خۆ سوتاندنو خۆ كوشتن یاخود سوكایه‌تی به‌خۆ كردن؟خۆ سوتاندنو خۆ كوشتن یاخود سوكایه‌تی به‌خۆ كردن؟


مرۆڤ جواترین زینده‌وه‌ره له‌سه‌ر زه‌مین وه هه‌روه‌ها به شارستانێتی له زینده‌وه‌ره‌كانی دی جیاده‌كرێته‌وه.
ئه‌مڕۆ له‌سه‌ده‌ی بیستو یه‌كه‌مداو له سه‌رده‌می فڕینو ته‌كنه‌لۆژیاو سات به سات پێشكه‌وتندا هێشتا مرۆڤ به‌های خۆی نازانێت.
له هه‌موو وڵاتانی جیهاندا دیارده‌ی خۆكوشتن به‌دی ده‌كرێت به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه ته‌نها له‌و كه‌سانه‌دایه كه به‌هۆی كاره‌ساتێكه‌وه یان كێشه‌یه‌كی تایبه‌تییه‌وه توشی نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونی بوون.
گه‌ر ئێمه سه‌یرێكی ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه بكه‌ین كه له وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌دا خۆكوشتن یان خۆسوتاندن ئه‌نجام ئه‌ده‌ن ده‌بێت بڵێین زیاتر له یه‌ك له‌سه‌ر سێی كۆمه‌ڵگاكه‌مان به‌ده‌ست نه‌خۆشی ده‌رونییه‌وه ده‌ناڵێنن.
به‌ڵام له‌بری به‌ره‌نگاری بونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده ترسناكه له وڵاته‌كه‌ماندا به‌داخه‌وه هاندانێك ده‌بینین یاخود چه‌ندان كه‌سی ئاسایی كه‌سانی تر به بێ هۆ توشی نه‌خۆشی ده‌روونی ده‌كه‌ن، بۆ نمونه ئه‌و ئافره‌تانه‌ی بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك عه‌بدوڵا ئۆجالان خۆیان ده‌سوتێنن له ته‌له‌فزیۆنه‌كان به شێوه‌یه‌ك نیشان ده‌درێن كه پاڵه‌وان بن ئه‌مه‌ش بۆخۆی هانده‌رێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئافره‌تێكی دیش هه‌مان كار ئه‌نجام بدات.
ڕاسته به‌ڕێز سه‌رۆك عه‌بدوڵا ئۆجالان شایه‌نی هه‌موو شتێكه به‌ڵام نه‌ك مرۆڤ سوكایه‌تی به‌لاشه‌ی خۆی بكات به‌ناوی خه‌باته‌وه، له‌بری ئه‌وه‌ی خۆت بسوتێنی ده‌توانی چه‌ك هه‌ڵگریتو بچیته ڕیزی ژنه پێشمه‌رگه‌كانی پارته‌كه‌ی به‌ڕێز ئۆجالانه‌وه‌و له پێناویدا بمریت، به‌ڵام خۆسوتاندن به‌ڕاستی هیچ پێناسه‌یه‌كی جوان یان پاڵه‌وانیێتی تێدا نییه. با بێینه سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی كورد وا لێبكات هانا بۆ خۆكوشتن یان خۆسوتاندن به‌رێت.... گه‌ر ڕێز له به‌هاكانی مرۆڤو مرۆڤایه‌تی بگیرێت هیچ مرۆڤێك بیر له له‌ناوبردنی خۆی ناكاته‌وه، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا تا ئێستا واتای مرۆڤایه‌تی له ناخی مرۆڤه‌كاندا ڕه‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه. چه‌ن پرسیارێك كه هۆكاری ئه‌م دیارده‌یه‌ن.....
