵەگا بە سەر خۆماندا.  
سەیریش لەوەدایە کە هیندێک لایەنی سیاسی کوردی، دەڵێن ئێمە ڕێگە نادەین داگیرکەر پێ بنێتە خاکی ئێرانەوە،  وەک ئەوەی وابێت تا ئیستا داگیرکەری ئێرانی لە خاکی کوردستاندا نەبووبێت.  کاک یا خوشک، حیزب یا ڕێکخراو، باشتر وایە تۆ لە پێشدا لە هەوڵی وەدەرنانی داگیرکەر بە لە سەر خاکەکەت کە کوردستانە بیت، دواتر بەزەییت بە دەوروبەرت بێتەوە.

کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
بە پێی پێناسەیەک کە بۆ خۆیان لە ماڵپەری فەرمی تایبەت بەو کۆنگرە بە زمانی کوردی دایانناوە، بەم چەند ڕستەیە پێناسەی کۆنگرەکەیان کردوە:
کۆنگرەی ناودارانی کورد بە سەرۆکایەتی پارێزگاری کوردستان و لە لایەن دوو لێژنەی جێبەجێکاریی و زانستی بەڕێوە دەچێت، لێژنەی جێبەجێکاریی کۆنگرەکە لە ئەستۆی ئیدارەی گشتی فەرهەنگ و ئیرشادە.


ئەوەی تۆزێک دەست وپەنجەی لەگەڵ سیاسەت نەرم کردبێت، باش لەوە تێدەگات کە بۆچی کۆماری ئیسلامی ئێرانی داگیرکەری خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەم کاتە دژوارە و پر لە قەیرانە ئابورییەدا. کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و زۆربەی جیهان ڕووبەرووی بووەتەوە، بیری لە گرێدانی ئەو کۆنگرە لە سنە کردووەتەوە.
ئەو شارە پر لە مێژوویی و فەرهەنگیەی کوردستان، کە هەر ئەو رێژیمە بوو  یەکەمین مەشقی بە کردەوەی هێزە تازە دروسکراوەکەی بە ناو سوپای پاسدارانی تێدا تاقیکردەوە. ئەو هێزە بە قەتڵ و عامی بێبەزییانەی شەری بە ناوبانگی ٣ مانگەی سنە، هەر ئەو ڕێژیمە ستارتی دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ گەلی کورد لەو شارەدا ڕاگەیاند.
کورد گەڵ:  بێژی ئیستا ئێران سیلەی ڕەحمی بۆ شارەکە جۆشابێت، یا دەیەوێ بە بێژەنگ بەری هەوای ناڕازی گەل بگرێت.
ئەو رێژیمە کە بنچینەی بە فرت و فێڵی ئاخوندانی ناشیونالیزمی فارسی بونیاد نراوە، باش دەزانن  کە ئەگەر هەر جووڵەیەکی سیاسی لە ناوچەکە بێتە ئاراوە، یا هەر مووشەکێک ئاراستەی قوم  و تاران بکرێت، گەلی کورد یەکەم نەتەوە دەبێت ڕادەپەرێت و داگیرکەرانی فارسی لە سەر خاکی کوردستان وەدەر دەنێت.
ئەوان زۆرباش هەستیان بەو مەترسییە کردوە. هەر بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان کە لە ڕێگەی ریزلێنان لە هیندیک لە کەسایەتییە دیارەکانی کوردستانەوە، بتوانن دڵی خەڵکی ناڕازی کورد بەرەو لای خۆیان ئاشتکەنەوە.
دیارە بۆ ئەم کۆنگرەیان پێوەندییان بە سەدان کەسی ناسراوی دیکەوە کردووە،  کە نموونەیان هەڵبەستڤانی گەورەو سەربەرزی کورد مامۆستا عەبدوڵا پەشێو بووە، ئەو کەسەی کە کەم مناڵێک تا گەورە ساڵێک لە کوردستاندا هەیە، دێرێکی هەڵبەستەکانی ئەوی لە بەر نەبێت و نەیڵێتەوە، بەڵام ناوبراو سەرفرزانە ئەو داواکارییەی ئەوانی ڕەدکردووەتەوە.
زۆر جێگەی داخە بۆ هونەرمەندێکی گەورەو خاوەن مێژوو لە هونەری کوردیدا وەک مەزهەر خالیقی کە لە دوا ساتەکانی پەلەقازەی تەمەنی کۆماری داگیرکەری ئیسلامی ئێراندا، بەو بانگهێشتنە ڕەزامەندی پێشاندا و بوو بە نێچیری مەبەستێکی گڵاوی ئەو ڕێژیمە داگیرکەرەوە. خۆزگە دوای ئەو هەموو ساڵە بیری لەوە بکردایەتیەوە، وەک ناوەرۆکی گۆرانییەکەی بە سەربەرزی بگەرایەتەوە.


