ئایا ئەرکی تۆی وڵاتداگیرکراو، خەباتی نەتەوایەتیە، یا چینایەتیە؟ نووسینی عارف باوەجانی

 

ئایا ئەرکی تۆی وڵاتداگیرکراو، خەباتی نەتەوایەتیە، یا چینایەتیە؟
نووسینی عارف باوەجانی.



دەستپێک:باسکردن و شیکردنەوەی ئەم٢چەمکەش بابەتێکی زۆر قووڵە، و بە هەزاران پەرتووکیان بەزمانەکانی جیاوازی جیهانی لە سەر نووسراوە، من وەک زۆربەی کورتە نووسینەکانی دیکەم وەک ئەرکێکی نەتەوەییم، دەمەوێت بە کورتی و سەرپێیانە زانیارییەک بخەمە بەر دەستی خوێنەرانی کوردی زمان، جا ئیدی بە دڵیانە یانە، وایە یا وانییە، هەر کەس ئازادە چۆن لێکۆڵینەوەی لە سەر دەکات.
زۆرم لام مەبەستە ئەوە بلێم کە هیواخوازم هیچ خوشک وبرایەکی کوردی بیرچەپم، هەڵە لێم تێنەگەن، مەبەستم لەم باسە هیچ بێڕێزییەک بە خەبات و ڕابووردوی ئەوان نییە. سەری ڕێزی ونوازش بۆ گشت شەهیدانی بیرچەپی کورد، کە لە پێناو ڕزگاریی و مافەکانی گەلی کورد و کوردستاندا گیانیان بەخشی، نەوی دەکەم. بە کورتی لەم نووسینەدا تەنیا مەبەستم ئاماژەکردنە بەوەی، کە چۆن لە ڕێگەی ئایدلۆژیای(هەستجووڵێنەرەوە) کەڵک لە تواناوغیرەت وزانایی کوردەکان، لە مێژووی کۆن و نوێدا وەرگیراوە، یا بە شێوەیەک کەوتوونەتە نێو قەفەسی لە خشتە براوی نەتەوەی حاکم لە درێژایی مێژوودا.
چەپە خوێنەوارەکانی بە ڕەچەڵەک خەڵکی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، زۆر زیرەکانە و بە فرت و فێڵكی چەپگەراییانە، واتە گورگی لە پێستی مەڕدا، وایان بە گۆی خەباتکار و ئازادیخوازنی کوردا خوێندووە. کە ئەگەر لە چوارچێوەی خەباتی چینایەتی پێکەوە کار بکەین بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی حاکم، کە سەرۆکی دەسەڵاتەکەش هاوزمان و هاوڕەگزی خۆیانە، بە بیانووی ئەوەی کە گوایا ئەم ڕێژیمە یا ڕێژیمانە، سەرمایەدار و کاپیتاڵیزمن و بەکارهێنانی زۆر دەستەواژەی کۆمۆنیستی و چەپانەی دیکە. بەڵام ئەگەر حکومەتی کۆمۆنیستی یا سوسیالیستی بێتە سەر دەسەڵات، ئەوا مافی تۆی کوردیش پارێزراو دەبێت. کابرای فارس و عەرەب و تورکی چەپ، لەم ڕێگەوە ٢ مەبەستی سەرەکی پێکاوە،
یەکەم: بە قەوڵی خۆی وڵاتەکەی لە دابەشبوون پاراستووە،
دووەم:  زمانەکەی بە فەرمی وەک زمانی وڵاتەکە هێشتووەتەوە.

کاکە یا خوشکە کوردەکەی من، گوومان لەوەدا نییە کە بەرێزتان لە پلەی یەکەمدا، بە نێتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمانەی کە زوڵم لە گەلی کورد دەکەن، هاتووەتە نێو دونیای خەبات و سیاسەتەوە. بەڵام بە داخەوە و بە بێ ئەوەی بە خوی بزانێت، فێڵت لێکراوە,  لە ڕەوتە درووستەکەت کە خەباتە بۆ ڕزگاری یەکجاریی گەلەکەت،  دوورخراویتەوە.



