پێناسەیەک لە سەر پەرتووکی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەری نیشتیماندا

 

پێناسەیەک لە سەر پەرتووکی بیرەوەرییەکانم لە پێناو سەروەری نیشتیماندا

عارف باوەجانی / ٣ / ٥ / ٢٠٢٠



 زۆر لەو هاوڕێیانی کە بە هۆی دووری و دەسنەگەیشتن بە پەرتووکەکە، زۆر جار  پرسیار لەوە دەکەن، کە لەو پەرتووکەدا باسی کام لە ئێزگەکانی ژیانم کردووە، و لە گەڵ چەند پرسیاری دیکە. پێمباش بوو بە شێوەی خوارەوە، کە وەک پێشەکی ناو پەرتووکە، لە ژیر ناوی پەیڤی نووسەر، کە پێناسەیەکی پەرتووکەکەیە، بخەمە بەر دەستی خوێنەران.لەم پەرتووکەدا، کە  ٥٩٢ لاپەڕەیە ٨٣٢٠٠ هەشتاو سێهەزار و دووسەد ووشەیە. تیشک دەخەمە سەر٤٠ساڵ لە تەمەنی ژیانم، لە پەنابەری و تاراوگە نشینی، تا شۆڕشگێڕی و خەبات لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان. لە ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ٢٠١٩


پەیڤی نووسەر.

هەموو کەسێک کە دەچێتە قۆناغێکی تایبەت لە ژیانیدا، وەک سیاسی، وەرزشکار، هونەرمەند، داهێنەر، نووسەر، پلەی بەرزی سەربازی و زۆری بواری دیکە، لە ماوەیەکی زۆری تەمەنیدا، ئەزموونێک بە سەرکەوتوویی یا بە پێچەوانەکەی بۆ نەوەی داهاتووی بە جێدەهێڵێت. هەر بۆیەش زۆربەی ئەو کەسانە هەوڵیانداوە بیرەوەریی و بە سەرهاتەکانی ژیانیان بهێننە سەر کاغەز و بە شێوەی پەرتووکی ئاڕاستەی نەوەی داهاتوویان بکەن. ئەو جۆرە بیرەوەریی و نووسینانەش، لە کوردستان ماوەی دەیانساڵە جێی خۆی کردوەتەوە. خەڵکێکی زۆر بیرەوەرییەکان دەخوێنەوە، من بۆ خۆم زۆر خولیای خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی وجیهانیم.

تائیستا ئەوەی لە بیرم مابێت، یەکەمجار لە بیرەوەرییە کوردییەکان، بیرەوەرییەکانی خوالێخۆشبوو مامۆستا کەریم حیسامی دەستم پێکرد کە چەندین بەرگ بوو، بە دوای ئەودا ئیتر زیاتر حەزم لە خۆێندنەوەی بیرەوەری پەیداکرد و  بەردەوام بە دەیان بیرەوەری مێژوویی کەسایەتییە سیاسییە کوردستانی و جیهانییەکانم خوێندووەتەوە، کە دوا بیرەوەیی کوردستانی تا کاتی نووسین ئەم پەیڤە خوێندبێتەوە، هەردوو بەرگی کتێبەکەی شەهیدی سەرکردە مامجەلال تاڵەبانی، لە ژێرناوی کتێبی دیداری تەمەن - ژیاننامەی مام جەلال، لە نووسینی کاک سەلاح ڕەشید. کە دەچمە هەر کتێبفرۆشی یا پێشانگایەکی گەورەی کتێب، یەکەم کتێب کە دەستی بۆ دەبەم بۆ کڕین، کتێبی بیرەوەییە سیاسییەکانە کە تازە بڵاوکراونەتەوە، جا چی هی کەسایەتییە سیاسییە کوردستانیەکان بێت یا جیهانییەکان، بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و نەرویجی و ئینگلیزی. لە خوێندنەوەی ئەو بیرەوەرییانە فێری ئەوە بووم، کە نووسینەوەی بە سەرهاتەکانی ژیانی سیاسیت، تاریف و بە خۆهەڵدادانا نییە، بگرە زۆر پێویستیشە کە بنووسرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک ویستی هەمان ڕێچکە یا هەمان بیرۆکەی هەبێت، لە خاڵە باشەکانت کەڵکوەرگرێت  و لە خاڵە خراپەکانیش ئەزموون وەرگرێت، بۆ ئەوەی ئەویش هەمان نەهامەتی وناخۆشی بە سەردا نەیەت.  ئەوەی منیش لە ژیاندا بە سەرم هاتووە، وەک هەر کوردێکی چالاک و دڵسۆز بۆ نیشتیمانەکەم، کەمتر نییە لەو بەڕێزانەی کە پێش ئێمە مانان کردوویانە و پاشان بیرەوەرییەکانیان بڵاوکراوەتەوە.