1- مامۆستاو خوێندكار هه‌ردوك مرۆڤن ئایا ئه‌بێت مامۆستایه‌ك چ مرۆڤایه‌تییه‌كی له خوێندكارێك زێده تر بێت؟
له‌م ماوه‌یه‌ی پێشودا هه‌واڵی خۆكوشتنێكی دڵته‌زێنی لاوێكی خوێندكارم بیست كه مامۆسته‌كه‌ی سوكایه‌تی به مرۆڤایه‌تی ئه‌و خوێندكاره كردبوو. ئه‌و مامۆستایه‌ی كه ده‌بێت مرۆڤایه‌تی فێری خوێندكاره‌كانی كات سوكایه‌تی به ووشه‌كه كردووه. له‌به‌رچاوی هه‌موو خوێندكاره‌كان ئه‌و لاوه‌ی داوه‌ته به‌ر شه‌ق، ئاخۆ تاوانی ئه‌و خوێندكاره چی بێت تا سوكایه‌تییه‌كی وای پێ بكرێت له‌لایه‌ن هاومرۆڤێكه‌وه. سێركه چۆن ناخی ئه‌و لاوه كاول كراوه، ده‌رونی چۆن بریندار بووه، جا كه ئیتر به‌دوای خۆكۆشتندا گه‌ڕا ئێمه چیمان پێ ئه‌وترێت؟ بێگومان هیچ....
ئه‌مه ته‌نها نمونه‌یه‌كه له ده‌ریای سوكایه‌تی كردن به مرۆڤایه‌تی له وڵاتی ئێمه‌دا. 2- ئایا دابڕان له ئازیزێك كۆتایی ژیانه؟
زۆر ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌داو له سه‌رتاپای جیهاندا به‌هۆی دابڕان له خۆشه‌ویسته‌كه‌یانه‌وه په‌نا بۆ خۆكوشتنو خۆ سوتاندن ئه‌به‌ن. ئه‌مه له لێكۆڵینه‌وه‌كانیشدا ئاماژه‌ی پێكراوه كه نه‌خۆشییه‌كی ده‌روونییه‌و ڕو ده‌كاته ئه‌م كه‌سانه‌و زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر ناخیاندا، به‌ڵام بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ش ده‌رمان هه‌یه كه له وڵاتی ئێمه‌دا زۆر كه‌م به‌كار دێت. له ڕێی ڕاگه‌یاندنو هونه‌ره‌وه ده‌توانین ئه‌و ڤایرۆسه ده‌رونییه له ناخی ئه‌و كه‌سانه‌دا بسڕینه‌وه، با به به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی ئازاره‌كانی ئه‌م جۆره كه‌سانه باس بكرێتو لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بكرێت با له ڕێی زنجیره‌ی ته‌له‌فزیۆنیو فیلمو گۆرانیو هۆنراوه‌وه‌ به‌و كه‌سانه نیشان بده‌ین كه دووای وه‌رینی گوڵ خونچه ده‌ڕوێت. 3- بۆ بهێڵین باوه‌ڕمان به‌خۆمان لاواز بێت؟ دیاره پیاوسالاسری له وڵاتی ئێمه‌دا به ڕێژه‌یه‌كی ترسناك له‌به‌رچاوه. ڕۆژانه ده‌بیستین یان ده‌خوێنینه‌وه ئافره‌تێك له‌به‌ر ماڵی خه‌زورانی یان له داخی مێرده‌كه‌ی یان له‌به‌ر باوكو براكانی خۆی سوتاندووه.... ئاخر با بپرسین بۆ؟ بۆچی ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا باوه‌ڕی به‌ كه‌سایه‌تیو مرۆڤایه‌تی خۆی هێنده كه‌مه؟ بێگومان ئه‌مه چه‌ن هۆكارێكی هه‌یه كه دیارنو چه‌ند هۆكارێكیش هه‌یه كه تا ئێستا شاردراوه‌ن. نه‌خوێنده‌واری هۆیه‌كی زۆر گرنگه، ده‌بینین زۆرینه‌ی ئه‌و ئافره‌تانه‌ی خۆیان ده‌سوتێنن دانیشتووی لادێكانی كوردستانن وه زۆرینه‌شیان یان نه‌خوێنده‌وارن یاخود له كاری پراكتیزدا بێ ئه‌زمونن.
4- ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی به‌ناوی مافی ئه‌فره‌تانه‌وه له شارو دێكانی وڵاته‌كه‌ماندا بڵاوه‌یان داوه ئیشیان چییه؟
ڕێكخراوه‌كانی ژنانو مافه‌كانیان چه‌ند ئارمانجێكی دیاریكراویان هه‌یه كه تا ئێستا زۆر كه‌م به‌دیهێنانیانمان دیتووه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌م ئاكتیڤی ئه‌و ڕێكخراوانه به‌شێوه‌یه‌كو به لایه‌كی دیشه‌وه بۆ بێ باوه‌ڕی و ترسی ئافره‌ت له كه‌سایه‌تی خۆی. گه‌ر باوكێك به‌زۆر كچه‌كه‌ی خۆی بدا به شوو كچه‌كه ئه‌و تووانایه‌ی نییه ڕوو له ڕێكخراوێك بكات چون ترس باڵی به‌سه‌رتاپایدا كێشاوه، هه‌نێ جاریش گه‌ر یه‌كێك له‌و جۆره كچانه ڕوو له رێكجراوه‌كان بكه‌ن گوێیان بۆ نابیسترێتو یارمه‌تییان نادرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عه‌شایه‌ری تا ئێستا به هێز تره له مرۆڤایه‌تی له وڵاتی ئێمه‌دا.
5- ڕاگه‌یاندن له كوێیه؟ كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له هه‌موو وڵاتێكدا زیاتر له‌ڕێی ڕاگه‌یاندنه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌یان لێ ده‌كرێتو ده‌خرێنه به‌رچاوی هاوڵاتیان، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا ڕاگه‌یاندن ڕۆڵێكی نه‌بینراو یان ئێجگار كزی هه‌یه.
بۆ نمونه كێشه‌كانی سه‌رڕه‌شه‌كانی وڵاتی هۆڵندا له ته‌له‌فیۆنه‌كاندا له‌لایه‌ن وه‌زیره‌كانه‌وه باسیان لێ ده‌كرێت، كه‌چی لای ئێمه گه‌ر كاربه‌ده‌ستێك یاخود وه‌زیرێك خۆشی دروستكه‌ری كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی یاخود ڕوخێنه‌ری كه‌سایه‌تی هاوڵاتییه‌كیش بێت كه‌س لێی ناپرسێته‌وه‌و بێزیشی نایه ڕوو له ته‌له‌فزیۆنێك بكات.
به‌رنامه ئاینییه‌كان زۆرن بۆ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته نادوێن؟ ڕێژه‌ی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگای ئێمه ئیسلامن یان كاتۆلیك یان كرستیانن له هه‌موو ئاینه ئاسمانیه‌كانیشدا خۆكوشنتنو خۆ سوتاندن گوناهێكن لێبوردنیان نییه لای خوداوه‌ند.
‌ئه‌مانه چه‌ن دڵۆپێ بوون له ڕوباری ئه‌‌و باسانه‌ی كه ده‌بێت له‌م باره‌یه‌وه بكرێن ، له‌كۆتاییدا ته‌نها ئه‌وه ماوه كه بڵێم مرۆڤ به ڕێزگرتن له مرۆڤایه‌تی خۆیه‌وه مرۆڤه .... با ئێمه‌ش به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو مرۆڤێك بكه‌ین بێ جیاوازی....با ڕێز له كه‌سایه‌تی یه‌كدی بگرینو باوه‌ڕمان به خۆمان به‌هێز بێت....با چیتر سوجده بۆ خۆبه‌ده‌ستدانه‌وه نه‌ده‌ینو سوكایه‌تی به لاشه‌و كه‌سایه‌تی خۆمان نه‌كه‌ین، چون ئێمه‌ی مرۆڤ زۆر به‌نرخترین له‌وه‌ی كه خۆمان به ئاگاین لێی.....
كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
هۆڵندا
ڕێکه‌و 2006-12-10 22:50:46
به‌شی ( ژنان‌ )







سیاسی