بۆ دەڵێین کرماشان پایتەختی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە! لە کۆی ١٠خاڵدا. نووسینی عارف

بۆ دەڵێین کرماشان پایتەختی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە! لە کۆی ١٠خاڵدا. نووسینی عارف باوەجانی.



کاتێک ئاماژە بە کرماشان دەکرێت وەک پایتەخت، بە واتای ئەوە نییە شاری دیکە بە گوونجاو یا شایستە نەزانرێت بۆ بە پایتەخت بوون. هەموو شارێک خاوەنی مێژوو تایبەتمەندی و خۆشەویستی خۆیەتی، لە ئاست ڕووداوەکانی مێژووی گەلەکەماندا.بەڵام بەم خاڵانەی خوارەوە لە ڕوانگەی من و زۆر کەسی دیکەی شارەزا کە لێم بیستوون، کرماشان بە گوونجاترین شار دەزانرێت بۆ پایتەخت.


١ / شارێکی کوردستانییە کە: هەمیشە لە درێژایی مێژووی داگیرکاری فارسەکاندا، هەوڵدراوە لە ڕێگەی هێنانی کارمەندانی فارسی بۆ ناو شارەکە، درووستکردنی کێشەی ئاینی ومەزهەبی وتایفەیی و هیدیکە، بڵاوکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان، بەرگی کورد و کوردستانی بوونی لە بەردا داماڵن، و وەک شارێکی ئێرانی فارسی نشین پێشانی بدەن. بەڵام بە هۆی بە غیرەتی و لێهاتوویی پێکهاتەکانی کرماشانی هەمیشە کوردستانەوە، ئەو ئاواتەی دوژمن نەهاتووەتەوە دی و ساڵ بەساڵ کاڵتربووەتەوە.

یەکێک لەو بەسەرهاتانەی کە باسی لێوە دەکەن، لە سینارێوی بە ناوی هەڵبژاردنی چوارەمین دەورەی مەجلیسی ئێران. لە ناو یەکێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، عەلی ئەکبەری ناتقی نووری کە سەرۆکی ئەو دەورەی پەرلەمان بوو، بانگی خوا لێخۆشبوو ئیسماعیل تەتەری دەکات وەک نمایندەی باختەران قسە بکات، بەڵام بەڕێز تەتەری خۆی لێ بێدەنگ دەکات، تا دووجار بانگی دەکات بەڕێز تەتەری لەگەڵ تۆمە، ئەویش دەڵێت ببوورە من نوێنەری کرماشانم نەک باختەران. ئیتر بەو شێوە ناوەکە دیسانەوە بە کرماشان لە گۆڕەپانی وەزش و شوێنە گشتییەکان پەرەی پێدەدرێتەوە، و ڕێژیم ناچار دەبێت لەر باختەرانەوە بیگۆڕێتەوە بە کرماشان.



٢ / لە درێژایی مێژووی ئەم شارەدا دەیان دەسەڵات و ئیمپراتۆرو حکوومەتی جۆراوجۆری مێژوویی و ناوخۆیی تێیدا ڕوویداوە. کە زیاتر لە مێژوویی کۆندا مادەکان و ساسانەکان، لەگەڵ چەندین حکوومەتی خۆجەیی ڕێشەو مێژوویان لە شارەکەدا ماوەتەوە و دەدرەوشێتەوە.



٣ / هەر سێ پاڕێزگاکانی ئیلام و لوڕستان و هەمەدانیش لە مێژوودا سەر بەم پاڕێزگا بوون، بەڵام بە پێی زیادبوونی سەرژمێری و گەورەبوونیان کراونەتە پاڕێزگای سەربەخۆ. بێجگە لەو ٣ پاڕێزگە کە ئاماژەی پێکرا، هاوسنووری سنەی قارەمانیشە، واتە کرماشان هاوسنووری زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئیتر دەروازەی گەیشتن بە زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشانەوە دەست پێدەکات. کاتێک باس لە هەمەدان وەک پایتەختی مێژووی حکوومەتی مادەکان دەکرێت، ئەمەش شانازییەکی دیکەیە، کە کرماشان پڕکەرەوەی بۆشایی هەمەدان دەبێت. بە گشتی ئەو خاڵەش یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی بە پایتەختبوونی کرماشان.



٤ / کوردستانی مەزن خاوەنی ٤ شاری گەورەیە بە ناوەکانی ئامەد(دیاربەکر ) لە باکووری وڵات، هەولێر لە باشووری وڵات، قامیشلوو لە خۆرئاوای وڵات، وە: کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات. کەوابێت بە پێی گەورەویی پانتایی پاڕێزگاکەش لە ئاست کوردستانی مەزن، ئەو شانسەی زیاترە.



