چه‌ند دێڕێك له ڕۆژی جیهانی ژنانداچه‌ند دێڕێك له ڕۆژی جیهانی ژناندا


پێشه‌كی به ناوی خۆمه‌وه ڕۆژی جیهانی ژنان له گشت شۆخ و ئافره‌تانی كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م و به‌و هیوایه‌م كه ڕۆژ له دوای ڕۆژو سات له دوای سات ئافره‌تانی وڵاته‌كه‌مان زیاتر به مافه‌ ڕ‌ه‌واكانیان بگه‌ن.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مێژو، ده‌بینین ئافره‌ت ڕۆڵی گرنگی پێ نه‌سپێردراوه به تایبه‌تی له زه‌مانی کۆیله‌یه‌تیدا، وه هه‌مو کاتێ فه‌رمانڕه‌وایانی ئه‌و کاته وه‌ک کاره‌که‌ر به کاریان هێناون وه کۆشکه‌کانیان پێ ڕازاندونه‌ته‌وه وه چینه هه‌ژاره‌که‌ش ئافره‌ت تێیدا وه‌ک ئامێرێکی زاووزێ کردن بووه واته هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه ئافره‌تی کورد هه‌رچه‌نده شان به شانی پیاو ڕه‌نجی داوه هه‌موو ڕه‌نجه‌کانی بۆ فه‌رمانڕه‌واکان بووه‌و هیلاکی به فیڕۆ چووه. ئافره‌ت ته‌نها بۆ هێشتنه‌وه‌ی ته‌رازوی کۆمه‌ڵ به‌کار هاتووه.
وه له سه‌رده‌مه‌کانی چه‌رخی نوێشدا له بری فه‌رمانڕه‌واکان ده‌ره‌به‌گه‌کان و ئاغاکان بونه‌ته هۆی چه‌وساندنه‌وه‌ی ئافره‌تان و مافه‌کانیان پێشێل کردون به تایبه‌تی درامای ئافره‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر تراژیدیایانه بووه چونکه خاوه‌نی خۆی نه‌بووه‌و هاوسه‌رگیری به ئاره‌زوی خۆی نه‌بووه‌و ئاغاو ده‌ره‌به‌گه‌کان چاره‌نوسیان دیاری کردوه‌و باجه‌که‌شی بۆ ده‌ره‌به‌گه‌که بووه وه‌ک سورانه لێ‌ سه‌ندن.
پاشان له‌سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی و ئاغایه‌تی و كۆیلایه‌تی دێینه ده‌رێ و چاوێ به سه‌رده‌می پیشه‌سازی و ئافره‌تدا ده‌گێڕین. شۆڕشی پیشه‌سازی له وڵاته‌کانی ئه‌ورۆپاوه دروست بوو وه کارگه‌کان بونه جێگه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی ئافره‌تان و پیاوان واته ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی درا به ئافره‌ت ئه‌ویش ئیش کردن و بونی بۆجه‌یه‌کی تایبه‌ت بو بۆ خۆی و خێزانه‌که‌ی به‌ڵام وه‌ک ئاگادارین شۆڕشی پیشه‌سازی زۆر زۆر دره‌نگی خایاند تاکو بڵاو بویه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا، به تایبه‌تی له کوردستان چونکه وڵاتێکی کوشتوکاڵی بووه ئافره‌تی کورد شان به شانی پیاو کاری کردووه له کشتوکاڵ و په‌روه‌رده کردنی منداڵدا، به‌ڵام پیاو سالاری به‌شیان بووه.
ده‌توانین بڵێین دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م وه بڵاو بونه‌وه‌ی جاڕی گه‌ردونی مرۆڤ ئافره‌تی کوردیش زیاتر به ئاگا هاته‌وه‌و هه‌وڵی دا له کۆمه‌ڵگه دا ده‌ست نه‌خشینی خۆی و بیرو تواناکانی بهێنێته کایه‌وه وه‌ک به‌ڕێز زێڕینای ئامێدی و عادیله خانم و حه‌پسه‌خانی نه‌قیب و چه‌نده‌های تر.

