بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی كردنه‌ سه‌ر ئافره‌ت، سیمینارێك له‌ بنه‌سڵاوه‌ سازده‌درێت.بۆ به‌ره‌نگاربوووونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و كاره‌ توندوتیژییانه‌ی كه‌ له‌ دژی ئافره‌ت ئه‌نجام ده‌درێت و ده‌بنه‌ هۆی درێژه‌دان به‌ ئازاردانی، له‌ رێكه‌وتی ٢٢/١/٢٠٠٧ رێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی((CSI و به‌ هاوكاری به‌رنامه‌ی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی عیراقی((ICSP و له‌ باره‌گای كۆمیته‌ی بنه‌سڵاوه‌ی یه‌كێتی ژنانی كوردستان، له‌ ژێر ناونیشانی (بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژن) سیمینارێكی سازدرا.

1.له‌ سه‌ره‌تای سیمیناره‌كه‌دا چه‌ند كۆپله‌ شیعرێك له‌ لایه‌ن كچه‌ شاعیر تریسكه‌ یاسین خوێنرایه‌وه‌ كه‌ ده‌ربڕی حه‌ز و ویسته‌ شاراوه‌كانی كچان بوو له‌ دنیایه‌ك كه‌ به‌ ده‌گمه‌ن ده‌رفه‌ت به‌ ئافره‌ت ده‌دات ئه‌و حه‌ز و ویستانه‌ بگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست.
پێناسه‌یه‌كی خێرا له‌ باره‌ی كاره‌كانی رێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ریی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌وه‌ خرایه‌ روو، دواتر باسی سه‌ره‌كی سیمینار ده‌ستپێكرا له‌ لایه‌ن په‌خشان خه‌لیل كاكه‌وه‌یس، رێكخه‌ری كاروباری رێكخراوی ناوبراو له‌ هه‌ولێر. سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌ پێناسه‌یه‌ك بوو بۆ چه‌مكی توندوتیژی دژ به‌ ئافره‌ت كه‌ ئاماده‌بووانیش به‌شدارییان تێداكرد. خاڵێكی تری باسه‌كه‌ نیشانه‌ هه‌ره‌دیاره‌كانی ده‌ستدرێژی بوو له‌ سه‌ر ژن، واتا چۆن ژن بزانێت ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌ سه‌ر؟ پاشان باس له‌ هۆكاره‌كانی دستدرێژی كردنه‌ سه‌ر ئافره‌ت كرا و چۆن ژن بتوانێت چاره‌سه‌ری راست و ردوستی بۆ ببینێته‌وه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ بریتی بوو له‌ سێ خاڵی سه‌ره‌كی:
1.له‌ ماڵه‌وه‌ داده‌نیشیت و به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ بگرێت‌ و خۆی بێ ده‌نگ بكات؟
2.له‌ ماڵه‌وه‌ بمێنیته‌وه‌ وهه‌وڵی گۆرانكاری بدات؟
3.ماڵه‌وه‌ جێبهێڵێت و خۆی رزگار بكات؟
پاشان سه‌رجه‌م به‌شداربووان باسیان له‌وه‌ كرد كام رێگا ببرێته‌ به‌ر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی، به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئاماده‌بووان له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كۆك بوون كه‌ هه‌ڵبژاردنی دووه‌م گونجاوتره‌ بۆ ژنی كورد له‌ به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك له‌وانه‌:

•توانایی و كارامه‌یی ئافره‌ت له‌ بوارێك له‌ بواره‌كان، وه‌كو خوێندن، كاركردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ و بواری تریش
•په‌یوه‌ندی كردن به‌ كه‌سێكی شاره‌زا بۆ یارمه‌تیدانی وه‌كو ده‌روونناس یان كۆمه‌ڵنناس یان شاره‌زایه‌ك له‌ بواری گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
•ناسینی‌ مافه‌كانی و داكۆكی كردن لێیان ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه‌ ده‌ستدرێژییان كرایه‌ سه‌ر، لێره‌ پێویستی به‌ پارێزه‌رێك ده‌بێت.
•ده‌بێت وا له‌ پیاو بكات‌ دان به‌وه‌دا بهێنێت كه‌ ره‌فتاره‌كانی ته‌ندروست نین و پێویستی به‌ راوێژكرن به‌ كه‌سێكی شاره‌زا هه‌یه‌.
•ئه‌گه‌ر ئافره‌ت خاوه‌ن منداڵ بوو، ره‌فتاره‌ توندوتیژییه‌كانی پیاو كاریگه‌ری خراپی له‌ سه‌ر منداڵه‌كان و كه‌سایه‌تییان ده‌بێت و وایان لێده‌كات ئه‌وانیش ئه‌و ره‌فتارانه‌ به‌ سروشتی بزانن، بۆیه‌ ئه‌ركی ژن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ منداڵه‌كانی بگه‌یه‌نێت كه‌ لێدان و توندوتیژی دژ به‌ ژن كارێكی هه‌ڵه‌یه‌.
كۆتایی سیمیناره‌كه‌ گفتوگۆیه‌كی كراوه‌ بوو له‌ نێوان به‌شداربووان.

•بۆ راوێژی زیاتر‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌ گروپ و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ئافره‌تان و ژنانه‌وه‌ بكات تاكو هاوكاری بكه‌ن.


ئاماده‌كردنی بابه‌ت:
په‌خشان خه‌لیل كاكه‌وه‌یس
رێكخراوی ده‌ستپێشخه‌ری كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی
رێكخه‌ری كاروباری هه‌ولێر
٢٢/١/٢٠٠٧
ڕێکه‌و 2007-01-17 22:59:07
به‌شی ( ژنان‌ )







سیاسی