وتووێژی دەزگای ڕاگەیاندنی قەندیل پرێس، لەگەل سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان،

 

وتووێژی دەزگای ڕاگەیاندنی قەندیل پرێس، لەگەل سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان،





🔷وتووێژ/ سەرۆکی پارتی سه ربه ستی کوردستان: بەداخەوە کارکردن لە سەر بیرۆکەی نەتەوەیی وەک خەباتی سەربەخۆییخوازیی لە کوردستان، چەندە لە لایەن دوژمنان و داگیرکەرانەوە کێشەت بۆ دروستدەبێت، هەروەها لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیش، ئاستەنگی لەو بوارەدا درووست دەبێت



🔹عارف باوەجانی پێ وایه زۆر ئاسایی دەبوو کە ئەگەر یەکێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانێش سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی بکردایە



🔹عارف باوەجانی ده ڵێ ئێمە زۆر دەیبیستین دەڵێن فڵان حیزب داوای یەکڕیزی و تەبایی لەگەڵ لایەنەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی کردووە، بەڵام ئێمە هیچمان نە بە نووسراوە نە دانیشتن بە دەست نەگەیشتووە





قه ندیل پرێس/ پرسی یەکگرتوویی نەتەوەیی و به رێوه بردنی کۆنگرەی نەتەوه یی هێشتا له لایه ن حزبه کانی هه ر چوار پارچه ی کوردستان به چاره سه ر نه کراوی ماوه ته وه. به م بۆنه وه له گه ڵ سه رۆکی پارتی سه ربه ستی کوردستان وتووێژێکمان پێک هێنا تا له روانگه ی پارتی سه ربه ستی له سه ر ئه م پرسه تێبگه یین.





کاک عارف باوه‌جانی له‌ به‌هاری ١٩٧٣له‌ ناوچەی سه‌لاسی باوه‌جانی سه‌ر به‌ پاڕێزگای کرماشان له‌ دایکبووه‌.

له‌ سالی ٢٠٠٣ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆرویژ، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ هه‌ڵده‌بژێردریت.

له‌ ساڵی ٢٠٠٦ ، پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان داده‌مه‌زرێنێت.

له‌ کۆنگره‌ی یه‌که‌می پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستاندا، له‌ ١٣-١١- ٢٠٠٩ ، هەروەها لە کۆنگرەی دووەمیش لە ١٤ / ٢/ ٢٠١٣ لە هەولێر وەک سەرۆکی گشتی هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌.





⭕️ قه ندیل پرێس: هەروەک دەزانین پرسی یەکگرتوویی نەتەوەیی تەمەنێکی بەدرێژایی مێژووی شارستانییەت هەیە لەم ناوچەیە, بەتایبەت لەسەردەمی مۆدێڕندا بە پێکهاتنی پارت و نەتەوە – دەوڵەتەکان، پرسێک کە هەردەم و لەهەمووان گرنگترە بەتایبەت لەدۆخی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێک لە قۆناخە ئاڵۆزەکانی خۆی تێدەپەڕێنێت، وەک پرسیاری یەکەم لەبەڕێزتان، بەگشتی چ ئاستەنگێک تائێستا رێگەیان نەداوە کۆنگرەی نەتەوه یی بەڕێوە بچێت؟ ئایا ئەمە راستە کە ناکۆکی نێوان پارتی و پەکەکە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانە بۆ بەڕێوەنەچوونی کۆنگرەی نەتەوەیی؟





🔻عارف باوەجانی : لە وڵامدا دەلێم بەداخەوە کارکردن لە سەر بیرۆکەی نەتەوەیی وەک خەباتی سەربەخۆییخوازیی لە کوردستان، چەندە لە لایەن دوژمنان و داگیرکەرانەوە کێشەت بۆ دروستدەبێت، هەروەها لە لایەن هێزە سیاسییەکانی دیکەی کوردستانیش، کە بۆ خۆیان هەڵگری دروشمی دیکەن ئاستەنگی لەو بوارەدا درووست دەبێت. دەکەویتە بەر پەلاماری پڕووپاگەندەی ناڕاست، هەوڵی شکاندنەوەت دەدرێت.

