بەیاننامەی یادی١٤ساڵەی دامەزراندنی پ س ک، داواکارین لەهەڵبژاردنی ئێران بەشداری نەکەن.

بەیاننامەی یادی١٤ساڵەی دامەزراندنی پ س ک، جارێکی دیکە داوا دەکەین لە بەناو هەڵبژاردنی ئێران بەشداری مەکەن.  پارتی سەربەستیی کوردستان !




بەیاننامەی یادی١٤ساڵەی دامەزراندنی پ س ک، جارێکی دیکە داوا دەکەین لە بەناو هەڵبژاردنی ئێران بەشداری مەکەن.  پارتی سەربەستیی کوردستان !
 
کوردستانیان مافزەوتکراو، سەربەخۆییخوازان، گشت تێکۆشەرانی ڕێبازی نەتەوەیی:
ئەندامان و هاوبیرانی پارتی سەربەستیی کوردستان.

وا پارتەکەمان پارتی سەربەستیی کوردستان،  کە بە کردەوە سەلماندوویەتی پارتی گشت مرۆڤە نەتەوەیی وسەربەخۆییخوازەکانی کوردستانە. لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی بەرامبەر بە١٧/٢/٢٠٢٠پێدەنێتە تەمەنی ١٤ساڵەی دامەزراندنییەوە.
لەم بۆنە نەتەوەییەدا گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت ئەندامان و هاوبیرانی پارتی سەربەستیی کوردستان و گشت ئەویندارانی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن.
چەپکە گووڵ: لەگەڵ سڵاوی بە تین وخۆشەویستی سەرۆکی گشتی وئەندامانی سەرکردایەتی، ئاراستەی تەک تەکی ئێوەی سەربەستیی و سەربەخۆیی و ڕزگاریخوازانی کوردستان دەکەین.