به داخه‌وه دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵگه و پیاو سالاری تا ئه‌مڕۆش ده‌ستیان هه‌یه له به‌ره‌و پێش نه‌چونی ڕه‌وشی ئافره‌ت له کۆمه‌ڵگادا، تا ئێستاش زۆربه‌ی ئافره‌تانی کورد نه‌خوێنده‌وارن و ده‌وری خێڵه‌کی زاڵه به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاو ئافره‌تدا به تایبه‌تی له لادێکانی کوردستاندا وه‌ک له زۆر جێ ده‌ڵێن شه‌رمه ئافره‌ت بخوێنێ، هێشتا ده‌بینین و ده‌بیستین که ڕۆژانه له زۆر ناوچه‌کانی کوردستان به داخه‌وه له‌سه‌ر بێشکه کچ ماره ده‌که‌ن یان ده‌یکه‌نه بری خوێن بۆ ئاشته‌واری دو خێڵ ئیتر چۆن ئافره‌ت بتوانێ بونی خۆی بسه‌لمێنێ؟

جگه له‌مانه‌ش هه‌موی به‌داخه‌وه هه‌زار جار به‌داخه‌وه ئافره‌تی كورد خۆشیان ئازاری یه‌كدی ده‌ده‌ن و یه‌كگرتو نین بۆسازدانی شۆڕشێ بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان و فڕین بۆ ده‌ره‌وه‌ی قه‌فه‌سه ئاسنینه‌كانی زوڵمی پیاو.
هه‌مومان زۆر جار بیستومانه فڵان كچ خۆی سوتان له داخی خه‌سوی، یان فڵان ژن مرد له داخی بوكه‌كه‌ی، گه‌لێ سه‌یره له چه‌رخی بیست و یه‌كدا هێشتا ئه‌م پیشه ناشرینانه له ئێمه‌دا ماوه، ئاخر بوك و خه‌سو خۆ هه‌ردوكیان ئافره‌تن بۆ ئه‌بێ ئازاری یه‌ك به‌ن؟ بۆ پێكه‌وه سه‌هۆڵبه‌ندانی زه‌وتی براو مێرد و خه‌زور و باوك ناشكێنن؟ من زۆر شت ده‌بیستم و ده‌بینم كه ده‌بێته جێی سه‌رسوڕمانم به‌تایبه‌تی كه بیرئه‌كه‌مه‌وه له‌وه‌ی ئافره‌ت له‌گه‌ڵ هه‌مو كێشه‌كانی خۆیدا خۆیان زوڵم له‌یه‌ك ئه‌كه‌ن.
كاتێ كوڕێ له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی شه‌ڕی ئه‌بێ ، ده‌بینین دایكی كوڕه‌كه له بری ئه‌وه‌ی ئامۆژگاری كوڕه‌كه‌ی كات و پێی بڵێ ڕێز و خۆشه‌ویستی به‌رامبه‌ت ژنه‌كه‌ی هه‌بێ، ئه‌ڵێ ڕۆڵه به‌یانی ژنێكی تر بێنه.....!!!!!! جا ئافره‌ت خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا وا بێت داوای ئازادی چی له پیاو ده‌كات؟ من پێم وایه ئێمه خۆمان له زوڵمی خۆمان ئازاد كه‌ین و یه‌ك بگرین زۆر ئاسان تر ده‌توانین دیواری زه‌وتی پیاو بشكێنین.

من لای خۆمه‌وه هیواخوازم به زوترین كات ئه‌م ڕه‌وشتانه له ناخی ئافره‌تی كوردی نه‌مێنێ و هیواخوازم گشت مافه‌كانمان به ده‌ستی خۆمان به دی بێنین، هه‌روه‌ها داواخوازم له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه یاسایه‌ك دانێ بۆ قه‌ده‌غه‌ كردنی فره‌ژنی له كوردستاندا چونكه كاتێ پیاوێ ژن به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌یدا ده‌هێنێ كوشتنی ئه‌و ئافره‌ته‌یه به زیندویی، وه هه‌روه‌ها تێكدانی ڕه‌وشتی منداڵه‌كانی ئه‌و خێزانه‌شه به‌تایبه‌تی كچه‌كان، كاتێ كچێ ئه‌بینێ دایكی چه‌ن ئازار ئه‌چێژێ و باوكی ژنی به‌سه‌ردا هێناوه ئه‌و كچه‌ش له باری ده‌رونییه‌وه نه‌خۆش ئه‌كه‌وێ و ترسێك ئه‌چێته دڵی به‌رامبه‌ر به پیاو وه بڕوای به توانای خۆی كه‌م ده‌بێ....

ئێمه گه‌ر باسی ئافره‌ت و كێشه‌كانیان بكه‌ین ئه‌توانین سه‌دان بگره هه‌زاران په‌رتوك بنوسین، به‌ڵام ئه‌مانه‌ی من خستمه ڕو ته‌نها ئه‌ستێره‌یه‌ك بو له‌و ئاسمانه‌ی كه ناوی ئافره‌ت و كێشه‌ی ئافره‌ته.
دوباره پیرۆز بێ ڕۆژی جیهانی ژنان له سه‌رجه‌م ئافره‌تانی جیهان به‌تایبه‌تی ژنانی كوردستانه‌كه‌مان.

كانی هه‌ڵه‌بجه‌یی

هۆڵندا
ڕێکه‌و 2007-03-06 19:48:11
به‌شی ( ژنان‌ )







سیاسی