بۆ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە پێویستە؟ نووسینی عارف باوەجانی





بۆ دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە پێویستە؟  نووسینی عارف باوەجانی

 



دەستپێک: خوێنەری هێژا، ئەم نووسینە بە واتای ڕاگەیاند یا تەواوبوونی پڕۆژە و ئەرکەکانی نییە. ئەم پڕۆژەیە هیشتا لە بەردەستدایە بۆ کارکردن لە لایەن ستافی ئامادەکارەوە. واتە هیشتا کارەکانی تەواو نەکردووە و پڕۆژەکە بە فەرمی دەستبەکار نەبووە. لە کاتی خۆیدا کە هەموو ئامادەکارییەکان کرا، ئەو کاتە بە شێوەیەکی گونجاو و شایستە ڕاگەیاندنی خۆی بە خەڵکی کوردستان دەگەیەنێت. ئەوەی کە لێرەدا مەبەستمانە کە ئاماژەی پێ بکەین: بۆ ئەوەیە کە بابەتەکە زیاتر بخرێتە بەردەستی ڕای گشتیی کوردستانییان، بەتایبەت خەمخۆرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوەش کە زیاتر هاندەرمان بوو لەم کاتەدا ئەو باسە بخەینە بەردەستی خوێنەران. بۆچوونی چەندین کەسایەتیی خەمخۆر و شارەزای بوارەکە بوو، بە مەبەستی ئەوەی کە سەرەداوێک یا لانی کەم تێگەیشتنێک بۆ ئەم پڕۆژە نەتەوەیییە، لە بەردەستی خەڵکدا هەبێت.

دەوڵەت لە تاراوگە دەتوانێت چی بکات؟
بێگومان بۆ هەموو چاودێرێکی سیاسی و شیکەرەوە و لێکۆڵێنەرەکان ئاشکرایە، کە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان حکوومەتی سەر خاک ناو خەڵک و حکوومەتی تاراوگەنشینی هەیە. بەڵام بۆ نەتەوەیەکی نیشتمانداگیرکراو، کە لە سەر خاک و زێدەکەی دەرکرابێت، یا بۆ خۆی ملکەچی داگیرکەر نەبووبێت و بەناچاری وڵاتەکەی بەجێ هێشتبێت. دەتوانێت لەڕێگەی ڕاگەیاندنی حکوومەتەکەی لە تاراوگە ئەم مەبەست و پەیامانە بگەیەنێت.
& - لەو ڕێگەوە شەرعیەت بە کیان و دەوڵەت و مێژووی ڕاستەقینەی خەڵک و گەلەکەی لەسەر خاک و زێدی هەزارانساڵەی خۆی دەگەیەنێت.
& - داگیرکەر لەسەر خاکەکەی قبووڵ ناکات و بە هێزێکی بەزۆرهاتووی دەناسێت.
& - خۆی بە بەشێک لەو حکوومەت و دەسەڵاتە نازانێت، کە بۆ نموونە داگیرکەرانی فارسی ئێرانی، بە ویستی خۆیان و شێواندنی مێژووی ناڕاست، کوردستانیان خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە.
& - لە ڕێگەی دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگەوە: ورە و باوەڕی خەڵک بەرز دەکرێتەوە، تۆ ئەو پەیامە بە گەلەکەت لە ناوخۆ و دەرەوەش دەگەیەنیت، تۆ هەمیشە  گەلێکی جیاوازتری لەوان، هەر لە سەردەمانی دەسەڵاتی مادەوە تا کۆماری کوردستان، تۆ خاوەنی دەوڵەتی خۆت بوویت، بەڵام دوژمنان هەمیشە هەوڵیان داوە لانە و زێدەکەمان لێ بشێوێنن.
& -  لەو ڕێگەوە: هەردەم ئەو دەوڵەتە بە بیری گەل و نەتەوەی خۆت دێنیتەوە، ئەو پەیامەی پێدەگەیەنیت کە مانەوە لە ژێر ستەمی داگیرکەر بە ویستی خۆمان نەبووە و نییە. واتە تۆ ئەو پەیامە بە داگیرکەر و دزی سەروەت و سامان و مێژووی گەلەکەمان دەگەیەنیت، کە ئێرانیبوون بۆ ئێمەی کورد گەورەترین شەرمە، نەک شانازی.
& - لە ئاست دیپڵۆماسییەتی جیهانیشەوە، تۆ لە باتیی ئەوەی وەک تاک و حیزبی سیاسی، پەیامی گەلەکەت بگەیەنی، بە ناوی حکوومەتی تاراوگەوە پەیامەکەت باشتر دەگەیەنیت.

