شەڕی ناوخۆیی و زیانەکانی بۆ نەتەوەیەکی بندەست. نووسینی عارف باوەجانی

 

شەڕی ناوخۆیی و زیانەکانی بۆ نەتەوەیەکی بندەست. نووسینی عارف باوەجانی

پێناسەیەکی مێژووی شەڕی ناوخۆیی.



 شەڕی ناوخۆیی بەو جۆرە شەڕە دەگووترێت، کە لە ناوخۆی وڵاتەکە یا کۆمەڵگاکە ڕووبە ڕووی یەکتر ببنەوەو لەیەک بکووژن. واتە شەڕی گرووپێک یا لایەنێک بەرامبەرە بە لایەنی دیکە هەر لە ناوخۆی جۆغرافیا و شوێنی ژیانیان لە ناو وڵاتەکە. جا چی شەڕەکە ئاینی بێت، سیاسی بێت، یا هۆز و تایفەو ڕەگەزی بێت، جا لە سەر دەسەڵات بێت یا لە سەر هێز و دابەشکردنی ئەرز وسنووری ناوخۆیی. 

هەموو شەڕە ناوخۆییەکانی مێژوو، کە لە سەدەکانی سەرەتاییەوە تا ئێستا درێژەی هەیە، لە کۆی هەموویدا لێکۆڵینەوەی بۆکراوە، لە ئاکامدا دەرکەوتووە کە زیانەکانی شەڕەکە بۆ پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگاکان، لە بوارەکانی هەستی نەتەوەیی،  ئابوری، ئاوەدانی،  ژینگەیی، ژیان وپێوەندی کۆمەڵایەتی ولەشساغی، و جێمانی کۆمەڵگا لە زانست و پێشکەوتن، تەپینی ژیانی ئابوری و دەروونی تاکی و خێزانی، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ئیداری، و زیادبوونی دزی وجەردەیی و  لەشفرۆشی. دزەکردنی دەزگاکانی سیخوڕی و فیتنەیی وڵاتانی دراوسێ لە ناو وڵاتەکە. کڕێنی مرۆڤە برسییەکان بۆ بەکارهێنانیان لە مەبەستی مەترسیدار.، زۆر بواری دیکەش.

شەڕی ناوخۆیی لە جیهان
لیستی هێندێک لە شەڕە ناوخۆییەکانی جیهانی لە مێژوودا. لەم لیستە مەبەستیان لە شۆرش و ئینقلابەکان نیە، کە بە ڕووخانی حکومەتێک و هاتنی حکومەتی دیکە، ئەمە تەنیا مەبەستی شەری ناوخۆیی هاوخوێنی و هاوڕەگەزەکانی ئەو وڵاتانە ڕوو بە یەکتری.

