هەڵسەنگاندنێک لە یادی٣ساڵەی ڕاپرسی لە باشووری کوردستان. عارف باوەجانی.

 

هەڵسەنگاندنێک لە یادی٣ساڵەی ڕاپرسی لە باشووری کوردستان. عارف باوەجانی.
الذكرى السنة الثالثة لاجراء الاستفتاء بجنوب كوردستان في 25/9/2017 يوم مقدس و تأريخي في نضال شعب كوردستان.
The Third anniversary of the referendum, in southern Kurdistan on 25/9/2017 is a holy and historic day in the struggle of the people of Kurdistan



سێساڵ پێش واتە لە ٢٥ / ٩ / ٢٠١٧ ڕووداوێکی گرنگی مێژوویی لە باشووری کوردستان تۆمارکرا. کە هەروەک چاوەڕێش دەکرا، لە ئاکامی٩٣٪ دەنگی خەڵکی کوردستان بە بەڵێ: تووڕەبوونێکی یەکجار زۆری نەیارانی کوردی لێکەوتەوە. گەلەکۆمەیەکی چەند وڵاتی ڕووبەڕووی گەلەکەمان بوویەوە، لەو پەلامارانەشدا ڕووداوێکی دڵتەزێنی مێژوویی وەک١٦ی ئۆکتۆبەر تۆمارکرا. جارێکی دیکە کەرکوک و چەند ناوچەیەکی دیکەی ئەو بەشەی کوردستان، کەوتنەوە دەست حکوومەتی ناوەندی بەغدا.

ئایا ڕێفراندۆم هەڵەبوو یا پێویستییەکی مێژوویی بوو؟
لای من بە شیکارییەکی زۆرەوە دەڵێم کە ڕێفراندۆم نەک هەڵە نەبوو! بگرە پێداویستییەکی زۆر لە مێژینە بوو لە باشووری کوردستان. لە کاتێکدا هەموو جەنەراڵ و دیپڵوماتە خانەنشینکراوەکانی ئەمریکی وجیهانی، کە ئەرکەکانی خۆیان لە کوردستان و ئێراق ڕاپەڕاندووە. لە بیرەوەییەکانی خۆیاندا بە سەر سوڕمانەوە باس لەوە دەکەن، کە چۆن کوردەکان لە ٢٠٠٣ لە پاش پرۆسەی ڕووخانی حکوومەتەکی بەعس باسی جیابوونەوە یا رێفراندۆمیان نەکردووە. کەوابێت ئەو ڕێفراندۆمە ١٤ساڵ پاش لە حکوومەتە نوێیە ئاڵۆزەکەی ئێراقیش بەڕێوەچوو. بەڵام بەداخەوە هێندێک خەڵکی خۆماڵیمان خوێندنەوەیان لە سەر ئەوەیە کە گوایا ئاکامی ڕێفراندۆم وایکردووە کە ئێراق بکەوێتە دژایەتی گەلی کورد، بڕینی بووجەو قووتی خەلکی کوردستان. وەک ئەوەی وابێت کە ئێراق پێش لە ڕێفراندۆم زۆر دۆست و خەمخۆری گەلی کورد بووبێت.
لە کاتێکدا هەموومان ئاگادارین کە مالکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراق لە ٢٠١٤ واتە ٣ساڵ پێش لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی رێفراندۆم، و چەند مانگیش پێش لە هاتنی داعش بۆ موسڵ و دواتر بۆ شینگال، دەستی بە بڕینی مووچەو قووتی فەرمانبەرانی کوردستان کردبوو. ئەگەر شەڕی داعش لەو کات و ساتەدا ڕووینەدابایە، مالکی زۆر کاری دیکەشی بە دەستەوە بوو دەیویست ئەنجامیان بدات، و هەوڵیدەدا بە هێزی سەربازی پەلاماری کوردستان بدات، بەڵام لە دەورەکەی خۆی فریا نەکەوت، و دواتر عیبادی سەرۆکوەزیری پاشخۆی پرۆژەکەی بۆ تەواوکرد.