بۆ هەڵبژاردنی پێناسەی دەوڵەت.
لە هەڵبژاردنی ناوەکەی بە زمانی کوردی، (دەوڵەت) هێندێک باس و پرسیاری لێ کەوتەوە. پێناسەی دەوڵەت لەگەڵ پێناسەی حکوومەت ٢ چەمکی جیاواز، حکوومەت دەبێتە ئەو کابینەی کە لە نێوان ئەم هەڵبژاردن تا هەڵبژاردنی داهاتوو دەسەڵاتی دەوڵەت و وڵات بەڕێوە دەبات. واتە جێبەجێکارە. بەڵام وشەی دەوڵەت کە بە ئینگلزییەکەی دەبێتە (
state) لە تەواوی فەرهەنگنامەکانی زانستی سیاسیدا، ئاماژە بەوە دەکات، کەو ئەوە شوێن و زێدی کۆمەڵە خەڵکێکە کە هەمیشە لەسەر ئەو خاکە ژیان و مێژووەکەیان سەری هەڵداوە. ئەو پێناسەیەش بۆ گەلی کورد بەتەواوی پێناسەیەکی یاسایی و ئاسایی و دروستە. چونکە یەکەم دەوڵەتی مادەکان لەسەر خاکی کوردستان درووست بووە، و دواتر دەسەڵاتەکەی بە زۆر و شوێن و ناوچەکانی دیکەشدا شۆڕ بووەتەوە، کەواتە ڕیشەی مێژوویی دەوڵەت و دەوڵەتداریی گەلی کورد، لە گەلی فارس و زۆربەی گەلانی دیکەی ناوچەکەش دێرینترە. بەڵام هەوڵێکی زۆر دەدرێت بە دروستکردنی سینارێوی خەیاڵی، ئەو مێژوو و یاسایە لە سەر مافی ڕەوای گەلەکەمان بشێون و مێژووی ناوچەکە  بچووک و ئاڵۆز بکەنەوە.
هەر بۆیە هەڵبژاردنی ناوی "دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" لەسەر شیکاری و پێوەرێکی نەتەوەیی و زانستی بووە، بە مەبەستی ڕەدکردنەوەی هەموو ترس و گومانێکە لەنێو کۆمەلگای کوردستان، بۆ شێواندنی مێژوو و ڕێشەی هەزاران ساڵەی گەلەکەمان لەسەر ئە خاکە، بڵاو دەکرێتەوە.