شەڕی ناوخۆیی کۆڵۆمبیا لە ساڵەکانی 1067-1072

شەڕی ناوخۆیی نەرویج لە ساڵەکانی 1130-1240

شەڕی ناوخۆیی بەریتانیا لە ساڵەکانی1455-1485

شەڕی ناوخۆیی یابان لە ساڵەکانی1467-1477

شەڕی ناوخۆیی ئاینیی فەرانسە لە ساڵەکانی 1562-1598

شەڕی ناوخۆیی ئەمریکی لە ساڵەکانی 1861-1865

شەڕی ناوخۆیی ڕوسی لە ساڵەکانی1917 -1921

شەڕی ناوخۆیی  فینلەندا لە ساڵەکانی 1918

شەڕی ناوخۆیی  ئیرلەندا لە ساڵەکانی 1922-1923

شەڕی ناوخۆیی سین لە ساڵەکانی 1928-1937, 1945-1949

شەڕی ناوخۆیی  ڤێتنام لە ساڵەکانی 1930-1975

شەڕی ناوخۆیی  ئیسپانیا لە ساڵەکانی ، 1936-1939

شەڕی ناوخۆیی یۆنان  لە ساڵەکانی ، 1946-1949

شەڕی ناوخۆیی  باراگوای لە ساڵی 1947

شەڕی ناوخۆیی کۆستەریکا  لە ساڵەکانی ، 1948

شەڕی ناوخۆیی  کۆریاییەکان لە ساڵەکانی ، 1950-1953

شەڕی ناوخۆیی ئەندەنوزیا  لە ساڵەکانی ، 1965-1966

شەڕی ناوخۆیی  نەیجیریا لە ساڵەکانی ، 1967-1970*

شەڕی ناوخۆیی پاکستان  لە ساڵەکانی ، 1971

شەڕی ناوخۆیی لوبنان  لە ساڵەکانی ، 1975 - 1990

شەڕی ناوخۆیی  موزەمبیقا  لە ساڵەکانی 1975-1992

شەڕی ناوخۆیی سریلانکا  لە ساڵەکانی 1983 - 2009

شەڕی ناوخۆیی  یوغسلافیا لە ساڵەکانی 1991- 2001

شەڕی ناوخۆیی  ئەفغانستان لە ساڵەکانی 1992-2001

شەڕی ناوخۆیی  جەزایر لە ساڵەکانی 1992-2002

شەڕی ناوخۆیی بۆرۆندییە لە ساڵەکانی 1993 - 2005

شەڕی ناوخۆیی نیپاڵی لە ساڵەکانی  1996 - 2006

شەڕی ناوخۆیی ئێراق لە ساڵەکانی2006-2008 و تا ئێستاش پچرپچڕ ڕوو دەدات.

شەڕی ناوخۆیی لە باشووری کوردستان لە ساڵەکانی 1994 تا 1997

شەڕی ناوخۆیی  سوریا لە ساڵی  2011 – تا ئێستاش بەردەوامە

شەڕی ناوخۆیی  لیبیا لە ساڵی ، 2011 تا ئێستاش بەردەوامە

شەڕی ناوخۆیی یەمەنی  لە ساڵی  2015 – تا ئێستاش بەردەوامە.

بەشی زۆری ئەو وڵاتانەی کە شەڕی ناوخۆیی تێاندا روویداوە، ئەزموونێکی باشیان لە زیانەکانی ئەو نەهامەتییە وەرگرت و توانیان لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئارامی بگەرێینەوە بۆ وڵاتەکانیان، بەڵام هێشتا لە زۆربەی وڵاتە عەرەبی وخۆرهەڵاتی ناڤین و ئەفریقییەکان ئەو شەڕانە هەر درێژەی هەیە، لە باتی پێشکەوتن و پەرەسەندن لە وڵاتەکانیان، بە پێچەوانە ژمارەی ئاوارەی ئەو وڵاتانەی کە شەری ناوخۆی لەم ١٠ ساڵ پێشە تێکەوتووە گەیشتووەتە سەرەوەی ١٠ ملۆین وژمارەی کووژراو ملوێنی تێپەڕکردووە. بەڵام زۆربەی ئەو وڵاتانەی سەرەوە بوونەتە نموونەی پێشکەوتن و زلهێزترین وڵاتی جیهان لە زۆر بواردا.

کورد و شەڕی ناوخۆیی بە تایبەت لە باشووری کوردستان.
پێمخۆشە دەسپێکی ئەم بابەتەی کە پێوەندی بە کورد و کورستانەوە هەیە، بەم هەڵبەستەی شاعیری نەتەوەیی و خەمخۆری سەربەخۆیی کوردستان مامۆستا عەبدوڵا پەشێوە دەست پێبکەم کە دەڵێت:
هەر کات مێژوو دەخوێنمەوە
 بە هەر دو دەست چاوم دەگرم
دەڵێم نەکا لە شەرما
لە بەر دەمی دێرێک بمرم
 پەڕەی مێژووی کورد هەروایە
 تا سەیری کەی شەری تیایە
یان زێدی خۆی فرۆشتوە
 یان کورد خودی خۆی کوشتوە .

