ئایا جووڵانەوەکانی کورد لە خۆرهەڵات، هی ئوپۆزوسیونی ئێرانیە, یا جووڵانەوەی نەتەوەییە؟

 

ئایا جووڵانەوەکانی کورد لە خۆرهەڵات، هی ئوپۆزوسیونی ئێرانیە, یا جووڵانەوەی نەتەوەییە؟    عارف باوەجانی


دەسپێکی بابەت:
گشت دەستەواژەیەکی سیاسی کە ئەمڕۆ لە هەموو جیهان بە کار دەهێنرێت، هەموو پێناسەی تایبەت بەخۆی هەیە، و هەروەها مێژووییەکی تایبەتی هەیە، لەوەی کە ئەو دەستەواژە لە چیەوە هاتووەوە بۆ درووستبووە، کێن ئەوانەی دەتوانن ئۆپۆزۆسیون بن.
ووشەی ئوپووزوسیون (بەرهەڵستکار) لە چییەوە هاتووەوە ماناو ناوەڕۆکەکەی چییە. (ئوپووزوسیون: Opposition) دەستەواژەیەکەی فەرانسییە. بە تاکێکی یا گرووپێک، یا ڕێکخراوێک دەگووترێت، چی حیزبی سیاسی بن، یا فراکسیونی پەرلەمانی بن، کە بەرهەڵستکاری جۆرە سیاسەتێک یا پرۆژەیەکی دەسەڵات دەبنەوە، کە ئەوان پێیانوایە، ئەو  سیاسەتە یا پرۆژەیە هەڵەیە، کاری بۆ دەکەن بیگۆڕن. ئیتر ئەو دەستەواژەیە لە تەواوی جیهاندا بڵاوکرایەوە، و لە کێشە ناوخۆییەکانی هەموو وڵاتان کەڵکی لێوەرگیرا.

بەڵام ئایا جووڵانەوەکانی کورد لە خۆرهەڵات، دەکرێت وەک ئوپۆزوسیونی ئێرانی ببینرێت یا پێجەوانەکەی؟
بە پێێ ئەو پێناسە کوورتەی لە سەرەوە، لە سەر ئوپۆزوسیون بۆمان ڕووندەبێتەوە، کە ئەو دەستەواژەیە پڕ بە پێستی خەڵک و گروپگەلێکن، کەخەڵکی تایبەتی وڵاتەکەی خۆیانن و لە دەسەڵات و حکوومەتەکەیان ناڕازین. نەک حیزب و لایەنی نەتەوەیەکی بندەست، کە ڕێگەشیان پێنادرێت لە سەر خاکەکەی خۆیان جووڵانەوەی سیاسی و چالاکی مەدەنیشیان هەبێت، پەڕیوەی وڵاتانی دەرەوەشیان دەکەن و چەندین تۆمەت و پێناسەی نەشیاویان دەخەنە پاڵەوە.
بۆ ئەوەی باش لەو دەستەواژەیە تێبکەین، پێویستە ئەوە باش ئەزم بکەین کە: 
یەکەم : ئێمەی کورد خەڵکی ناوخۆی ئەو وڵاتە نین، بەشکوو ئەو وڵاتە بە زۆر داگیری کردووین.
دووەم :  کێشەی ئێمەی کورد کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی نییە، بگرە کێشەیەکی نەتەوەییە، کێشەی گەلێکی نیشتیمانداگیرکراوە، لەگەڵ نەتەوەیەکی داگیرکەردا.
کەوابێت کێشەی کوردەکان، لە بواری یاسایی و فەرهەنگیشەوە نابێت بخرێتە چوارچێوەی ئەو دەستەواژەی کە گەورەترین زیان بە خەبات و تێکۆشانمان دەگەیەنێت، وقوورسایی خەباتەکەشمان بە تەواوی بچووک دەکاتەوە، لە کیشەی نەتەوەیەکی دەیان ملوێنی، دەکرێتە کێشەیەکی ناوخۆیی ئەو وڵاتەی کە نیشتیمانەکەی خۆتی داگیرکردووە.

ئەگەر بۆ خۆمان کێشەکەمان بە کێشەیەکی ناوخۆیی ئێرانی زانی، ئەوا بێگوومان لە ئاست جیهانیشدا دەیسەلمێنین کە ئێمە خاک و نیشتیمانمان داگیرنەکراوە، تەنیا کێشەی سیستەمی حکومەت و گرانی وهەرزانی و بێکاریمان هەیە، ئیتر هیچ وڵاتێکیش یا زلهێزێکی جیهانیش ئامادە نابێت وەک نەتەوەیەکی جیاواز پشتیوانیت بکات.
 ئەوان لە بەر بەرژەوەندی خۆیان تەنیا ئامادە دەبن، پشتیوانی لە گۆڕینی حکومەتەکە بکەن، بۆ نموونە لە ئاینییەوە بۆ پاشایەتی، یابۆ حکومەتێکی بەناو دیمۆکراتی، بەڵام  ئەو ئێرانە بە ناو دیمۆکراتیە، لە کردارەوە هەرگیز بۆیان ئەزم نابێت ببینن کە گەلی ١٢ ملوێنی  کورد لانیکەمی مافەکانی خۆی هەبێت.