هەر بۆ نموونە ئاماژە بە نموونەیەک دەکەم، کاتێک کە ئێمە پارتی سەربەستیی کوردستانمان، وەک پارتێکی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند، بێجگە لە پڕووپاگەندەی ڕێژیم و دارودەستەکەی، بە لای دیکەدا کەوتینە بەر هێرش و پەلامارێکی زۆری پڕوپاگەندەیی لایەنێکی خۆرهەڵاتی کوردستان، دوای تێپەڕبوونی ٣ساڵ، ڕۆژێک بە ڕێکەوت لە گەشتێکدا بۆ وڵاتێکی ئورووپایی لەگەڵ بەرپرسێکی دیاری ئەو لایەنە بووین بە هاوسەفەر، لە دوای هەواڵپرسی و تۆزێک باسکردن لە سەر دۆزی کوردستان، ئەویش بە گەرمی هەواڵی کار و پێشکەوتنەکانی پارتەکەمانی پرسی، منیش ناڕاستەخۆ وتم ئەگەر پڕووپاگەندەی هەڵبەسراو بهێڵێت زۆر باشین. ئەویش وتی دەزانم دەڵێی چی، ڕاستە کاتێک کە لایەنێکی تازە بە بیرۆکەیەکی تازەتر درووست دەبێت، حیزبەکانی دیکە هەوڵدەدەن لە نێۆ خەڵکدا بچووکیکەنەوەو نەهێڵین پێ بگرێت، وتم من زیاتر لەلایەنەکەی ئێوە وبە تایبەت نزیکەکانی بەڕێزت زۆر شتم بیستووە، بە پێکەنینەوە وتی ئەوانیش لە خۆیانەوە قسەیان نەکردووە حەتمەن لە سەرەوەی خۆیانەوە ڕێنماییان وەرگرتووە. ئیدی بۆ خۆی دانی بەوەدا نا کە پێیانوانەبووە کە پارتی سەربەستیی لە ماوەیەکی کەمدا ئەو پێشکەوتنانە بە خۆییەوە ببینێت.

لە سەر کۆنگرەی نەتەوەیی، بەڵی مخابن کە ئەوە خاڵێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو، دەبوو لە مێژساڵە لە کوردستاندا پێکبهاتبایە، بەڵام وەک دەیان کێشەی دیکەی مێژوویی، ئەمەش بە هۆی ڕێنکەوتنی ناوخۆیی ماڵی کورد، و ململانەی لایەنەکان لە سەر پۆستەکانی بەڕێوەبەری سەری نەگرت، بەڵام بەو مانایە نییە کە تەواو لە بەین برابێت.

قسە زۆر لەو بوارەوە دەکرێت، هێندێک دەڵێن هۆکاری ڕێنەکەوتنیان لە سەر سەرۆکایەتی کردنەکەی بووە، هێندێکی دیکە بە شێوەی دیکە باسی دەکەن.





بە بۆچوونی من دروستکردنی کۆنگرەیەکی وا زۆر ئاسایی دەبوو کە ئەگەر یەکێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانێش سەرۆکایەتی بکردایە، لەوانەیە زۆر خوێنەر پێی ناخۆش بێت، بەڵام دەمەوێ باسی ئەو ڕاستییە بکەم کە بۆ وا دەڵێم، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا وەک هەرێمیکی تا ڕادەیەک دانپیدانراو ناسراوە، و لە ئاست جیهاندا بوونی هەیەو گوێ بۆ قسەو بۆچوونەکانیان وەردەگیرێت، ئیتر ناوی دەنێین بەرژەوەندی نێودەوڵەتی یا هەرچی دیکە. هەروەک دیتوومانە کە بەرپرسانی ئەو بەشەی کوردستان بە ئاسانی و بێ کێشەی یاسایی ، بە فەرمی هاتووچۆ و سەردانی زۆربەی وڵاتانی جیهانی دەکەن. لە کۆڕوکۆبوونەوە گرنگەکانی نێونەتەوەیی بەشدارییان پێدەکرێت و گوێیان لێ ڕادەگیرێت. کەوابێت ئەوەش باشترین ڕێگەخۆشکەر دەبوو کە پەیامەکانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش بە ئاسانی دەگەیشتە شوێنی مەبەست. دەبوو هەموو لایەکمان بەرژەوەندییەکانی پێشکەوتنی کۆنگرەکەمان هەڵبژاردبایە، نەک چوون من ڕقم لە لایەنێکەو بەو بیانووە کۆسپ درووستبکەم. نەدەبوو لەو بوارەدا ڕکەبەرایەتی بکرابایە، دەبوو ئەوەی لامان گرنگبایە بەڕێوەچوونی کارەکانی کۆنگرە لە ئاست ناوخۆیی و هەروەها لە ئاست جیهانیدا پێش بچووبایە.