خەباتی چینایەتی چییەو کەی پێویستە بکرێت ؟

خەباتی چینایەتی، ئەگەر زۆر ڕوونتر شیکەینەوەو بەراوردی بکەین بە هێندێک دەستەواژۆی کوردانە، دەکرێت بڵین مانای ئەوەیە کە لە نێو هەمان وڵاتدا، یا لە نێو هەمان کۆمەڵگادا، چینی دەوڵەمەند هەیە، غەدر لە چینی هەژار دەکات، یا چینی سپی و سوورپیس هەیە غەدر لە ڕەش پێس دەکات، یا پێچەوانەکەی.
بە دیدێکی دیکە تەماشای بکەین ئاماژە بە پێشێلکاری لە مافی ئافرەت، یا جیاوازی و ڕەگەزپەرەستی ئاینی، بەرامبەریی کۆمەڵایەتی(عەداڵەت) ، ژینگەپارێزی، یا مافی هەر پێکهاتەیەکی دیکەی ناو وڵاتەکە پێشێل بکرێت، ئیتر بەو جۆرە بەڕەنگار بوونەوە بۆ ڕاگرتنی باڵانسی تەواوی لایەن و ئەتنیکی بەرامبەر، دەگووترێت خەباتی چینایەتی.

ئەو خەباتە لە مێژووەکانی دێریندا زۆرجار بە چەک و شەڕی پارتیزانی کراوە. بەڵام لەم سەردەمانەی کۆتایی سەدەی بیستەم و دەسپێکی سەدەی بیستوویەکەم، جۆری خەباتەکە گۆڕاوە بە خەباتی مەدەنی، وەک مانگرتن و خۆپێشاندان و دەیان شێوە لە خەباتی چالاکی مەدەنی. ئەو کەسانەی کە تێزەکانی مارکس ولینینیان خوێندووەتەوە، دەگەنە ئەو ڕاستییە کە زۆربەی هەرە زۆری ناوەڕۆکی باسەکە لەو بازنانەدا دەخولێتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد. من پێموایە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەو جۆرە خەباتە لە نێوخۆی زۆربەی وڵاتانی جیهان پێویستە هەبێت، و چوون جیاوازییەکان لە گشت بوارێکدا هەر بەردەوامە، کە لە سەرەوەی هەموویان هەژاری وبێکاری لە نێو زۆر وڵاتدا زیاتر لە جاران پەرەی سەندووە.

کەوابێت خەبات و چالاکی تۆی وڵاتداگیرکراوی کورد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتێکی داگیرکەر و هێرشبەر بۆ سەر وڵاتەکەت، ناکرێت بە خەباتی چینایەتی ئەژمار بکرێت، ئەوە خەباتی نەتەوایەتییەوە، ئەوە ئەرکە لە سەر کەسی وڵاتداگیرکراو، لە بەرامبەر بە داگیرکەرەکە.

