پاراستن و ڕێزگرتن لە نەریتە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی گەلەکەمان، ئاسانکارییەکە بۆ بە

پاراستن و ڕێزگرتن لە نەریتە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکانی گەلەکەمان، ئاسانکارییەکە بۆ بە دەوڵەتبوون



بەهۆی خەمخۆریم بۆ دۆزینەوەی ڕێگا ڕاستو دروستەکانی شێوەی کۆکردنەوەی خەڵک بە مەبەستی پەرەسەندنی خەباتی نەتەوەیی، شوێندۆزییەکی زۆرم بە شوێن بەشێک لە مێژووی نەتەوەکانی دیکەی هاوشێوەی ئێمەی کورد کە نەیاریان زۆر بووە، و بەڵام ئەوان سەرئەنجام سەرکەوتنیان بە دەستهێناوە، کردووە. جا ئەو شوێندۆزییە، چی بە شێوەی خوێندنەوەی پەرتووک، یا دیداری کەسایەتی ولایەنەکان، یا بینین و گوێگرتن لە فیلم و دەنگە کۆمێنتاریەکان بووە.

یەکێک لەو نەتەوانە جووەکانی ئێسرائیلن. باش ووردبوونەوەیەکی زۆر لە شێوەی خەباتی گشت پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە بەرینەکانیان لە ئاست جیهان، نەمدیت هیچ کام لەو پارت و ڕێکخراوانە لە سەدەکانی پێشوو، لە سەردەمانی خەباتیان لە قۆناغی ڕزگاری، هێرش بەرن بۆ هیچ کام لە نەریتانانەی کە سەدان ساڵە، کۆمەڵگاکەیان لەگەڵی ڕاهاتووە ببات، لە سەرەوەی هەموو نەریتەکان، نەریت و ڕۆتیناتە ئاینییەکانیشیان.
دیارە زۆر لە سەرکردەکانی پێشوو ترو ئیستای ئیسرائیل، بۆ خۆیان زۆر پەیڕەوی ئاینەکان نەبوون، و وەک تاک لایک بوون، بەڵام لەو کارەیان مەبەستیان ئەوە بووە، کە دەبێت بە شێوەیەک خەبات بکەن، کە هاونەتەوە و هاوخوێنەکانی خۆیان، کە لەهەموو دۆستانی جیهانیان زیاتر جێگای بڕوایە و پشت وپەنای هەموو خۆش وناخۆشییەکانیانە، نەڕەنجێنن. هەر بەو شێوەیە توانیان لە سەردەمانی قۆناغی ڕزگارییدا یەک دەنگیەکی تایبەت، وەک تەریقەتێکی فەرزکراو، هەموو هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی ئەرکی بە دەوڵەتبوونی خرایەئەستۆ و ئەوانیش چوون لە بەرژەوەندی خۆیان وئاین و نەریت و ئایندەیان دەزانی، بە کردەوە جێبەجێیان کرد.
ئەوەی بە خەباتی سیاسی و دیپلوماسی بۆیکرا، ئەرکی پێسپێردرا، خەڵکانی مەدەنی و سادەکانیش، بە ئابوونەی فەرزکراو لە رێگەی فتوای ئاینەکانیان، بە گرنگیدان بە کشت و کاڵ، و پەرەپێدانی کاڵا خۆماڵیەکانیان. بە هونەر و بازرگانی ودەزگا جیاوازەکانەوە، هەر یەکەو بە شێوەیەک ئەرکێکی گرنگیان بەڕێوەبرد، و لە ئاکامدا دیتمان کە لە وڵاتێکی بچووکەوە بوون بە وڵاتێکی زلهێزی جیهانی.
لەو سەردەمانەی کە ئەو خاکە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بوو، هیندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە تا ساڵی ١٩٢٣ تەنیا ٤% خاک وجۆگرافیاکەی بە هی ئیسرائیل مابوو، کە١٤% پێکهاتەکەشیان بە جوو دەزانی، چوون لەو سەردەمانانەدا هەموو جووەکان بە ناچاری پەریوەی وڵاتانی جیهان بووبوون. هەر لە ساڵی ١٩٢١ کاتێک جووەکان هەستیان بەو مەترسییە کردبوو، بۆ سەرخاک و نەتەوەکەیان، جووڵانەوەی (هاگانا) کە جووڵانەوەیەکی سەربازی بوو پێکهێنا، لەو ڕێگەوە خەریکی کۆکردنەوەی چەک و تەقەمەنی بوون، بۆ گەورەکردن و بەهێزکردنی جووڵانەوەکەیان ودوورخستنەوەی مەترسی لە سەر خاکەکەیان.بە هۆی لێزانین و چالاکی ئەو جووڵانەوە، ورە و باوەڕ لە ناو جووەکاندا بەرزبووەوە، وای لێهات کە بەریتانیەکانیش حیسابێک بۆ پێداگری و خۆڕاگری جووەکان بکەن، بەو شێوە توانیان دەست بە سەر بەشێکی دیکەی خاکەکەیان بگرنەوە، واتە پانتایی خاکەکەیان لە٤ بۆ ٧% بەرزکرایەوەو، سەرژمێرەکەشیان لە١٤ بۆ٣٠% زیادکرا. هەر بەو شێوەو تا ١٩٤٧ واتە ٢ ساڵ دوای شەڕی دووەمی جیهانی، و کشانەوەی بەریتانیا لە ناوچەکە، جووەکان توانیان کارێکی وابکەن، کە بە دانپێدانانی فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو کاتەدا پێوانەکە گەیشتە ٥٦،٥ خاکەکەی کەوتە بەر ئیسرائیل و ٤٣ بەر فەلەستین.
لە ساڵی ١٩٤٨ وێرای دژایەتی کردین چەندین وڵات، بە سەرۆکایەتی داود بنگۆریۆن
دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند، و تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، سەرژمێری پێکهاتەکە گەیشتووەتە١،٧٤%جوو( یەهودی) واتە ژمارەی یەهودی بە هۆی گەورەبوونی خێزانەوە گەیشتووە ٩،١٣٦٠٠٠، وەعەرەب ٢١% . بێجگە لە عەرەب و یەهودیش ٤،٩ %. پێکهاتەی دیکەی تێدا دەژین،
بڕبڕەی سەرکەوتنی هەر نەتەوەیەک، یەکڕیزی خەڵک وگەلەکەیەتی، کە ئاورێک لە هۆشیاری و لێزانی ئەوان دەدەینەوە، بەو هۆیەوە توانیان یەکێتی ویەکڕیزی فەرز بکەن، و ئاکامەکەشی ئەوە بووە، کە لە سەرەتاوە لە٤% خاکەکەیان بە دەستەوە بوو، بەڵام ئێستا گەشتووەتە٧٤ %خاکەکە، بوون بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتەکانی جیهانیش، لە ئاست سیاسەتی نیو دەوڵەتی، دیپلۆماسی، هەروەها لە بوارەکانی سەربازی و ئابوریدا.

