سه‌رۆك بارزانى له‌ بروسكه‌یه‌كدا به‌ بۆنه‌ى 8ى مارس سالرۆژى ئافره‌تان پیرۆزبایى ئاراسته‌یان ده‌كات سه‌رۆك بارزانى له‌ بروسكه‌یه‌كدا به‌ بۆنه‌ى 8ى مارس سالرۆژى ئافره‌تان پیرۆزبایى ئاراسته‌یان ده‌كات


KTV - به‌بۆنه‌ى هه‌شتى مارس ، ساڵرۆژى ئافره‌تانى جیهان پیرۆزبایى گه‌رمى خۆمان ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م ئافره‌تانى جیهان به‌ گشتى و ژنانى كوردستان به‌تایبه‌تى ده‌كه‌ین .


ئاشكرایه‌ كه‌ به‌درێژایى مێژووى خه‌باتى ره‌واى گه‌له‌كه‌مان ئافره‌تانى كوردستان رۆڵێكى به‌رچاو و كاریگه‌ریان نیشان داوه‌ له‌سه‌رجه‌م بواره‌كانى په‌روه‌رده‌و فێركردنى نه‌وه‌كان به‌ گیانێكى نیشتمان په‌روه‌رى و دڵسۆزى بۆ خاك ووڵات و به‌شداری كارایان له‌ شۆرشه‌كانى كوردستاندا بینیوه‌ ، چ وه‌ك دایك یان وه‌كو پێشمه‌رگه‌ و شانبه‌شانى براكانیان به‌شداریان له‌ چالاكیه‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و رێكخراوییه‌كاندا كردووه‌ ، له‌م پێناوه‌شدا قوربانى زۆرو به‌رچاویان به‌خشیوه‌ .

له‌ ساڵرۆژى جیهانى ئافره‌تاندا هیوادارین ئه‌م یاده‌ ببێته‌ هانده‌رێك بۆ پێداگیرى زیاترى ژنان و خوشكان و ئافره‌تان له‌ پێناو ده‌سته‌به‌ركردن و به‌ره‌و پێشبردنى ماف و داخوازییه‌ ره‌واكانیان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان .

ئێمه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان دا هه‌میشه‌ رۆڵى ئافره‌تانى كوردستانمان به‌رز نرخاندووه‌ بۆیه‌ به‌ئه‌ركى سه‌رشانى خۆمان زانیوه‌ پشتگیرى له‌دابینكردنى مافه‌كانى ئافره‌تان و ژنان بكه‌ین و پشتیوانى له‌هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان بكه‌ین له‌پێناو لابردن و نه‌هێشتنى دیارده‌ى توندو تیژى به‌هه‌ربیانویه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ئافره‌تان ئه‌نجام بدرێت ، له‌ هه‌مان كاتدا پاڵپشتى له‌ژنانى كوردستان ده‌كه‌ین بۆ به‌ژداریكردنى كارا له‌به‌رێوه‌بردن و له‌ئه‌ستۆگرتنى ئه‌ركه‌ نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌پاڵ پێگه‌یاندنى نه‌وه‌یه‌كى نوێى گۆشكراو و دڵسۆز بۆ گه‌ل و نیشتیمان ، ئه‌ویش له‌ پێناوى دابینكردنى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش و روناك بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئافره‌تانیش له‌ سایه‌یدا گشت مافه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا پارێزراو بێت .


دووباره‌ رۆژى 8 ى مارس ساڵرۆژى ژنان و ئافره‌تانى جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین .


مسعود بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
8ى مارس - 2008


ڕێکه‌و 2008-03-06 19:44:37
به‌شی ( ژنان‌ )







سیاسی