بەڵێ بە داخەوە مێژووی گەلەەکەمان سەرەڕایی داگیرکراوی لە لایەن وڵاتان و ئیمپراتۆکانی مێژوو لە ناوچەکە، بەردەوام لە کێشەی شەری ناوخۆیی لە نێوان یلایەت و ئیماراتەکانەوە، تا ئاغاو عەشیرەت و دەربەگەکانەوە. دواتریش لە دروستبوونی حیزب و ڕێکخراسی سیاسی، ئەو ناکۆکیانە بە دەستێوەردانی دەزگا سیخووڕییەکانی وڵاتانی داگیرکەر لە سەر خاکی کوردستان درێژەی هەبووە.
بێجگە لەوەی کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەو شەڕی ناوخۆیی هەبووە. زۆربەی حیزبەکان کە لە شاخیشدا بوون، هەمووشیان هێزی پێشمەرگەیان هەبووە، وێرای ئەوەی کە بە هێزەکانیان شەڕی دوژمنان و داگیرکەرانیان کردووە، بەڵام بەداخەوە هەر لە شاخەوە لوولەی چەکەکانیان ڕوو بە یەککردووە و سەدان ڕۆڵەی قارەمانیان لە یەکتر شەهیدکردووە.  کەم حیزب هەیە کە ئەگەر لانیکەم ٢٠ ساڵ پێش درووستبووبێت شەری ناوخۆیی نەکردبێت، یا لەگەڵی نەکرابێت.
ئەگەر وردبینینێک بکەین بۆ درێژایی شەرەناخۆییەکانی کوردستان، بۆمان دەردەکەوێت کە خوێناوی ترین شەڕی ناوخۆیی کوردستان، بە داخەوە  شەڕی باشووری کوردستانە لە نێوان ساڵەکانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٧. کە ماوەی حەفتەکە خەڵکانێک دەهۆڵی هەرڵگیرسانەوەی دووبارەی ئەو شەڕە مەترسیدارە لێدەدەن.
بە شێوەی خوارەوە بە کورتی پێناسەیەکی ئەو شەڕە دەخەینە بەردەستتان، بۆ ئەوەی بزانن کە زیانەکانی چەندە مەترسیدارە.

ڕێکەوتی دەستپێکی شەڕەکە: مانگی مای١٩٩٤لە نێوان پارتی دیمۆکراتیی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، لە سەر خاکی باشووری کوردستان، هەڵگیرسا.
ڕێکەوتی ڕاگرتنی شەڕەکە : نۆڤەمبەری ١٩٩٧بووە.
 رێکەوتننامەی ئاشتی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا  کە لە ١٧ی سەپتەمبەری ١٩٩٨، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەو سەردەمەی ئەمەریکا مادلین ئۆلبرایت، لە نێوان بەڕێزان کاک مەسعود بارزانی و ڕەوانشاد مامجەلال تاڵەبانی واژۆکرا.

بە داخەوە لەو شەڕەدا بەکووژراوی هەردوو لایەن، هەروەها شەهیدبوونی پێشمەرگەی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە لایەن دەزگاموخابەراتییەکانەوە، و بە کووژرانی خەڵکی سیڤیلشەوە گەیشتە زیاد لە ٥٠٠٠ کەس. بەهەزاران کەس کەم ئەندام بوو، بە دەیانهەزاران بنەماڵە لە ژێر دەسەڵاتی هەردوو لایەن ئاوارە بوون. بە دەیانهەزار لاوی کوردی نا ئۆمێد لە ئاکامی ئەو شەڕە، ئاوارەی هەندەران بوون.
برسێت و نەداری بە تەواوی تەنگی بە خەڵک هەڵچنی بوو، لە نەبوونیدا نە دار بە شاخەکانەوەما، نە گیان لەبەرو نە سەوزایی. هەروەها موخابەراتی وڵاتانی ئێران و ئێراق و تورکیا زۆر بە ڕوونی دەستیان لە هەڵگیرسانی ئەو شەڕەدا و بەردەوامبوونیشی هەبووە، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەدان کە تا چەندەیان بۆ بلوێت ئاگری ئەو ناکۆکییە خۆش بکەنەوە.
کە خوێندنەوەیەکی سەرەتاییشی بۆ دەکریت، بۆمان ڕووندەبێتەوە کە هیچ هۆکارێکی وا گرنگ نەبووە کە دەبوایە ئەم شەڕە براکووژییەی بەو هەموو زیانەوە تێدا ڕوویبدایە. دەکرا بە دیالۆگ و ڕێکەوتنی ٢ لایەنە چارەسەر بکرابایەن، هەرچۆن کێشەکان وەک لە پاش ٢٠٠٣ بە ڕێکەوتن و دیالۆگ چارەسەرکراون.
بەهەر حاڵ ئەوەی کە تێپەڕی تازە ناگەرێتەوە، گرنگ ئەوەیە کە کاریك بکەرێت دووپات نەکرێتەوە.


