ئێستا زانیتان کە کەسایەتییە ئاینییەکانیش دەتوانن کەسایەتییەکی نەتەوەیی بن.

 


ئێستا زانیتان کە کەسایەتییە ئاینییەکانیش دەتوانن کەسایەتییەکی نەتەوەیی ب






پێشووتار:
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بە خۆێنەری خۆشەویستی ئەم بابەتە بڵێم، کە من مەبەستم لە پێدا هەڵدانی هیچ ئاینێک یا دژایەتی کردنی هیچ ئایدولۆژیایەکی سیاسی نییە.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە کە بیڵێم، ئەوەیە بۆ گەیشتنمان بە ئامانجە سەرەکی و کۆتاییەکەمان کە سەربەخۆیی کوردستانە، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بکەین بە هاوبەشی ئەو خەباتە، هەر کەسە و لە هەر بوارێکدا دەتوانێت، ڕۆڵی خۆی پێبدرێت، بۆ ئەوەی سەرنجی جەماوەری زیاتر بۆ خەباتی نەتەوەیی ڕابکێشین، و کەڵک لە تواناکان وەرگرین بۆ ڕزگارکردنی نیشتیمانەکەمان لە ژێر ستەمی داگیرکەران، نەوەک پێچەوانەکەی کە ئیستا دەبینین لایەنە چەپەکان دەستیان پێکردوە.
باسەکەی من لە سەر ئەرکی نیشتیمانپەروەرییە، کە شەرت نییە هەر کەسایەتی لایک و چەپ دەتوانن خەباتگێرێکی باش بن. وەک مێژوو گەواهیمان بۆ دەدات کە جڵەوی شۆرشەکانی سەردەمانی پێشوومان زۆربەی هەرە زۆری بە دەستی کەسانی ئاینی بووە و شاکاریشیان خولقاندووە. نموونەکەش، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، شێخ ئەحمەد بارزانی، شێخی حوبەیدوڵایی شەمزینی، شێخ مەحمودی مەلیک، قازی موحەممەد، مەلا موستەفا بارزانی. بێجگە لەو شۆرشە سەتاسەرییانە، چەندین شۆرشی دیکەی لۆکاڵیش هەبووە کە تێیاندا کەسایەتییە ئاینیەکان رٶلی سەرەکیان هەبووە.

شۆرشەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان و پشتگۆێ خستنی ئاین و پێکهاتەکانی :
زۆربەی شۆرشەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، لە پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان، زیاتر بە بیرۆکەی چەپی و مارکسیستی و کۆمۆنیستی هەوێن کرابوون. وێرای ئەوەی کە ئەو لایەنانە بە هەزاران شەهیدیان لە پێناو بە دەستهێنانی ئازادی بۆ کوردستان ئاراستەی کاروانی شەهیدان کردوە. بەڵام زۆربەیان نەیانتوانیوە دڵنیایی بە خەڵک بدەن، کە ئەمە بۆ ڕزگاری و ئازادی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانە، لەو کاتەدا هیندێک کەمینە هەستیان بە مەترسی کردوە، کە ئەگەر ئەم لایەنە کوردییانە ببنە خاوەن دەسەڵات مەترسییان بۆ سەر ئازادییە ئاینییەکانیان دەبێت. واتە زۆربەی ئەو لایەنە سیاسییانە زیاتر خۆیان بە نۆێنەری چینی چەپ زانیوە، خۆیان بەو شێوە پێشانداوە کە ئەگەر دەسەڵات بە دەستەوە بگرن، ئەوا مافی چینی ڕاست یا ئاینییەکانیان پێشێل دەکەن.
لێرەدا بیرەوەرییەکم وەبیردێتەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٩ کە پێشمەرگەی حدکا بووم، لە گووندێکی سەر بە ناوچەی سەردەشت چووینە ماڵێک، چەند کەسێکی خەڵکی گووندەکەش لەو کاتەدا لەو ماڵەدا بوون، بە خەمبارییەوە باسیان لە شەهیدکردنی مەلایەکی بێتاوانی گووندەکەیان دەکرد، کە لە چەند ساڵ پێشتر لە لایەن یەکێک لە حیزبە کوردییەکانەوە. دەیانگێڕایەوە کە تا ئیستاشی لەگەڵ بێت ئێمە تێنەگەیشتین کە ئەو مامۆستا بێتاوانەیان بۆ شەهید کرد. خەڵکی گووندەکە بە خۆێنەوار و لاو بە تەمەنە کانیشیان هەموو گەواهیان لە باشی و نەتەوەیی بوونی ئەو مامۆستا ئاینییە دەدات.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئێمەش خاوەنی چەندین کەسایەتیی دیاری ئاینی و نەتەوەیی بووین و ئێستاش هەین، کە نەمانتوانیوە وەک پێویست کەڵک لە توانایی و پێگە بە هێزە کۆمەڵایەتییەکەشێ بگرین.
یەکێک لەوانەی کە بە زیرەکی و لێهاتوویی خۆیەوە توانی ببێتە ڕاستییەکی حەشا هەڵنگر، مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسەینی بوو.
بەڵام کەسایەتییەکی وەک (مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەبیعی) زۆر نەتەوەیی و بە توانا و زاناو لێهاتوو لە ئاست جیهانی ئیسلامیشدا، کە مخابن تا کاتی تێرورکردنەکەی، هیچ لایەنێکی سیاسی کوردستانی قەدریان نەدەزانی، و ئامادە نەبوون هەرگیز کەڵک لە تواناکانی وەرگرن. مامۆستا ڕەبیعی تەنیا لە گردبوونەوەکانی ڕۆژانی هەیە،( خوتبەی جومعە) دا دەیتوانی بە هەزاران خەڵک کۆکاتەوە، هەر بەو شێوەی کە نووسینەکان و کاسێتە دەنگیەکانی پاش شەهیدبوونی، دەیسەلمێنن کە چەندە نەتەوەیی بووە، لە پەنا هەر پەیامێکی ئاینیدا چەندین پەیامی نەتەوەیی ئاراستەی خەڵک و حکومەتی داگیرکەری ئێران کردوە.
من بۆ خۆم گۆێم لە یەكێک لە پەیامەکانی بە کاسێتی دەنگی بووە، کە ئەو کاسێتەی هی ساڵانی ١٩٨٤ یا ١٩٨٥ کە ڕێژیم لەوپەڕی تووند و تیژ و سەکووپدا بووە، بەڵام مامۆستا دەڵێت ( ئێمەی نەتەوەی کوردی موسڵمان، لە لایەن چوار وڵاتی بە ناو ئیسلام، کە یەکێکیان ئەم رێژیمەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە قەتڵ و عام دەکرێین) .
بە دڵنیاییەوە ئەوە پەیامێکە بۆ هەموو پەیرەوێکی ئاینی کە هەست بە داگیرکراوی نیشتیمان و زووڵمزۆری داگیرکەرانیش بکات. یا هاندەریکی سەرەکی بوو بۆ نووسین و خۆێندەوە بە زمانی شیرینی کوردی، و بۆ خۆشی یەکێک بوو لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە. بە داخەوە لە پاش تێرورکردنەکەی زانرا کە گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان، چی کەسایەتییەکی گەورەی لە کیس چووە.
یا کەسایەتییەکی دیکەی ئاینی یارسانمان هەیە وەک بەرێز سەید نەسرەدین حەیدەری ( سید نصرالدین) کە بە سەدان هەزار لە خوشک و برایانی یارسانیمان گۆێڕایەڵی پەیام و ڕێنماییەکانی ئەو کەسایەتییەن. سەید نەسرەدین ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە پاراستنی مێژوو داب و نەریتی کوردانی پەیرەوی ئاینی یارسان. یارسانییەکان کە زۆربەی لە سەر سنووری پارێزگای کرماشانی گەورە شاری کوردستانن، خاوەن یەکێک لە ئاینە هەرە دێرینەکانن لە کوردستاندا.
کەوابێت پێویستە لانیکەم لە ئیستا بەو لاوە بتوانین حورمەتی ئەو کەسایەتییە دیار و بەهێزانەی کۆمەڵگای کوردستان بگرین، و بتوانین لە رێگەو پێگەی تایبەتی خۆیانەوە پشتیوانی بکرێن بۆ ئەوەی درێژە بە رەوتی نەتەوەیی بدەن. ناچاریان نەکەن کە حەتمەن بێنە سەر ڕێبازێکی سیاسی یا بواری دیکەوە کە ویستی خۆیان نەبێت و نەتوانن وەک پێویست ئەرکی خۆیان بە جێبگەیەنن.

