مامۆستا موحەممەدی رەبیعی، چالاکوانێکی ئاینیی، نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی ک

 

 مامۆستا موحەممەدی رەبیعی، چالاکوانێکی ئاینیی، نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

 

 نووسینی عارف باوەجانی

 

نەورۆزی ٢٧٢٠ی کوردی ٢٠٢٠ی زاینی



پێشەکی بابەت:
گووڵستانی ڕەنگاوڕەنگی مێژووی هەر نەتەوەیەک بەوە جوانە، کە هەر کەسێک لە هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەکەی بووبێت، گووڵێکی لە باخچەدا ناشتبێت. مێژووی ئێمە پڕە لە کەسایەتی ڕەنگاو ڕەنگ، هەیە بە چەک و سیاسەت خزمەتی کردووە، هەیە بە هەڵبەست وپێنووس، وە زۆرکەسی دیکەش هەبووە کە لە ڕێگەی پێگەی ئاینییەکەیەوە خزمەتێکی زۆری بە ڕێبازی کوردایەتی ونەتەوەیی کردووە.
ڕاستییەک هەیە کە لەوانەیە باسکردنی بۆ هیندێک خوێنەر تەڵخ بێت، بەڵام هەرچی هەوڵبدرێت بۆ شاردنەوەی، ناتوانرێت بشاردرێتەوە، ئەوەیش ئەوەیە کە نموونەی ئەو کەسایەتییە ئاینییە نەتەوییانەن، کە لە گووڵستانی مێژووی کوردستانی داگیرکراودا دەدرەوشێنەوە، ژمارەیان زۆر زیاترن لەوانەی کە هەڵگری ئایدولۆژیای چەپ و مارکسیستین. نموونە بەرچاوەکانیش، وەک شێخ عوبەیدوڵا نەهری. شەمزینی، شێخ مەحمودی مەلیک، شێخ ئەحمەد بارزانی، شێخ سەعیدی پیران، پێشەوا قازی موحەممەد، مەلا موستەفا بارزانی، زۆر زۆر دیکە لە کەسایەتییە ئاینییەکانی مێژوو، بە تایبەت ئەوانەی لە مێژووی یارسان، بەهایی و زەردەشتی وهیدیکە،،، کە لە لەوانەیە لەم کاتەدا ناوەکەیان وەبیرمان نەیەتەوە. کەوابێت ئەوانە بەشی سەرەکی مێژووی سەروەری ئێمەی کوردن، ئەگەر بە قسەی ناڕازییانی مێژووی دێرینمان بە کرچ و کاڵیش بووبێت، جوانیەکانی کۆڵەکەی مێژووی ڕابووردوومان بە ناسناوی ئەوانەوە ماونەتەوە.
 وەسیەت و مێژووی سیاسی و جۆگرافییایی خەباتەکانی  ئەوانە کە هەر درێژەی هەیە، بەڵام بە پێی سەردەم گۆڕانکاری بە شێوەی خەباتەکاندا هاتووە.

زۆر جار هیندێک لە چەپبیرە کوردەکان. هەوڵدەدەن کە کەسایەتییە شۆرشگێر و نەتەوەییە دیارەکانی گەلەکەمان لە مێژوودا، کە ئاستی خۆێندەواریان لە بواری ئاینیدا بووە لەکەدار بکەن، و ئەوان بە هۆکار بزانن لەوەی کە گەلی کورد بۆ تا ئیستا قۆناغی ڕزگاری بە خۆێیەوە نەبینیوە.
لە حاڵێکدا کە دەست بۆ هەر مێژوویەکی دێرین دەبەیت و دەیخۆێنیتەوە یا هەر بیرەوەرییەکی کەسایەتییەکانی سەدەی پێشوو دەخۆێنیتەوە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە هیچ کام لەو کۆمۆنیستە و ماوی ومارکسیسیانە هاندەری خەباتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی نەبوون لە کوردستان، بکرە کوردستانیان کردووەتە مۆڵگەی چەپەکانی نەتەوەی داگیرکەر، و لە ژێر ناوی خەباتی چینیایەتی و ئایدولۆژیایی خەڵکیان ڕاپێچی خەباتەکان کردووە. هەر ئەندامێکیان تۆزێک بیرۆکەی نەتەوەیی هەبایە لە حیزبەکەش بە تاوانی هەلگیر بیری ناشیونالیستی وەدەریان دەنا.

