بە بیرکردنەوەی هەڵە! بیری نەتەوەیی لاواز و لەکەدار مەکە. کەسانی ئاینی لێ دوور مەخەرە

 


بە بیرکردنەوەی هەڵە! بیری نەتەوەیی لاواز و لەکەدار مەکە. کەسانی ئاینی لێ دوور مەخەرەوە.

 




پێشتریش وتوومە و بەردەوامیش لە سەر ئەو باوەڕەدام کە هەنگاوناون بۆ پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی و ناسیونالیزمی کوردی، تەنیا موڵکی کەسانی بە ناو ڕۆشنبیرو دوکتۆر نییە، تەنیا ئەرکی بە ناو ئاتیست و چەپ و مارکسیست نییە. بگرە ئەوە ئەرکی هەموو تاکێکی دڵسۆزی سەر ئەم خاک و نیشتیمانە داگیرکراوەیە.

زۆر جار بیستوومە و بەردەوامیش دەیبیستمەوە، کە کەس و کەسانێک خۆیان بە مرۆڤی سیاسەتزان و نازانم پسپۆڕ و شارەزا لە بواری سەربەخۆییخوازی دەزانن. باسی ئەوە دەکەن کە مرۆڤە نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازەکان نابێت کەسانی ئاینی بن. یا زۆرجار دەستەواژۆی ئەوە بە کار دێنن گوایا یا کوردایەتی بکەن یا دینداری بکەن. ئەم جۆرە بیرکردنەوە مەبەستێکی ناڕاستەوخۆی لە پشتەوەیە بۆ ڕووخاندنی دیواری بە هێزی یەکڕیزی نەتەوەیی. هەموو نەتەوەکانی سەرگۆی زەوی، هەم ئەوانەی کە خاوەنی کیان و سەربەخۆیی خۆیانن، یا ئەوانەش کە هێشتا سەربەخۆییان بە دەست نەهێناوە، خەباتی بەردەوامی بۆ دەکەن لە پێناو ڕزگاری و گەڕانەوەی سەروەرییان. بەڵام تەوای ئەو دەسکەوت و هەوڵانە بە یەکێتی و تەبایی هەموو چین و توێژەکانی ئەم کۆمەڵگایە درووستبووە. هیچ لایەنێکی سیاسی نەهاتووە ڕێگری لە مەسیحی و ئۆرسۆدۆکسی وجوولەکە و تەواوی ئاین و ئاینزاکانی دیکە بکات بۆ بەرگری لە نیشتیمانەکەیان. تکایە ئێوەش فێربن، ئیتر ئەوەندە دەڵی پەێرەوانی ئاینی ئیسلام و ئاینەکانی دیکە لە کوردستان مەڕەنجێنن، زۆربەی ئەوانەی کە ئایندارن لە کوردستان، لە من و تۆ و فڵان دوکتۆرو فڵان پرۆفیسۆری مەیخانەکان دڵسۆزتر و خەباتکار ترن. ئەتۆی بیرڕەقی نیشتەجێێ ئوروپا، لانیکەمی ئەوەندە ئازادی لەو وڵاتەی لێی دەژیت فێربە، بۆ خۆت چۆن بیردکەیتەوە ئازادی و وەک پرۆژەیەکی تاکی بۆ خۆت بیبینە، بەڵام بۆ خەباتی گەلەکەت دیکتاۆر بیر مەبە. خۆت فێری ئەو کردارە مرۆییانە بکە. فێری ئەوە ببە کە ڕێگە بدرێت لەو بە ناو ئازادی و سەربەخۆییەی من و تۆ خەباتی بۆ دەکەین، ئەوانیش کە هاوخەباتمانن داهاتووی خۆیانی تێدا ببینەوە. ئەوە باش بزانە کە ئەو جۆرە بیکردنەوەی بەڕێزتانە! کە مەترسی بۆ سەر ئایندەیان درووست دەکات، ناچاریان دەکات بکەنە شوێن تەریقەتەکەی سوڵتانی و ئەردووغان وخومەینیی.

تکایە ئەو ڕاستییە باش بزانن کە کوردستان موڵکی هەموو تاکێکی ئاینداریشە، کوردستان موڵکی هەموو زاراوەو فەرهەنگ و ناوچەو تیرەو تایفەیەکە، نەک تەنیا ئەوانەی وەک تۆ بیردەکەنەوە، یا وەک تۆ زاراوەیان جیاوازە، یا وەک تۆ ئاتیستن، خۆیانی بە خاوەن بزانن..



بۆ پێشەوە هەموومان دەست لە نێو دەست بۆ سەربەخۆیی یەکجاری کوردستان..



عارف باوەجانی / سەرماوەزی ٢٧٢٠ی کوردی، دێسەمبەری ٢٠٢٠ی زاینی.

ڕێکه‌و 2021-01-20 11:44:10
به‌شی ( مقالات )







سیاسی