كه‌ناڵی سه‌حه‌ر داوای لابردنی ئالای كوردستانــــــــی كرد.كه‌ناڵی سه‌حه‌ر كه‌ناڵێكه‌ سه‌ر به‌كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، ئه‌و كه‌ناڵه‌ به‌زمانی كوردیش بۆ خزمه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ په‌خشكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كانی كۆماری ئیسلامی، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاخونده‌كانی ئێران و تێرۆریسته‌كان كارده‌كا.

كاتێك بۆ ئه‌وه‌ڵ جار ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بلاو بۆوه‌ كه‌ كۆماری ئیسلامی په‌خشی به‌ زمانی كوردی ده‌ست پێكردووه‌ له‌ كه‌ناڵی سه‌حه‌ر، سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ناسن ده‌یانزانی ئه‌م كه‌ناڵه‌ هه‌رگیز، هه‌رگیز هیچ خزمه‌تێك به‌ كورد ناگه‌یه‌نێ. له‌ ڕاستیشدا هه‌ر وایه و هه‌ر واش ده‌بێ‌. ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئه‌و كه‌ناڵه‌ له‌ كوردستانی باشوور، په‌یامنێره‌كانیان چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌م كاربه‌ده‌ست و ئه‌و كاربه‌ده‌ست ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، لێره‌دا ئه‌م خه‌ڵكه‌ جێگای خۆیه‌تی بپرسێ، ئایه‌ بۆ له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كوردی لێ نییه‌؟! بێگومان زۆر زیاتر كورد هه‌یه‌ وه‌ك له‌ كوردستانی باشوور. بێگومان كۆماری ئیسلامی ئێران پلانی زۆر گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ تێكدانی بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستانی باشوور.

جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌م كه‌ناڵه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌ڵێی كه‌ناڵێكی فه‌له‌ستین، سه‌ر به‌ حزبوڵڵا، سه‌ر به‌ پاشماوه‌كانی سه‌ددام، كاتێك تێرۆریسته‌كان كرده‌وه‌ نامه‌ردانه‌ی خۆیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن، خه‌ڵكی بێگوناح ده‌كوژن، جۆگه‌له‌ی خوێن له‌ خیابانه‌كاندا دروست ده‌كه‌ن، ئه‌م كه‌ناڵه‌ ئه‌ڵی چه‌كداره‌ نه‌ناسراوه‌كان. ئه‌م چه‌كداره‌ نه‌ناسراوانه‌ ناوێكی تازه‌یه‌ بۆ تێرۆریسته‌كان. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ به‌ به‌كرێگیراوه‌كانی خۆی ئه‌ڵێ، پێشمه‌رگه‌ی موسوڵمان. ئه‌م كه‌ناڵه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، تێرۆریست و به‌كرێگیراوانی ئاخونده‌كان به‌ پێشمه‌رگه‌ی موسوڵمان ناو ده‌بات. ئاخونده‌كه‌كان كه‌ وشه‌ی پێشمه‌رگه‌یان زۆر لا گرنگه‌، چوونكه‌ ئه‌وان له‌ پێشمه‌رگه‌ ترساوون، بۆ یه‌ ده‌یان هه‌وێ ته‌نانه‌ت وشه‌ی پێشمه‌رگه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاربێنن. ئه‌و تێرۆریستانه‌ی ڕۆژانه‌ له‌ ئیسڕایل خۆیان ده‌كوژن و ده‌یان خه‌ڵكی تری بێگوناحیش له‌ گه‌ڵ خۆیان ده‌كوژن ئه‌و تێرۆریستانه‌ له‌ كه‌ناڵی سه‌حه‌ر به‌ شه‌هید و كه‌سانی پیرۆز ناو ده‌برێن. له‌ ڕاستیدا ئه‌و تێرۆریستانه‌ی كه ڕۆژانه‌ به‌ ده‌یان خه‌ڵكی بێگوناح ده‌كوژن، ناوبردنی ئه‌و تێرۆریستانه‌ به‌ شه‌هید، هاندانی موسوڵمانانه‌ بۆ كاری تێرۆریستی. چوونكه‌ بلاوكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی تێرۆر و تۆقاندن ئامانجێكی سه‌ره‌كی كه‌ناڵه‌كانی سه‌ربه‌كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.

