په‌یامی نه‌رۆزی عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان. با ئه‌م جاره‌ به‌خرۆشانی ملۆێنی بۆ سه‌رشه‌قامه‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌ورۆز پیرۆز بکه‌ین.په‌یامی نه‌رۆزی عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
با ئه‌م جاره‌ به‌خرۆشانی ملۆێنی بۆ سه‌رشه‌قامه‌کان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌ورۆز پیرۆز بکه‌ین.

هاونیشتیمانانی وڵاتداگیرکراوم
خه‌ڵکی تامه‌زرۆی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی یه‌کجاری کوردستان.

وا ئه‌مساڵیش وه‌ک هه‌زاران ساڵی دیکه‌ له‌ ژێر سته‌می داگیرکه‌ران به‌ره‌و پێشوازی نه‌رۆزه‌که‌مان ده‌رۆین. هه‌روه‌ک ساڵانی پێشوو کیژان و کورانی ئه‌م نیشتیمانه‌ داگیرکراوه‌ خۆیان بۆ ئه‌و رۆژه‌ ده‌رازێننه‌وه‌.
وا بنه‌ماڵه‌ کوردستانیه‌کان به‌رنامه‌ی گه‌شت وسه‌ردانی یه‌کتر ڕێک ده‌خه‌ن. وا ده‌بینین دارستانه‌کانی کوردستان هه‌رچه‌نده‌ نه‌یاران به‌رده‌وام گڕیان تێبه‌رداوه‌، به‌ڵام هه‌موو چرۆی کردوه‌ و مزگێنی به‌هاری کورده‌واری پێیه‌. ده‌شت وته‌په‌کانی کوردستان به‌ گوڵ و گوڵاله‌ی هه‌مه‌ ره‌نگه‌وه‌ ستایلی به‌هاری کورده‌واری جوان ده‌که‌ن. وا باڵه‌نده‌کانی دژه‌ زستان به‌ره‌و فرینی به‌هارانه‌ خۆیان ئاماده‌ ده‌که‌ن.

هاووڵاتیانم: گه‌لێک نه‌ته‌وه‌ی دیکه‌ له‌م جیهانه‌ هه‌بوون وه‌ک نه‌ته‌وه‌ی خۆمان بنده‌ست بوون، و نه‌یان ده‌توانی به‌ ئاوات و ئاره‌زووی خۆیان ئاهه‌نگ وبۆنه‌کانیان پیرۆز بکه‌ن، به‌ڵام خۆراگریان له‌ سه‌ر به‌ ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان کاری وایانکرد که‌ بتوانن چۆک به‌ نه‌یارانیان دانه‌وێن و ئاڵای سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی له‌ سه‌ری ساڵ و بۆنه‌ نه‌وه‌ییه‌کانیان هه‌ڵبکه‌ن.
زۆر له‌ مێژ نییه‌ که‌ 2 نه‌ته‌وه‌ی ئوروپایی وه‌ک مونتینێگرۆ و کۆسۆڤۆ ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕاگه‌یاند. هه‌روه‌ها باشوری سۆدانیش خه‌ریکی خۆ ئاماده‌کردنن بۆ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی نیلی خۆیان له‌ باشوری سودان، و بۆ هه‌میشه‌ ماڵئاوایی له‌بنده‌ستیان له‌ ژێر سته‌می باکوریییه‌کانی سۆدان ده‌که‌ن.
وه‌ک هه‌میشه‌ ده‌بینین که‌ له‌ جیهاندا گۆران دروست ده‌بێت و نه‌ته‌وه‌کانی بنده‌ست‌ ئه‌و هه‌له‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی خۆیانی ده‌به‌ن، سه‌د داخ و مخابن که‌چی گه‌لی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانکارییانه‌ به‌ باشی هه‌ڵس و که‌وت ناکات و ناتوانێت به‌ره‌و ئاقاری سه‌ربه‌خۆیی بیقۆزێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی زۆر جێگای داخه‌ که‌ ئێمه‌ی کورد هێز و توانامان ده‌خه‌ینه‌گه‌ر بۆ هێنانی خه‌ڵکه‌که‌مان بۆ سه‌رشه‌قام له‌ پێناو پشتتیوانی زۆر شت که‌ له‌ ئاستی ویستی پیرۆزی کورددا نیه‌. بۆ نموونه‌ وه‌ک پشتیوانی له‌ موسه‌وی وکه‌روبی و پشتیوانی له‌ خۆێندکاران و کرێکارانی تاران و ده‌وروبه‌ر، و هه‌روه‌ها له‌ به‌شی دیکه‌ی کوردستان به‌ بیانووی گه‌نده‌لێ و شتی ساده‌و ساکاره‌وه‌. به‌ڵام هه‌رگیز بیرمان له‌وه‌ نه‌کردوه‌ته‌وه‌ که‌ هانی جه‌ماوه‌ری وڵاته‌که‌مان بده‌ین به‌ ملۆێن برژێنه‌ سه‌رشه‌قام بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری نیشتیمانه‌ داگیرکراوه‌که‌مان. له‌ باتی ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌کانی خۆمان له‌ پێناو ویستی نا لایق به‌ شه‌هیدکردن و به‌ گرتنیان بده‌ین، با له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستیی نیشتیمانه‌که‌مان ئه‌و کاره‌ بکه‌ین که‌ ئاکامه‌که‌ی سه‌ربه‌زیمانه‌.