بەو هیوایە دووای ئەو هەموو نەهامەتییانەی کەبە تایبەتیش لە ساڵی ٢٠١٣بۆ سەرەوە بەسەر گەلەکەمانداسەریانهەڵداوە، وابکات کە جارێکی دیکە لایەنەکان کۆبوونەوەکانیان بۆ دروستکردنی کۆنگرەی نەتەوەیی دەست پێبکەنەوە.





⭕️قه ندیل پرێس: زۆرێک بڕوایان وایە کە پارتە کوردستانییەکان، ئەوڕۆکە لەنێوان دوو هزر و مۆدێل دا دابه ش بووگن واتە لەنیوان نەتەوە – دەوڵەت و کۆنفدرالیزمی دێمۆکراتیک دا دابەش بوون، بۆچوونتان لەمبارەوە چییە؟ بەڕای ئێوە کام یەک لەم مۆدێلانە لەدۆخی ئێستای نێودەوڵەتی و کوردستاندا رئالیستانەترە و بۆ؟





🔻عارف باوەجانی : وایە ڕاستە، زۆر لە حیزبەکان باوەڕیان بەوەیە کە خەبات بۆ بە دەستهێنانی فیدراڵی لە قۆناغی یەکەم دروستترە، یا هیندێک باوەڕیان بە کۆنفیدراڵی دیمۆکراتیک هەیە، بەڵام بۆ ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان وهێندێک پارتی دیکە، پێمانوایە کە ئەو جۆرە بیانووانە ڕازیکەر نین، لەبەر ئەم هۆیانە.

کاتێک دەگووتریت لە قۆناغی یەکەم، ماناکەی ئەوەیە کە گوایا کوردستان زۆر تازە داگیرکراوە و هەوڵبدەین لە قۆناغی یەکەم نیوەی بە دەست بێنینەوە. کوردستان سەدانساڵە لە رێکەوتنە جیاوازەکاندا لە نێوان وڵاتان و ئیمپراتۆرەکانی ناوچەکان دابەشکراون، با من وەک نموونە باسی ڕۆژهەڵات بکەم، خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەیانساڵە هەیە. یەکەم حیزبی سیاسی کە دامەزرا لە کۆمەڵەی ژێکافەوە و دواتر بوونی بە حیزبی دیمۆکرات، دوای ١٥٢ ڕۆژ بە سەر دامەزراندنیان، و بە هۆی دروستبوونی دۆخێکی گوونجاو لە کاتی تێکچوونی دەسەڵاتی پاشایەتی، توانیان دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان بە دەستبێنن. ئەمە شانازییەکی مێژوویی بوو، بەڵام بە داخەوە بە هۆی پشتتێکردنی دۆستەکانی کۆمار و هێندێک هۆکاری دیکەی ناوخۆییش کۆمار تێکچوو، لەو کاتە بۆ ماوەیەک جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەلات بێدەنگی تێککەوت، ئەمەش زۆر ئاساییەو دووژمن خۆی گرتبووەو ساواک بە هێزتر بوو، بەڵام نەدەبوو لە درووشمی سەربەخۆیی یەکسەر بێینەوە بۆ خودموختاری، دوای دەیانساڵ تۆزێک هەڵکشێینەوە بەرەو فیدراڵی، دەبوو هەر لە پاش کۆمار درووشمەکە سەربەخۆیی بایە، چوون ئەوە مافێکی یاسایی و مرۆییە. جا ئایا چەندەت بە دەست دەهێنا یانە هیچ کاری بەوە نەبوو. ئەوەتە لە داواکردنی خودموختاری سەرکردەکان تێرۆرکران، لە داوای فیدراڵی بارەگاکان کەوتنە بەر مووشەکی مۆدێرنی ئێرانی، ئەی ئەگەر درووشمەکان سەربەخۆیی بایەن، ئایا ئێران بلێی لەوە زیاتر چیان بە سەر لایەنە سیاسییەکاندا بهێنابایە، هەر تێرۆر و مووشەکباران و لە سێدارەدانی هاوبیرانە، سزاکان هەر یەک سزان. کەوابێت بچووککردنەوەی مافەرەواکە هیچ گۆڕانکارییەک لە دوژمن و داگیرکەرەکەت درووست ناکات، هەر بە قسەی داگیرکەران تۆ بە جیاخواز دەزانن.

تۆش پێویستە نەوە بە دوای نەوە بەوە پەروەردە بکەی کە ئێمە خەڵکی ئەم وڵاتانە نین بە ناوی ئێران کە پاشناوەکەیان بۆ داناوە، واتە کوردستان هی کوردە نەک هی ئێران. ئەوانە خاک و زێدی ئێمەیان دیاریکردووە.