لە ناو کۆنگرەکەدا ٢ ئاخوند قسەیان کرد، کە یەکێان قسەکانی خومەینی وەک نموونە لە سەر باشی کورد دەهێنایەوە، لە کاتێکدا ڕووداو کردەوەکان دەیسەلمێنن کە خومەینی یەکێک بووە لە گەورەترین دوژمنانی گەلی کورد لە مێژوودا، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە بە ئاشکرا لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٩٧٩دا فیتوای کورد کافری دەرکرد، و بەو فتوایە دیتمان کە چۆن ووشکە مەزهەبیەکانیان بە سەرپەرەستی خاڵخاڵی بەردایە گیانی کورد و گۆمی خۆینیان لە سنەو شارەکانی دیکە دروستکرد.
یا ئاماژەیان بەوە دەکرد کە ئەگەر قاسم سولیمانی نەبوایە داعش هەموو کوردستانی دەگرت، گوایا هەر بەو نیمەرۆیە قاسم سلێمانی گەیشتووەو داعشی لە کوردستان دوورخستەوەتەوە. جا  ئەگەر وابایە ئەم بەشەی کوردستان لەو٤ ساڵە شەرەیدا لەگەڵ داعش و داعش سیفەتەکانی دیکەی ناو ئێراق ئەو هەموو شەهید و بریندارەیان نەدەدا.  لە کاتێکدا بە سەدان ڕێکخراو کامیرای میدیاکان و چاودێرانی سەربازی جیهانی شایەتی ئەوە دەدەن، کە تەنیا خۆراگری و ئەو هەموو شەهید و بریندارانە بوونە  قەڵغانی پاراستنی  خاکی کوردستان.
هەر ئەو قاسمە بوو کەداعشی هێنایە سەر کوردستان،  و هەر ئەو قاسم و رێژیمەیە کە نزیک بە ٤٠ ساڵە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان داگیرکردە و ژیانی خەلکی کوردستانیان تێکداوە. هەر ئەو قاسمەیە کە ٢٩ ساڵە لە هەوڵی تێکدانی باشوری کوردستانە و هەر ساڵە و بە بیانوویەکەوە پەلاماری دەدا.


کۆبوونەوەکەی ئۆسڵۆ
ماوەی حەوتوویەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە نۆێنەری ٢ کۆمەڵەو٢ دیمۆکرات لە پایتەختی وڵاتێکی ئوروپی لەگەڵ نۆێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەتەوە. کە گوایا وتوویانە، ئەمە هەلێکی باشە، لە ئیستادا ئێران لەو پەری لاوازیدایە با ئێمە بەڵێنی هیندیک شتیان لێوەرگرین. ئەوەی بۆ من و زۆر کەسی دیکە هێشتا یەکلا نەبووەتەوە، نەبوونی بەڵگەیەکی سەلماندنە لەوەی دیدارەکە هەبووە یانە.
بەڵام  ئەم سەرچاوانە گوومان لە ڕاستی ئەو دیدارە پێشاندەدەن.
١- ئاشکراکردنی هەواڵەکە لە لایەن هیندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو ٤ حیزبە! زادەی٢ حیزبەیە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان.
٢ - بینینی ئەو ٤ کەسەیە لەو وڵاتەدا لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەدا ناوی ئەوان وەک نۆێنەری حیزبەکانیان هاتووە.
٣-  هیچ پشتڕاستکردنەوە یا وەدرۆخستنەوەیەک لە لایەن هیچکام لەو ٤ حیزبە نەدراوەتە دەرەوە. جاران ئەگەر شتێکی ناراست لە سەریان گووترابێت یەکسەر بە بەیاننامەیەک وڵامێکیان بە ئەرێنی یا نەرێنی هەبووە.