ستراتیژیی هەنووکەی دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کورد لە تاراوگە: ستراتیژی و ئەرکی هەنووکەیی ئەم دەوڵەتە بریتی دەبێت لە:
ئا: بەجیهانیکردنی دۆزی گەلی کورد لە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەتەوەیەکی وڵاتداگیرکراو، لە ڕێگەی لۆبیگەری و چالاکیی چڕ و پڕی دیپڵۆماسیی وەزارەتەکان، کۆکردنەوەی فایلە گرنگەکانی گشتیی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانەوە.
ب- بەهێزکردن و یەکگرتووییی دەنگ و بیر و تێکۆشانی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بە سەربەخۆیی یەکجاری لەسەر خاک و سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
پ-  ناساندنی تەواوی شار و ناوچەکان، مێژوو، کولتوور، ئابووری و سنوور و جۆغرافیای ئەم بەشەی کوردستان، کە نزیک بە دەیان میلیۆن خەڵک و زیاد لە ١٨٠٠٠٠ سەدوهەشتاهەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەی پانتایی ئەرزییە.
ت- هەوڵدان بۆ ئاشتەواوی تەواو لە نێو لایەنە سیاسییەکان و کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردانی ڕۆژهەڵاتی تاراوگەنشین، بۆ کۆکردنەوەی هێز و توانا و ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی دەوڵەتی  بەناچاری لە تاراوگە! بۆ سەر خاک و سنووری ڕەسەنمان لە کوردستان.
ج -  درووستکردنی پێوەندیی دۆستانەی دەوڵەت و خەڵکەکەمان لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان و دروستکردنی بناغەیەکی مێژووی دۆستایەتیی ئابووری و سیاسی.
چ - چەندین هەنگاو ستراتیژی دیکەی بەرنامەبۆداڕێژراو لە چوارچێوەی وەزارەتەکاندا.



 

کارنامەی ئەم دەوڵەتە لە تاراوگەوە

& - بەرزکردنەوەی ورەی نەتەوەیی لەنێو تاک و کۆمەڵگەی خۆرهەڵاتی کوردستان لە دەرە و ناوخۆ.

& -  بەستنی کۆنگرەی ئاکادیمی و زانستی و ستراتیژیی ساڵانە، بۆ نەتەوەسازی و ئامادەسازی.

& -  گرێدانی کۆڕ و سیمیناری نێودەوڵەتی، لە پایتەختی وڵاتە گرنگەکان لە سەر وڵاتەکەمان.

& -  خاوەنی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گشتگیر دەبێت بۆ  گەیاندنی دەنگی گەل و بیری نەتەوەیی.

& -  لۆبیگەری بۆ خۆرهەڵات، واتە پەیداکردنی پشتیوان، لە تاکەوە تا ڕێکخراو و حکوومەتەکان! لە ئاست جیهاندا.

& - هەوڵدان بۆ ناساندنی زمان و کولتوور و مێژوو، سروشتی جوان و ئابووری و جۆگرافیای وڵاتمان بە جیهان.

& -  پشتیوانی لە هەر جۆرە دەستکەوتێکی بەشەکانی دیکەی کوردستان، نموونەی ئێستای باشوور و خۆراوا.

& - ئامادەکردنی پێشنیاری پەروەردەیی، بۆ حکوومەتی دواڕۆژی ناو خەڵک و گەل.

& -  هەوڵدان لە ڕێگەی ستافێکی شارەزای بواری یاسا، بۆ نووسینەوەی یاسایەکی سەردەم بۆ دواڕۆژ.

& - ئامارگیریی دروست و زانستی لە سەر پێکهاتەی جۆغرافیایی دانیشتووان و سەرچاوەکانی ئابووری.

& -  ناساندن و ئامارگیریی گشت پێشێلکارییەکانی ئێرانی داگیرکەر لەسەر خاکی کوردستان.

& -  یەکخستنەوەی ڕەوەندی کوردانی تاواوگەنشینی ڕۆژهەڵات، تواناکانیان بۆ ئایندەی دەوڵەت.

& - هێماسازیی نەتەوەیی و مێژوویی لە کەسایەتی و ئاسەوارەکان، وەک دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زۆر بواردا.

& - لە ڕێگەی شارەزایانی پەروردە، ئامادەکردنی پەرتووکی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی.

& -  ئامادەکردنی دراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک هێمای ئێستا و پارەی خۆماڵی لە دواڕۆژدا.

& - بەکوردیکردنی هەموو دامودەزگا و شوێن و ڕێبەرێکی زانیاریبەخش لە کوردستان.

& - گەیاندنی زانیاری، بۆ پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە، بەتایبەت مافەکانی ژنان و مناڵان.

& - هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی جۆراوجۆر بۆ دواڕۆژ.

 

 

 

 

کێ دەتوانێت لەم پڕۆژەیە بەشداری بکات؟
هەر کوردێکی دڵسۆز و تاراوگەنشینی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە نییەتپاکی و ڕاستگۆیی خۆی لە پشتیوانی لەم پڕۆژە نەتەوەیییە دەرببڕێت، دەتوانێت لە هەموو ئەرکەکانیدا، لە کادیرێکی ئاسایی ئەم دەوڵەتەوە تا وەزارەت و پۆستە باڵاکانی دیکەش بەشداری بکات. ئەڵبەت بەپێی یاسا و پرینسیپێک کە ستافی ئامادەکار بۆ بەشداریکردنی تاکەکانیان دیاریی کردووە.
پێویستە هەر تاکێک پێش ئەوەی لەم پڕۆژە شانازییەکی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار بکات و بەشداری بکات و ئەرکی خۆی بەڕێوە ببات، دەبێت چاوەڕوانی ئەگەری کۆمەڵێک پێشهاتیش بکات، وەک چاوسوورکردنەوەی دوژمنانی گەلی کورد، هەڕەشە ناردنەسەر کەسوکار و زۆر ڕێگای دیکە.
بە لای دیکەشدا لەوانەیە لای هاوحیزبی و هاوبیرانیشی هەوڵی ساردکردنەوە و دوورکردنەوە لەم پڕۆژەیەدا بێتە ئاراوە. بۆیە تکامان ئەوەیە کەسانێک پێش لە بڕیاری بەشداریکردنیان، لە بیری ئەو کۆسپانە ببین، کاتێکش بوێرییان لە خۆیان پیشان دا و هاتنە ناو پڕۆژەکە، لە نیوەی ڕێگەدا بەجێمان نەهێڵن.

کوردانی بەشەکانی دیکەی وڵات: کوردانی بەشەکانی دیکەی کوردستانی دابەشکراومان، دەتوانن لە گشت بوارێکدا کە "زۆر خاڵ دەگرێتەوە" یارمەتیدەری ئەم پڕۆژەیە بن، هەروەک چۆن کوردانی ڕۆژهەڵات لە گشت بوارێکدا پشتیوان و یارمەتیدەری هەموو بەشەکان بوون. بەگشتی بەشداری لەم پڕۆژەیە بەشێک لە بوێری و ڕاستگۆیی و قازانجنەویستیی کوردە نەتەوەیییەکانی پێویستە.

ئەگەر دەتەوێت کەسێک بیت لە بناغەی ئەم دەوڵەتدا
تکایە ئەگەر تۆی بەڕێز: کە خاونی توانایەکی تایبەتی لە دەرەوەی وڵات و پێت خۆشە لەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی زانستەکەتەوە، ڕۆڵێکی کاریگەرت بۆ ئەم پڕۆژەیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت، لە ڕێگەی ئەو ئیمەیلەی خوارەوە
CV و پێناسەی تایبەتی خۆتمان بۆ بنێرە.



ناوەندی سەرەکیی ئەم دەوڵەتەی تاراوگە لە کۆییە؟
لە وڵامی پرسیاری زۆر لە خەمخۆران کە ئایا ناوەندی سەرەکیی ئەم دەوڵەتەی تاراوگە لە کوێیە؟ لە وڵامدا دەڵێم لە یەکێک لە وڵاتانی ئوروپایی دەبێت، کە لە داهاتوودا ئاماژەی پێدەکرێت. دیارە ئەگەر یاساکانی خۆپاراستن لە نەخۆشیی کۆرۆنا، بڕێک ئاسان بکرێتەوە و ڕێگەی چالاکی و جموجووڵەکان بکرێنەوە، ئەوا لە پاش تەواوبوونی ئەرکەکانی ستافی ئامادەکار، بەرنامە هەیە کە لە ڕێوڕەسمێکی شایستە و گونجاودا، بە بەشداریی نوێنەرایەتیی چەندین ڕێکخراو لە وڵاتانی گرنگ دامەزراندی ئەم حکوومەتە ڕادەگەیەنرێت.


