تکایە بە ناو مێژووناسان وشرۆڤەکارەکانی رۆژهەڵات،بەسی کەن، کەم کورد بکەن بە ئێرانی

 


تکایە بە ناو مێژووناسان و شرۆڤەکارەکانی رۆژهەڵات، ئیتر بەسی کەن، کەم کورد بکەن بە ئێرانی ڕەسەن. تەنیا لە ٨٠ ساڵی ڕابووردوودا ١١٢وڵات دامەزراوە، کەچی جەنابتان هەر خەو بە ئێرانەوە دەبینن؟





نووسینی عارف باوەجانی / ٢٨ / ١٢ / ٢٠٢٠



مرۆڤی ڕەسەن ئەو مرۆڤەیە کە خۆی و نیشتیمانەکەی لا ڕەسەن و پەسەند بێت، نەک ئەوەی ڕێشەی زگماگی گەلەکەی، سەروەری گەلەکەی، و مێژووەکەی بخاتە سەر لیستی کۆمەڵێک جەردەو مێژوو دز، زمان دز، و فەرهەنگ دەز، بە ناوی گەلی فارس یا عەیب نەبێت پارس.

با ئیتر بەس بێت! لاوان و نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات، نەوەیەکی خوێنەوارو هۆشیارن، ئیتر قبووڵ ناکەن کەسانێک لە پێش شاشەی میدیا پارس زمانەکان، بە ناوی گەلێکی زیاد لە ١٢ملۆێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، خۆیان بۆ ئەوان شیرین بکەن. ئەم گەلە بکەن بە بەشێک لە وڵاتێکی شێواوی پڕاوپڕ لە فەرهەنگی وێرانی ئاڵوودەیی هەموو جۆرە مادەکانی بێهۆشکەر، و لاوازی کۆمەڵایەتی و مەیخانەکان، و بێسەروبەرەیی لە تەواوی مێژووەکانی سەدانساڵ پێشەوەیان تا ئێستاش. با ئەو بە ناو زاناو ئاغایایە کوردانە کە بە فارسی قسەیان بۆ دەکەن باش بزانن، لە ئێستادابێجگە لەگەلانی سەرەکی وەک کورد و ئازەری و عەرەب و بەلووچ و تورکمەن. هەروەها گەلانی دیکەی وەک گێلەک کاسپین، قەشقایی، لوڕە غەیرە کوردەکان، مازنی و کەمینەی تریش، ئامادە نین هیچ کات شانازی بەو مێژووە شێواوەی ئەو ئێرانە بکەن تۆ بە گەورەی دەزانی، بگرە خۆیان بەو ئێرانییە فارسیە شەرماوی نازانن. هەموو گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییە، کە ئەوان بە تەواوی لە کۆگاکانی مێژوو ئیکسپایر بوون و ناتوانن چارەسەری خۆشیان بکەن نەک گەلانی بندەست، کە چی تۆ تازە لە ئێستادا خەمیان بۆ دەخۆیت؟

بەسێتی تۆزێک ڕێزتان هەیە لە ناوخەڵکدا خۆتان مەشکێنەوە،خۆتان باش دەزانن کە بێجگە لە ئاغاو خانمەکانی سەرشاشەی میدیاکانی فارسی زمان، کەس پێتان ناڵێت دەست و دەمتان خۆش، بگرە مێژوو پێچەوانە لە دەست و دەمتان دەکات.

من ئەوە ٢٥ ساڵە لەو بوارەوە دەنووسم و هاوارا دەکەم، بە خۆشییەوە لە ئێستادا زیاد لە دەیانهەزار لاوی دیکە لەو بوارەدا رۆژانە بە دەنگ دێن و دەنووسن و لێدوان دەدەن. کاتی ئەوە هاتووە هەر کوردێک لە میدیا فارسییەکان گەلی کورد بە ئێرانەوە پێناسە بکات، لۆمەی سەر شەقام و میدیای کوردی بکرێت.، لە کۆڕوکۆبوونەوە حیزبیەکانی ناوخۆشیان لۆمە بکرێت، و دەنگی پێنەدرێت، بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بەرپرسایەتییەک بە دەست نەهێنێت، چوون لە ڕێگەی پۆستەکەیەوە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی داخراویشدا نەتەوەکەی لاواز دەکات.

تکایە بمبوورن ئەم جارە زۆر تووڕە دەنووسم، وا ٢ ڕۆژمان ماوە کۆتایی بە ساڵی ٢٠٢٠ بێنین، کە چی ڕۆژانە ئەو لێدوانە بێتامانە دەبینم کە زیان بە سەروەری گەلە گەورەکەم دەگەیەنێت خۆم پێ ناگیرێت.

بە پێویستی دەزانم نووسینێکی پێشتووترم لەو بوارەدا لێرەدا دووبارە بخەمە بەر دەستتان.

