ڕێکەوتننامەی (ئیبراهیم یا ئەبراهام) لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات، بە پشتیوانی ئەمریکا.

 

ڕێکەوتننامەی (ئیبراهیم یا ئەبراهام) لە نێوان ئیسرائیل، ئیمارات، بە پشتیوانی ئەمریکا. دەبێت کوردی چی بکات؟ نووسینی عارف باوەجانی. ١٤/ ٨ /٢٠٢٠




دەسپێکی بابەت:
بوونی ئیسرائیل وەک هێز و وڵاتێکی بەرچاو وەخیرەت، کە پشت و پەنایی سیاسەت و ئابووری ئەمریکای زلهێزی هاوپیشەیە لە ئاست جیهان و خۆرهەڵاتی ناوەراستدا.
ئەم ڕاستییەی ئیسرائیل حاشا هەڵنەگرە لە ناوچەکەدا، توانایی کەم وێنەی لە ئاست دیپڵۆماسی جیهانی بە لایەکدا، و بەهێزی و ژیری لە ئاست ئابووری جیهاندا، وەک خاوەنی پشکی زەبەلاح لە گەورەترین بانک و ناوەند و پیشەسازییەکانی جیهاندا، وایکردووە کە بێ منەتانە دۆست و نەیارانی پێشووی، کە بەردەوام شەڕیان پێدەفرۆشت وئامادە نەدەبوون دان بە سەربەخۆییەکەشیدا بێنن، بەڵام لە ئیستادا بەرژەوەندی خۆیان لەو دۆستایەتیەی ئەم وڵاتە زلهیزە ببینەوە.
وەک دەبینین کە لەم سەردەمەی ٢٠٢٠دا تەرافیکی نزیکبوونەوە لەم زلهێزە ئابووریەی جیهان لە نێو نەیارەکانی زیاتر بووە، کە تازەترینیشیان درووستبوونی هاوپەیمانییەکی گرنگیانە لەگەڵ ئیماراتی عەرەبی.

پێناسەیەکی کورت لە سەر ئیمارات.
ئیماراتی یەکگرتوویی عەرەبی، لە ساڵی ١٩٧١ لەم چەند ٧ شێخ نیشن یا شانشینەی کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم، یەکیان گرتوو ناویان لێ نا ئیمارات عەرەبی یەکگرتوو، پێکهێنراوە.
١ شانشینی ئەبوو زەبی، ٢ شانشینی دووبەی، ٣ شانشنی عەجمان، ٤ شانشینی شاریقە، ٥ شانشینی رەئسولخێمە، ٦ شانشین ئومەلویون، ٧ شانشینی فەجیرە.
سەرژمێری وڵاتەکەی تا ٢٠١٨ گەیشتووەتە ٩ ملوێن ٦٠٠ هەزار کەس. بە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە بووەتە یەکێک لە ناوەندەکانی بازرگانی جیهانی، هەر بۆیە خەڵکی زۆربەی وڵاتانی جیهان لە ئیمارات دەژین.
لەو سەرژمێرە تەنیا ١٢ % خەڵکەکەی عەرەبی ڕەسەنی ئەو وڵاتەن، ئەو سەرژمێرەکەی دیکەی کرێکار و بازرگانی وڵاتانی جیهانین، و پەنابەری کارن لەو وڵاتەن، کە بە شێوەی خوارەوە پێناسە دەکرێت.
١٢ % خەڵکی ڕەسەنی ئیمارات/
٨، ٢٧ خەڵکی هێندیستان/ ١٥،١% لە وڵاتانی ئوروپایی/ ١٠،٢ پاکستانی /
٩،٥ % بنگلادیشی / ٦،١ % فلیپینی / ٣ % سریلانکی/ ٢،٢ % چینی / هەروەها
١٤،٤ % لە وردە نەتەوەی جیاوازتر.بە تایبەت بەلووچەکانی بندەستی ئێران لە دەیانساڵ پێشەوە چەند عەشیرەی گەورەیان بە یەکجاری هاتوونەتە ئەم وڵاتە.
ئەم شێخنشینە یەکگرتوویی عەرەبی لە ژێر ناوی ئیمارات، زۆر بە باشی لە بواری داراییەوە پەرەی سەندووە، لە ئێستادا لە ڕیزی حەوتەمین وڵاتی جیهانە بۆ پاشەکەوتی نەوت. یەکێکە لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانی کە خەڵکەکەی لە ئاستێکی باشدا دەژین.

ڕێکەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل.
ڕێکەوتی ١٣ /٨ / ٢٠٢٠ بە سەرپەرەستی و چاودیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕێکەوتننامەی ئاشتی لە نێوان وڵاتانی ئیماراتی عەرەبی و ئیسرائیل لە پلەی یەکەم واژۆکرا، کە درێژەی ئەو ڕێکەوتننامەیە لە چەند حەوتووی داهاتوودا لە کۆشکی سپی ئەمریکا واژۆدەکرێت و خاڵەکانی ئاشکرا دەکرێن.
ئیمارات یەکەمین وڵاتە لە ناو وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانی بکات، هەروەها لە ئاست وڵاتانی عەرەبیش لە پاش ئۆردون کە لە سالێ ١٩٩٤ و میسریش لە ساڵی ١٩٧٨ لەگەڵ ئیسرائیل هاوپەیمانیان واژۆکرد، ئەمەی ئیمارات بە سێیەمین وڵاتیش لە ئاست وڵاتانی عەرەبی، کە پێوەندیی خۆیان لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، ئەژمار درکرێت.

ناسناوی ڕێکەوتنەکە، ئیبراهیم یا ئەبراهام،
دۆناڵدترامپ کە سەرپەرەستی ئەم ڕێکەوتننامەیەی کردووە ڕایگەیاند، کە حەزم دەکرد ناوی ئەم ڕێکەوتننامەیە بنرایە ترامپ، بەڵام لە بەر ڕاگەیاندنەکان نەکرا. بەڵام بە ڕەزامەندی هەر سێ لایەن، ناوی لێنراوە ڕێکەوتننامەی ئیبراهیم، کە بە عیبری و ئینگلیزی پێی دەگووترێت ئەبراهام. مەبەست لە هەڵبژاردنی ئەو ناوەش بۆ ئەوەیە، کە حەزرەتی ئیبراهیم دەبێت باوکی هەر سێ پێغەمبەرەکانی ئاینی مەسیحی و ئیسلام و یەهوودی، لە ناوچەکەدا.
زۆربەی کەسانی شارەزاو پسپۆڕ لە سەر هەر ٣ ئاینەکە، هەڵبژاردنی ئەم ناوەیان زۆر بە ئەرێنی وەرگرتووە و پێیانوایە، هەر لە سەر ئەو پێوەرە دەکرێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ ئاشتی درێژخایەن لە نێوان هەر ٣ ئاینەکە لە ئاست جیهاندا.
دەنگدانەوەی ئەم ڕێکەوتننامەیە لە ئاست جیهاندا.
بیجگە لە وڵاتانی ئێران و تورکیا، زۆربەی هەرە زۆری سەرۆکی وڵاتان، هەروەها وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی و جیهانی و عەرەبی، لە ڕێگەی جریوەی تویتەرەکانیانەوە، بە گەرمی پێشوازی باشیان لەم ڕێکەوتننامەیە کرد، و زۆربەیان بە ئەرێنی و هیوابەخش بۆ پەرەسەندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا پێشوازییان لێکرد.