کوردستانیانی هێژا: ئه‌ی گشت چین وتۆێژه‌کانی وڵاته‌که‌م، نه‌ورۆزی 2711 ی کوردی له‌ گشت ئێوه‌ کوردستانیان به‌گه‌رمی پیرۆز ده‌که‌م و هیوادارم بۆ نه‌ورۆزه‌کانی دیکه‌ له‌گه‌ڵ ئاڵای پیرۆزی وڵاته‌که‌مان، هه‌رچۆن به‌ خۆشییه‌وه‌ ئیستا له‌ باشوری کوردستان ده‌شه‌کێته‌وه‌ له‌ گشت شۆێنه‌کانی کوردستان به‌ شه‌کاندنه‌وه‌ی ئاڵاکه‌مان له‌ کوردستانی ئازادکراو نه‌ورۆز پیرۆز بکه‌ین.
کوردستانیانی هه‌میشه‌ خۆراگر و قاره‌مان، وه‌ک کوردێکی خه‌مخۆری ڕیگای سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ک سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، بانگێشه‌ی گه‌له‌که‌م ده‌که‌م و ده‌ڵێم: ئه‌ی کرێکاران، جووتیاران، قووتابییان و خۆێندکاران، مامۆستایان، ژنانی دڵسۆز وزه‌حمه‌تکێش، هه‌ژاران، بازرگانان و سه‌رمایه‌داران، مامۆستایان و که‌سایه‌تییه‌ ئاینیه‌کانی کوردستانی، هونه‌رمه‌ندان، وه‌رزشکاران، خاوه‌ن پێشه‌ییه‌کان، خاوه‌ن داهێنان و بیرمه‌نده‌کان. هه‌موو ئه‌وانه‌ی که‌ دانیشتووی کوردستانن. تکایه‌ با چیدیکه‌ ژیان له‌ ژێرده‌ستی تێپه‌ر نه‌که‌ین، با چیدیکه‌ سه‌ربه‌خۆیی خۆمان نه‌سپێرین به‌ قه‌زاو قه‌ده‌ر ونه‌بوونی هه‌لو مه‌رج و پشتیوانی ده‌ره‌کی و بیانوو هێنانه‌وه‌. با ئێمه‌ش وه‌ک لاوانی میسر و یه‌مه‌ن و لیبیا به‌ ده‌یان هه‌زار و به‌ملۆێن به‌ مه‌به‌ستی وه‌ده‌رنانی داگیرکه‌ران بێێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کانی کوردستان، و مه‌یدانه‌کانی ئازادی کرماشان و ئیلام وسنه‌ و ورمێ و موکریان و لورستان و هه‌ورامان پڕ بکه‌ین له‌ ده‌نگی به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی نا بۆ ژێرده‌ستی. ئێمه‌ی کورد هه‌میشه‌ سینگمان قه‌ڵغانی گولله‌ی داگیرکه‌ران بووه‌. ئێمه‌ی کورد له‌ پێناو داوای مافی ڕه‌وای خۆمان به‌رده‌وام داگیرکه‌ران به‌ر گولله‌ی غه‌زه‌بی خۆیان داوین. با ئیستاش نه‌ترسانه‌ ئه‌و ڕیسکه‌ بکه‌ین و به‌ خرۆشانی ملۆینان کوردی سه‌ربه‌خۆخواز سه‌رنجی جیهان و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان بۆ پشتیوانی خۆمان ڕاکێشین. دڵنیابن له‌وه‌ی که‌ دوژمن ناتوانێت هه‌موو کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات که‌ دێنه‌ سه‌ر شه‌قام شه‌هید بکات. به‌ڵام مانه‌وه‌مان له‌ ژێرده‌ستیی داگیرکه‌ران هه‌میشه‌ مردن و کوشتنمانه‌.
له‌ به‌شی کۆتایی په‌یامه‌که‌مدا جارێکی دیکه‌ پیرۆزبایی له‌ گشت کوردستانیانی خۆشه‌ویست له‌ کوردستان و جیهان ده‌که‌م، و داواکارم له‌هه‌ر به‌شێکی کوردستان خه‌ڵک خۆی بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئاماده‌ بکات. ئه‌گه‌ر ده‌نگی سه‌ربه‌خۆیی له‌ هه‌ر 4 پارچه‌ی داگیرکراوی کوردستان به‌ یه‌ک کات به‌رز بێته‌وه‌، گۆرانێکی مه‌زن له‌ سیاسه‌تی جیهانی له‌ ئاست خواسته‌کانی کوردستان دێته‌ ئاراوه‌.

هه‌ر شه‌کاوه‌ بێت خه‌بات بۆ سه‌ربه‌رزی و سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی قاره‌مانی کوردستان.

عارف باوه‌جانی/ سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
نه‌ورۆزی 2711 ی کوردی.

www.psk2006.org – [email protected]


ڕێکه‌و 2011-03-18 14:48:12
به‌شی ( به‌یاننامه‌ )







سیاسی