ئه‌وه‌ڵجار ماوه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌زمانی كوردی زۆر كه‌م بوو به‌لام دوای ئه‌وه‌ی كه‌ ڕۆڵی ئه‌م كه‌ناڵه‌ زۆرتر و دیارتر بوو بۆ كاركردن له‌ خزمه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئێستا ماوه‌ی په‌خشی ئه‌م كه‌ناڵه‌ زیاتر كراوه‌. كاتێك مرۆڤ به‌ وردی سه‌رنجی ئه‌و كه‌ناڵه‌ ئه‌دا زۆر شتی بۆ دیار ده‌كه‌وێ، مرۆڤی كورد، مرۆڤی به‌ ویژدان، شه‌رم ده‌كات كاتێك ده‌بینێ كۆمه‌ڵێ كوردی خیانه‌تكار به‌ كوردستان چۆن ڕۆژانه‌ گورج كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتر خه‌لك بۆ لای خۆیان ڕابكێشن و زیاتر چاوی گه‌لی كورد ببه‌ستن و زیاتر دڵی ئاخونده‌ تێرۆریسته‌كان خۆش بكه‌ن. سه‌رداخستن بۆ ئه‌و كوردانه‌ باشتره‌ كه‌ له كه‌ناڵێكی وه‌ك كه‌ناڵی سه‌حه‌ر كار ده‌كه‌ن، ئیتر با به‌س بێ خیانه‌ت كردن و خۆ فرۆشی له‌ پێناوی كۆماری ئیسلامی ئێران. ئه‌مڕۆ ئه‌وانه‌ سه‌ربه‌زن كه‌ كۆشش ده‌كه‌ن بۆ نه‌ته‌وه‌ و مرۆڤایه‌تی به‌گشتی.

كه‌ناڵی سه‌حه‌ر ئازادی ڕاگه‌یاندن له‌ كوردستانی باشوور به‌ هه‌لێك بۆ خۆی ده‌زانێ، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستانی باشوور بكاته‌ ئامانج، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستانی باشوور به‌شێوه‌یه‌ك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بێنن.

ئامانجی نامه‌ردانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا زیاتر له‌ جاران بۆ خه‌ڵكی كورد ئاشكرا ده‌بن، زۆر له‌ مێژ نییه كه‌ كه‌ناڵی ئاسمانی سه‌حه‌و ده‌ی هه‌وێ چاوپێكه‌وتنێك له‌ گه‌ڵ ڕێزدار د. كه‌مال كه‌ركووكی ئه‌نجام بدا، به‌ڵام ئه‌و چاوپێكه‌وتنه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ئاڵای كوردستان ده‌بیندرێ، كه‌ناڵی سه‌حه‌ر به‌هۆی لانه‌بردنی ئاڵای كوردستان ئه‌و چاو پێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ د. كه‌مال كه‌ركوویدا ناكات.

ئه‌و كرده‌وه‌ ناشیرینه‌ی كه‌ناڵی سه‌حه‌ر جێگای خۆیه‌تی به‌ توندی له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری كوردستان شه‌رمه‌زار بكرێ، ڕێگه‌ نه‌ده‌ن ئیدی ئه‌و كه‌ناڵانه‌ی بۆ جاسوسی دێنه‌ و ناو خاكی كوردستان، تاكه‌ ئامانجیان شێواندنی ئه‌م ئازادییه‌ی كوردستانی باشووره‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مڕۆ حوكومه‌تی كوردستان سنوورێك بۆ ئه‌م جۆره‌ كه‌ناڵانه‌ دابنێ. به‌ هیچ جۆرێك نه‌هڵێن ئیدی كوردستانی باشوور بكه‌نه‌ مۆڵگه‌ی جاسوسیسی خۆیان. چوونكه‌ كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ هۆی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له‌وانه‌یه‌ نه‌توانی هه‌ڕه‌شه‌ی تێكدانی ئه‌م بارودۆخه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌یی كوردستانی باشوور بكار وه‌ك ده‌وڵه‌تی توركیا، به‌لام ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ پلانی دا هه‌یه‌ بۆ تێكدانی باری ئه‌مڕۆی كوردستانی باشوور زۆر مه‌ترسی زیاتره‌. كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌مڕۆ به‌ چه‌واشه‌كردنی خه‌لكی كورد ده‌ی هه‌وێ كوردستانی باشوور بۆ خزمه‌تی خۆی به‌كاربێنێ. ئیدی حوكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان با ڕێگر بێ له‌و جۆره‌ كه‌ناڵانه‌.

یه‌ك شه‌ممه‌ ١ ی گه‌لاوێژی ٢٧٠٦
ڕێکه‌و 2006-07-23 16:43:29
به‌شی ( ئه‌رشیڤ‌ )