ئەو ڕێکخراوە نێوژیوانەی نێوان ٤حیزبەکەو ئێران، کامەیە و لە کام وڵاتە.
تەنیا ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی و خاوەن ئەزموونی لەو بوارەدا لە جیهاندا هەبێت، ڕێکخراوی ( نۆرێف ) واتە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی نەرویجی بۆ چارەسەری کێشەکان، کە ناوەندەکەی لە شاری ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویجە.
 نۆرێف رێکخراوێکی سەربەخۆییە و کاردەکات لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەری گوونجاوی دیپلوماسی بۆ کێشە نێونەتەوەییەکان. لە پێناسەکەیاندا نووسراوە ئەم ڕێکخراوە سەربە حکومەت نییە و سەربەخۆییە، بەڵام بە ڕاوێژ و هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی نەرویج کارەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.
هێشتا لە ماڵپەری فەرمی ئەو ڕێکخراوەدا هیچ هەواڵێک بڵاونەکراوەتەوە، ئەڵبەت ئەو ڕێکخراوە هەواڵی چالاکی دیکەیان  لەگەڵ هەر وڵات و هەر لایەنێکی دیکەی پێشتریش بڵاو نەکردوەتەوە.  دیارە هیچ گلێێەک لە سەر ئەو رێکخراوە نییە، ئەوان تەنیا مەبەستیان ئەوەیە کە بە کارەکانی خۆیانەوە هەستن.
ئەوەی گرنگە کە ڕێکخراوە کوردییەکان پێی هەستن ئەوەیە: کە ئەم کێشەیە وەک کێشەی نەتەوەییەکی خاکو وڵات داگیرکراو بە نەتەوە یەکگرتووەکان بناسێنن، نەک وەک کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی داوا لە رێکخراوێک بکەن، ببێتە نیوژیوانی نێوان باوک و کورەکانی.
هێشتا ڕوون نییە کە ئایا کوردەکان دەسپێشخەر و داواکاری ئەم کۆبوونەوە بوون یا دەزگا داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران. هێشتا نازانرێت داواکاری لایەنە کوردییەکان لەوان چی بووە، و وڵامی ئەوانیش چی بووە. ئەڵبەت لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان باس زۆر دەکرێت، بەڵام نابنە بەڵگەی ڕاستی.
ئەوەی من دەمەوێ لە کۆتایی باسەکەدا ئاراستەی خۆێنەری هێژا و گەلەکەم بکەم، کە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ماوەیەکی کەمدا ٢ جۆر یاری هێنایە ئاراوە، بە مەبەستی سەرقاڵکردنی کوردستانیان، کە گوایا ئەم ڕێژیمە دژی کورد نییە، و بگرە لەگەڵ چارەسەردایە.
بە پێچەوانەکەی من پێموایە هەم کۆنگرەکەی سنەو  هەم دیدارەکەی ئوسڵۆ،  گورزێکی دیکەی مەترسیداربوو لە جووڵانەوەی ڕزگاری  و سەربەخۆییخوازی گەلی کورد بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.


عارف باوەجانی /  سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
١١ی پوشپەری ٢٧١٩ی کوردی. ٢ / ٧ / ٢٠١٩ی زاینی

ڕێکه‌و 2019-07-02 13:27:57
به‌شی ( اخبار )