گوتار و ئینتیما
پێش ئه‌وه‌ی كه بێمه سه‌ر باسی پێوه‌ندیی گوتار و ئینتیما، به پێویستی ده‌زانم كه پێناسه‌یه‌ك بۆ گوتار بكه‌م و سنووری جیاكه‌ره‌وه‌ی له وتار ده‌ست نیشان بكه‌م، ئه‌م دوو وشه‌یه زۆر جار به یه‌ك واتا، واته خه‌تابه یا نووسراوه به كار ده‌هێنرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانین هه‌ر كام له چه‌مكه‌كان له واتای راسته‌قینه‌ی خۆیدا به كار بێنین، ناچارم سه‌باره‌ت به چه‌مكی discourse له واژه‌ی گوتار كه‌ڵك وه‌ربگرم و بۆ چه‌مكی خه‌تابه یا نووسراوه‌ش له واژه‌ی وتار. لێره‌وه دێمه سه‌ر پێناسه‌كانیان، له زمانناسیدا وتار بۆ ده‌قێكی نووسراو یا گوتراو به كار دێنین كه پتر له رسته‌یه‌ك بێت و هه‌ڵگر یا شیكاری په‌یام یا بابه‌تێك بێت، به‌ڵام گوتار یا دیسكۆرس discourse وتارێكه له سه‌ر به‌ستنێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی چی ده‌بێت و پێشانده‌ری سیستمێكی پێوه‌ندییه له شوێن و كاتێكی دیاریكراودا. له پشت هه‌ر وتارێكی زانستی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئه‌ده‌بی یا سیاسییه‌وه، گوتارێك هه‌یه كه هه‌لوومه‌رجی هاتنه ئارای بۆ ده‌ره‌خسێنێت و بۆ خۆیشی به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه. به واتایه‌ك گوتار هه‌مان سه‌مه‌د (ئه‌نگیزه) یا هۆكارانه‌ن كه وتار ده‌خولقێنن. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا گوتار ده‌توانی ئینتیما دروست بكات یا به پێچه‌وانه‌وه، ده‌بێ بڵێین به‌و پێیه‌ی كه سه‌ره‌كیترین تایبه‌تمه‌ندیی گوتار ئامانجداریی كۆمهڵایهتییهتی و مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هزرو بانگه‌شه‌ی بۆچوون و هه‌روه‌ها كاریگه‌ری دانان له سه‌ر ئاكار و تێگه‌یشتنی خه‌ڵكه، به‌رده‌وام به‌رهه‌مهێنه‌ری ئینتیمایه. گوتار ئاخێزی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه واته له نێوان كۆمه‌ڵه تۆڕێكی پێوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێكهاته‌و سیستمێكی تایبه‌تدا و بۆ هه‌ندێك ئامانجی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیاریكراو سه‌رهه‌ڵده‌دات و ئینتیمایه‌كی تایبه‌تیش ده‌خوڵقێنێ. له راستیدا گوتار و ئینتیما پێوه‌ندیه‌كی چڕی دوولایه‌نه‌یان هه‌یه واته چه‌نده گوتار ئینتیمای گونجاو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌خوڵقێنێ، ئینتیماش له سه‌ر چێ بوونی گوتار كاریگه‌ری هه‌یه. بۆ روونكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته نموونه‌یه‌ك دێنمه‌وه، بوونی گوتاری نه‌ته‌وه‌یی له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه بۆ خۆی به‌رهه‌می هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی - مێژوویی سه‌رده‌می ئه‌و كۆمه‌ڵگایه و خاوه‌ن یه‌كیه‌تییه‌كی بابه‌تی، یه‌كیه‌تیی بیاڤی مانایی و یه‌كیه‌تیی ئاسته بۆ گه‌یشتن به ئامانجه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی و ئینتیمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له نێو تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌دا به‌رهه‌م دێنێت، هه‌روه‌ها ئینتیمای نه‌ته‌وه‌ییش بۆ یه‌كخستنی تاكه‌كانی كۆمهڵگاو ره‌خساندنی بواری هاتنه ئارای نه‌ته‌وه‌و به ئۆبژهكردن، تێده‌كۆشی كه له هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی - مێژوویی ئارایی و پێوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا، گوتارێكی نه‌ته‌وه‌یی ههلێنجێنێ.
هه‌ر گوتارێك پشت به ئاسۆیه‌كی تایبه‌ت له تێڕوانینی مێژوویی ده‌به‌ستێت، به واتایه‌ك گوتاره‌كان به‌رهه‌می جیهانبینییهكانن، كه وابوو له هه‌ر كات و شوێن و هه‌لومه‌جێكدا ناتوانین باس له هه‌ر شتێك بكه‌ین، ته‌نانه‌ت ناتوانین بیریشی لێبكه‌ینه‌وه. هه‌ر وتارێك به‌ستێن و ئاخێزی خۆی ده‌وێ. به زمانێكی ساده‌تر ده‌توانین بڵێین له پشت هه‌ر وتارێكه‌وه گوتارێك هه‌یه و له پشت هه‌ر گوتارێكیشهوه جیهانبینییه‌ك هه‌یه، بۆیه به‌رای من گۆڕینی جیهانبینییه‌كان ده‌توانێ گۆڕینی گوتار‌و ئینتیماشی لێبكه‌وێته‌وه.