من وەک خۆم پێمباش بوو تاخۆم لە ژیاندا ماوم بە سەرهاتەکانی خۆم بنووسمەوە و بۆخۆم وڵام و ڕەخنەو پێشنیاریش لە خوێنەرانی پەرتووکەکەم، و بە سەرهاتەکانی ژیانی سیاسیم وەرگرمەوە. دیارە من نەمویستووە زۆر خوێنەر بە شتی لاوەکەییەوە سەرقاڵ بکەم، خۆم لە زۆر بە سەرهاتی ناشایستە و نادروست کە بەرامبەرم کراوە، پاڕاستووە. زیاتر هەوڵمداوە باس لەو بەسەرهات و شوێنانە بکەم کە بزانم وەک مێژوو کەڵکی هەیە. یا وەک باوەڕ بە خۆبوون کەڵکی هەیە بۆ نەوەی داهاتوو، کە هەمان باوەڕبەخۆبوون لە خۆیدا دروستبکات، و هیندێک ڕیسکی ژیان هەیە تاقی کاتەوە.
خوێنەری خۆشەویستی ئەم پەرتووکە:

هیچ پەرتووک و فیلم و بڵاوکراوەیەک نەبووە کە بێ کێشە یا بێکەم و کوڕی بڵاوکرابێتەوە، من پەرتووکی وامدیوە کە چەندین زمانزانی بە توانا پێداچوونەوەی زمانەوانی تێداکردوە، کەچی لە کاتی بڵاوبوونەوەیدا هەر هەڵەی زمانەوانی تێکەوتووە، دیارە لە کاتی پێداچوونەوەدا ئەو هەڵانە بەرچاو نەکەوتوون.

یا زۆرجار ئەو پەرتووکانەی کە بڵاودەبنەوەو قسەی دڵی زۆر کەسیان تێدا ناکرێت، دەکەونە بەر ڕەخنەو پەرلاماردانی لایەنی خاوەن گلێی.
 بێگوومان ئەم پەرتووکەی منیش بێهەڵەو بێکەم و کوڕی نییە. یا قسە و ئاواتی دڵی زۆر کەسی تێدا نییە، ئەمە تەنیا بیرەوەری و بە سەرهاتەکانی ژیانی کەسیی خۆمە، واتە ئەوانەی لە بیرم مابن و پێموابێت کە پێویستە ئاماژەیان پێبکەم.

 هەوڵمداوە کە بێڕێزی یا دڵشکاندن بۆ هیچ خوێنەرێک دروستنەکەم، تەنیا ئاماژەم بەوە کردوە کە خوێنەری پاش من دووبارە تووشی نەبێتەوە.