 

 

 

 

پێناسەیەک لە سەر لۆگۆ و ئاڵای تایبەت بە دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.



لۆگۆ:
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ کە ئەم پڕۆژە کەوتووەتە ڕۆژەڤەوە، چەندین کەسی دڵسۆز و خەمخۆر لۆگۆیان بۆ درووست کردووین. بەڵام لە بەر ئەوەی کە پڕۆژەکە پێوەندیدارە بە ڕاوبۆچوونی گەلەکەمانەوە. لە پاش ڕاوێژێکی زۆر لەگەڵ کەسانی شارەزا لەو بوارەدا، لە کۆی گشتیدا ئەم لۆگۆیە بە لۆگۆیەکی گونجاوی سەردەمیانە پەسەندکرا. کە لەم لۆگۆیەدا هەم پێناسەیەکی مێژوویی تێدایە و هەم پێناسەیەکی سەردەمیانە، لە بوارەکانی زانستی و تەکنولۆجیادا.

بۆ دەڵێین کرماشان پایتەختی دواڕۆژی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە!
لە کۆی ١٠خاڵدا.

کاتێک ئاماژە بە کرماشان دەکرێت وەک پایتەخت، بە واتای ئەوە نییە شاری دیکە بە گوونجاو یا شایستە نەزانرێت بۆ بە پایتەخت بوون. هەموو شارێک خاوەنی مێژوو تایبەتمەندی و خۆشەویستی خۆیەتی، لە ئاست ڕووداوەکانی مێژووی گەلەکەماندا.بەڵام بەم خاڵانەی خوارەوە لە ڕوانگەی من و زۆر کەسی دیکەی شارەزا کە لێم بیستوون، کرماشان بە گوونجاترین شار دەزانرێت بۆ پایتەخت.

١ /  شارێکی کوردستانییە کە: هەمیشە لە درێژایی مێژووی داگیرکاری فارسەکاندا، هەوڵدراوە لە ڕێگەی هێنانی کارمەندانی فارسی بۆ ناو شارەکە، درووستکردنی کێشەی ئاینی ومەزهەبی وتایفەیی و هیدیکە، بڵاوکردنەوەی مادەهۆشبەرەکان، بەرگی کورد و کوردستانی بوونی لە بەر لابەرن، و وەک شارێکی فارسی ئێرانی بینوێنن. بەڵام بە هۆی بە غیرەتی و لێهاتوویی پێکهاتەکانی کرماشانی هەمیشە کوردستانەوە، ئەو ئاواتەی دوژمن نەهاتووەتەوە دی و ساڵ بەساڵ کاڵتربووەتەوە.
 یەکێک لەو بەسەرهاتانەی کە باسی لێوە دەکەن، لە سینارێوی بە ناوی هەڵبژاردنی چوارەمین دەورەی مەجلیسی ئێران. لە ناو یەکێک لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان، عەلی ئەکبەری ناتقی نووری کە سەرۆکی ئەو دەورەی پەرلەمان بوو، بانگی خوا لێخۆشبوو ئیسماعیل تەتەری  دەکات وەک نمایندەی باختەران قسە بکات، بەڵام بەڕێز تەتەری خۆی لێ بێدەنگ دەکات، تا دووجار بانگی دەکات بەڕێز تەتەری لەگەڵ تۆمە، ئەویش دەڵێت ببوورە من نوێنەری کرماشانم نەک باختەران. ئیتر بەو شێوە ناوەکە دیسانەوە بە کرماشان لە گۆڕەپانی وەزش و شوێنە گشتییەکان پەرەی پێدەدرێتەوە، و ڕێژیم ناچار دەبێت لەر باختەرانەوە بیگۆڕێتەوە بە کرماشان.