وه‌ك ووتمان هه‌ر گوتارێك له هه‌لومه‌رجی تایبه‌ت به خۆیدا سه‌هه‌ڵده‌دات و ده‌بێته زمانحاڵی ئه‌و هه‌لومه‌رجه، بۆیه گوتاری گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی سه‌رده‌م، هه‌موو گوتاره كۆن و ته‌قلیدییه‌كان وه‌لا ده‌دات، به واتایه‌ك ئه‌مه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی گوتاره كه تێكڕای گوتاره‌كانی دیكه ده‌خاته لاوه، سه‌ره‌كیترین هۆكاری زاڵبوونی گوتاری مۆدێرنی رۆژئاوایی و كشانه‌وه‌ی گوتاره نه‌ریتییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و گوتاره له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی مادی و مه‌عنه‌وی سه‌رده‌مدا دێته‌وه‌و گونجاویه‌تی. بۆیه ده‌توانین بڵێین گوتاره‌كان باس له پێوه‌ندییه‌كانی هێز ده‌كه‌ن، هه‌م به‌رهه‌می هێزن و هه‌م بۆ خۆیان هێًزن و له هه‌وڵی په‌ره‌پێدان و سه‌پاندنی هێژمۆنی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیاندان. وه‌ك ووتمان گوتاره‌كان زمانحاڵی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی - مێژوویی سه‌رده‌می خۆیانن و ته‌نیا ئه‌و هێزانه‌ی ده‌توانن خاوه‌ن گوتار بن كه گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی - مێژوویی سه‌رده‌م بن ده‌نا هێزه‌كانی دیكه له گوتار بێبه‌ش ده‌بن و وه‌لا ده‌نرێن یا ئه‌وه‌یكه خۆیان له نێو گوتاری هێزه هێژمۆنیكهكاندا ده‌بینینه‌وه.
له كۆتاییدا، ئه‌گه‌ر چی گوتار وه‌ك چه‌مكێكی دارێژراو تایبه‌ت به هزری نوێی ئه‌م دواییانه‌یه، به‌ڵام به گشتی له هزری فه‌لسه‌فیی مۆدێرندا سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌و هزرانه‌ی كه دژی به جه‌وهه‌ری بوونی عه‌قڵی مرۆڤ هاتنه ئاراوه واته دژ به ئه‌ندێشه‌كانی كانت و دێكارت. بۆ وێنه "گیانی سه‌رده‌م" له فه‌لسه‌فه‌ی هێگلدا باس له مێژوویی بوونی عه‌قڵی ته‌واو و ره‌نگدانه‌وه‌ی له هزری مرۆیی‌دا ده‌كرێ، یا ماركس به هێنانه ئارای چه‌مكی ئایدۆلۆژیا، هزرو تێگه‌یشتنی مرۆڤ به هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تییه‌وه گرێ ده‌دات. هه‌روه‌ها نیچه هزرو تێگه‌یشتن ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌ندێك پرۆسه‌ی بایۆلۆژیك، كولتووری و مێژوویی مرۆڤه‌وه و ویستی ده‌سه‌ڵات وه‌ك ماكه‌و هۆكاری ویستی زانست پێناسه ده‌كات. فرۆید به هێنانه به‌رباسی ناهۆشیاری باس له پێوه‌ندیی گوتاری هۆشیار به هه‌ندێك سه‌مه‌دی شاراوه‌و ناهۆشیاری ده‌روونییه‌وه ده‌كات. له سه‌رده‌می نوێیشدا میشل فۆكۆ فیله‌سووفی فه‌ره‌نسی به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م ده‌سكه‌وتانه جه‌خت له سه‌ر پێوه‌ندیی گوتاره زانستییه‌كان به بنیاده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سیستمی ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌كات.
هه‌ر گوتارێك له ژێر خۆیدا كۆمه‌ڵێك گوتاری دیكه‌ی خنكاندووه، زۆربه‌ی بزاڤه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌رهه‌می ئه‌و گوتاره خنكاوانهن كه په‌ل بۆ رزگاری ده‌هاون، بۆ وێنه بزاڤی فێمینیزم به‌رهه‌می خنكاندنی گوتاری ژن سالاره له ژێر گوتاری پیاو سالاریدا. هه‌روه‌ها كه بزاڤی كوردایه‌تی یا دێموكراسیخوازی به‌رهه‌می خنكانی ئه‌و گوتاره له لایه‌ن گوتاری به‌عسیزمه‌وه بوو، هه‌ڵبه‌ت سه‌باره‌ت به به‌عسیزم ره‌نگه هه‌ندێك جیاوازی له ئارا دابێت. واته گوتاری به‌عسیزم، كه‌ماڵیزم یا پان فارسیزم به‌رهه‌می راسته‌قینه‌ی هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی نین به‌ڵكوو ساخته‌و ده‌سكردی ده‌سه‌ڵاتی زاڵن كه به شێوه‌یه‌كی ناسروشتی په‌ره پێ دراون.
[email protected]
ڕێکهو 2006-08-13 10:29:43
به‌شی ( ئه‌رشیڤ )