کوردستانی پاش کۆرۆنا. نووسینی عارف باوەجانی.

 

کوردستانی پاش کۆرۆنا. نووسینی عارف باوەجانی.





دەستپێکی بابەتەکە:
ئەو دۆزەی کە ئێستا جیهانی سەرقاڵ کردووە، و تا ڕادەیەکیش دیارە کە گورزێکی گەورەی بە ئابووری زۆر لە وڵاتانی زلهێزو هەروەها وڵاتانی داگیرکەری کوردستان وەشاندووە.
لە بەر ئەوەش ڕووداوەکە گشتگیرە، هیچ وڵاتێک بە سەر وڵاتێکی دیکەدا پۆزی سیاسی و ئابووری لێنادات. کەوابێت دەکرێت بە سەدەی کۆڤید١٩ی کۆرۆنا، یا شەڕی سێیەمی جیهانی کۆرۆنا،  ناوی ببەین. لە بەر ئەوەی کردەوە و دەورەکانیان لە یەک نزیکن.
هەمان کاریگەری هەر یەک لە: شەڕەکانی یەکەم و دووەمی جیهانی هەیە و دەیبێت.
چوون لە ئاست تووشبوونی مرۆڤەکان بەو ڤایرۆسە مەترسیدارە، تا ئێستا خەریکە بەرەو٢میلیۆن هەڵدکشێێت، مردنیش بەرەو گەیشتن بە چارەکە ملوێن شەپۆل دەدات.
ڕاستە کە ژمارەی مردنی مرۆڤەکان ناگاتە ئەو ژمارەی کە لە شەرەکانی یەکەم و دووەمدا هەبووە، بەڵام زیانەکانی ئابووری بەشەری و مرۆیی، و زیادبوونی ژمارەی بێکاری و برسێتی، دەچێتە ئەو ئاستەوە کە وەک شەری سێیەمی جیهانی چاوی لێ بکرێت، و گۆڕانکاری بە شوێندابێت. بە دڵنیاییشەوە لە پاش چارەسەری ئەو نەخۆشییە، گۆڕانکارییەکی زۆر بە شوێن خویدا دێنێت. هەر وەک چۆن لە مێژووی شەڕەکانی یەکەم و دووەمدا گۆڕانکاری زۆر بە (پۆسەتیڤ و  نیگەتیڤ) چاک وخراپ ڕوویاندا.



ڕۆژهەڵاتی کورستان.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیتمان، کە وڵاتێکی داگیرکەری وەک ئێران، لەم پەتا سەرتاسەرییە کەوتە لیستی یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانی لاوازی بەرگری جیهانەوە، پێچەوانەی ئەوەی کە هەمێشە پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە لە بواری پزشکی و کەسانی بە تواناوە لە پێشەوەن، بەڵام نەیانتوانی لەگەڵ ئەم پێشهاتە تا ڕادەیەکی مامناوەندیش خۆیان بپارێزن.  ئابڕووچوونێکی زۆر بەرچاوی دیکەیان بە سەردا هات ، وەک وڵاتێکی خاوەن نەوت و چەک و ئاژاوە و فیتنەی دونیا، وا دەبینرێت لە نەخۆشخانەکان چی کارەساتێکە، ئەوەندە دەسکێشی و دەمامکی نییە کە تەنانەت پزشک و پەرەستارەکان بە کاری بێنن، بێجگە لە ملوێنان خەڵک لەو پێداویستییە سەرەتاییە بێبەشن. بەڵام بە پێچەوانەوە کۆگاکانیان پڕن لە تەقەمەنی سووتەمنی بۆ کووشتنی مرۆڤ و تێکدانی ژینگەو ئاشتی و ئارامی.


دەبینین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ئان و ساتەدا لە هەموو کات زیاتر بێنازە، و لە هەموو پێداویستییەکی بەرگری لە لایەن دەسەڵاتی داگیرکەرەوە بێبەشە.
ئەو تۆزە هاوکاریی و پێداویستییانەی وەک پشاندنی کۆڵان و دووکانەکان، و دابەشکردنی دەسکیش و دەمامک، لە لایەن کەسانی خێرخوازو خۆاپێداوی خودی کوردیدا، بە سەر خەڵکدا دابەشدەکرێت.  ئەوەش بەڵگەیەکی دیکەی ژیانی بندەستیە لە کاتی تەنگانەدا.