بابەتێکم لە یەکێک لە پەیجەکانی فایسبووکی بەرچاوم کەوت، کە وتارێکی مەنسور حیکەمتی تێدا بڵاوکرابووەوە، لەو وتارەدا هەر خودی مەنسور حکمەت، کە بە لینین و مارکسی دووەم لە ئێران و ناوچەکە ناوبانگی دەرکردووە، لە سیمیناری یەکەمی دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە مانگی مارس١٩٨٩ لەندەن.  لەو وتارەدا بە تووندی ڕەخنە لەوە دەگرێت کە نابێت ناوەڕۆکی ئەو چەمکە مەبەستی خەباتی چینایەتییە بگۆڕدرێت. کە کۆپی ڕستەکە وەک خۆی دەخەمە بەردەستتان، دەلێت: خەباتی چینایەتی گۆڕاوە بۆ مەقولەیەکی عەجیب و غەریب و ئەفسانەیی. لە تیۆری بەشێک لە ڕەوتەکانا خەباتی چینایەتی وەکو دیاردەیەکی ئایدیاڵیستی وێنە دەکرێ.
ببینن لێرەدا بە زەقی ئاماژە بەوە دەکات، کە نابێت ئەو خەباتە ئایدیاڵیستی ناوببرێت، کەچی جاروبار هێندیک فەریکە چەپی کوردی پێچەوانەی دەکەنەوە.
یا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە ڕوونتر ڕەخنە دەگرێت لەوەی کە بۆ بە خەباتی دژی ئیمپرالیزم و داگیرکەر دەلێن خەباتی چینایەتی. دەقی قسەکانی وەک خۆی: خەباتی چینایەتی ئەوەیە کە کرێکار لە بۆتەی ئەو خەباتەدا و لە پێشەوە بزانێ کە ئامانجی کۆتاییەکەی کامەیە، دەیەوێ چ جۆرە کۆمەڵگەیەک دامەزرێنێ و دەبێ کام ناوی لەسەر بێ. بەڵام ئەگەر بڕیار بێ خەباتی چینایەتی ئەمە بێ، مارکس هیچکات نەیدەتوانی بڵێ ئەمە (خەباتی چینایەتی) داینەمۆی جووڵانی مێژووە. یاخود لەبارەی خەباتی خەڵک دژی ئیمپریالیزم، خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی و لە دژی هەڵاواردنی نەژادی یان داگیرکاری خارجی و..تد وەکو قەڵەمڕەو گەلێک قسەیان لێوە دەکرێ، کە گوایا جێگای خەباتی چینایەتییان گرتۆتەوە. هەندێ تەسەور دەکەن خەباتی چینایەتی بە شێوەی ڕەها لە هەندێ دەورەی تایبەت و بە مەرجی جێبەجێ بوونی پێداویستی عەقیدەیی و سیاسی و حزبیی دیاریکراوەوە دەکەوێتە ڕێ. ئەم جۆرە تەوزیحانە بە تەواوی چاودێرە بەسەرنکووڵی کردن لە وجودی خەباتێکی چینایەتی دائمی لە کۆمەڵگەیا لە نێوان چینە ئەسڵییەکانا

ئەو هەموو ڕاستییانە ئەوەمان پێدەڵێت، کە تۆ کاتێک نیشتیمانەکەت بە تەواوی پێکهاتەو ڕەنگ وئاین و مێژوو کولتورێکیەوە دەستی بە سەرداگیراوە.  بە زۆری یاسای وڵاتانی داگیرکەر ژیانی تێدا بەڕێوە دەچێت، ئیتر چۆن دەبێت  تۆ بە خەباتی چینایەتییەوە خۆت سەرقاڵ بکەیت، و ئەرکە ئەسڵیەکەت کە خەباتە بۆ ڕزگاری یەکجاریی ئەویش خەباتی نەتەوەییە لە بیری بکەیت؟ چوون ئەو جۆرە خەباتە وات لێدەکات، کە خەباتی نەتەوایەتی بە تاوان تەماشا بکەیت، ببیتە ڕکابەری سەرەکی خەباتگێرانی ڕابووردو ئێستاو داهاتووی گەلەکەت، لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە بە سەرهاتێکی خۆم بکەم، کە گەواهی بۆ ئەو ڕستەیەم دەدات. تا پێش ساڵی ٢٠٠٥، سەفەرکردن بۆ باشووری کوردستان، دەبوو لە ڕێگەی سوریاو تورکیاوە هاتووچۆ بکرابایە. لە هاوینی ساڵی ٢٠٠٣، لە کوردستانەوە گەڕامەوە بۆ ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج.  فڕینی فڕۆکەکان بەو شێوە بوو، لە دیمەشق بۆ مۆسکۆ، لە مۆسکۆ بۆ ئۆسڵۆ. لە کاتی هەستانی فڕۆکەی دیمشق بۆ مۆسکۆ، لە ڕیزێکی ٤ کەسی ناو فڕۆکەکە٣ پیاو١ژنی کورد بووین. هەرکەس باسی سەفەرەکەی خۆمان دەکرد، هەروەها باسەکە چووە سەر ئەوە کە چیمان لەگەڵ خۆمان هێناوەتەوە، من لەبەشی خۆم باسی هێندێک پەرتووک، و هەروەها چەند دیڤیدی واتە سیدی بە بیسراو بینراوی، گۆرانییەکانی هونەرمەند ناسر ڕەزای، کە لە کیفەکەی بەردەستمابوو، پێشانمدان، ژنە کوردەکە، بە زاراوەیەکی زۆر ناشیرین و زبر چەند جنێوێکی بە کاک ناسر دا، وتی ئەم کابرایە زۆر ناشیونالیست و بۆگەنە، گۆرانی ناشیونالیستی دەڵێت و سەر لە مناڵی کورد دەشێوێنێت، و نابێت گوێ لە گۆرانییەکانی بگیرێت، پێویستە هەموو بەرهەمەکانی بخرێتە زبڵدانەوە.  ئیتر بە شێوەی زاراوەکەی و دەستەواژەکانی کە ٩٠% فارسی بوو، تێگەیشتم چی پەتایەکی گرتووە. منیش لەو کاتە وەک ئێستا زۆر پشوو لە سەر خۆ نەبووم، بە قەوڵی خانمە حیکمەتیستەکە ناشیونالیستێکی زۆر تووندتر بووم. ئەوەی لە کاتی خۆیدا پێویست بوو وڵامم دایەوە.  ئیتر ژنەکە وتی من ناتوانم لای ناشیونالیستێکی وا ،،،، دانیشم، و شوێنەکەی لەگەڵ کەسێکی دیکە گۆڕییەوە.
لەو کاتە چوومە نێو خەیاڵێکی قووڵەوە، بیرم لەوە دەکردەوە کە بۆ دەبێت خەڵکی ئێمەی وڵاتداگیرکراو بکەونە نێو ئەو جۆرە بیرکردنەوە، و لە خشتە ببرێن و بە دژی هەموو پیرۆزییەکانی خۆمان پەروەردە بکرێن.
^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^^