نابێت خەباتی ئێمەو خوێندانی ڕۆڵەکانی ئێمە تەنیا بۆ گۆرانکاری لە سیستەمی دەسەڵاتی داگیرکەربێت. باشە ئەگەر تاران و بەغداو ئەنکەرەو دیمەشق دیمۆکراتی بن، بەڵام منی کورد هەر لە بندەستی ئەواندا بم، چی دەردێکی بێ وڵاتی من چارەسەر دەکات. ئێمە نەتەوەیەکی جیاوازین و خاوەنی دۆزێکی تایبەتی نەتەوەییین، نەک کێشەی ئێمە گوایا کێشەیەکی ناوخۆییە لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی داگیرکەردا، یا نازانم هی گرانی وبێکاری و وردە ڕۆتینی دیکەی رۆژانە، ئەمجۆرە بیرکردنەوانە قوورسایی خەباتەکەمان لە ئاست جیهانیشدا دادەبەزێنێت. وڵاتانی دیکەش بە چاوی کێشەیەکی ناوخۆیی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن، و بە پێی یاسای نێودەوڵەتیش هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە کە دەستوەرداتە کاروباری ناوخۆیی وڵاتێکی دیکە. بەڵام کە کێشەکەت نێونەتەوەیی کردەوە و وەک نەتەوەیەکی جیاواز و نیشتیمانداگیرکراو، پەیامەکەی خۆت بە جیهان گەیاند، بێگوومان سیاسەتی نێونەتەوەییش ئاڵوگۆڕی تێدا دروستدەبێت.





⭕️قه ندیل پرێس: رۆلی پارتی سەربەستی تائێستا لەپرسی یەکێتی نەتەویی و بەڕێوەبردنی کۆنگرەی نەتەوەیی چ بووە و چ هەنگاوێکی لەم پێناوەدا هاوێشتووە؟ و پارتی ئێوە کام مۆدێل بۆ ئایندەی کوردستان پێشنیاز دەکەن؟





🔻عارف باوەجانی : پارتی سەربەستیی کوردستان لە ماوەی زیاد لە ١٤ ساڵ بە سەر تەمەنی دامەزراندنیدا بەردەوام پەیامی نەتەوەیی بڵاوکردووەتەوە، هانی لاوانی داوە کە خەبات و تێکۆشان وپەرەوردەییان نەتەوەییانە بێت، هەرگیز خۆیان بە ئیرانی نەزانن و بگرە ئێران دەبێت وەک داگیرکەرێک لە سەر خاکی کوردستان بە دەر نرێت. لەو بوارەشەوە زۆر سەرکەوتنمان بە دەستهێناوە. پێوەندی باشی نێونەتەوەییشمان لە زۆر ئاستدا درووستکردووە. ڕۆژانە بەردەوام هاوبیرانی نەتەوەییمان لە ناوخۆی وڵات پەرەدەستێنن، جینایەتە بەردەوامەکانی داگیرکەران، لە ناو خەڵک و دژ بە پارتە ئێرانیخوازەکانیش، ڕاستییەکانی وتارەکانی ئێمە بۆ خەڵک دەردەخات.

ئێمە بەردەوام هەوڵمانداوەو هەولدەدەین بۆ بەرەوپێشبردنی ڕەوتی نەتەوەیی و درووستبوونی یەکێتی نەتەوەیی لە نێوماڵی کورددا، باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە ئێمە پێوەندی باشمان لەگەڵ لایەنەکانی هەر چوار بەشی داگیرکراوی کوردستاندا هەیە، و لە دیدارەکان لەگەڵیان یەکەم داوامان ئەوەیە کە یەکڕیزی لە ماڵی کورد درووست بکرێت.





⭕️قه ندیل پرێس: ئەم دوایانە بینیمان کە پەژاک بەتوندی لەراگەیاندنەکانیدا باسی یەکگرتن لەگەڵ پارتەکانی دیکە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا پەژاکیان وەک پارتێکی سەربەخۆ پەسەند نییە و بە فەرمی نایناسن بەڵام لە قسەکانی سیامەند موعینی دا هاوکات خوازیاری یەکگرتنە، هێرشە رژدەکان لەسەر پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبینین کە بۆ نموونە ئەوان ئەو پارتانە بە کلاسیک پێناسە دەکەن کە توانای چارەسەری پرسی کوردیان نییە و بوونەتە ئامرازی دەستی سیستمی سەرمایەداری و بەجۆرێک چاوەڕوانن ئەمریکا دەستێوەردان بکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری و تووشی ژیانی کەمپ نشینی بوون، بەڕای ئێوە ئەم ناکۆکیانە لەهەڵوێستی پەژاک لەچیوە سەرچاوە دەگرێت؟