مەبەست لەم ڕێکەوتننامەیە چییە؟ کورد دەبێت چی بکات؟.
ئەگەر بە شێوەیەکی زانستیانیە! شیکارییەک بۆ ڕووداو وپێشهاتەکانی جیهان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستاش کە بەردەوامە بکەین، زۆر پەیامی ڕوونی تێدایە، کە ئەویش گۆڕانکارییەی زۆری سیاسی، ئابووری و جۆگرافیایی لە ناوچەکە دێتە ئاراوە. ئەو گۆڕانکارییە دەکرێت وەک یەكێک لە ڕێکەوتننامە گرنگەکانی جیهانی، هاوشێوەی رێکەوتننامەی سایکس بیکۆ یا سیڤەر تەماشای بکرێت، یا وەک شەڕی سێیەمی جیهانی.
ئیتر بەو هەموو ڕووداوانەی کە لەم ٥ خاڵە کۆکراوەتەوە هیچ گوومان تێدا نەماوە.
١ - کووشتنی قاسم سلێمانی، کە ئەمریکا بە گرێکوێرەی دەزانی لە سەر هێندێک لە بەرنامەکانی بۆ ئەو گۆڕانکارییە.
٢ - خستنە خوارەوەی فڕۆکە گەشتیارەکەی ئۆکرانیا لە لایەن ئێرانەوە، و مەبەستی لەم کارە کە هەڕەشەی لێدانی فڕۆکەی وڵاتانی دیکە بوو.
٣ - لێدانی هاوبەشی وڵاتانی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە بنکەکانی گرێدراوی ئێرانی، لە سەر خاکی ئێراق، لوبنان، سوریا و یەمەن.
٤ - گەورەترین تەقینەوە یا لێدان لە لوبنان لە مێژوویی پاش هێرۆشیمای ناکازاکی.
٥ - تەرافیکی ڕێکەوتننامەی گرنگ لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی و ئەمریکا و ئیسرائیل،
بە گشتی ئەمانە جۆرە خۆ ئامادە کردنێک، یا شوێنی خوکردنەوەی هێندێک لەو وڵاتانەیە کە مەبەستیان لەو ئەگەرەی کە گۆڕانکارییەکی گەورە بە ڕێوەیە، جێی خۆیان بکەنەوە، دواتر نەکەونە بەر مەقەستی زلهێزەکان.

ئەی کورد دەبێت چی بکات.

هەر وەک دەبینین و باسمان کرد، کە هەر لەم ٢٠٢٠دا چەندین ڕووداوی گرنگ ڕووییدا، بۆ هەموو سیاسییەک و چاودێرێکی سیاسی ڕوونە، کە ئەگەر هەر وڵات و گەل و نەتەوەیەک، زیرەکانە وە خۆی نەکەوێت، لەم گۆڕانکارییە خەون و ئاواتەکانی بۆ ١٠٠ ساڵی دیکە لە گۆڕ دەنێردرێت، بە تایبەت گەلی کورد لە سەد ساڵی پێشوو هەموو ئاواتەکانی وەک بەردی بنگۆمی لێهات.
بەڵام نەتەوەی بندەستی کورد، زیرەکانە و خۆڕاگرانە هەر مایەوەو نەتوایەوە. ئەوەش بۆ زلهێزانی سەلماندووە کە ئەم گەلە بە کووشتن و برسیکردن و تۆقاندن نەفەوتاون و ناشفەوتێن.
بۆیە زۆر گرنگە کە دەسەڵاتی کوردی، وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و خۆسەری دیمۆکراتیکی ڕۆژئاوای کوردستان. هەروەها لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی لە بەشەکانی باکوور ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واز لە درووشمی، فڵاون وڵات ئیمپرالیزمەو نازانم کاپیتالیزمە بێنن، واز لە بیرۆکەی چەپگەرایی و وێنەی چکووش و داس بێنن، و بۆ هەمیشە لێی دوورکەونەوە. ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ ، و لە ئەندازیارانی گۆڕانکارییەکانی جیهانی خۆیان نزیککەنەوە.
لە هەر ناو ناتۆرەیەک کە فارس و عەرەب و تورک پێمان دەڵین یا تۆمەتبارمان دەکەن، مەسڵەوینەوە و نەشترسن.
ئەوەتە بە چاوی خۆتان دیتان، کە ئەو وڵاتانەی وا کوردیان بە نزیک لە ئیسرائیل و ئەمریکا دەزانی و بە کوفر و تاوان باسیان لێدەکرد، خۆیان چۆن پاڵ بە یەکەوە دەنێن تا زیاتر لەو وڵاتە گرنگەکان نزیک بکەنەوە، ئەو نزیکبوونەوەیان هەم بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی خۆیانە وهەم بۆ بەرژەوەندی پێشخستنی گەلەکەی خۆیانە لە ئاست گەشەی ئابووری و پێشکەوتنی جیهانیدا، بۆ پینەکردنی گلێی لایەنە ئاینییەکانیش، بیانووی شەرعیان بۆ دۆزیوەتەوە، کە ئەویش هەڵبژاردنی ناوی حەزرەتی ئیبراهیمە، بۆ ناسناوی ڕێکەوتنەکانیان.

ڕێکه‌و 2020-10-12 09:53:07
به‌شی ( سیاسی )







سیاسی