٥ / شارێکی بە هێزی ئابووریی وخاوەن داهاتە، لە بوارەکانی سامانی ژێر زەوی وەک نەوت، گاز، ئاو. بۆ نموونە چەمەکانی گاماسیاو، قەرەسوو، دینەوەر، مەرگ، ڕازاوە، گامێشان، سیروان، ئەڵوەند، زریشک، لووشە، زمکان، چەندین وردە چەم و کانیایوی گەورە، و سەرچاوەی دیکەی ئاوی شاخەکان. بە گشتی خاوەنی٤٢٥ یەکەی جۆراوجۆری ئابوورییە، کە بەشێکیان هی کاری دەستین، بە تایبەت فەرش و گڵێمی بە ناوبانگ.



٦ / سەرچاوکانی نەوتی، ئەوەی کە تا ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی داگیرکەرەوە ئاشکرا کراوە، کە گوایا١٤٪ تەواوی نەوتی ئێران لە ناو پاڕێزگاو دەورو بەری پاڕێزگای کرماشانە، کە گوومان لە٢ بەرابەری ئەو ژمارەش دەکرێت، هەر نموونە دەیان هێکتار زەوی لە قەسری شیرین بە هۆی چەوری نەوت لە ژێرەکەیەوە، بە سیمی خاڵدار بەستراوە و ناهێڵین کەس لە چەند کیلۆمیتری ئەو شوێنەش هاتووجۆ بکات. ڕێژیم بە مەبەستی زیاتر گەرمبوون و ڕاپەڕینی کوردستانیان، ئەو نهێنییە ئابوورییە بە هێزانە ئاشکرا ناکات. هەر لەو پێوەندییەشدا خاوەنی دەیان پاڵاوگەی ١٥٠هەزار بۆ٢٠٠ هەزار بۆشکەی گەورەیە، کە هەرکام لەم پاڵاوگانە بە هەزاران کرێکار لە خۆ دەگرن. ئەمەش وا دەکات کە ڕادەی بێکاری لە پاڕێزگاکە تا ڕادەیەکی کەم نەهێلێت.



٧/ لە بواری جۆغرافیاییەوە، بە پێێ دانپێدانانی ئێرانی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێستاداپاڕێزگای کرماشان، خاوەنی٢٢ شاری گەورە و شارستانە، بێجگە لە دەیان شارەدێێ گەورە. پانتایی گشتی پاڕێزگای کرماشان،٢٥/٢٤٤٣٤ كيلومێتری چوارگۆشەیە. کە لانیکەمی ٤٦ لە سەدی پانتایی ئەرزییەکەی، بە پیت و بەرەکەتە بۆ کشت وکاڵ. بێجگە لە سامانەکانی سەر شاخەکان. وەک چەندین جۆر بەرد و بواری دیکە.



٨ / کرماشان شارێکی فرە ئاینییە، وەک ئیسلام بەشی شیعەو سوونی، ئاینی یاری کە ئاینی یارسانەکانە وەک دووەمین ئاینی پێکهاتەی پاڕێزگاکەیە. هەروەها وەک کەمینە ئاینەکانی، جوو، مەسیحی و بەهایی بوونینان لە پاڕێزگاکەدا هەیە، لە مێژوویی کۆنیشدا ئاینەکانی دیکەی وەک زەردەشت، داسنی وهی دیکەشی لێبووە. بەتایبەت ژمارەی جووەکان زۆربوون کە لە کاتی سەربەخۆبوونی ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٤٨بۆ سەرەوە کۆچییان کردووە بۆ ئەو وڵاتە تازەیە.



٩ / کرماشان شارێکی فرە زاراوەییە، لە ناو پێکهاتەکانی پاڕێزگای کرماشان، بێجگە لە کرمانجی و زازایی، بە گشت زاراوەکانی دیکەی کوردی قسەی تێدا دەکریت، کە ئەویش زاراوەکانی کەلهوڕێ یا گۆرانی، سۆرانی بە گشت لقەکانییەوە، هەورامی، لوڕی و لەکی و هیدیکە..



١٠ / شارێکی فرە کولتوری و فەرهەنگییە، کە بە پێێ پێکهاتەکانی ناو پاڕێزگاکە چەندین کولتوری جیاواز هەیە، وەک دەیان جۆر بەرهەمی هوونەری ، وەک گۆرانی و موسیقا، تەمبووری تایبەت، هۆرە و سیاچەمانە، دەیان جۆر وەرزشی پاڵەوانی، دەیان جۆر هەڵپەڕکێی کوردەواری، دەیان جۆر جەژن و بۆنەی ئاینی و کولتوری، دەیان جۆر یاری کوردەواری. ئەمانە هەموو بە گشتی پارێزگاکای کرماشانیان لە فرە ڕەنگی و فرە کولتوری بە تەواوی هەم دەوڵەمەند کردووە، هەم جیاواز تریان کردووە.

ڕێکه‌و 2021-06-01 15:03:06
به‌شی ( مقالات )







سیاسی