تەنیا لە ٨٠ ساڵی ڕابووردوودا ١١٢ وڵات دامەزراوە، بەڵام ئێمەی کورد هەر خەو بە دیمۆکراسی بوونی وڵاتێکی داگیرکەری وەک ئێرانەوە دەبینین؟. نووسینی عارف باوەجانی

گەلۆ: سەرفی نەزەر لە زەنجیرە خەبات و جووڵانەوەکان و دەسەڵات و حکوومەت و میرنشینەکانی، پێش ٨٠ ساڵی خۆرهەڵاتی کوردستان، واتە پێش لە شەڕی دووەمی جیهانی، بەڵام خۆ وا تەمەنی خەباتی سەردەمیانەمان خەریکە نزیک دەبێتەوە لە سەدەیەک. تۆ لەو هەموو ساڵەی تێکۆشانت: درووشمی بەشێک لە خەباتەکانت، لە ژێر ناوی هوونەری سیاسەت، لە ژێر ناوی تەکتیکی سیاسەت، دڕێژە پێداوە، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵداو لە ئاکامی تاقیکردنەوەکان‌! لە باتی دەسکەوتی ١٠٠، کەچی سفرێکی (هیچ) ی زۆر سەیرت بە دەستهێناوە، سفرەکەش ئەوەندە سەیرە خۆشت هێشتا لێی تێناگەی؟.

ئەویش چۆن سفرێک، ئەو جۆرە سفرانەی کە ڕەنگی پەتی سێدارە دەدەن، ئەو جۆرە سفرانەی کە ڕەنگی مووشەکی وێرانکەر دەدەن، ئەو جۆرە سفرانەی کە ژیانی کۆمەڵگاکەت وێران دەکەن. ئەو جۆرە سفرانەی کە باخەڵی خەڵکەکەت و سەروەتی نەتەوەکەت سفر دەکەن. ئەو جۆرە سفرانەی سەرکردە هەڵکەوتووەکانت لە بەین دەدەن، ئەو جۆرە سفرانەی نیشتیمانت هەموو ساڵێک دەپووکێنێ و دەسوونێت. ئەو جۆرە سفرانەی کە بوونەتە مووخورکەو لە ڕیشکدا زمان و ئەدەبیات و مێژووەکەت دەخۆن، و خۆت پێیان نازانی.

دەی گەلۆ ئیتر بەس نییە: دوای دەیانسەدە هێشتا بۆت ڕوون نەبووەتەوە، کە تاران وڵامی کێشەی تۆ نییە لە تاقی کردنەوەکاندا، بۆ دەبێت هەموو ساڵێک خۆت لە ئەزموونە دۆڕاو سەرنەکەوتووە بدەیتەوە، ئەی بۆ وڵامی پرسیارەکەت ناگۆڕیت؟

گەلی خوشک و برادەرینە: ئایا تا ئێستا سەرژمیرتان کردووەو زانیوتانە، لە نێوان شەڕی دووەمی جیهانەوە تا ئێستا، چەند وڵاتی دیکە زیاد بووە، بەو وڵاتانەی کە دان پێدانراون یا هێندێک وڵات لە ژێر ناوی کۆنفیدراڵی دەژین، و بەڵام خاوەنی سەربەخۆیی تەواوی ناوخۆیانن.

تەنیا لە وڵاتانی ئەفریقایی ٦٢ وڵات.

لە وڵاتانی ئاسیایی ٤٠.

لە وڵاتانی هەردووبەشی ئەمریکای باشوور و باکوور ١٣ وڵات.. لە وڵاتانی ئورووپایی ٢٤

لە وڵاتانی ئۆقیانس وئۆسترالیا ١٣

لە کۆی گشتی لە نێوان شەڕی دووەمی جیهانییەوە تا ئێستا ١١٢ وڵات سەربەخۆییان بە دەستهێناوە، و یا توانیویانە داگیرکەری گەورە لە وڵاتی خۆیان بە دەرنێن، بۆ نموونە زۆربەی نەتەوەکانی بندەست توانیویانە بەرەنگاری گەورە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیا و فەرانسە و دەیانی دیکە ببنەوە.

تا ئیستا ٢٠٦ وڵات لە سەر گۆی زەوی هەیە، کە ١٩٣ دانەیان نوێنەریان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە.، و چەند وڵاتێکیش ئەندامی چاودیرن.

بەڵام ئێمەی کورد، هێشتا هەر بە خەیاڵی ئەوە خەبات دەکەین، کە ئێرانێکی دیمۆکراتی درووستبکەینەوەو گوایا هەموومان لە سایەی بژین. یا چەپە تووند هاوێژەکانمان خەو بە وڵاتێکی مارکسیسی و سوسیالیستی دەبینن، کە بە فتواو قسەی زلی فارسەکان بێت، و بە ڕەنجی کرێکاری کورد پڕکرێتەوە.

لای ئێمە هەموو ڕووداوەکان پێچەوانە بوونەتەوە، لە هەموو نەتەوەکانی سەرگۆی زەوی داگیرکەر وەردەردەنرێن، و داری مێژووەکەیان لە سەر نیشتیمانەکەیان ووشک دەکرێن.

بەڵام لە وڵاتەکەی من هەر خەریکین نەمامی نوێان بۆ دەچێنین، و خزمەتی مێژووەکەیان دەکەین، هەوڵدەدەین وڵاتە وێرانە لێدراوەکەیان بۆ خۆشکەینەوە؟

ڕێکه‌و 2021-01-20 13:31:41
به‌شی ( مقالات )







سیاسی