ئوپۆزۆسیونی ئێرانی کامانەن.
ئەو گرووپانەی کە ئەمڕۆ لە تاراوگە پێیان دەگووترێت ئوپوزوسیونی ئیرانی. ئەوانە پارت و لایەنی سەرتاسەریخوازی ئێرانین، بە سەرکردایەتی ئەو کەسانەی کە١٠٠% نەتەوەیی ئێرانین، و لە هەوڵی پاراستنی دەسەڵات و ئیمپراتۆری فارسیین لە ناوچەکەدا.
کەوابێت حیزبە ئێرانییەکان، جا موجاهیدینی خەڵک، پاشایەتی کۆماریخوازی پەهلەوی ئێرانی، توودە، مەشرووتەخوازان، ڕاهی کاریگەر، نازانم ئەقلیەت و ئەکسەرییەت. ئەمانە ڕاستە ئۆپۆزۆسیونی ئێرانین. چوون ئەمانە کێشەو خەباتیان لە سەر شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان هەیە، نەک وەک منی کورد خاک و نەتەوە و فەرهەنگ و زمان و مێژوویان داگیرکرابێت. ئەمانە  حاکمانی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێکی داگیرکەر نازانن، بەڵکوو بە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و دژە ئازادی دەزانن.
 ئێران لە ژێر هەر ناو ڕێژێمیکدا بێت بۆ من و تۆی کورد وڵاتێکی سەداسەد داگیرکەرە. ئێرانیش لە درێژایی مێژوودا هەرگیز جووڵانەوەکانی کوردی بە ئوپۆزۆسیون ناو نەهێناوە، بگرە بە دژە شۆرش و نۆکەری بێیانی پێناسەیان دەکات، چوون دەزانێت تۆ داوای مافی گەلێک دەکەی، نەک داوای گۆڕانی ڕێژیمی ئیسلامی بۆ ڕێژیمی پاشایی. بەڵام لایەنەکانی یەکپارچەیی خوازی ئێرانی، بە مەبەستەوە تۆ ئەبنە تەنیشت خۆیان وبە ئۆپۆزۆسیونت دەزانن، لە بەر ئەم  دوو  هۆکارە.
یەکەم: بۆ ئەوەی جووڵانەوەی تۆ لە نەتەوەییەوە بگۆڕن بە ئێرانی.
دووەم: بۆ ئەوەی لە ئاست جیهاندا هەموو ئێرانییەکان بە یەک نەتەوەو پێشانبدەن، کە گوایا تەنیا کێشەی هەموومان گۆڕانی ئەم ڕێژیمەیە.

گەلۆ هەموو باش دەزانین کە جووڵانەوەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان، هەر دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەریهەڵنەداوە، سەدان ساڵە هەیە و لەوانەیە لەگەڵ دەیان ڕێژیمی دیکەش لە داهاتوودا درێژەی هەبێت. بە ئوپۆزوسیونکردن و بە ئێرانیکردنی جووڵانەوەی کوردی لەو بەشەدا، لە لایەن هێندێک سەرکردەی دڵخۆش بە دیداری فارسە سیاسییەکان، هەڵەیەکی زۆر سیاسی و زیانبەخشە بە بیری نەتەوەیی، چی لە ئێستادا بێت، یا چی ئاست مێژووی دواڕۆژی نەوەکانی داهاتووماندا.

بێجگە لە کەمینە ئاینی و ئەتنیکیەکان، کە ژمارەیان زۆر کەمە و پرش  و بڵاون لە نێو زۆربەی شارەکانی وڵاتانی دیکە، بەڵام تەماشای جووڵانەوەی زۆربەی نەتەوەکانی دیکەی بندەست بکەن، کە خاوەنی یەک جۆغرافیای هاوبەشن، چی ئەوانەی خاک و نیشتیمانیان لە لایەن ئێرانەوە داگیرکراوە. یا ئەوانەی دیکە کە نیشتیمانیان لە لایەن وڵاتی دیکەوە داگیرکراوە. بزانن خۆیان بە ئوپوزسیون دەزانن، یا پێچەوانە خۆیان بە حیزبی ڕزگارییخواز و سەربەخۆییخوازیی گەلەکەیان دەزانن.
بەو هیوایە هەموو لایەنێکی  سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان، لەو بوارەدا زۆر بە وریایی خوێندنەوەیان بۆ دەستەواژەکە هەبێت، زۆر بە وریایی خوێندنەوەیان لە سەر شێوەی کارکردن لەگەڵ ئوپۆزۆسیونی ئێرانی هەبێت، زۆر بە وریایی واژۆ لە سەر بەیاننامەو یەكێتی پێکەوەکاردن بکەن.
لەم کاتانەی کە هەموو ڕووخانی ڕێژیمەکە بە هەنگاوی یەکەم دەزانین، دەتوانین لە هێندێک پرۆسە لەگەڵیان کاربکەین، بەس پێویستە ئەوە بزانین کە دەبێت ناوەڕۆکی کارەکانمان زۆر زۆر لەوان جیاوزتر بێت، نەبینە لافیتە هەڵگری ئەوان.
ڕێکه‌و 2020-05-08 12:03:30
به‌شی ( مقالات )







سیاسی