باشووری کوردستان لە پاش ئاشتی ئەو ٢ لایەنە.
 لە پاش ڕاگرتنی شەڕە ناوخۆییەکە، ئیتر ژیانی خەڵک لە شار و گووندەکان تۆزیک بەرەو بووژانەوە هەنگاوی دەنا، تا سەر ئەنجام لە ساڵی ٢٠٠٣ حکومەتی بەعس ڕووخا، بەو نیمچە ئاشتییە کە لە ئارادابوو تا ڕادەیەک کورد توانی لە دەسەڵات و ئابووری ئێراقی نوێ کەڵکی باش وەرگرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان، و نەهێشتنی ئاسەواری ئەو ماڵوێرانییەی کە لەو چەند ساڵەدا ڕوویدابوو.

بە گشتی کوردستان لە نێوان ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ پێشکەوتنێکی زۆر گەورەو بەرچاوی لە بوارەکانی ئاوەدانی، زانستی و ئابوورییەوە بە خۆییەوە بینی، کە سەرنجی زۆربەی کومپانیاکانی جیهانی بۆ خۆی ڕاكێشابوو. نوێنەرایەتی نزیک بە ٤٠ وڵات و ڕێکخراوی گرنگی جیهانی تێداکرایەوە.
بەڵام بەداخەوە لە ٢٠١٤ شەڕی داعشیان بە مەبەستەوە هێنایە سەر خاکی کوردستان، بە ئەمری وڵاتانی دەوروبەر بەغدا بووجەی کوردستانی ڕاگرت،  ترس و دڵڕاوکێیان دیسان خستەوە ناو خەڵکەوە، بەڵام جوون شەرەکە ناوخۆیی نەبوو، کوردستانیان توانیان یەکگرتووانە ئەو دوژمنە بە هێزەش ببەزێنن.
لە پاش ئاکامی ٩٣% دەنگدەری کورد بە بەڵێ بۆ ڕێفراندۆم، دیسانەوە کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کەوتەوە بەر پەلامارێکی دیکەی گەلەکۆمەیی چەند وڵاتی داگیرکەری کوردستان و هاوپەیمانەکانیان.
ئەو ناخۆشیەش کۆتایی هات، و دیسانەوە کوردستان پێی نایەوە قۆناغی ئارامی.



دەهۆڵ لێدانی هیندێک کەس و میدیا لەم سەردەمدا بۆ شەڕی ناوخۆیی.

بەداخەوە دوای ئەو هەموو مێژوو تاڵەی شەری ناوخۆیی و ئەو هەموو دەسکەوتەی سەردەمی ئاشتی، کە چی دیسانەوە حەفتەیەکە گۆیمان لە دەهۆڵ و شەڕی ساردی ڕاگەیاندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەری ناوخۆیی، و هیچ گوومان لەوەدا نییە کە دەستی سیخورەکانی وڵاتانی دەورووبەری تیدایە. حەقوایە ئا لەم ساتەدا هەموو تاکێکی کورد، بە کەسانی مەدەنی و حیزبی وحکوومی و پێشمەرگەوە بە یەکدەنگ دژی ئەو جۆرە بیرۆکەیە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی براکووژی ببنەوە، و هەموو بە یەکدەنگ بلێێن نا بۆ شەڕی براکووژی و ناوخۆیی کوردستان.
دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەم ڕق لە یەکبوونە لە بەرژەوەندی کێدایە، باش بزانین کە ئەم جۆرە هەوڵە مەترسییانە دەبنە هۆکاری ڕووخانی دیواری نەتەوەییمان، و دواتر توواندنەوەی هەستی کوردایەتی گەکەمان.

نا بۆ شەری ناوخۆیی، بەڵێ بۆ ئاشتی و تەبایی لە نێۆ کوردستان بە هەموو پێکهاتەوەو بەشەکانییەوە

٣٠ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ی کوردی. ١٨ / ٤ / ٢٠٢٠

 

 
ڕێکه‌و 2020-04-20 10:04:26
به‌شی ( مقالات )