باشوور.
 ئەو بەشەی کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ وە تا ٢٠٠٣ بە دەسەڵاتدارێتییەکی پڕ لە هەوراز و نشێودا،لە بوارەکانی ئابوری و ناکۆکی سیاسی و شەری ناوخۆیی، هەرچۆن بێت بە بێ حوکمی داگیرکەر ئیدارەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەکرد. لە ٢٠٠٣ بۆ سەرەوەش باشووری کوردستان کەوتە قۆناغێکی دیکەوە، و تا ڕادەیەکی باشتر لە زۆر بواردا بووژانەوەی بە خۆییەوە بینی.  ئەوەش وایکرد کە بوو بە هەرێمێکی ناسراو لە ئاست زۆربەی وڵاتە خاوەن بڕیارەکانی جیهاندا. لە ئێستاشدا کە جیهان لەگەڵ ئەو پەتا بەڵایە ڕووبەڕوویە، ئێراقیش وەک یەکێک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گیرۆدەی ئەم ڤایرۆسە بووە.
بەڵام ئێراق لەوەتی دروستبووە لە ساڵی ١٩٢٠ بۆ سەرەوە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بەردەوام لە نێو پەتای شەڕ وئاژاوەدا ژیاوە. لەم کاتەدا کە زۆر گرنگە حکومەتەکەی ئاگای لە خەڵکەکەی بێت. بەڵام لە ئێستادا ئێراق لە بۆشایی سەرۆکوەزیرانی تێپەڕدەکات، بووەتە پاشاگەردانی و کەس بە کەس نییە. لە پاش هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ تا ئێستا ئێراق ٣ سەرکوەزیری گۆڕیوە، ئەڵبەت ٢ دانەیان ڕاسپێردرابوون و بەڵام دوایی ماوەیەک پاڵیان پێوەنرا. وا وێدەجێت تا هەڵبژاردنی داهاتووی ٢٠٢٢ژمارەیان نزیک بە نیم دەرزەن سەرۆکوەزیر ببێتەوە.
دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان، نەیهێشتووە بکەوێتە نێو ئەو گێژاوەی ئیراقەوە، هەموو بە چاوی خۆمان دەبینین، کە خزمەتگووزارییەکانیان لەم کاتە پیوسیتەدا چەندە لە ئاستێکی تا ڕادەیەک باشدایە، و شیاوی بەراورد نییە نە لەگەڵ بەغدا، و نە لەگەڵ وڵاتانی دیکەی داگیرکەری کوردستان. ئەوەش نموونەی سەربەستیی و سەروەرییە، و دەیسەلمێنێت کە بە هەموو کەموکوڕییەکی ئابووری و سیاسیشەوە، ئەگەر سەربەخۆبیت، لە داگیرکەر باشتر نەبیت خراپتر نابیت بۆ نیشتیمانەکەی خۆت. باشووری کوردستان لەم قۆناغە دژوارەی جیهاندا شانازییەکی باشی بۆ خەڵک و گەلەکەی خۆی تۆمارکرد.



باکوور.
وەک دەبینین کە  حکومەتەکەی ئەردووغانیش، کە باش لە سەدانساڵەی ئیمپراتۆری و گەورەیی خۆیان لە مێژوودا دەکەن، بەڵام نەیانتوانی زیرەکییەکی واپێشانی خەڵکەکەی خۆیان یا باکووری کوردستان بدەن کە تۆزقاڵێک دڵخۆشی تێدا هەبێت.
وەک ئامارەکان باسی دەکەن، بە پێی بەراوردی سەرژمێری دانیشتووانی ناوچەکە، ژمارەی تووشبوانی باکووری کوردستان لە بەراورد بە شارەکانی دیکەی تورکیا زیاترە. پێڕاگەیشتنی حکومەتی تورکیا بۆ ئەو بەشەش وەک پێویست نییە. بەداخەوە کە گەلی قارەمانی باکووری وڵاتمان ئەوانیش لە دۆخێکی نا لەباردان.