لە بواری وێنەو بەڵگەشەوە، کە لە بەشی کۆتایی ئەم پەرتووکەدا دامناون، لەوانەیە زۆر کەس گلێی ئەوەی هەبێت کە بۆ وێنەی ئەوانم دانەناوە، من لێرەدا دووپاتی دەکەمەوە، کە مەبەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەو دوکۆمێنتانەی خۆم ئەوانەن، کە وەک بەڵگەیەک بۆ قسەو بە سەر هاتەکانی ژیانم ڕاستییەکان بسەلمێنن. بۆیە ناتوانم کە وێنەی دیکەی تێدا بگوونجێنم. دیارە لە ژیانمدا زۆر بە ناو هاورێ و هاوبیر، یا بە ناو خزم، غەدری گەورەیان لێکردووم، زۆربەی ئەو غەدرانەش لە سەر دڵپاکی و ڕاستگۆیی لێمکراوە.بەڵام چوون لە ڕاستگۆیی و دوور لە فرت و فێڵی خۆم دڵنیابووم، ئەو هەموو ناخۆشییانەشم تێپەرکرد و بە سەربەرزی مامەوە. بەڵام ئەزموونی زۆر باشم لێوەرگرتوون، کە جاری دیکە ئەو جۆرە مرۆڤانە تێکەڵم نەبنەوە. هەروەها چاودێریشم کردوون کە ئەوانەی وا بە ناحەق غەدریان لە من کردبوو، هەرگیز نەچوونە ئاستێکەوە کە لە سەر دەمی هاوڕێیەتی مندا باشتر بووبن، بگرە زۆر ئاستیان دابەزیووە، و هەر یەکەو بە شێوەیەک گۆشەگیر بوون و شکاونەتەوە.

هەروەها بە دەیان کەس و هاوڕێی باشم هەبووە کە هاوکارو پشتیوانم بوون، لە زۆر کاتی تەنگانەدا پشتیوان و پشتگیرم بوون، ئەوانەش بوونەتە وانەیەک بۆ من کە هەرگیز بەرامبەر بە هاورێ بە وەفاکانم بێ وەفا نەبم. ئەوەی یەک چاکەی بەرامبەرم کردبێت، تا ێیستاش بەردەوامم لەوەی کە من چەند قات ئەو چاکەی بدەمەوە. ئەمەش بەشێکن لە سیفەتەکانی ژیانی من، کە زۆر لە هاوڕێکانم شایەتی وەفادارییەکەم دەدەن.

بەرێزانی خوێنەری ئەم پەرتووکە: بە پێویستی دەزانم لێرەشدا ئەوە دووپات بکەمەوە، کە من لەم پەرتووکەدا مێژووی سیاسی گەلەکەم، یا بە سەرهاتی ژیانی هەزاران کوردی ئاوارەکراو ناگێڕمەوە، تا لە سەر هیندێک خاڵ کە باسم نەکردوە گلێی بێتە سەرم، من تەنیا ئاماژە بەو باسانە دەکەم کە خۆمیان تێدا دەبینمەوە. تەواوی ڕووداوە گووڵبژێرکراوەکانی ژیانم لەم پەرتووکەدا و لە بەشی یەکەمدا، بە یانزە بەشم دابەشکردوە، ئەگەر بە ئیزنی خوای گەورە تەمەن مەودای داین، لە بەشی دووەمدا بە سەرهاتەکانی دیکەی ژیانمان زیاتر باسدەکەین.

لە سەر هەڵبژاردنی ناوێک بۆ ئەم پەرتووکەی کە هەڵگری دەیانهەزار وشەیە لە بە سەرهاتەکانی ژیانی چل ساڵم، هەروا ئاسان نەبوو. بۆ خۆم چەندین ناوم بە خەیاڵدا دەهات، و کاتێک بە شوێنگەرانم لە ئینتەرنێتەوە بۆ دەکرد، دەمبینی کە ئەم ناوانە کەسانی دیکەش پێش من بەکاریان هێناوە. ئیدی بەڕاوێژکردن لەگەڵ ئەم بەرێزانە، سۆران خدری، ئاهورا هەورامی، سامیا کەریمی، مامۆستا مومتاز حەیدەری. سەرئەنجام لە سەر ئەم ناوە ڕێکەوتین(بیرەوەرییە کانم لە پێناو سەروەریی نیشتیماندا) زۆر زۆر سوپاسی ئەو بەرێزانە دەکەم، کە زۆر ماندووبوون بە هەڵبژاردنی ناوێکی گوونجاو بۆ ئەم بە سەرهاتانەی من. کە بەم شێوەیە دابەشم کردوە:



بەشی سفر، واتە بەشی دەسپێک. ئەم بەشەم دابین کردوە، بۆ دەستپێکی پەرتووەکەکە، بە پێناسەی پەرتووک، ساڵی چاپ، نرخی کتێب، ژمارەی سپاردن تیڕاژ، شوێن و ناوی چاپخانە. دیزاین و بەرگ. هەروەها پەیڤی نووسەر وەک پێشەکی.

بەشی یەکەم: لە بەشی یەکەمدا، ئاماژەم بە ژیانی منداڵیم لە گوندەکەمان، دەستپێکی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و ئێراق و پێناسەیەکی ئەو شەڕە، پێناسەیەک لە سەر گووندەکەمان. شوێن و ساڵی لە دایکبوونم، یەکەم هەنگاوی ئاوارە بوونمان.

 بەشی دووەم:  لەبەشی دووەمدا باس لە گەیشتنمان بە ناوچەکانی باشووری کوردستان لە نێوان ساڵەکانی١٩٨٠تا١٩٨٢. وەک گەیشتنمان بە یەکەم ناوچەی سنووری هەردوو بەشی کوردستان، رۆژهەڵات و باشوور، بە ناوی کانی کەڵ، دواتر گواستنەوەمان بۆ ئۆردوگای مەیدان، دیسانەوە بۆ ئۆردوگای دسکەرەی شارەزوور.

بەشی سێیەم: لە بەشی سێیەمدا، باس لە گواستنەوەمان لە خاکی کوردستانەوە بۆ بەرەو دوورترین شارو ناوچەی ئێراق دەکەم، کە لە هاوینی١٩٨٢بوو. گواستنەوەمان بۆ ئۆردگای ئەڵتاش لە نزیک شاری رۆمادی ناوەندی پارێزگای ئەلئەنباری ئێراق، لەوێشەوە سەرەتای دەسپێکی ژیانی دژوارمان لە ئەڵتاش، دواتر چوونە قووتابخانەی ئاینی. دەستفرۆشی و کاسپی، و هەروەها بیرۆکەی بە پێشمەرگە بوونم.

  بەشی چوارەم، لە بەشی چوارەمدا بە سەرهاتی  بەرەو پێشمەرگایەتی و دەسپێکی کاری سیاسیم دەکەم. وەک چوونم بۆ پێشمەرگایەتی لە ئەڵتاشەوە بۆ بناری قەندیل، دواتر گەڕانەوەم بۆ ئەڵتاش و سەرقاڵی ژیان. هەواڵی دڵتەزێنی شەهیدبوونی برای جوانەمەرگم ڕەسوڵ، چوونەوەم دیسانەوە بۆ پێشمەرگایەتی. لە یەکێتی لاوانی دیمۆکراتەوەو دەسپێکی پێگەیشتن و نووسین، دواتریش وەک پێشمەرگەی ڕێکخراو بەرەو هێزی زمزیرانی حدکا.

بەشی پێنجەم:  لەم بەشەشدا، باسی شەڕی کەنداوی دووەمی نێوان ئێراق و کوەیت، دواتر هێرشی ئەمریکاو  هاوپەیمانانی بۆ سەر ئێراق و ڕزگارکردنی کوەیت. بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕەکە، و گەمارۆی ئابوری لە سەر ئێراق، بە ناچاری گەڕانەوەم بۆ پشتیوانی لە بنەماڵەکەم لە ئۆردوگای ئەڵتاش. هاتنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نێو ئۆردوگاو ناو تۆمارکردن وچاوپێکەوتنم لە گەڵ بەشی پەنابەری. کاسپی و گەڕان بە نێو زۆربەی گووند و شارە عەرەب نشینەکانی ئێراق، هەروەها ناسینی ژنێکی قەسری شیرینی لە سامەڕا، واتە هی ئەو سەردەمەی گرتنی شاری قەسر لای هێزەکانی ئێرقدابوو.