خەباتی نەتەوایەتی چییە و کەی پێویستە بکرێت؟
هەروەک لە بەشی چینایەتیەکە باسم کرد، کە باسکردن لەم چەمکانە زۆر هەڵدەگرێت. ئەوەی کە پێویستە هەموو کوردێک یا هەر نەتەوەیەکی دیکەی خاک ونیشتیمانداگیرکراو بیزانێت، ئەوەیە کە ئەرکی ئەمڕۆیی تۆی کورد ئەوەیە کە بە خەباتی نەتەوایەتییەوە خۆت سەرقاڵ بکەیت، جا مەرج نییە کە ئەو جۆرە خەباتە هەر بە ئەندامبوون لە حیزبێکدا بکرێت، دەتوانرێت لە ڕێگەی نووسینەوە، کاری ڕۆشنبیرییەوە، لە کۆڕ و سیمینارەوە، لە ڕێگەی وەرزشەوە، لە ڕێگەی کۆمیدییەوە، لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە، بۆ نموونەوە لە ڕێگەی فیلمی مناڵانەوە، لە ڕێگەی ئمینەیشنەوە، لە ڕێگەی مامۆستایەتییەوە، لە زۆر ڕوانگەی دیکەوە دەتوانیت ئەو پەیامە بگەیەنیت.