مەبەست: مەبەست لەو ڕاستیەش ئەوەیە: کە هەموومان پێویستە ئەوە بزانین بۆ ڕاپەڕاندنی خەباتی نەتەوەیی و سەربەخۆیی یەکجاریی،  پێویستمان بە هاوبەشی هەموو چین و تۆێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری هەیە. نابێت لە توانایی وبایەخی کەس کەم کەینەوە. واتە کەسانێک کە بێ باوەڕن (
atheism ئاتیست) ن یا پێچەوانەکەی مڕۆڤە باوەڕدارەکان، هیچیان ڕێگر نەبن لە خەبات و بەرخۆدان بۆ ڕزگاریی وڵات، و هەروەها بۆ بەشەداری لە سەر دەمی دەسەڵاتی بە دەستهاتوو، لە چوارچێوەی یاسایەکی پەسەندکراوی پەرلەمان و زۆرینەی خەڵکی کوردستان.
لەو سەردەمانەی کە تازە ڕاپەڕێنەکانی ئێران سەریهەڵدابوو، حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تازە خەریکی گڕوگاڵ بوو. لە تەواوی کوردستان چەند کەسایەتیەکی مەدەنی و  سیاسی دیاریکران وەک نوێنەری گەلی کورد لەگەڵ خومەینی و ڕێژیمەکەی دیالۆگ بکەن، کاتێک مێژووی ئەو سەردەمە دەخوێنینەوە و دەبیستینەوە، کە کەسایەتییەکی  وەک شێخ عیزەدینی حوسەینی، کەتەنیا کەسایەتییەکی ئاینی بووە، سەرۆکو بەرپرسی هیچ حیزب و ڕێکخراوێک نەبووە، بەڵام قورساییەکی زۆر گەورەی لە نێو کوردا هەبووە، یەکێک بووە لە کەسایەتییە گرنگەکانی کوردستان، کە خومەینیش حیسابی زۆری  لە سەر شێخ عیزەدین وەک نۆێنەرێکی خاوەن جەماوەری کوردا کردووە.

مەڵا موحەممەد ڕەبیعی :
لە پاش ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران، دژایەتی خۆی لەگەڵ گەلی کورد بە ئاشکرا ڕادەگەیەنێت. و لایەنە سیاسیەکان بە ناچار بنکەو بارەگاکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتەوە دەگوازنەوە دەرەوە. ئەرکی زۆر دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کەسایەتیە دیارانەی کە لە ناوخۆی وڵات مابوونەوە. دەکرێت بڵێین کە ئەوان وەک شۆرشگێری غەدر لێکراو، هەم لە لایەن ڕێژیمەوە، هەمیش لە لایەن لایەنە سیاسییەکانەوە، لە ناوخۆی وڵات مابوونەوە، کە ئەوانیش هەر یەکەو بە شێوەیەک شۆرشی خۆیان درێژە پێداوە، بەڵگەو مێژوو پەرتووک و تۆمارە دەنگییەکان و کردەوەکانیان شایەتیان بۆ دەدەن.
مەلا موحەممەد ڕەبیعی یەکێک لەو کەسایەتییە دیارانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، کە توانیوێتی تا دوا ساتەکانی ژیانی، واتە پێش ڕۆژی  تێرورکردنی لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەرەنگاری ئەو ڕێژیمە خۆێنمژ و کورد کوژەی ئێران ببێتەوە.
ڕەبیعی زیاتر لە لایەن ڕاگەیاندنی ئەوکاتی ئوپوزوسیونی ئێرانی وحیزبە کوردییەکانەوە وەک چالاکوانێکی ئەهلی سوونەت پێناسەکراوە، مەبەستیش تەنیا بۆ ئەوە بووە لە بایەخی قارەمانێتی ئەو کەسایەتییە نەتەوەییە کەمکرێتەوە. لە کاتێکدا مامۆستا ڕەبیعی لە هەر بوارێکدا قسەی بکردایە، یا بینووسایە حەتمەن باسێکی مەزڵوومیەتی گەلی کوردی دەخستە نێو باسەکەیەوە. وەک مامۆستایەکیش هەمێشە هاندەری سەرەکی قووتابی و فەقێکانی بووە بەرەو ڕێبازی کوردایەتی، کە سەدان لە قووتابیەکانی لە دەرەوەی وڵاتن و شایەتی ئەو ڕاستییەی بۆ دەدەن.
ناوبراو سەرەڕای ئەوەی کە وەک مامۆستایەکی ئاینی ڕۆڵی بینیووە، بەڵام هەمیشە لە هەوڵی زیندووکردنەوە و بەرزڕاگرتنی مێژوو فەرهەنگ و نەریتە کوردەوارییەکاندا بوو، هانی گەنجان و پیاوانیداوە کە پووشاکی جوانی کوردی بپۆشن، هانی ژنانی داوە کە پووشاکی ڕەسەنی کوردەواری بپۆشن، و دووربن لە پٶشینی مانتۆ و هیندێک نەریتی نا کوردانەی فارسەکان، کە لە پێناسەی نەتەوەیی کوردبوونتان دوورتان دەخاتەوە.
هەروەها لە ڕێگەی پرۆگرامە ڕادۆییەکەی سەردەمی دەسەڵاتی شای ئێران، و نووسینی زەنجیرەیی بەردەوامی لە گۆڤاری کوردی زمانی سروە لە ناوخۆی وڵاتی، سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوام لە بوارەکانی مێژوویی و فەرهەنگی گەلەکەی، وتارو ڕێنوێنی نووسیوە.