🔻عارف باوەجانی : ئێمە زۆر دەیبیستین دەڵێن فڵان حیزب داوای یەکڕیزی و تەبایی لەگەڵ لایەنەکانی خۆرهەڵاتی کوردستانی کردووە، بەڵام ئێمە هیچمان نە بە نووسراوە نە دانیشتن بە دەست نەگەیشتووە، ئێمە لە سەر پرۆژەیەک کار دەکەین، کە بە فەرمی داوامان لێبکرێت، نەک ئەوەی لە ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسدەکرێت. بە داخەوە لە سەردەمی درووستبوونی پژاکەوە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت جۆرە کێشەیەک لە نێوان زۆربەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە. ئەو لایەنانە پێیانوایە کە پژاک سەربەخۆ نییە و لقی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێکاکایە، منیش هەر پێموایە کە پژاک زۆر لە پێکاکاوە نزیکە، بەڵام ئایا ئەو نزیکییەی پژاک لە پێکاکا بۆ دەبێت بە خراپ سەیری کرێت. ڕاستە کە ئەوان خەت و سیاسەت لە پێکاکا وەردەگرن، جا کەوابێت تۆی لایەنەی بەرامبەر لە هەربوارێکدا پێت باش بوو لەگەڵی دۆست بەو کار بکە، لە هەر بوارێکدا پێت گوونجاو نەبوو لەگەڵی ڕێمەکەوە، وەک پیوەندی سیاسی دەتوانرێت تا چوارچێوەیەکی دیاریکراودا، کە ئێستا هەموومان لە قۆناغی خەباتێ ڕزگاریخوازیداین پێوەندییەکە هەبێت. ئەگەر ڕەخنەو گلێیش هەبێت باشترە دۆستانەو بە دیداری یەکتر باسبکرێت، با هیچ حیزبێک لە خەباتدا، هی دیکە کەم نەبینێت، با دەنگدەر و شەقامی کوردی ئەو توانایی و پڕ جەماورەییەی حیزبەکان دیاریبکەن.





⭕️قه ندیل پرێس: وەک پرسیاری کۆتایی لەبەڕێزتان، لەهەفتەی رابردوودا مستەفا سەلیمی لەئێران لەسێدارە درا، هەموو هێرشەکان لەپلەی یەکەمدا یەکێتی کردە ئامانج و لەپلەی دووەم حدک و حدکا بوون بە نیشانە، لەلایەکی دیکەوە هاوسەرۆکی پەژاک لەدیمانە لەگەڵ کەناڵی ئێن ئار تی ناڕاستەوخۆ عەلی جەوانمەردی و پارتی تاوانبار کرد کە بە ئارمانجی سیاسی و ئەمنییەتی و بە دیاریکراو ئەم کارەیان کردووە، رای ئێوە لەمبارەو چییە؟





🔻عارف باوەجانی: سەرهەڵدانی ئەو جۆرە ئاڵۆزیانە لە پلەی یەکەمدا دووژمن کەڵک وەردەگرێت، بۆیە هەرگیز بەو شەڕە ڕاگەیاندن و یەکتر تاوانبارکردنە دڵخۆش نیم و خۆمی تێدا نابینمەوە، و بە گەورەترین زیانی دەبینم بەرامبەر بە یەکێتی نەتەوەیی. دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەر کەسێک ئەگەر وەک تاک بووبێت یا وەک لایەنێکی سیاسی بووبێت، کاک موستەفا سەلیمی ڕادەستی ڕێژێمێکی دڕندەو مرۆڤکووژی وەک ئێرانی دایەوە، هەرگیز نە مێژوو لێیان خۆش دەببێت، نە جەماوەرو رێکخستنەکانی خۆیانیش. ئەوەی کە من زۆر ناڕەحات دەکات، درووستکردنی ئاڵۆزییە لە نیو باشوور و ڕۆژهەڵات و شارچێتی و ئەم جۆرە شتە بێ مانانە.

هیواخوازم لەم جۆرە کارەساتانە کە لە مێژوودا هەبووەو بە داخەوەش درێژەی دەبێت، هەرگیز ڕێگە نەدرێت یەکڕیزی ماڵی کورد تێک بدرێت، دوژمنان کەڵکی ڕاگەیاندن و مەبەستداری لێوەرگرن.




https://t.me/QENDILPRESS  

 
ڕێکه‌و 2020-04-20 10:10:19
به‌شی ( مصاحبه‌ها )