بۆ نەیارانی کوردستان کەوتنە پەلاماردانی کوردستان، ئاڵۆزکردنی ئارامی و ئابووری ناوخۆییمان؟
وێرای ئەو هەموو قەیرانە سیاسییە ناوخۆیی ودەرەکییانەی کە لەئارادا بوو، بەڵام دەسکەوت و پێشکەوتنە ئابووریی و دیپڵوماسییەکانی باشووری کوردستان کە لە نێوان٢٠٠٥بۆ ٢٠١٣ وا پەرەی سەندبوو، بە تەواوی نەیارانی کوردستانی توڕەو بێتاقەت کردبوو.
بۆیە هەر لە مێژبوو لە بڵۆسەدابوون کە چۆن گوورزێکی گەورەی مەترسیدا بووەشێنن، کە جیهانیش لە کوردستان دوورخەنەوە. بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی نیگرانییە هێندێک لێکدانەوەو شیکەرەوەی خۆماڵیمان، هەموو  هۆکارەکەی  دەخەنە ئەستۆ دەسەڵاتی ناوخۆییمان، هۆکاری ئەوەش ڕوونە، کە هەموو بە هۆی بوونی ڕق وکینە بەرامبەر بە یەکترە لەناوخۆی نێشتیمان.
لەو کاتەی کە بڕیاری بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم درا، بەڕێز کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو، ناوبراو بەڕاوێژ لەگەڵ١٦ لایەنی دیکەی سیاسی باشووری کوردستان، بە شیکردنەوەو تاوتۆییەکی هەمە لایەنە لە سەر ئەم بڕیارە ساخ بوونەوە. ئەو بڕیارەش لە مێژووی سیاسی وخەباتی ڕزگاریی گەلی کورد لە بەرامبەر حکوومەتی ئێراقدا، بە گرنگرتین و بەهێزترین بڕیاری مێژوویی بوو، کە لە سەرتاسەری جیهان دەنگدانەوەی هەبوو، هەرچەند لە ئێستادا بێدەنگییەکی کاتی لێکراوە، بەڵام تا ئێستاش هەر وەک کارتێکی فشارو مەترسی کەیفییەتی خۆی ماوە.
ڕێفراندۆم مافێکی یاسایی ونێودەوڵەتی هەر گەل و نەتەوەیەکی بندەستە، بەڵام سەیر لەوەدایە لە پێش ئەوەی نەیارانمان بە هەڵەی بزانن، هێندێک خەڵکی خۆماڵی بە هەڵەیان زانی، وەک ئەوەی وابێت کە کوردستان لانیکەم سەدساڵە لە لایەن ئێراقەوە داگیرنەکرابێت؟. پرسیار لەو بەڕێزانەی کە پێیانوایە کاتەکەی گوونجاو نەبوو ئەوەیە، کە بپرسین ئەی باشە دەڵێن کاتەکەئ گوونجاو نەبوو، کات لەو کاتە گوونجاوتر کەی درووست دەبوو؟ کە ئێراق لەو پەڕی لاوازی دەسەڵاتدا بوو. ئەی ئایا پێتان وایە کە کاتەکە ئیستا گوونجاوە  کە ئێراق تۆزێک کەوتووەتە سەر پێی خۆیی و هەر ڕۆژەو بڕووبیانوویەک دەگرێت، بە هەموو شێوەیەک کەوتووەتە خۆی بۆ بنبڕکردنی هەموو جمگەکانی دەسەڵاتی باشووری کوردستان. بۆ ئەوەی باشوور بە هەموو شێوەیەک بکەوێتەوە سەر بڕیارو دەسەڵاتی بەغدا. هەر ئەمڕۆ کە خەریکی نووسینی ئەم بابەتە بووم، ئەو هەواڵەم بیست، کە گوایا هاوردەی زێر لە فڕۆکەخانەکانی باشووری کوردستان، قەدەغەیە و تەنیا دەبێت لە فڕۆکەخانەکانی بەغداو نەجەفەوە بکرێت.
هەموو بینەر و گەشتیارێکی جیهانی شایەتی لەوە دەدەن، کە  چەند جیاوازی لە نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانیدا لەگەڵ هەردوو فڕۆکەخانەکانی بەغداو نەجەفدا، لە بوارەکانی ئەمنی و ئاسایشیدا هەیە. بەڵام لێرەدا مەبەستەکە ئاشکرایە کە هۆکارەکەی تەنیا ئاستەنگی ئابوورییە بە مەبەستی لاوازکردنی کوردستان، بەس مخابن شرۆڤەکارانی ناوخۆ ئەو ڕاستییانە دەزانن و بەڵام لە بەر بووغز و کینەی ناوخۆیی پشتگۆێ دەخەن.
 