پێناسەی مەڵا موحەممەد ڕەبیعی.
لە دایکبووی ١٣١١بە ڕێکەوتی هەتاوی، کە دەبێتەوە ١٩٣٢ی زاینیە، کە لە ناوچەی دەرەی ئەسپی  دیواندەرە لە دایکبووە، کوری خوالێخۆشبوو مەلا عەبدولحەکیم لە بنەماڵەیەکی خۆێنەوار و دیاری ناچەکە بوون، هەر لە تەمەنی٥ ساڵییەوە لە بەر دەستی دایکی فێری خۆێندنی قورئان دەبێت و پاشان بە هۆی زیرەکی و لێهاتوویەوە پلەکانی خوێندنی ئاینی زۆر بەخێرا تێپەرکردوە. هەر لە ڕێگەی دەنگخۆشییەوە وک قورئان خۆێن، لە کێبەرکێی قورئان خۆێنی جیهانیدا کە نۆێنەری ٢٢ وڵاتی جیهانی تێدا بەشدار بووە، پلەی دوومەی بە دەستهێناوە.
پاشان بە هۆی لێهاتوویی و زیرەکی خۆییەوە توانیوێتی نووسینی زمانی کوردی بە ڕێزمانییەوە بەباشی فێربێت، و بەردەوام لە تاکە ڕادیوی کوردی (ڕادیۆی کرماشان) کە لەو سەردەمەدا بەردەوام بەرنامەی پێشکەش کردوە، تا سەر ئەنجام بووەتە بەرپرسی ڕادیۆکەش.
لە سەردەمی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر لە یەکەم ساڵی سەرەتای دەسەڵادارێتییان، ناوەڕۆکی تایفەگەری و دژە کوردی ئەو رێژیمەی بۆ ڕووندەبێتەوە.
هەر بۆیە بەردەوام لە ڕێگەی خوتبە ئاینیەکانییەوە و نووسین و هەڵبەستەکانی، ڕەخنە لەو جۆرە سیاسەتانە دەگرێت. و بەردەوام باس لە مەزڵوومیەتی گەلەکەی دەکات، بەڵام خەباتەکەی لە چوارچێوەی ئاینیدا بەڕێوە دەبات، بۆ نموونە هەمیشە لە خوتبەکانیدا، کە ئیستا زۆربەیان بە کاسێتی دەنگی تۆمارکراون، باس لەوە دەکات کە گەلی کورد وەک گەلێکی موسڵمان، لە لایەن ٤ وڵاتی ئیسلامیەوە لە سەرەوەی هەمووشیان ئێران  دەچەوسێنرێتەوە، ئەو جۆرە لێدوانانە لە ساڵەکانی سەرەتای دەسەڵاتی ڕێژیم، هەروا ئاسان نەبووە، بوێری و لێزانینی پێویست بووە. بە شایەتی کوردانی کرماشان و دەوروبەر، کە کەم خوتبەی هەینی ئەو هەبوو بە هەزاران نۆێژکەر تێیدا بەشدار نەبن، و لە ڕێگەی پەیامە مانادارەکانی ئەوەوە بەرەو خەباتی نەتەوایەتی هاننەدرابن.


ناوبراوە لە ماوەی تەمەنی کارو چالاکییەکانیدا، وێرای سەدان وتاری بە کەڵک، هاوکات خاوەنی٤٤ پەرتووکە لە بوارەکانی ئەدەبی وئاینی و مێژوویی و فەلسەفە، کە ٣٥ پەرتووکیان بڵاوکراوەتەوە،
مامۆستا رەبیعی لە گەشتە ئاینییەکانیدا بۆ دونیای دەرەوە باسی لە مەزڵوومیەتی گەلەکەی بۆ کەسایەتییە ئاینییەکان کردوە، و یەکەم کەسیش بووە کە کورد بوونی قورئان خۆێنی بە ناوبانگی جیهانی عەبدولباست عەبدولسەمەدی ئاشکرا کردووە.
هەر لە ڕێگەی مامۆستا عەبدولباستەوە بە سەدان کەسایەتی بە ناوبانگی دیکەی جیهانی ئاشنا بووە.
بۆ من و گشت خۆێنەریک ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە  ئەگەر بیرۆکەی نەتەوەیی لای ئەم زاتە مەزنە زاڵ نەبوو بێت بۆ بە شۆێن کوردبوونی ئەو عالمە گەورەی میسردا دەگەرێت و دەیبینێتەوە.