٢ /  لە درێژایی مێژووی ئەم شارەدا دەیان دەسەڵات و ئیمپراتۆرو حکوومەتی جۆراوجۆری مێژوویی و ناوخۆیی تێیدا ڕوویداوە. کە زیاتر لە مێژوویی کۆندا مادەکان و ساسانەکان، لەگەڵ چەندین حکوومەتی خۆجەیی ڕێشەو مێژوویان لە شارەکەدا ماوەتەوە و دەدرەوشێتەوە. 

٣ /  هەر سێ پاڕێزگاکانی ئیلام و لوڕستان و هەمەدانیش لە مێژوودا سەر بەم پاڕێزگا بوون، بەڵام بە پێی زیادبوونی سەرژمێری و گەورەبوونیان کراونەتە پاڕێزگای سەربەخۆ. بێجگە لەو ٣ پاڕێزگە کە ئاماژەی پێکرا، هاوسنووری سنەی قارەمانیشە، واتە کرماشان هاوسنووری زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئیتر دەروازەی گەیشتن بە زۆربەی پاڕێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کرماشانەوە دەست پێدەکات. کاتێک باس لە هەمەدان وەک پایتەختی مێژووی حکوومەتی مادەکان دەکرێت، ئەمەش شانازییەکی دیکەیە، کە کرماشان پڕکەرەوەی بۆشایی هەمەدان دەبێت. بە گشتی ئەو خاڵەش یەکێکە لە خاڵە ئەرێنییەکانی بە پایتەختبوونی کرماشان.

٤ /  کوردستانی مەزن خاوەنی ٤ شاری گەورەیە بە ناوەکانی ئامەد(دیاربەکر ) لە باکووری وڵات، هەولێر لە باشووری وڵات، قامیشلوو لە خۆرئاوای وڵات، وە: کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی وڵات. کەوابێت بە پێی گەورەویی پانتایی پاڕێزگاکەش لە ئاست کوردستانی مەزن، ئەو شانسەی زیاترە.

٥ / شارێکی بە هێزی ئابووریی وخاوەن داهاتە، لە بوارەکانی سامانی ژێر زەوی وەک نەوت، گاز، ئاو. بۆ نموونە چەمەکانی گاماسیاو، قەرەسوو، دینەوەر، مەرگ، ڕازاوە، جامێشان، سیروان، ئەڵوەند، زریشک، لووشە،  زمکان، چەندین وردە چەم و کانیایوی گەورە، و سەرچاوەی دیکەی ئاوی شاخەکان. بە گشتی خاوەنی٤٢٥ یەکەی جۆراوجۆری ئابوورییە، کە بەشێکیان هی کاری دەستین، بە تایبەت فەرش و گڵێمی بە ناوبانگ.

٦ /  سەرچاوکانی نەوتی، ئەوەی کە تا ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی داگیرکەرەوە ئاشکرا کراوە، کە گوایا١٤٪ تەواوی نەوتی ئێران لە ناو پاڕێزگاو دەورو بەری پاڕێزگای کرماشانە، کە گوومان لە٢ بەرابەری ئەو ژمارەش دەکرێت، هەر نموونە دەیان هێکتار زەوی لە قەسری شیرین بە هۆی چەوری نەوت لە ژێرەکەیەوە، بە سیمی خاڵدار بەستراوە و ناهێڵین کەس لە چەند کیلۆمیتری ئەو شوێنەش هاتووجۆ بکات. ڕێژیم بە مەبەستی زیاتر گەرمبوون و ڕاپەڕینی کوردستانیان، ئەو نهێنییە ئابوورییە بە هێزانە ئاشکرا ناکات. هەر لەو پێوەندییەشدا خاوەنی دەیان پاڵاوگەی ١٥٠هەزار  بۆ٢٠٠ هەزار بۆشکەی گەورەیە، کە هەرکام لەم پاڵاوگانە بە هەزاران کرێکار لە خۆ دەگرن. ئەمەش وا دەکات کە ڕادەی بێکاری لە پاڕێزگاکە تا ڕادەیەکی کەم نەهێلێت.

