پاش ئاشكرابوونی ده‌نگه‌كان، ئاڵۆزییه‌كان زیاتر ده‌بن. ڕۆژنامەی بەیانپرێس لەگەڵ عارف باوەجانی : ڕاپۆرت: موكریان عه‌بدوڵڵا پاش ئاشكرابوونی ده‌نگه‌كان، ئاڵۆزییه‌كان زیاتر ده‌بن. ڕۆژنامەی بەیانپرێس لەگەڵ عارف باوەجانی : ڕاپۆرت: موكریان عه‌بدوڵڵا
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی چاودێری (شورای نگهبان) له ئێران، له كۆی (686) كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار، ته‌نیا هه‌شت كه‌سی په‌سه‌ند كرد و ئه‌وانی دیكه‌ی ڕەتكردهوه، كه له نێویاندا گه‌وره‌ترین كاندید هاشمی ڕەفسه‌نجانی بوو ڕەتكرایهوه، كه ئه‌گه‌ری ده‌رچوونی له پێشی هه‌موویانه‌وه بوو. ئه‌و ڕەتكردنهوهیه گورزێكی كوشنده‌بوو بۆ به‌ره‌ی ڕیفۆرمخوازان و سه‌رقافڵه‌ی كاروانه‌كه‌یان تێكشێكنرا. هه‌روه‌ها گورزێكی تریش بوو بۆ گیانی خه‌تی ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆككۆماری ئێستا، كه كاندیده دیاره‌كه‌ی ئه‌وانیش كه ئه‌سفه‌ندیاری ڕەحیم مه‌شایی بوو، ئه‌ویش ڕەتكرایهوه. مه‌شایی ئه‌گه‌ر چی سه‌ركه‌وتنی وێنه‌ی هاشمی مسۆگه‌ر نه‌بوو، به‌ڵام هاوكات مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ش بوو بۆ سه‌ر كانیده‌كانی باڵی ڕابه‌ری شۆڕش، چونكه هه‌ردووكیان له لیستی ئوسووڵییهكاندان و ململانێی ئه‌وان له‌سه‌ر یه‌ك چینی ده‌نگه‌كانه، كه ده‌نگی ئوسووڵییهكانه. به‌م پێیه ڕابه‌ری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، تا سنوورێكی زۆر گۆڕەپانهكهی له به‌رده‌می خۆیدا ته‌خت كرد و ئه‌گه‌ری كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی بۆ هاوبیرانی دووباره كرده‌وه. ئه‌و هه‌شت كه‌سه كانیدی په‌سه‌ندكراون بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنی له ئێران، بریتین له: 1ـ سه‌عید جه‌لیلی. ئوسووڵگه‌را. 2ـ غوڵامعه‌لی حه‌داد. ئوسووڵگه‌را. 3ـ موحسین ڕەزایی. سه‌ربه‌خۆ. (به‌ڵام ڕاستییه‌كه‌ی ئوسووڵگه‌را). 4ـ محه‌مه‌د ره‌زا عارف. ئیسڵاح ته‌ڵه‌ب. 5ـ حه‌سه‌ن ڕۆحانی. ئیسڵاح ته‌ڵه‌ب. 6ـ محه‌مه‌د غه‌ره‌زی. سه‌ربه‌خۆ. 7ـ محه‌مه‌د قادر قالیباف. ئوسووڵگه‌را. 8ـ عه‌لی ئه‌كبه‌ر ولایه‌تی. ئوسووڵگه‌را. ئه‌و هه‌شت كاندیده چواریان له باڵی ڕابه‌ر و دوانیان به‌ره‌ی ڕیفۆرم و دوانیشیان سه‌ربه‌خۆن. دوو كه‌سی سه‌ربه‌خۆ یه‌كه‌میان: موحسین ڕەزایی، هه‌شت ساڵ سه‌رۆكی سوپای پاسداران و یه‌كێكه له تونده‌كانی ناو باڵی ئوسووڵییهكان. دووه‌م: محه‌مه‌د غه‌ره‌زی، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ی له سه‌رده‌می شای پێشوو هه‌ڵاتووه و له‌گه‌ڵ ئیمام خومه‌ینی گه‌ڕانه‌وه بۆ تاران. ئه‌مجاره‌ش به‌ره‌ی ڕیفۆرم له شكست نزیكتره تا سه‌ركه‌وتن. سایتی (بی بی سی) نووسیویه‌تی: به‌ره‌ی ڕیفۆرم سێ كۆسپی گه‌وره‌ی له به‌رده‌مدایه، یه‌كه‌م: لاوازیی كاندیده‌كانیان. دووه‌م: كێشه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان (چونكه ڕێگری له نوێنه‌ری ئه‌وان ده‌كرێت له كاتی ژماردنی ده‌نگه‌كان و ئه‌مه‌ش گومانی ساخته‌كاریی زۆری لێ ده‌كرێت). سێیه‌م: كێشه‌ی نێوخۆیی خۆیان. به‌مپێیه و به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ت گرتوویه‌تییه‌به‌ر، ئه‌مجاره‌ش سه‌ركه‌وتن بۆ باڵی ئوسووڵییهكانه. ئه‌وه‌ی پێویسته بخرێته ژێر چاودێرییه‌وه، كێشه‌ی كورده له‌و وڵاته و له دراوسێكانیشی. بۆیه گرنگه شه‌نوكه‌وی ئه‌وه بكرێت ئاخۆ سه‌رۆككۆماری ئایندهی ئێران كێیه، چاودێران پێیان وایه به‌هێزترینی ئێستا سێ كه‌سن (جه‌لیلی، ولایه‌تی، قالیباف). له تارانه‌وه چاودێرێك به (به‌یان)ی وت، ولایه‌تی براوه‌ی یه‌كه‌م ده‌بێت، چونكه ڕابه‌ر پشتگیریی ته‌واوی لێده‌كات. عارف باوه‌جانی، سه‌رۆكی پارتی سه‌ربه‌ستی كوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) ده‌ڵێت «به ڕای من به هۆی هێندێك پێشبینییه‌وه، قاڵیباف له پله‌ی یه‌كه‌م شانسی زیاتری هه‌یه. ناوبراو پێشتر فه‌رمانده‌ی قه‌رارگای خاته‌م و فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌وایی سوپا و فه‌رمانده‌ی هێزی ناوخۆیی سوپاش بووه. نوێنه‌ری سهرۆكۆماریش بووه له ستادی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قاچاخی بۆ ناو ئێران له ساڵه‌كانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٥. هه‌روه‌ها له لایه‌ن خامنه‌ییشه‌وه ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانیی لێده‌كرێت. له پله‌ی دووه‌میشدا عه‌لی ئه‌كبه‌ری ویلایه‌تی شانسی هه‌یه». بۆ وه‌رگرتنی ڕای به‌ره‌ی یه‌كگرتووی كورد (به‌یان) په‌یوه‌ندیی كرد به دكتۆر بایه‌زید مه‌ردۆخی، سه‌رۆكی ئه‌و به‌ره‌یه له شاری تاران، ناوبراو وتی «من هیچ كۆمێنتێكم نییه، چونكه به‌ره هه‌موو كار و چالاكییه‌كی ڕاوه‌ستاوه و ئێمه وه‌ك به‌ره له حاڵه‌تی متبوونداین». ده‌رباره‌ی قسه‌كانی دكتۆر عهبدولڕەحیمی فه‌ره‌همه‌ند كه به ناوی سه‌رۆك و وته‌بێژی به‌ره‌وه قسه ده‌كات، مهرۆدخی وتی «ئه‌و قسانه هیچی په‌یوه‌ندیی به ئێمه‌وه نییه و ئه‌و كابرایه‌ش نه نوێنه‌ر و نه وتهبێژەی به‌ره‌یه و نه هیچ». ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ملیۆنان كورد به‌شداری بكه‌ن باشتره، یان هه‌میشه بایكۆتكردن؟ باوه‌جانی ده‌ڵێت «بایكۆتكردن دروستترین ڕێگه‌یه بۆ گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی هه‌ر پرۆژەیهكی سیناریۆیی ڕژێمی داگیركه‌ری ئێرانی. له مێژووی ئه‌و ١١ ده‌وره‌ی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانی ئێران‌دا، هیچ كه‌س و لایه‌نێكی ئه‌م ڕژێمه دانیان به بچووكترین مافی گه‌لی كوردا نه‌ناوه، بگره ساڵ به ساڵ گرتن و له سێداره‌دانی ڕۆڵه‌كانی گه‌لی كورد زیادی كردووه، كۆسپ و نه‌هامه‌تییه‌كان و فشاره‌كان به شێوه‌ی جۆراوجۆر بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان زیاتر بووه». سه‌رۆكی پارتی سه‌ربه‌ستی كوردستان ده‌رباره‌ی به‌رنامه‌ی كاندیده‌كان ده‌ڵێت «كاندیداكان به‌رنامه‌ی ڕوونیان له زاری خۆیانه‌وه نه‌داوه‌ته ده‌ره‌وه، به‌ڵام دڵنیام وه‌ك پیشه‌ی پێشتر ته‌نیا به‌ڵێنی ناڕاست و بێكرداره. له‌وانه‌یه هێندێك كاندید پێیان خۆشبێت تۆزێك گۆڕانكاری بكه‌ن، به‌ڵام سیستمه‌كه ئیزنیان نادات و چاره‌نووسیان وه‌ك موسه‌وی و كهڕوبیی به‌سه‌ر دێت». باوه‌جانی له درێژەی لێدوانهكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی به‌یان، ده‌ڵێت «پێم وایه له پاش ئاشكرابوونی ده‌نگه‌كان، ئاڵۆزییه‌كان زیاتر ده‌بن، چوون هه‌ر سه‌رۆككۆمارێكی نوێ كه دێته سه‌ر حوکم، خه‌ڵك چاوه‌ڕێى گۆڕانكاری و باشكاریی بواری ئابووری و ئازادیی لێده‌كات، به‌ڵام سیستمه‌كه ڕێگره له‌وه‌ی كه سه‌رۆككۆمار ده‌یه‌وێت. سه‌رۆككۆمار زیاتر حاڵه‌تی دیكۆری هه‌یه له ڕژێمی كۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا.
ڕێکهو 2013-05-30 19:14:59
به‌شی ( وتوێژ )