نموونەی دوکتۆر مووسەنا لە باشوری کوردستان.
هەوێنی نووسینی ئەم وتارەم، لە هەڵویستێکی دیکەی نەتەوەیی دوکتۆر موسەنا ئەمین سەریهەڵدا. دوکتۆر موسەنا ئەمین خاوەنی٢ بروانامەی دوکتۆرایە لە بواری ئاینی ئیسلامدا. وێرای دەیان کەسایەتی دیکەی هاو ئاستی خۆی لە بەغدا وەک ئەندام پەرلەمان نۆێنەرایەتی مافەکانی گەلەکەی لە باشوری کوردستان دەکات.
بەڵام کارو کردەوەکانی دوکتۆر موسەنا لە ڕوانگە نەتەوەییەکانەوە لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە، دوکتۆر لە بەغدا نەبووەتە تەنیا داکۆکیکارێک لە حیزبەکەی یا لە ئاینەکەی، بگرە بووەتە داکۆکی کارێکی زۆر بەرچاو لە مافە گرنگەکانی نەتەوەکەی.
لە کاتێکدا کە دەیانکەس لە بنەماڵەی ئەنفالکراوانی کوردستانی، دەچنە سەر رووفاتی کەس و کاریان لەناوچە شوومەکانی نوگرە سەلامی سەر بە پارێزگاری ئەلموسەنا (المثنى). یەکێک لە پاشماوەکانی کارەساتی ئەنفال، ئاڵای کوردستانی وەک ملپێچ لە ملکردبوو، بەڵام لە لایەن ئەفسەریکی شۆفینیستەوە داوای لێدەکرێت کە ئاڵای کوردستان لابات. دوکتۆر موسەنا ئەمین، ئەو کارەساتە دەهێنێت نێۆ پەرلەمانی ئێراقەوە. و داوا دەکات کە ئەو ئەفسەرە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بگرێت. هەر ئەو هەڵویستە بە غێرەتانەی دوکتۆر موسەنا ئەمین وا دەکات، کە پارێزگاری(المثنى) بۆ خۆی بێتە سەرخەت، و داوای لێبوردن لەگەلی کورد بکات. دوکتۆر موسەنا دواتر لە ناو هۆڵی پەرلەمان لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش دەبێتە دەمەقاڵەی تووندیان، و زۆر بوێرانە بە گژیا دەجێتەوە.
بێجگە لەوەش کە دوکتۆر موسەنا ئەمێن لە ساڵی ٢٠١٧ لەو کاتانەش کە هەر ئەندام پەرلەمانی ئیراقی بوو، بەڵام داکۆکی کارێکی سەرەکی بوو لە دۆزی ڕاپرسی(ڕێفراندۆم).
ناوبراو لە دەیان پانێلی کوردستانی و عەرەبی ڕوبەڕووی نەیارانی ڕاپرسییەکە دەبووە، بە تایبەت ڕووبەرووی عەرەبە تووندرەوەکان. هەوڵیشدرا بدرێت بە دادگای ئیراقی و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام چاونەترسانە ئامادەیی بۆ دادگاش پێشداندا.
هەر بە بیانووی ڕێفراندۆمچی زۆر هەوڵدرا کە لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی پێشوودا لە کەسایەتی بدرێت ودەنگ نەهێنێتەوە. بەڵام دوکتۆر موسەنا ئەمین نەک پەشیمان نەبوو لەوەی کە پشتیوانی لە پرۆسەی رێفراندۆم کردوە، و ڕایەگەیاند کە شانازی دەکات بە ڕێفراندۆمەوە، و ئەگەر دەجاری دیکەش رێفراندۆم بکرێتەوە بە خۆێنی قامکی دەنگی بۆ دەدات، بەو وتانەی خۆشەویستی دوکتۆر موسەنا وەک کەسایەتیەکی ئاینی و ئاکادیمی بۆ نیشتیمانەکەی ساڵ بە ساڵ زیاتر دەبێت.
بە دڵنیایەوە لە دوا رۆژی رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئێمەش لەوانەیە چەندین کەسایەتی وەک دوکتۆر مەسەنا ئەمین مان هەبێت، بەڵام نابێت لە بەر خاتری ئاینەکەی یا ئایدولۆژیاکەی ئاستەنگی بۆ دروست بکرێت.

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان
٩ی گەلاوێژی ٢٧١٩ی کوردی، بەرامبەر بە ٣١ / ٧ / ٢٠١٩ زاینی

ڕێکه‌و 2019-12-06 22:04:25
به‌شی ( مقالات )







سیاسی