بەشی شەشەم: لە بەشی شەشەمدا باس لە بەردەوامی کاری نووسین و ڕۆشنبیری. تێکەڵی لەگەڵ نووسەرانی کورد لە بەغدا، کتێب و گۆڤار فرۆشی لە ناو بازاڕی ئەڵتاشدا. دوا سەردانم بۆ باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٩٥.                 

بەشی حەوتەم: لە بەشی حەوتەمدا، باس لە وەرگرتنی پەنابەری و سەفەرکردنمان  بەرەو ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویج، دابڕان لە کەس و کار و دیسان بەرەو هەندەران. ژیانی سەرەتایی لە وڵاتی نەرویج، چالاکی و کاری سیاسی و کەلتوری لە گەڵ ڕەوەندی کوردی لە نەرویج و ئوروپا. بوونم بە ئەندام لەگەڵ حیزبێکی نەرویجی، کارکردنم لە سەر پەنابەران لە ئاست نەرویجی و جیهان. هەڵبژاردنم وەک ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆسڵۆ، یەکەم و دووەم سەفەرم لە ساڵەکانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٥ بۆ باشوری کوردستان.

بەشی هەشتەم، لە بەشی هەشتەمدا باس لە گۆڕانکارییەکی گرنگ دەکەم لە ژیانی سیاسیمدا، ئەویش دامەزراندنی پارتێکی سیاسی، بیرۆکەی دامەزراندنکە چۆن بوو، ڕاگەیاندنی دامەزراندنی و دەنگدانەوەی. هێرش و پروپاگەندەی زۆری ئەندام و لاینگرانی هیندێک لە حیزبەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بە دژمان. ساڵی یەکەمی کارەکانی پ س ک و تا کۆکردنەوەی هاوبیر. گەشتی یەکەم بۆ ئەڵمان و دووەم بۆ کەنەدا لە ٦ مانگی یەکەمی دامەزراندندا. باس لە سەر گەشتی کوردستان لە ٢٠٠٧. هەروەها باس لە سەر گرێدانی کۆنگرەی یەکەم لە ئۆسڵۆ  ٢٠٠٩. دروستکردنی پێگەی دیپلۆماسی لە ئاست جیهان و کوردستاندا. کردنەوەی بارەگاکانی پارتەکەمان لە باشوری کوردستان، و کۆنگرەی دووەمی پ س ک  لە هەولێر. هەروەها باس لە سەر کۆنگرەی یەکێتی لیبراڵەکانی کوردستان، کە بۆ یەکەمجار بوو لە مێژوودا کۆنگرەی لیبراڵەکانی کوردستان پێکبهێنرێت.

بەشی نۆیەم، لە بەشی نۆیەمدا، باس لە سەر ڕووداوە ناخۆشەکان،شەری داعش بۆ سەر باشوری کوردستان، و دروستبوونی ئاستەنگی زۆری ئابوری لە سەر پارتەکەمان. هاتووچۆکردنی بەردەوام بۆ باشوری کوردستان. بەشداری چالاکانەم لە ڕیفراندۆم و ڕووداوە ناخۆشەکانی پاشتر. کارەساتێکی ناخۆش وەک لە دەستدانی چەند کەسی بنەماڵە لە ڕووداوی دڵتەزێنی زەوی لەرزین لە ناوچەکانی سەلاسی باوەجانی و زەهاوی رۆژهەڵاتی کوردستان. گیرسانەوەی یەکجاری لە هەولێر و خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووداو و پێشهاتەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. دیداری فەرمیم لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی. بانگەوازی پ س ک بۆ دامەزراندنی حکومەتی کاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یادی ١٣ ساڵەی پ س ک لە هەولێر و دەنگدانەوەی باش.

