به‌یاننامه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له‌یادی 23 ساڵه‌ی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی ئه‌نفال- دا
به‌یاننامه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له‌یادی 23 ساڵه‌ی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی ئه‌نفال- دا


كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفاكراوه‌كان.. کوردستانیانی ووڵاتداگیرکراوی خۆشه‌ویست.
ئه‌مڕۆ 23 ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی ئه‌نفال دا تێپه‌ڕده‌بێت، كه‌ له‌ ساڵی 1988 له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی دیكتاتۆری به‌عس، به‌پێش چاوی دونیای عه‌ره‌ب‌وئیسلامی و كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، گه‌له‌كه‌مان روبه‌ڕووی كاره‌ساتێكی بێوێنه‌ له‌ دڕه‌نده‌یی‌و قڕكردن و کۆمه‌ڵکوژی بووه‌و له‌ئه‌نجامیشدا زیاتر له ‌182 هه‌زار كه‌سی مه‌ده‌نی له ‌ژن‌و منداڵ‌و پیرو په‌ككه‌وته‌و گه‌نجی تێدا بووه‌ قوربانی،جیهانیش چاوو گوێچكه‌ی خۆیان له‌ ئاستی ئه‌م تاوانه‌ بێوێنه‌یه‌ داخستبوو وه‌ بێده‌نگیان هه‌ڵبژارد.
ئه‌م كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ ته‌نیا به‌ له‌ناوبردن‌و بێسه‌روشوێنكردنی ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆری هاووڵاتیانی سڤیلی له ‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستان به ‌دڵڕه‌قترین شێوه‌ كۆتایی نه‌هات، به‌ڵكو كاریگه‌ریی‌و جێده‌ستی له‌سه‌ر جه‌سته‌وده‌روونی كۆمه‌ڵگای كوردی هه‌تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستاش درێژبۆته‌وه‌.
له‌یادی 23 ساڵه‌ی كاره‌ساتی ئه‌نفال دا، پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان جارێكی تر به‌رپرسیارێتی سڕینه‌وه‌ی شوێنه‌واری ئه‌م پرۆسه‌ به‌دناوو دژ به‌مرۆڤایه‌تییه‌ له ‌كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌تی ئێراق و به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقیش له‌ ئه‌ستۆی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی وجیهانی عه‌ره‌بی، به‌ تایبه‌تی ووڵاته‌ زلهێز‌ه‌کان، له‌ڕێگای خزمه‌تكردنی زیاتری كه‌سوكاره‌كانیان‌و هه‌وڵدانی زیاتر بۆ ناساندنی وه‌كو پرۆسه‌یه‌كی كۆمه‌ڵكوژی كه‌ ئه‌گه‌ری دوباره‌بوونه‌وه‌ی نه‌بێت.

كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی ئه‌نفاله‌كان، جه‌ماوه‌ری كوردستان
له‌كاتێكدا هه‌موومان به‌دڵته‌نگییه‌وه‌ یادی ئه‌م كاره‌ساته‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، دڵیشمان به‌وه‌ خۆشه‌ كه‌ دوای كه‌متر له‌ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌م كاره‌ساته‌، به‌ هۆی لێهاتووی و پێداگری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی کوردستان، له ‌دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق دا ئه‌م تاوانه‌ وه‌ك جینۆساید ناسێندراو به‌شێك له‌ سه‌رانی رژێمی به‌عس‌و ئه‌نجامده‌رانی ئه‌نفال به‌سزای عادیلانه‌ی خۆیان گه‌یشتن، ‌و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق‌و ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماریش وه‌ك نوێنه‌ری هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق ئه‌م پرۆسه‌ به‌دناوه‌ی به‌جینۆساید ناساند.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌هۆی هاوخه‌باتی‌و پێكه‌وه‌یی خه‌ڵكی كوردستان‌و هێزه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌، له‌ ئه‌مڕۆدا خاوه‌نی ئه‌زمونێكی حوكمڕانی خۆبه‌خۆی كوردین له‌ باشووری کوردستان كه‌ پێچه‌وانه‌ی رۆژانی سه‌رده‌می ئه‌نفال كه‌ جیهان چاویان له‌ ئاستی به‌كۆمه‌ڵكوشتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان داخستبوو. ئه‌مڕۆ هه‌ست‌و سۆزی دونیا به‌رانبه‌ر كورد گۆڕاوه‌، جیهان پشتیوانیمان لێده‌كات‌و ده‌رگاكانیان به‌سه‌ردا واڵاكردووین، دۆست‌و پشتیوانی گه‌وره‌ له‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان دروست بوون‌و ده‌توانرێت له‌پاڵ هه‌وڵدان بۆ خزمه‌تكردنی كه‌سوكاری ئه‌نفالکراوه‌کان، ئه‌م په‌یوه‌ندی‌و دۆستایه‌تی‌و پشتیوانیه‌ی جیهان به‌ئاڕاسته‌ی به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌م كاره‌ساته‌ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بخرێته‌ كار، وه‌ بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تیکردنی کێشه‌ی کوردستان وهه‌وڵه‌کان بۆ دامه‌زراندنی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ. ئێمه‌ وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی كوردستان، له‌م یاده‌دا دوپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵ‌و تواناكانمان ا ده‌خه‌ینه‌ كار له‌ ناوخۆی کوردستان بۆ یه‌کڕیزی هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردستان له‌ هه‌موو پارچه‌ داگیرکراوه‌کانی کوردستان، وه‌ له‌ هه‌مان کاتدا داوا له‌ به‌ڕێزانی ئۆپۆزیۆسیۆن له‌ باشووری کوردستان ده‌که‌ین به‌رپرسیارانه‌ هه‌ڵسوکه‌وت له‌ گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای باشووری کوردستان بكه‌ن‌.
هه‌ر له‌م یاده‌شدا جارێكی تر پێداگری خۆمان‌ له‌‌ یه‌كڕیزیی ‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر ئه‌و کاره‌ساتانه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌، خه‌ڵکی کوردستان له‌ باکوورو ڕۆژهه‌ڵات وڕۆژئاوای کوردستان ڕووبه‌ڕووی دڕنده‌ترین ڕژێمه‌کانی ناوچه‌که‌و بگره‌ جیهانیش ده‌بنه‌وه‌ بۆ به‌ دیهێنانی مافه‌ ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌که‌مان .
هه‌روه‌ك به‌ هاوخه‌باتی‌و پێكه‌وه‌ كاركردنیشمان ده‌توانین زووتر پشتیوانی كۆمه‌ڵی نێووده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستبهێنین بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌م تاوانه‌ی هه‌موو تاوانه‌کانی تری دژ به‌ کورد وه‌ک تاوانه‌کانی ده‌رسیم وقارنێ وقامیشلی و تاوانه‌کنی تر به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی كوردستان ئه‌نجامدرا.

سه‌ربه‌رزی بۆ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی ئه‌نفال له‌ کوردستان، نه‌مان و ڕسوایی بۆ گشت ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان.

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
14.4.2011
ڕێکه‌و 2011-04-15 14:20:29
به‌شی ( به‌یاننامه‌ )







سیاسی