 

ڕۆژئاوا.
دیارە دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەم لە ڕۆژئاوای وڵاتمان، و هەم لە سوریای داگیرکەر درەنگ تر لە زۆر وڵات بە دەرکەوت، بەڵام ئیستا ڕۆژانە ژمارەکانی بەرەو زیاد بوون دەڕوات.
وڵاتی سوریا خۆی نزیک بە دەساڵە لە نێوشەڕێکی دەیان گرووپی جیاوازدایە، بۆ ئەو خەڵکە ستەمدیدەی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمێکی پەروەردەکراوی ئیرانی، لەوانەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەندە بە مەترسی نەزانن، چوون ئەوان ڕۆژانە مەرگ وئاگر دەبینن، لانیکەم٣٥% خەڵکیان وڵاتەکەیان بە جیهێشتووە، و هەموو پەڕیوەی وڵاتانی جیهانن، و بە دەیان و سەدان هەزار کەسیش ماڵوێران و کووژراو بریندارن. ئیتر دەبێت وڵاتێکی وا چی خەیرێکی بۆ کوردی بندەست هەبێت؟
هێندێک لە ناوچەکانی بەشی ڕۆژئاواش کە دەیانساڵە وەک خۆسەری ڕۆژائاوا بە شێوەی نیمچە سەربەخۆیی ئیدارە دەکرێت. لەم ساتەدا زیاتر پێویستی بە هاوکاری مرۆیی و پزشکییە، بەڵام مخابن لە لایەن هەردوو حکومەتی داگیرکەری تورکیا و سوریا بە تووندی گەمارۆیان لە سەرە.


 

ئاکام گیری لە باسەکە:
کەوابێت لەم پەتا جیهانییە وەک سەدانجاری دیکەی پێشووتر بۆمان ڕوونبووەوە کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، هەرگیز خەمخۆری گەلەکەمان نەبوون و نابن. دەبێت کورد ئیتر بیر لەوە بکاتە، کە پاش لەو هەموو بە سەرهاتانەی مێژوو چۆن چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ خۆی ببینێتەوە.

کورد لە جیهانی پاش کۆرۆنا:
باشترین بەڵگە بۆ گۆڕانکارییەکانی پاش رووداوەکانی جیهانی، بە کورتی بەو شیوە بووە.
ژمارەی وڵاتان لە پێش شەری یەکەمی جیهانی تەنیا ٨٩ وڵات بوون، 
هەروەها ژمارەی وڵاتانی پێش شەری دووەمی جیهانی ١١٧ وڵات بووە.
بەڵام لە پاش شەڕی دووەمی جیهانەوە تا ئێستا وەک ٢٠٢٠ ژمارەی وڵاتانی جیهانی گەیشتووەتە   ٢٠٦ کە تێیاندا ١٩٣ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە فەرمی دانی پێدا نراوە. هەروەها ئەوانی دیکەش، وەک دەوڵەتی کێشە لە سەر لە ژێر چاودێریدان، شوێن و کورسی خۆیان لە هەیە، لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک چاودێر بەشدارییان پێدەکرێت.



ئەی کورد و کوردستان؟
پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا لە پاش ئەم دۆخەی کۆرۆنا  ژمارەی وڵاتانی جیهان زیاد دەکات یا کەم دەبێت. ئایا لاوازی ئابووری داگیرکەرانی کوردستان. یارمەتیدەر یا ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی گەلی کوردیش بخرێتە نێو خشتەی بۆشاییە پێشهاتەکانی جیهان، و ببێت بە وڵاتێکی نوێی پڕکەرەوەی قووژبنێکی بچووکی چٶلکراوی سەردەمی پاش کۆرۆنا.
ئەمەش بێگوومان باس و لێکدانەوەیەکی زۆری دەوێت.
من بۆخۆم پێموایە، ئەگەر کوردستانیان لە هەموو بەشەکاندا، سیاسییانە، لێزانانە، سەردەمیانە، بتوانن لە ڕێگەی نەوت و گازی سەدانساڵ دزراومان، لۆبیگەرییەکی باش لە ئاست وڵاتانی زلهێز  بکەن. لەم جیهانە نۆییەدا بۆ هەمیشە کوردستان لە بندەستی ڕزگار دکەن.
لە کۆتاییدا هیواخوازم کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی بەشەکانی کوردستان، خۆیان بۆ ئەم جیهانە نۆییە ئامادە بکەن، و خوێندنەوەی ورد و زانستی لە سەر بکەن.



١٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی. ٧ / ٤ / ٢٠٢٠ زاینی.
ڕێکه‌و 2020-04-07 19:00:53
به‌شی ( سیاسی )