 مێژووی زیاد لە ٧٣ساڵی پاش تێکچوونی کۆمارە جوانەمەرگەکەی کوردستان، بۆمانی سەلماندووە کە بەردەوام لە لایەن دەزگاجۆراوجۆرەکانی وڵاتانی داپڵۆسێنەرو داگیرکەرانی کوردستانەوە، بە تایبەتیش وڵاتی ئیران، هەوڵدراوە کە بیرۆکەی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو لاوازی و لارێیداببرێت. لە پاش کۆتایی هاتن بە شەری دووەمی جیهانی و سەرهەڵدانی هیندێک چەمکی سیاسی فریودەرانە، هەوڵدراوە لەو ڕێگەشەوە ڕەورەوەی خەباتی نەتەوەیی کوردستانی گرێبدرێت بە خەباتی ئایدولۆژیایی و دروشمی پێکەوە ژیانی نەتەوەکانی نیشتەجێی سەر ئەو جۆگرافیایەی، کە حاکمانی ئێرانی داگیرکەر بۆ خۆی نەخشەیەکی بۆ داناوەو بە ویستی خۆی ناوی لە سەرناوە ئێران، ئەو ناوچانەش مێژوو سنووری چەندین نەتەوەی جیاوازترە لەوان.
یەک لەو نەتەوە جیاواز و گەورەیەی سەر ئەو نەخشە پشیلەییە بە زۆر دروستکراوەیان، نەتەوەی قارەمانی کورد و خاکی کوردستانە.
١٤ ساڵ پێش لە خۆرهەڵاتی نیشتیمانمان کە سەدان ساڵە لە لایەن حاکمانی جۆراوجۆری فارسییەوە داگیرکراوە. جووڵانەوەیەکی نۆێتر و بە گر و تینێکی سەردەمیانەوە، لە ژێر ناوی^ پارتی سەربەستیی کوردستان^،  بە واتای خەبات لە پێناو سەربەستی تەواودا و پەرە پیدان و زیندووکردنەوەی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان، سەریهەڵدا.
لە ماوەی ئەم چواردەساڵەدا پارتیمان، وێرای بوونی بەردەوامی ئاستەنگی زۆری دارایی و ڕۆتینی ژینگەی سیاسی ناوخۆیی کوردستانی، گەلێک دەسکەوتی نەتەوەیی و ناوخۆیی بە دەستهێناوە، و هەروەها ماندوبوونێکی زۆریشی تێپەراندووە و کۆڵی نەداوەو کۆڵیش نادات.
لەو ١٤ ساڵەداو بە بێوچان، ڕێکخستنی ناوخۆیی وڵات، لە هەوڵی پەروەردەی نەتەوەیی و بەهێزکردنی ڕێکخستنێکی پوختەی سەربەخۆییخواز، کۆڵی نەداوەو تا ئیستاش بەردەوامە.
پیداگری پارتی سەربەستیی کوردستان لەو ماوەدا، توانیوێتی کاریگەری زۆر لە نێو کوردانی ڕٶژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێ لە دەرەوەی سنوور ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، تا وڵاتانی ئوروپاو ئوسترالیا و ئەمریکاش لە سەر گرنگیدان بە خەباتی سەربەخۆیی  هەبووە.
ئەوەی کە جێگەی خۆشحاڵیمانە کە دوای ١٤ساڵ بەردەوام وێرای هەموو کۆسپەکانی سەر ڕێگامان، ڕاستگۆیانە لە سەر ئەو ڕێچکە نەتەوەییە بەدەوامین و زۆر بە زانستییانەش ئیشی لە سەردەکەین. بگرە لە ڕێگەی پەیام و نووسین و دیدارو کۆرو کۆنفرانسەکانمانەوە هاندەری سەرەکیشین بۆ گشت حیزب وجووڵانەوەکانی دیکەی کوردستانی بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی، کە ڕەوڕەوەی خەباتیان بگۆرن بە خەباتی سەربەخۆیی کوردستان. ئەگەر بە زیادەرەوی لێمان وەرنەگیرێت لەو بوارەشەوە سەرکەوتنی باشمان بە دەستهێناوە. ئەو ئەدەبیات ووشە کوردییانەی کە ئێمە لە قەوارەو دیواری پارتەکەمان بە کارمان هێناوە، لایەنەکانی دیکەش کەڵکیان لێوەرگرت.
مانەوەمان وەک کۆڵەکەیەکی نەتەوەیی بێ کۆسپ نەبووە، بگرە زۆرجار پێشنیاری زۆرمان  لە لایەنی فارسی ئیرانی و بێانی بۆ هاتووە کە لە ئەگەر دەستهەڵگرن لەو درووشمە وەک سەربەخۆیی بۆ دروشمانیتری وەک دیمۆکراسی بۆ ئێران و پێکەوە ژیان و هیدیکە، بەڵێنیمان پێدراوە کە هاوکاری باشی ئابوری بکرێین و لە زۆربەی کۆر و کۆبوونەوە جیهانییەکانی پێوەندیدار بە دژایەتی کردنی ڕێژیمی ئێران بەشداری بکرێین.
یا بەلای دیکەشدا لە زۆر کۆبوونەوە و پێکەوەکارکردنی حیزب ولایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تاوانی ئەوەی کە سەربەخۆییخوازین بێبەشکراوین و بە ئەندام  لە ڕێکخراوەکانیان وەرنەگیراوین. بەڵام سەرۆک و سەرکردایەتی وهاوبیرانی* پ س ک* هەموو ئەو ئیمتیازانەیان ڕەدکردوەتەوە، و پیداگریان لە سەر مانەوە لە ڕێبازی نەتەوەیی و سەروەریدا کردوە.
یەکێکی دیکە لە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی پارتیمان، دروستکردنی پێوەندییەکی بە هێزی سیاسی و دیپلوماسییە لە لە ئاست وڵاتانی زلهێز، ڕێکخراوە سیاسی و گرنگەکانی جیهانی.
پارتیمان لە چەندین کۆنگرەی گرنگی جیهانی بەشداری پێکراوە و بەردەوامیش بەشداری پێدەکرێت، وەک تاکە لایەنێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی گرنگی جیهانی دەنگی مەزڵوومی گەلەکی گەیاندووە. بێجگە لەوەش کە بەردەوام دیدارو چاوپێکەوتنی دیپلوماتی ئاشکراو داخراوی ئەنجامداوە، بەردەوامیشە لەو چالاکیانە.
دروستکردنی پێوەندی بە هێز لە گەڵ زۆربەی لایەنە کوردستانیەکان، وێرای ئەوەی کە بەهۆی هەڵگری دروشمی نەتەوەی وسەربەخۆییخوازی زۆرجار هەوڵدراوە کە پشت گۆی بخرێت، بەڵام کۆڵنەدەرانە و دیپلوماتیانە باڵانسی پێوەندییەکانی پاراستووە. ڕێزمان لە خەبات و تێکٶشانی دەیانساڵەی ئەو لایەنانە گرتووەو بەردەوامیش دەبین لە سیاسەتی ئاشتی وئارامی، و تەبایی و یەکریزی ماڵی کورد: هەر بۆیەش لە چەندین کۆرو کۆبوونەوەی گرنگی کوردستانی ڕۆڵی بەرچاومان هەبووە. هەمیشەش لەو باوەردابووین کە بە پێکەوە کاردکردنی سیاسی و دیپلوماسی گشت لایەنە سیاسییەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی کوردستان، ڕێگاکە ئاسنتر دەبێت لە پێناو وەدەرنانی هێزی داگیرکەری تاران لە وڵاتەکەمان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆیی کوردستانی. دیدارو چاوپێکەوتنی بەردەوامی پێوەندییەکانی پارتیمان لەگەڵ لایەنەکانی کوردستانی درێژەی هەیە، بەشداری نۆێنەری زیاد لە ٥٣ لایەنی هەموو بەشەکانی کوردستانی لە ئاهەنگی یادی ١٣ ساڵەی پارتیمان لە هەولێری پایتەختی باشور، بەڵگەی زیندووی پارتەکەمانە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و دیپڵۆماسی و ڕێککخستنیەوە لە ئاست کوردستانیشدا.