شەهیدکردنی و ڕاپەڕینی سەدان هەزارکەسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوام خەریکی نانەوەی ئاژاوەی ئاینی بوو لە نێو پێکهاتەکانی کرماشانی پایتەختی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام مامۆستا ڕەبیعی ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ئاشتەواویی ناو شارو پاریزگاکە، وهەمیشە هاندەری خەڵک بوو، کە وەک کورد هەوڵبدەن ڕێز لە پێکهاتەکانی شارەکە بگرن، و جیاوازی ئاینی نابێت بە چاوێکی دوژمنانەوە لێکدانەوەی بۆ بکرێت. زۆربەی کەسایەتییە یارسانی و شیعە مەزهەبەکانی ناو کرماشان، شایەتی بۆ ئەو هەڵویستە ئاشتیخوازانەو کوردانەی شەهید ڕەبیعی دەدەن.
کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ساڵەوە لە بەرنامەی تێرورکردنی کەسایەتییە نەیارەکانی خۆی کۆڵی نەدابوو، مەلا موحەممەد ڕەبیعیش یەکێک لەو کەسانە بوو، کە لە بەرنامەی کاری دەزگای سیخوریەکانی ئیتلاعات بووە. بە داخەوە لە ٢/١٢/١٩٩٦ بە کردەوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەر دەرکی ماڵەکەی خۆی تێرۆرکرا. ویستیشیان هەر بە شێوەی ترورکردنەکە گوومان بخەنە نێوان شیعەو سوونەکانی کرماشان و بەگژ یەکیاندا بدەن، بەڵام خۆشبەختانە خەڵکەکە زۆر زوو لەو بیرۆکە ڕەشەی رێژیم تێگەیشتن، و ڕاپەڕینەکان لە زۆربەی شارەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە دژی ڕێژیم دەستی پێکرد.

لە پاش تێرۆکردنەکەی ڕاپەڕینی سەدانهەزار کەسیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد،  لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک جوانڕۆ، کرماشان، کامیاران، ڕوانسەر بەڕێوەچوو. لەو ڕاپەڕینە نزیک بە ١٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهیدکرا، هەروەها بە دەیانکەس لە مۆرەکانی رێژیم بە دەست خەڵک کوژران و بریندارکران.
بە سەدان کەسایتی کوردیش ڕاپێچی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کران، و هەروەها سەدان لاوی دیکەش بە ناچاری پەڕیوەی هەندەران بوون.
ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی پاش شەهید بوونەکەی سەلماندی کە مامۆستا ڕەبیعی تەنیا کەسایەتییەکی ئاینی نەبووە، بگرە لە ڕێگەی ئایینەکەشییەوە گەورەترین خزمەتی بە ڕێبازی کوردایەتی و ئەدەب و فەرهەنگی کوردی ، و ئاشتی و تەبایی کردووە.

هەر لە پاش شەهیدبوونەکەشی ئاشکرا بوو، کە ماڵەکەی شوێنی داڵدەدانی کوردانی شۆرشگێر و هەڵاتووی دەستی زوڵم و ستەم بوون، بەردەوامیش یارمەتی دەری شۆڕشەکانی پێشوو تازەی کورد بووە.

دوا ووتە:
لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەو بڵێم کە کوردستانە لە ئێستاو داهاتووشدا: ڕەبیعی نموونەکانی زۆر دەبن، و گرنگە لە توانایی و پێگەی کەسانی لێهاتوو خۆشەویستی ناو خەڵک ڕێز بگرین، و کەڵک لە تاناو زاناییەکانیان وەرگیرێت، لە پێناو پەرەسەندنی ئاشتی و ئارامی و سەربەخۆیی بۆ گەلەکەمان، نەک پێچەوانەکەی دژایەتیان بکرێت، بە ناچاری یا پەڕێوەی هەندەران بن، یا دوژمن ونەیاران باوەشیان بۆ بکەنەوە و بەرەو لای خۆیان ڕایانکێشن. با لە ئەزموونە هەڵەکانی پێشوومان کەڵکوەرگرین، و بزانین چۆن باڵانسی نەتەوەیی لە نێۆکۆمەڵگەی خۆماندا ڕێکدخەین.




ڤیدۆیی  یوتوب:
لە ڕێگەی ئەم لینکەی یوتوبەوە، بینەری ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی مامۆستا ڕەبیعی بن، کە دەیانهەزار کەس بەشدارن، سەرەڕای ئەوەی کە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەوروبەری گۆڕستانەکەیان بە هێزی سەرکوپکەر تەنیوە.
https://www.youtube.com/watch?v=AM9HTPjdbq8
ڕێکه‌و 2020-04-02 17:02:31
به‌شی ( مقالات مختلط )