بەشداریم لە ڕێوڕەسمی سۆێندخواردنی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و چاوپێکەوتنم لەگەڵ  چەندین کەسایەتی گرنگی جیهانی.

 بەشی دەیەم:  ئەم بەشەم تەرخانکردووە بۆ هیندیک وتار و بۆچوونم  لە سەر هەڵویستی نەتەوەیی بە تایبەت لەم ٢ساڵەی پێش بڵاوبوونەوەی ئەم پەرتووکەم.

بەشی یانزەیەم: لەم بەشەشدا باسم لە سەر زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئێران

ڕۆڵی سەرەکی دۆناڵد ترەمپ دەکەم لە بەرامبەر بە ئێران. هەروەها چالاککردن و بە هێزکردنەوەی  ڕێکخستنەکانی ناوخۆی پارتی سەربەستیی کوردستان، بە مەبەستی ئامادەیی پارتەکەمان بۆ هەر ڕووداو پێشهاتێک.

بەشی دووانزەیەم، تایبەت کردووە کە ب٢ وتووێژی خۆم، یەکێکیان وڵامی ٢٥پرسیاری تێدایە، و لەوانەیە ئاسانکاری بێت بۆ هەر خوێنەرێکی ئازیز، کە ئەو پرسیارانەی هەبێت. وتووێژی دیکەم لەگەڵ ڕۆژنامەو ماڵپەڕێکی فینلەندییە.

بەشی سیانزەیەم: لە بەشی سیانزەیەمدا بۆچوونی هیندێک لە هاوڕێ و هاوکارە نزیکەکانم. لەو بەشەشدا١٤ کەسایەتی لە بوارە جیاوازەکاندا، لە کورد و غەیرە کوردا بۆ چوونی خۆیان لە سەر ناسینی من و تێپەر بوونی  ژیانی سیاسی و ئاوارەیی من دەکەن.

بەشی چواردیەم: لە بەشەشدا وەک دوابەشی پەرتووکەکە، نووسینی ناو و وێنەی هیندێک ڕۆژنامەو گۆڤار و سایت. هیندێک وێنەی خۆم لەگەڵ کەسایەتییەکان و لە وڵاتان و شوێنە جیاوازەکان، لە کاتی پێشمەرگایەتی و ئاوارەیی و بنەماڵەیی.

هەروەها ئاماژە کردن بە هیندێک لە دیمانە ڕۆژنامەییەکانم، کە دیارە بە سەدان رۆژنامەو گۆڤار و وەیبسایت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەی تیکست و نووسین، وتووێژیان لەگەڵ من کردووە، بەڵام مخابن بەشێکیانم دەستنەکەوتەوە، و ئەوانەی وا دەستم کەوتنەوە پڕخوێنەربوون، یا من وتار و بابەتی پێوەندیدارن، ناوم هێناون.

 لە بەشی کۆتایی:  ئەو بەڵگانەن کە وەک هاوپێچ دامناون. یا لە وێنەی بەشێک لەو گۆڤار و رژنامانەم هاوپێچی پەرتووکەکە کردوە. ئاماژەشم بە هیندێک سەرچاوە کردووە کە بۆ نووسینی ئەم پەرتووکە کەڵکم لێی وەرگرتوون. لە دوا ووتەشمدا سوپاس و پێزانینم ئاراستەی چەند کەسانێک کردووە بۆ ئەم پەرتووکە لە بوارە جیاوازەکاندا هاوکارم بوون.



بەو هیوایە هەموو دۆستان بگاتە دەستیان بیخوێینەوە.
ڕێکه‌و 2020-05-03 11:05:05
به‌شی ( فرهنگ )