لە یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بەردەوام بێت خەبات لە :پێناوی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردیدالە یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بەردەوام بێت خەبات لە :پێناوی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردیدا

عەتاقەرەداغی


لەیادی دامەزراندی کۆماری کوردستانە لە مھاباد کە لە ٢١ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ دا لە لایەن قازی محەمەدەوە راگەیەندرا. دیارە ئەوە ئاشکرایە کە دامەزراندی کۆمار لە مێژووی کورددا بایەخێکی گرنگی ھەیە ئەویش لە چەند روویەکەوە لەوانەش ئەوە یەکەم جار بوو لە دوای روخاندنی حکومەتەکەی شێخ مەحموودی حەفیدەوە لە بەشێکی کوردستاندا کورد بتوانێت حکومەت درووست بکات. درووستبوونی کۆماری مھاباد لە دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی دووەمی جیھان‌و نزیکبوونەوەی سووپای سوور بوو لە سنووررەکانی کوردستان. بێگومان سەرباری خەباتی کورد خۆی و کارکردنی ژێکاف بۆ ئەو مەبەستە دیسان رۆڵی تایبەتی قازی محەمەدیش لەو رووەوە گرنگە. یەکێک لە خاسێتە دیارەکانی کۆماری مھاباد ئەوە بوو لە کاتێکدا سەرجەمی ئەو سیستێمە سیاسیانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوچەکەدا ھەبوون ھەموویان سیستێمی پاشایەتی بوون بێجگە لە تورکیای کەمالیست کە کۆماری بوو، بەڵام کورد لەو قۆناغەدا لە بری سیستێمی پاشایەتی سیستێمی کۆماری درووست دەکات کە ئەوەش جۆرێک لە ئایندەخوازی‌و ھەوڵدان بۆ بنیادنانی جۆرێک لە دیموکراتی لە خۆی دەگرێت.

دیارە وەکو ئاشکرایە کۆماری کوردستان لە مھاباد زۆر بەردەوام نەبوو لە ئەنجامی جووتبوونی بەرژەوەندییەکانی سۆڤیەت لەگەڵ رژێمی ئەو کاتەی ئێراندا سۆڤیەت پشتی لە ھەردوو کۆماری کوردستان‌و ئازربایجان کردو ئەوەش بوو بە ھۆی رووخاندنیان، بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە وەکو کورد ئەوەیە کە پرۆژەی دەوڵەتی کوردی لە کۆنەستی کۆمەڵایەتیماندا پرۆژەیەکی ئامادەیەو ھەر کات ھەلی ئەوە بڕەخسێت کورد ھەوڵی دامەزراندنی سەربەخۆیی‌و درووستکردنی دەوڵەتی خۆی دەدات چی لەسەر بەشێکی کوردستان بێت یان لە سەر جوگرافیای کوردستانی گەورە.

لە راستیدا بارودۆخی ئەو دەوڵەتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوەو بوونەتە داگیرکەری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک کە بە ئاشکرا دیارە ئەگەری مانەوەی کورد لە سایەی دەسەڵاتی ئەو رژێمە شمولی و تۆتالیتارو خوێنڕێژو پیاوکوژانەدا بووەتە ئەگەرێکی لاوازو درەنگ یان زوو کورد دەگەڕێتەوە بۆ باری سرووشتی خۆی کە ئەویش یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورەو درووستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردییە، ئەو دەوڵەتەی کە شێخ مەحموودو قازی محەمەد‌و زۆرێکی تر لە خەبات گێڕانی کوردو بە گشتی گەلی کورد خەباتیان بۆ کردووە. بۆیە لە یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا ھیوادارم لە ئایندەی نزیکدا کوردستانی رزگارو سەرفراز ببینین‌و ئاڵاکەی کۆماری کوردستان بەسەر کوردستانی سەربەخۆو یەکگرتوو لە سایەی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردیدا بشەکێتەوەو بۆ ھەتاھەتایە گەلی کورد لە جەورو ستەم‌و چەوساندنەوەی داگیرکەرانی کوردستان رزگاری بێت. نەمری بۆ گیانی پاکی قازی‌و ھەموو ئەوانەی لە رێگای رزگاری کوردو کوردستاندا گیانیان بەخت کردووە. بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان، بەردەوام و سەرکەوتوو بێت خەباتی گەلی کورد لە پێناوی رزگاری و سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردیدا لەسەر جوگرافیای کوردستانی گەورە

لە ئیستا نیوس وەرگیراوە
ڕێکه‌و 2013-01-24 11:01:24
به‌شی ( به‌یاننامه‌ )







سیاسی