كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌‌تیی ژنانی كورد بۆ ئاشتی‌و یه‌كسانی ده‌ستیپێكرد كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌‌تیی ژنانی كورد بۆ ئاشتی‌و یه‌كسانی ده‌ستیپێكرد

هه‌ولێر- هێمن شوانی: ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 8/3 له‌رۆژی جیهانی ژنان دا، به‌چاودێریی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌هاوكاری وه‌زاره‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری ژنان، كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌باكووری ئه‌مریكا كۆنفرانسی نێوده‌ولًَه‌تیی ژنانی كورد بۆ ئاشتی و یه‌كسانی بۆ ژنانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌هه‌ولێر سازكرد.
له‌و كۆنفرانسه‌دا كه‌ عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌و نوێنه‌رانی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌زیره‌كان و ژماریه‌كی زۆر له‌ژنان‌و كچان و فیمینیست ئاماده‌یبوون، به‌خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند وتارێك كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد.
سوره‌ییا فه‌لاح وتاری سه‌رۆكی كۆنفراسی خوێنده‌وه‌، تیایدا دوای پیرۆزباییكردن له‌ ژنانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و مه‌ینه‌تییانه‌ كرد كه‌ رووبه‌ڕووی ژنان ده‌بنه‌وه‌، بۆ ژنانی كوردستانیش سوره‌ییا وتی: "ژنانی كورد به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو توانیویانه‌ ده‌نگی خۆیان به‌رزبكه‌نه‌وه‌ و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی بناسرێن"، وتیشی: "ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ له‌كوردستان بۆ مه‌سه‌له‌ی ژنان هه‌ن پێویسته‌ خێراترو كاراتر بكرێن".
هه‌ر به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌پارێزگاری هه‌ولێرو د.سامان شاڵی سه‌رۆكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد وته‌یان پێشكه‌شكرد.
د.سامان له‌وته‌كه‌یدا بیرۆكه‌ی به‌ستنی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ ژنه‌ تێكۆشه‌ری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خوالێخۆشبوو سوره‌ییا سیراجه‌دین و رۆڵی ئه‌وی به‌رزنرخاند له‌ كوردایه‌تی و داكۆكیكردن له‌ مه‌سه‌له‌كانی ژنان، هه‌روه‌ك ئه‌و كۆنفرانسه‌شی به‌هه‌نگاوێكی گرنگ دانا بۆ به‌شداریی ژنانی كوردستان له‌ كاروباری سیاسی و ئیداره‌ی كوردستاندا.
محمه‌دی مه‌لا قادر به‌نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و له‌وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ رۆڵ و كاریگه‌ریی ژنان كرد له‌سه‌رده‌می خه‌بات و شۆڕشدا.
عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌و هه‌نگاو و كارانه‌ كرد كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌نرێت بۆ ده‌ركردنی یاساو خزمه‌تكردنی ژنانی كوردستان.
سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌وتاره‌كه‌یدا وتیشی: "به‌درێژایی شۆڕشه‌كانی كوردستان ژنان هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ برا پێشمه‌رگه‌كانیان له‌مه‌یدانی خه‌بات و قوربانیدان بوون، له‌و پێناوه‌شدا سه‌دان و هه‌زاران ژنه‌ تێكۆشه‌ر و ئه‌نفالكراوی كورد به‌ده‌ستی جه‌لاده‌كانی رژێمی پێشووی گۆڕبه‌گۆڕی سه‌دام دووچاری زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ هاتن و له‌زیندانه‌كاندا به‌ناهه‌ق ئه‌شكه‌نجه‌دران وبه‌شێكیان لێ شه‌هیدكران".
هه‌ر له‌ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا جینان قاسم وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری ژنان باسی له‌به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و ئامانج له‌به‌ستن و ئامادكردنی كۆنفرانسه‌كه‌ كرد، هه‌روه‌ك كچه‌ ئه‌ندامێكی په‌یمانگای نابیستانی سلێمانی به‌ هێماو ئاماژه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و داوای له‌حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه‌ زیاتر به‌ته‌نگیانه‌وه‌ بچن و كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن و داواكانیان بۆ جێبه‌جێبكه‌ن.
له‌به‌شێكی تری كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ند پارچه‌ هۆنراوه‌یه‌ك پێشكه‌شكران، هه‌روه‌ك له‌ به‌رنامه‌ی كۆنفرانسیشدا چه‌ند بابه‌ت و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ژن و سیاسه‌ت و كێشه‌و گرفته‌كانی ژن و ئه‌و توندوتیژییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ژنان ده‌كرێت له‌گه‌ڵ رۆڵی ژن له‌ئاشتی و یه‌كسانی پێشكه‌ش كرا.
ڕێکه‌و 2007-03-09 22:17:25
به‌شی ( ژنان‌ )







سیاسی