گرنگیەکی دیکەی ئەو وڵاتە لە پاش سەربەخۆبوونیان، بە هۆی لێهاتووییان لە بوارەکانی تەکنۆلۆژیای گشتی و سەربازی، زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیشیان وادار و ناچار کرد، کە پێوەندییەکانیان لەگەڵیان باش بکەنەوە، و لە ئێستادا لە پایتەختی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی باڵۆیزی ئیسرائێل بوونی هەیە، و هەروەها بە پێچەوانەکەشی هی زۆربەی وڵاتانی ئیسلامیش لە پایتەختی وڵاتی ئەوان هەیە.

لە ناوەڕۆکی ئەم نووسینەم، مەبەستم ئەوەیە کە هیندێک کەس و لایەنی سیاسیی، کە خاوەنی ئایدولۆژیایەکی مێژوو بە سەرچوو( ئێکسپایر) ن، کە لەوانەیە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ٢٠٠ کەس بە تەواوی لەو ئایدۆلۆژیایە تێنەگات، یا ئەسڵەن هەر لە ناوەکەشی بێزار بن، دەیانەوێ بەو شێوە خەبات بۆ ڕزگاری وڵات بکەن، هەر ئەو جۆرە لایەنانە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و کردارەکانیان هێرش دەکەنە سەر نەریتەکانی٩٥% کۆمەڵگاکانیان، دیارە مەبەستم لەوە نییە کە هەموو کۆمەڵگای ئێمەی کورد خاوەن یەک جۆر ئاین یا یەک جۆر نەریت بێت، بە پێچەوانەوە هەر لە ڕۆژهەلاتی چەندین ئاین و نەریتی کۆمەڵایەتی باش هەن، کە هۆکارن بۆ کۆکردنەوە و یەکدەنگکردنی خەڵک.
کەوابێت بۆ گەیشتن بە ڕزگاریی یەکجاری گەلەکەمان، بۆ دروستکردنی یەکریزی ماڵی کورد، لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، پێویستە بە هەموومانەوە ئاگامان لە پیرۆزییەکانی خەڵک بێت، لە هەوڵیی ئاشتکردنەوەو یەکریزی خەڵکەکەماندا بین، و هەوڵنەدەین پەلاماری پیرۆزییەکانی کۆمەڵگاکەمان بدەین، واتە ئەو نەریت و باوگەلەی کە سەدان ساڵە لەگەڵی هاتوون، لە هەمووی گرنگتر پاراستنی شیرازەی خێزانی، و گرنگیدان بە گەورەبوون و زۆر بوونی بنەماڵەکان. و لە زۆر بواری دیکەشدا.
بەو کردەو هەڵانەی پێشوومان هەمیشە ڕێگەمان بۆ دوژمنان و داگیرکەران خۆشکردووە، کە ئەوان لەو بۆشاییە کەڵکوەرگرن و تا ڕادەیەکی کەمیش بووبێت، دزە بکەن نێو پێکهاتەکانی کوردستانەوە.

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
١٩ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ی کوردی. ٩ / ٣ / ٢٠٢٠ زاینی.
ڕێکه‌و 2020-03-09 20:37:41
به‌شی ( اخبار )