یەکێکی دیکە لە چالاکییە دیارەکانی پارتیمان بۆ بە جیهان ناساندنی هەڵ ومەرجی خەڵکی ڕۆژهەڵات، لە ئاست ڕاگەیاندەکانی جیهانەدایە. پارتیمان بێجگە لەوەی لە ئاست میدیاو ڕاگەیاندنی کوردستانی هەمیشە بەردچاوە، لە ئاست میدیاکانی جیهانیش، وەک پارتێکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، وەک حیزبێکی چالاکی بەرچاو لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان وناوچەکە  هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوەو دەکرێت، زۆربەی کاناڵ و ڕۆژنامە گرنگەکانی جیهانی، بە زمانەکانی ئینگلیزی، وعەرەبی، و نەرویجی و فەرانسی و فارسی و عیبری و هیدیکەش، چاوپێکەوتن ولێدوان و ڕێپۆرتاژ و هەواڵیان لە سەر پارتی سەربەستی و سەرۆکی گشتی پارتەکە، لە سەر دۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێکهێناوەو بڵاوکردووەوەتە.
هەروەها لە لایەن سەرۆکی پ س ک بە نووسینی بابەتی سیاسی و مرۆڤایەتی لە گرنگترین ماڵپەرو رۆژنامە پرخۆێنەرەکانی جیهاندا بڵاوکراوەتە، کە تایبەت بووە بە گەلی کورد بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی. ئەو چالاکیە جوراوجۆرانە  بووەتە هۆکاری بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی دەنگداخراوی ڕۆژهەڵات لەوڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی ڕۆژئاواییدا، بەردەوام دەبێت وەک دەنگێکی مەزن لەئاستی جیهاندا.

سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستان، پارتیمان هەمیشە هەڵویستی هەبووە، لە هەر پێشهاتێکدا هەڵویستی نەتەوەیی خۆی ڕاگەیاندووە و خۆێندنەوەی دروستی لە سەر کردوە، زۆر بەڵگەی تۆمارکراو،  شایەتی ئەو دڵسۆزییەی پارتیمان بۆ بەشەکانی دیکەی وڵات دەدەن.

پارتیمان هاندەر بوو بۆ بەکارهێنانی دەستەواژە نەتەوەییەکان، لەو بوارەشەوە زۆر تووشی گلێی و گازندەی هیندیک لە حیزبەکان بووە، بەڵام کۆڵی نەداوەو کۆڵیش نادات.
 کە بە داخەوە تا ئیستاش هیندیک سەرکردەو بەرپرسانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبیسین و دەبینین، کە بەردەوام دەستەواژۆی کوردستانی ئێران بە کاردێنن. لە ژێر ناو بیانووی گوایە تاکتیکی سیاسیە. پارتیمان هەمیشە ئەو جۆرە داڕشتنانەی ڕەخنەکردوە. پێمانوابووە کە ئەگەر سیاسەت دەکرێت پێویست ناکات خەڵک و شەقام ونەوەی داهاتوو بەوە فێربکەین، کە ئەو کوردستانە هی ئێرانە. لە سەر ئەو سیاسەتەش بەردەوام دەبین. لەم ڕاگەیاندراوەشدا داوا لە گشت لایەنە بەڕێزەکانی کوردستان دەکەین، کە مادام ئێوە لە بەرنامەو پرۆگرامتاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە خاکی کوردستان داگیرکراوە، ئیدی مانای نییە کوردستان بە ئێرانەوە ناوببەن. بەردەوام داواکاربووین و دەبین کە لەو دەستەواژە زیانبەخشە خۆ بپارێزن، دەتوانن بۆ ئەوەی لایەنی بەرامبەر لێتان تێبگات، وشەی کوردستانی بندەستی ئێران بە کار بێنن. لە دروستبوونی هەر رێکخراو وناوەندێک بۆ پێکەوە کارکردنی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ژێر هەر بڕو بیانوویەک بێت: ناسناوی ئێرانی پێوە بێت! بە هەڵەیەکی مەترسیداری دەزانن بۆ سەر ڕێبازی نەتەوەیی. هەر بۆیەش داوا لە گشت لایەنە بەڕێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کودستان دەکەین، هەوڵبدەن ناسناوی ئێرانی بوون لە پاش ناوی حیزبەکانیان پاککەنەوە.

