هه‌ر له یادمانی ئه‌ی پێشه‌وا نه‌مره‌كه‌ی كورد (چه‌ند وشه‌یه‌ك بۆ پێشه‌وای گه‌له‌كه‌مان قازی محه‌مه‌د)
پێشه‌کی به ناوی خۆم و خانه‌واده‌که‌مه‌وه گه‌رمترین پیرۆزبایی به بۆنه‌ی ساڵیادی کۆماری کوردستان ئاڕاسته‌ی گشت کوردێک ده‌که‌م له هه‌ر کوچه‌یه‌کی ئه‌م دونیایه بێت، به‌تایبه‌تی دایکی شه‌هیدان و بنه‌ماڵه‌کانیان.

ئه‌ی بینایی كوردستان، ئه‌ی شه‌هیدی نیشتیمان، ئێستا له كوێی؟
ئێستا له كام كوێستانه‌كانی به‌هه‌شته‌وه تیشكی دییه‌كانت هاویشتۆته ئامێزی كوردستان و چۆن ته‌ماشای ڕۆڵه‌كانت ئه‌كه‌ی؟ ئاخۆ ئێستا چۆن ئه‌و ئه‌سرینه ئه‌دۆیانه‌ی چاوه‌كانت هه‌ڵبڕێژی بۆ ئازاری هه‌ر هه‌مومان؟ بۆ نامۆیی دور وڵاتان و بۆ ژێر ده‌ستی كوردستانمان؟
من ئه‌زانم ئێستاش تۆ ئه‌ته‌وێ جارێكی تریش ڕۆحی ڕونت بكه‌یته‌وه فیدای ئه‌و خاكه بێنازه‌ی له پێناوی ماڵئاواییت له دونیا كرد، ئه‌زانم....ئه‌زانم حه‌ز ئه‌كه‌ی بێت و ده‌ست به سه‌ری منداڵی شه‌هیده‌كاندا بێنی و فرمێسكی چاوی ئه‌‌ویندار ئه‌نفال كراوه‌كان و دایكه جه‌رگ سوتاوه‌كان بسڕی. ده‌خوازیت بێت و كۆماری مهاباد نوێ كه‌یته‌وه... به‌ڵام... به‌ڵام داخم....بڵێم چی كه تۆ دوری....له ئاسمانێكی به‌ریندایت و به باڵی په‌پوله‌كانی به‌هه‌شت ده‌سبه‌ن كراویت و ڕێت پێ نادرێ بگه‌ڕێیته‌وه سه‌ر زه‌مین.

ئااااای ئه‌ی پێشه‌وا، باش ئه‌زانم چه‌ند له دڵۆپه پاكه‌كانی چاوی هه‌وره‌كانی ئاسمانیش بخۆیته‌وه تۆ هه‌ر ته‌ژنه‌ی بۆ دڵۆپێ ئاوی یه‌كێ له كانییه‌كانی ئه‌و چیایانه‌ی خه‌باتت تێدا ئه‌كرد.

ده پێم بڵێ به كام وشه بۆت بنوسم؟ که ئه‌زانم له فه‌رهه‌نگی گشت دونیادا من بگه‌ڕێم، دڵنیام وشه‌یه‌ك یان هه‌ر پیتێك نادۆزمه‌وه بتوانێ پێناسه‌ت كات....!!!! چ شیعرێكت بۆ بنوسم؟ ئاخر هه‌ر ناوه‌كه‌ت شیعرێكه، ئیدی من چۆن بتوانم هۆنراوه‌یه‌كت بۆ بهۆنمه‌وه وه‌ك ناوه‌كه‌ت نه‌مر و ناسك؟

ئای ئێستا چه‌نێ ئاواته خوازم بڕۆم بفڕم به ئاسمانی جوانڕۆدا و له‌سه‌ر چڵی دارێكی سابڵاخ پشو بده‌م و ئه‌وجا دیسان بفڕم تا مهاباد نه‌نیشمه‌وه، ئه‌مه‌وێت هاوار بكه‌م به گوێی هه‌ولێر و هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و بڵێم پیرۆزه دووی ڕێبه‌ندان.....ئه‌مه‌وێت هاوار بكه‌م بۆ دهۆك و قامیشلۆی ئه‌ڤین و دیاربه‌كر و بڵێم له بیر نه‌كه‌ن قازی محه‌مه‌دی شاو پێشه‌وای كوردستان....!!!! ئه‌مه‌وێت گڕی بابه گوڕگوڕ به تیشكی خۆر و مانگ بگه‌یه‌نم، تا زیاتر ڕۆشن بێت ئاسمان و شه‌وتارمایی نیشتیمان.

دڵنیابه قازی پێشه‌وا، ئێمه هه‌رگیز له یادت ناكه‌ین، به ڕێبازه نه‌مره‌كه‌ی تۆ هه‌تا ماوین هه‌وڵ ئه‌ده‌ین، كوردستانمان ڕزگار بكه‌ین.

سوێند بێت به‌و ناوه بێگه‌رده‌ت، سوێند بێت به‌و ڕێبازه پیرۆزه‌ت، هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی من بمێنم، ده‌بێ هه‌مو دووی ڕێبه‌ندانێ من یادت كه‌م، ناوی پیرۆزت له وشه‌كانی هه‌ستم من ماره كه‌م. هه‌رچه‌نده تا بۆت بنوسم هه‌ر كه‌مه، به‌ڵام دڵنیابه هیوای نوێ بونه‌وه‌ی ڕێبازی تۆ، به‌خشنده‌ی تروسكه‌ی ڕوناكی ئه‌م ژینه‌مه. ئاڵا قه‌شه‌نگه‌كه‌ی كووردستان و سرودی ئه‌یڕه‌قیب هه‌رده‌م، هاوڕێی ته‌نهایی و كڵۆڵی ئه‌م دڵه به‌دبه‌خته‌مه.
تۆ نه‌مری، تۆ چرای، تۆ پێشه‌وایت دڵنیابه هه‌مو ساتێ له دڵمانای
تۆ ئه‌وینی، تۆ هه‌وێنی، تۆ پێشه‌نگی، دڵنیابه هه‌مو كاتێ له‌گه‌ڵمانای.
من له کۆتاییدا ته‌نها ده‌ڵێم هیواخوازم ئه‌و ڕێبازه‌ی قازی محه‌مه‌دی نه‌مر هه‌رده‌م زیندو بێت له ویژدانی هه‌مو کوردێکدا و باشوری کوردستانیش ببێته ڕۆشنگایه‌ک له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا بۆ زیاتر زیندوهێشتنه‌و‌ه‌ی ڕێبازه‌که‌ی قازی و ته‌شه‌نه کردن و یه‌کگرتنی پارچه‌کانی کوردستان، هیواخوازم هه‌رهه‌مومان تێبکۆشین تا سه‌ربه‌خۆیی نیشتیمانه‌که‌مان به‌ده‌ست دێنین و سنوره ده‌ستکرده‌کان ده‌شکێنین و ئاواته‌که‌ی قازی نه‌مر و شه‌هیدان وه‌به‌ردێنین.
هه‌ر شه‌کاوه بێ ئاڵای کوردستان، هه‌ر له یادمانه پێشه‌وای نیشتیمان....

[email protected]
ڕێکه‌و 2007-01-23 18:51:06
به‌شی ( ڕه‌نگاوڕه‌نگ‌ )







سیاسی