حکوومەتەکەی ئێستای ئێراق خەریکی چییە؟
سەدحەیف ومخابن بۆ ئەو کەسانەی کە سەردەمی دەسەڵاتی بەعسیان دیووە، وچی ئەوانەش نەیاندیووە، خۆزگە بەوە دەخوازن کە بەغدا حووکمی کوردستان بەڕێوە ببات.
ئەو بەڕێزانە وادیارە سەردەمی هەشتاکانیان لە یادکردووە، کە چەندە شەقامەکانی کوردستان لە جەوێکی خەفەقانی مەترسیداردابوو، پڕبوو لە پیاوانی کڵاو سوورو ڕەش و دەمامکداری تۆقێنەری ڕێژیمی بەعس. گەنجێکی کورد نەیدەتوانی بە ئاسایی و بە پۆشینی پووشاکێکی جوان پیاسەیەکی نێو بازاری بکردایە، لەو کاتانە بە بێ هیچ بیانوویەک لە لایەن پیاوانی ئەمنی ئێراقەوە گێچەڵی پێدکراو دەدرایە بەر شەق و کەرامەتیان دەشکاند. بێجگە لەو هەموو شەهید و ئەنفال و بەندی و ماڵوێرانییانەی، کە هەمووی وەک بەڵگەی مێژوویی ماون، تا ئێستاش ئاسەوارەکانیان دیارن و بە دەیان بنەماڵەی خاوەن ئەنفالەکان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ونبووەکانیانن. گەنجی کورد لەو سەردەمەدا زۆر لە ناخەوە خۆی دەخواردەوە و، ئەوەی بۆی بلوایە خۆی دەگەیاندە شاخ و بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتی دەپۆشی وخەباتی دژی ئەم ڕێژیمە داگیرکەرە دەکرد.
ئەوە بەو واتایە نییە کە لە ئێستادا کەم وکووڕی لە دەسەڵاتی کوردیدا نییە، یا مەبەستیشمان لە پینەکردنی گەندەڵیەکانی دەسەڵات نییە. منیش دەڵێم گەندەڵی تا ڕادەیەکی زۆر خزاوەتە نێو گشت جمگەکانی دەسەڵات و دەبێت بە تووندی کاری لە سەر بکرێت و بنبڕ بکرێت. بەڵام ناکرێت لە بەر کێشەو گەندەڵی ناوخۆیی، بانگهێشتی دوژمن و داگیرکەر بکرێت نیشتیمانەکەمان دیسان داگیربکاتەوە.
لە ئێستادا حکوومەتی ئێراق دەستی داوەتە پرۆسەیەکی دیکەی مەترسیدار، ئەویش لە قۆزتنەوەی نەبوونی مووچەو قەیرانی ئابووری لە ناوچەکانی باشووری کوردستان. سەردانەکەی چەند حەفتەپێشی سەرۆکوەزیران و شاندەکەی یاوەری، پەیامەکەیان تەواو ڕوونکردەوە.
ئەم حکوومەتە تازەیەی کازمی زۆر ژیرانە دەستی داوەتە ئەو پرۆژەیە کە چۆن هەموو هێزەکانی پێشمەرگەو بەرگریکاری کوردستان، بە مووچەیەکی زەبەلاحی خەیاڵی، بخاتە ژێر ڕكێف ودەسەڵات خۆیان لە بەغدا، لە ژێرناوی هێزی پاراستنی نیشتیمانی لە باکووری ئێراق.
هەروەک چۆن لە سەردەمانی سەدام ومیشل عەفلەقدا، بەو شێوە لە ژێر ناوی فورسان زیاد لە سێسەدهەزار کوردیان چەکدار کرد، و ئازادیان کردن لەوەی کە ئەوانەی چەکی جاشێتی  ( فورسان) هەڵگرن، عەسکەریان پێنەکەن. بەڵام دواتر تووشی چی خیانەتێکیان کردن.
هەر لە ئێستاوە دەستکراوە بەوەی کە هەموو سەرچاوە ئابوورییەکانی کوردستان ووشک بکەن، بۆ ئەوەی لایەنی دەسەڵات لە باشووری کوردستان هیچ ئیمکاناتێکی ئابووری لە بەردەستدا نەمێنت، کە بتوانێت ژیانی پێشمەرگە و هێزەکانی ئاسیش و بەرگریکاری نێشتیمان دابین بکەن، بۆ ئەوەی لە ناوخۆوە بە چۆکیدا بهێنن.
خەریکن داهاتەکانی سەر سنوورەکان ببڕن، خەریکن ئاستەنگی هەموو جۆرە دەسکەوتێکی ئابووری لە فڕۆکەخانەکان درووست بکەن. خەریکن ئاستەنگی بۆ دامەزراندنی هەموو دەرچووانی زانکۆکان وا لێبکەن، کە سەر بە بەغدا بکرێت.
لە سەرەوەی ئەوانەش هەموو هەوڵێکی زۆر دەدەن کە کێشەو قەیرانەکانی ناوخۆی هەرێم زیاتر ئاڵۆزبکەنەوە، بۆ ئەوەی لەو کێشە ناوخۆییانە ئەوان زیاتر ئەسپی خۆیان تاوبدەن.
کەوابێت ڕێفراندۆم پیویستە دووبارەو  چەند بارە وەک کارتێکی فشار بەرامبەر بەغدا ڕێکخرێتەوە. هەڕەشەی ئەو بکرێت کە ئەگەر گەلەکەمان چەند ساڵیش بە برسێتی بژی، هەرگیز ئامادە نابێت ملکەچی بۆ بەغدا بکات و نانی منەتی بەغدا بخوات.
گەلی ئێمە لە هەموو بەشەکان بە گشتی و لە باشووری کوردستان بە تایبەت، خەباتیان بۆ مووچەو مەعاش نەکردووە، خەباتی ئەم گەلە لە پێناو دۆزێکی نەتەوەیی و ڕزگاریی نیشتیمانی بووە، نەک لە پێناو ئەوەی لە بەغداوە مانگانەیەک بنێرن بۆ خەڵکەکەمان.
زۆر کەس پێیانوایە هەر کوردستان یەکجار ڕێفراندۆمی کردووەو تووشی ئەو نەهامەتییە هاتووە. ئەگەر مێژووی زۆر نەتەوەی دیکە بخۆێنینەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە کە نەتەوەی وایە هەیە لە مێژووی خۆیاندا دەیانجار ڕێفراندۆمیان کردووە و ڕووبەڕووی نەهامەتیش بوون، بەڵام کۆڵیان نەداوە و گەلەکەشیان لەوە نەترساون وبەرگەی ئاکامەکەشیان گرتووە.