بۆ دەبێت ئێمەی کورد خەباتی نەتەوایەتی بکەین: ئایا نەتەوە مانای چییە؟

نەتەوە بە دەستەیەک خەڵک لە یەک پێکهاتەیەک دەگووترێت لە سەرهەڵدانیاندا یەک شوێن ژیاون، خاوەنی یەک نێشتیمانی هاوبەشن، خاوەنی  زمان و مێژوو، کەلتور و نەریتی هاوبەشن.  نەتەوە چەمکێکە کە هەزاران ساڵ پێش لە دەوڵەت لە نێو چیاو دۆڵ و ئەشکەوت و دارستان و سەوزاییەکاندا لە مێژوودا هەبووە. کە لە بنەڕەتدا مانای ووشەکە دەگەرێتەوە بۆ واتای ڕەچەڵەک، خێڵ و هۆزەکان.
ئیتر بوونی نەتەوەیی دیکە وایکردووە، کە هەموو پێکهاتەکانی دەوروبەر لە سەردەمانی خۆیدا، لەو هەوڵی ئەوەدا دەبن کە نەتەوەخوازیی Nationalism بکرێتە چەمکێک بۆ درووستکردنی وڵات بۆ نەتەوە جیاوازەکان.
هەرچەند لە سەدان ساڵ پێشەوە کە خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان پەیتا پەیتا سەریهەڵداوە. بەڵام هەمیشە هەوڵدراوە کە ئەگەر لە ڕێگەی هێزەوە نەتوانرابێت سەرکووپ بکرێت، هەوڵدراوە ژمارەیەکی ئەگەر زۆر کەمیش بووبێت، لە رێگەی فرت وفێڵ و دەستەواژەی دیکەی سەردەمیانە لە ڕەوتی نەتەوەیی دوورخرێنەوە.
بەداخەوە کە ئەم چەمکە دانپێدانراوە و ڕێپێدراوە لە تەواوی جیهاندا، پەلوپۆی هاوێشتووەو بڵاو بووەتەوە بەڵام بۆ کوردستانیان ڕێگەکەی لێبەسراوە.
کە بە داخەوە هێندێک جاریش لە چەند کەسێکی ژمارە کەمی کوردانیش دەبیسین کە دەڵێن باوی^ نەتەوە دەوڵەت^ نەماوە، کە بە ڕاستی ئەمجۆرە بیرکردنەوە لە زاری خوودی کوردەکەوە بە کار بهێنرێت زۆر مەترسیدارترە لە گەلەکۆمەی نەیارانی. یا زۆرجار لە ژێرناوی ئاینەوە کوردە چالاکەکانی پەیڕەوانی ئاینییان فریوداوە بەوەی کە گوایا خەباتی هەموومان با دژی کافر بێت، لە کاتێکدا ئەو کەسەی کە ئەو پێشنیارە بە کوردەکە کردووە، خۆی وەک عەرەب خاوەنی٢٢ وڵاتە، و خەریکی ٥ وڵاتی دیکەشن درووستی بکەن. تورک و تورکمەنستان، خاوەنی ٢ وڵات و پشتیوانی چەند وڵات دیکەن، فارسەکانیش خاوەنی وڵاتن. تەنیا بۆ کوردەکە خەباتی نەتەوەیی حەرام کراوە. لە کاتێکدا بۆ خۆیان درووشمی
(  الدين لله والوطن للجميع ) واتە دین بۆ خواو وەتەن بۆ هەموومانیان لە سەر هەموو بەرزایەکانی وڵاتیان دەشەکێتەوە.

بەشی زۆرینەی نەتەوەکانی جیهان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، بە هەموو ڕگەز و تەمەنەکانیانەوە، دەستیاندایە خەباتیی نەتەوەیی بۆ ئەوەی لەبندەستی ڕزگارییان ببێت، هەر ئەو خەڵکەی کە بە خەباتی نەتەوەیی سەربەخۆیی خۆیان بە دەستهێنا، هەر ئەو نەتەوەش لە ناوخۆی وڵاتەکەی خۆیان خەباتی چینایەتییان دەکرد، بۆ ئەوەی مافی بەرامبەر بۆ هەموو پێکهاتەکانی خۆیان بە دەستبێنن.
 بەڵام زۆرجار لاوانی وڵاتی ئێمەیان فریودراوە کە باز بدەن بە سەر خەباتی نەتەوەییدا و سەرقاڵی خەباتی چینایەتیان کردوون.

ئاکامگیری باسەکە:  لە ئاکامداو بە بەڵگەو جاڕنامەکانی پەسەندکراوی مافی مرۆڤ و نێونەتەوەیی، دەردەکەوێت کە تاکی هەر کۆمەڵگایەک پێویستە لە هەنگاوی یەکەم خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەکەی خۆی بکات، دوای نەمانی ئەو ئەرکە خەبات بۆ بەرامبەری چینایەتیش بکات.
بێگوومان ئەو خەباتەی کە تۆ بۆ ڕزگاریی گەلەکەت دەیکەیت، دەبێت جۆڕە خەباتێک بێت کە پاشەکەوتەکەی تەنگاوی چینایەتی لێ درووست نەبێت.
بەڵێ بۆ خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گەلی کورد لە ژێر چنگی داگیرکەران.
ڕێکه‌و 2020-04-22 19:50:15
به‌شی ( مقالات )