هه‌روه‌ها پارتیمان داوا له حکومه‌تی به‌ریزی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات، که زۆر گرنگی بدات بۆ چاره‌سه‌ری برینداره‌کان و بیاننێرنه وڵاتانی ده‌ره‌وه.
به‌یاننامه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، به‌بۆنه‌ی 16 مارش، هه‌ڵه‌بجه ته‌نیا یه‌کێک له زامه قورسه‌کانی دڵمانه!

ڕۆژی 26ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2766ی کوردی، 16ی مانگی مارسی 1988ی زایینی چه‌ند فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان به گازی ژاراویی بۆردومان کرد. له‌و کاته‌دا ڕژیمی به‌عسی ئێراق له گه‌ڵ ڕژیمی کۆنه‌پارێزی کۆماری ئیسلامی ئێران له کۆتاییه‌کانی شه‌ڕێکی نامرۆڤانه و دواکه‌توانه‌ی هه‌شت ساڵه‌دا بون، که زۆربه‌ی زۆری شه‌ڕه‌که‌یان له نێو خاک و شاره‌کانی کوردستانیی وڵات‌دا به‌ڕێوه ده‌برد، و به‌م شێوه نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان و شاره‌کانیی خۆیانیان له شه‌ڕه‌که دور ڕاده‌گرت. له‌م ناوه‌دا شاری هه‌ڵه‌بجه‌ش به ناشیرین‌ترین ونامرۆڤانه‌ترین شێوه و ته‌نیا نۆ مانگ به دوا کۆمه‌ڵکوژیه ژه‌هراویه‌که‌ی شاری سه‌رده‌شتی ڕۆژهه‌ڵاتی وڵاته‌که‌م، به ژه‌هری سیانید و یا خه‌ردێل بۆردومان کرا و ته‌نیا له دو خوله‌کدا پێنج هه‌زار، زاڕۆک و منداڵ و پیر و لاوی بێ دیفاعی وڵاته‌که‌مانیان شه‌هید کرد.
50000 شه‌هیدی سه‌ربه‌رزی ئه‌م بۆردومانه ته‌نیا ئه‌وانه بوون که له‌و ڕۆژه‌دا شه‌هید کران، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌مڕۆکه چاو له‌و تاوانه نائینسانیه غه‌یره ئه‌خلاقیه بکه‌ین، ده‌بینین که له‌م بیست و یه‌ک ساڵه‌دا به هه‌زاران برینداری ئه‌و بۆردومانه ڕۆژانه برینه‌کانیان قورس‌تر ده‌بنه‌وه، و توشیی نه‌خۆشیه چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌کان ده‌بنه‌وه و له ئاکامدا شه‌هید ده‌بن، و یا ئه‌مڕۆکه‌ش پاش 21 ساڵ منداڵانی ناته‌واو له دایک ده‌بن! گه‌وره‌یی ئه‌و تاوانانه‌ی سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه و ئاڵۆت و زه‌رده و ده‌یان لادێ و ده‌شتی دیکه‌ی وڵاته‌که‌مان، هێنده گه‌وره‌ن که پێنووس له باس کردن و شه‌رح کردنیان ناتوانایه!
پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان: له‌م ساڵیاده دڵته‌زێنه‌دا سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م خه‌ڵک کوردستان به گشتی و خه‌ڵکی سه‌رجه‌م شاری هه‌ڵبجه‌وبنه‌مالی قوربانیان ده‌کات، هیوای چاک بوونه‌وه بۆ برینداران ولێقه‌وماوانی ئاسه‌واری ئه‌وکاره‌ساته ده‌خوازێت، هه‌روه‌ها پارتیمان داوا له حکومه‌تی به‌ریزی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات، که زۆر گرنگی بدات بۆ چاره‌سه‌ری برینداره‌کان و بیاننێرنه وڵاتانی ده‌ره‌وه.
زامه‌کانی گه‌ل و وڵاته‌که‌مان که‌م نین و هه‌ر کوردستانیێک له هه‌ر قوژبنێکدا زامدارێکه و هه‌ر زامێکیش که له سه‌ر دڵماندایه، هێند گه‌وره‌یه که سوکنایی نایه‌ت. هه‌ر بۆیه ئێمه پێمان وایه که ته‌نیا ڕێگای ڕزگاری و سوکنایی دڵمان، سه‌ربه‌ستیی و سه‌ربه‌خۆیی کوردستانی وڵاتمانه.
پاڕتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان
26ی ڕه‌شه‌مه‌ی 2708ی کوردی