هەڵوێستی پارتیمان لە سەر هەڵبژاردنەکانی ئێران:
هەمیشە داوامان لە خەڵکی کوردستان کردووە، کە هەرگیز نەچنە ناو سینارێۆکانی ئێران و دەنگ مەدەن، ئێستاش لە کاتێکدا کە پێدەنێینە یادی١٤ساڵەی دامەزراندنی پارتەکەمان، دیسانەوە سینارێوێکی دیکە، بە ناوی هەڵبژاردنی دەورەیی یانزەیەمین خۆیان لە ژێرناوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران بەڕێوە دەبەنەوە.
وەک پارتی سەربەستیی کوردستان: دیسانەوە لەم بۆنەوە داوا لە خەڵکەکەمان دەکەین، بە هێچ شێوەیەک و بڕوبیانووێکی عاتیفی خزمایەتی، نەچنەوە سەر سندووقەکانی کۆماری کوردکوژی ئیرانی. هەر خودی گەورە بەرپرسانی ڕێژیم وەک خامنەیی و حەسەن ڕۆحانیش بۆ خۆیان بۆیان ڕوونبووەتەوە، کە گەورەترین مەترسی بەشداری نەکردنی زیاتر لە جارانی خەڵک، لەسەر ئەم بە ناو هەڵبژاردنەیان هەیە، هەر بۆیە کەوتوونەتە پاڕانەوە لە خەڵک.
لێرەشدا ئاماژە بە بەشێکی کەمی هۆکاری بۆ بەشداری نەکردن دەخەینە بەردەستان.
١-  چوون داگیرکەری سەروەت و خاکی کوردستانە
٢ -  هۆکاری کۆشتن و مردنی کۆڵبەرانە
٣ -  لە سێدارەدانی خەڵکی ئازادیخوازە
٤ -  برسی کردن و کزٶلکەری خەڵکە
٥ -  پێشێلکاری ماف و ئازادی خەڵکە
٦ -  دژی مافی ژن و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکانە
٧ -  دژی ئازادی بەیان و بیروڕادەربڕینە.
٨ -  بە سەروەت و سامانی تۆ تیروریست دروستدەکات.
٩ -  ڕەنجی دەیانساڵەی خوێندنت بە فیڕۆ دەدات
١٠ -  هۆکاری زیادبوونی بێزاری و نائۆمیدی خەڵکە تا ئاستی خۆکووشتن.
١١-  هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ئاڵودەی مادە هۆشبەرەکانە کە ژمارەیان بە ملۆێنانە.
١٢ -  هۆکارە بۆ لە بەیندانی فەرهەنگ و زمان ومێژووی تۆی کورد ونەتەوەی دیکەش.
١٣ – هۆکارە بۆ  زۆر ڕووداوی مەترسیدار. وەک فەحشا، فرۆشتنی ئەندامانی لەش( کولیە) .
١٤ – هۆکارە بۆ زیادبوونی بێلانەو خانەی ملۆێنان خەڵک. نزیک بە ملوێنێک کارتوون خەو.
١٥-  هاندانی لاوانە بۆ نێو رێکخراوە تووندڕەوەکان و بە کووشدانیان.
                         دەیان و سەدان هۆکارو بەڵگەی دیکەش.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی چواردەیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی سەربەستیی کوردستان ئاراستەی سەرجەم سەربەخۆییخوازانی کوردستان، و ئەندامان و هاوبیران و دڵسۆزانی پارتەکەمان دەکەین .‌

بۆ پێشەوە بۆ پێکەوە کارکردن لە چوارچێوەی بەرە یا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوور لە ناسناوی ئێرانی. لە پێناو وەدەرنانی داگیرکەرانی ئێرانی لە سەر خاک و سامانی وڵاتەکەمان.  
هەر شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی سەربەخۆییخوازی لە پێناو کوردستانێکی ئازاد و سەربەستدا.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.

٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی. ١٧ فێبرواری ٢٠١٨ ی زاینی
ڕێکه‌و 2020-02-13 13:44:23
به‌شی ( فعالیتها )