ئەوانەی وا دەزانن! کە مادام لە یەکەم هەنگاوە سەرکەوتن بە دەس نەهاتووە ئیتر دونیا خراپ بووە، ئەوەش بۆچوونێکی هەڵەیە، شەرت نییە لە یەکەم هەنگاودا سەرکەوتن بە دەستبهێنرێت، یا ئەگەر بە دەست نەهێنرا، ئیتر دەبێت بە چۆکدا بێین و بەرببینە گیانی یەکتر و تاوانبارکردن، و تەشهیرکردن بە خەباتی سەدانساڵەی گەلەکەمان.

لە کۆتاییدا دەڵێم وەک کەسێکی بەشداربوو لە ڕۆژانی پڕ لە شانازی سەردەمی ڕێفراندۆمدا، وەک ڕێفراندۆمچییەکی چالاک بۆ هەمیشە شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، ئەگەر دەجاری دیکەش ڕێفراندۆم بۆ گەلی کورد، نەک هەر لە باشوور بگرە لە هەر بەشێکی دیکەی کوردستان و دووپات و چەند پات بکرێتەوە، من لە جاران زیاتر خزمەتی پێدەکەم.

عارف باوەجانی ٢٢ / ٩ / ٢٠٢٠

http://xebat.net/ku/%D9%87%DB%95%DA%B5%D8%B3%DB%95%D9%86%DA%AF%D8%A7%D9%86%D8%AF%D9%86%DB%8E%D9%83-%D9%84%DB%95-%DB%8C%D8%A7%D8%AF%DB%8C-%D8%B3%DB%8E%DB%8C%DB%95%D9%85%DB%8C%D9%86-%D8%B3%D8%A7%DA%B5%DB%95%DB%8C-%D8%B1/

تێ بی نی:
 تۆی بەڕێز کە پێچەوانەی ئەم بۆچوونەی من بیردەکەیتەوە زۆر ئاساییەو ڕێزت لە بۆچوونت دەگرم، بەڵام تکایە تؤش ئەوە بزانە ئەمە بۆچوون وبیرکردنەوەی منە، بەو مانایە نییە دوژمنی تۆ بم. بۆیە تکایە لە کۆمێنتێکی بێڕێزی و تەشهیر خۆ بپارێزەو ڕێز لە بۆچوونی جیاواز بگرە. هەر جۆرە بێڕێزییەیەک رێگەپێدراو نییەو خاوەنەکەی لە گۆڕەپانی بلۆکستان خۆی دەبینێتەوە.
ڕێکه‌و 2020-10-12 10:36:47
به‌شی ( مقالات )







سیاسی