٧/  لە بواری جۆغرافیاییەوە، بە پێێ دانپێدانانی  ئێرانی داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئێستاداپاڕێزگای کرماشان، خاوەنی٢٢ شاری گەورە و شارستانە، بێجگە لە دەیان شارەدێێ گەورە. پانتایی گشتی پاڕێزگای کرماشان،٢٥/٢٤٤٣٤ كيلومێتری چوارگۆشەیە. کە لانیکەمی ٤٦ لە سەدی پانتایی ئەرزییەکەی، بە پیت و بەرەکەتە بۆ کشت وکاڵ. بێجگە لە سامانەکانی سەر شاخەکان. وەک چەندین جۆر بەرد و بواری دیکە.

٨ /  کرماشان شارێکی فرە ئاینییە، وەک ئیسلام بەشی شیعەو سوونی، ئاینی یاری کە ئاینی یارسانەکانە وەک دووەمین ئاینی پێکهاتەی پاڕێزگاکەیە. هەروەها وەک کەمینە ئاینەکانی، جوو، مەسیحی و بەهایی بوونینان لە پاڕێزگاکەدا هەیە، لە مێژوویی کۆنیشدا ئاینەکانی دیکەی وەک زەردەشت، داسنی وهی دیکەشی لێبووە. بەتایبەت ژمارەی جووەکان زۆربوون کە لە کاتی سەربەخۆبوونی ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٤٨بۆ سەرەوە کۆچییان کردووە بۆ ئەو وڵاتە تازەیە.

٩ /  کرماشان شارێکی فرە زاراوەییە، لە ناو پێکهاتەکانی پاڕێزگای کرماشان، بێجگە لە کرمانجی  و زازایی، بە گشت زاراوەکانی دیکەی کوردی قسەی تێدا دەکریت،  کە ئەویش زاراوەکانی کەلهوڕێ یا گۆرانی، سۆرانی بە گشت لقەکانییەوە، هەورامی، لوڕی و لەکی و هیدیکە..

١٠ /  شارێکی فرە کولتوری و فەرهەنگییە، کە بە پێێ پێکهاتەکانی ناو پاڕێزگاکە چەندین کولتوری جیاواز هەیە، وەک دەیان جۆر بەرهەمی هوونەری ، وەک گۆرانی و موسیقا، تەمبووری تایبەت، هۆرە و سیاچەمانە، دەیان جۆر  وەرزشی پاڵەوانی، دەیان جۆر هەڵپەڕکێی کوردەواری، دەیان جۆر جەژن و بۆنەی ئاینی و کولتوری، دەیان جۆر یاری کوردەواری. ئەمانە هەموو بە گشتی پارێزگاکای کرماشانیان  لە فرە ڕەنگی و فرە کولتوری بە تەواوی هەم دەوڵەمەند کردووە، هەم جیاواز تریان کردووە.

 

نووسینی: عارف باوەجانی
سەرپەرەشتیاری گشتیی پڕۆژەی دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگە.



ناونیشانەکانی پێوەندی گرتن بە ستافی ئامادەکارەوە.

واتسئاپ  004796693313..    ئیمەیل.[email protected]
وەیبسایتی فەرمی     http://rojhelatgov.org  
تویتەر State E Kurdistan (@StateEKurdista1).. گرووپی تێلەگرامی https://t.me/Rojhelatgov

پەیجی فەرمی فایسبووکی

https://www.facebook.com/%D8%AF%DB%95%D9%88%DA%B5%DB%95%D8%AA%DB%8C-%DA%95%DB%86%DA%98%D9%87%DB%95%DA%B5%D8%A7%D8%AA%DB%8C-%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-State-of-EasternKurdistan-103666107916755
ڕێکه‌و 2021-06-01 15:07:09
به‌شی ( مقالات )







سیاسی