شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

ئێران لەجیاتی تۆپ گاز دەڕژێنێتە ئاوەکانەوە. رووداونێت-

کاوە شێخ عەبدوڵڵا
ئێران لەجیاتی تۆپ گاز دەڕژێنێتە ئاوەکانەوە.  رووداونێت-

دانیشتوانی سیاگوێز دەڵێن "ئەوە یەکەمجار نییە هێزەکانی ئێران سەرچاوەی ئاوەکەمان گازاوی دەکەن". ماوەیەکە پاسدارەکان، بەنزین و گازی ئەو کوردە قاچاخچیانەی ئەودیو دەگرن و بە چەقۆ هڵیاندەدڕن و دەیڕێژنە ناو ئەو ئاوەوە

ئێران لەجیاتی تۆپ گاز دەڕژێنێتە ئاوەکانەوە


کاوە شێخ عەبدوڵڵا
رووداونێت-پێنجوێن
ب
ەهۆی گاز رشتنی پاسدارانی ئێران، پێدەچێ ئەمساڵ حاجی قادر 72 ساڵ، رەنج بەخەساربێ، چونکە پێنج سەت مەتر دوور لە رەزو باخەکەی، نزیکەی پەنجا بەرمیل گاز دەڕژێتە سەرچاوەی ئاوەکەیانەوە کە جگە لە رەزو باخ، هەنگەوانی‌و ئاژەڵدارەکانیشی تووشی ماڵوێرانی کردووە.
ئێستا دوای تۆپبارانێکی نزیکەی یەک مانگی، خەریکە پاسدارە ئێرانییەکان دەست لە هیچ خراپەیەک نەپارێزن کە ببێتە هۆی زیان گەیاندن بەدانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان، هەڵڕشتنی ئەو رێژە زۆرەی گاز بەئاوی سیاگوێزدا یەکێکە لەوانە.
هەفتەی رابردوو، دانیشتوانی گوندی سیاگوێز کە زیاتر لەسی کیلۆمەتر لەسەرووی خۆرهەڵاتی پێنجوێن لەنێو دۆڵ و چیا پڕ لە دار بەڕووەکاندا ونبووە، بەوەدا بۆیان دەرکەوت کە ئەو چەمەی لە گوندی چەمپاراوی دیوی ئێرانەوە بەگوندەکەی ئەواندا رەتدەبێ، گازاوی کراوە، کە مەڕ و ماڵاتەکانیان دەمیان بۆ ئاوەکە نەبردووە، دواتر دڵنیادەبن کە پاسدارە ئێرانییەکان زیاتر لە 400 دەبە گازیان رشتووەتە نێو چەمەکەوە، گازەکانیش هی ئەو کوردە ئێرانیانەن کە بەهێستر دەیانهێننە سەرسنوور بۆ ئاودیوکردن.
دانیشتوانی سیاگوێز دەڵێن "ئەوە یەکەمجار نییە هێزەکانی ئێران سەرچاوەی ئاوەکەمان گازاوی دەکەن".
ماوەیەکە پاسدارەکان، بەنزین و گازی ئەو کوردە قاچاخچیانەی ئەودیو دەگرن و بە چەقۆ هڵیاندەدڕن و دەیڕێژنە ناو ئەو ئاوەوە.
دانیشتووانی گوندەکە لە دوای ساڵی1991، دەستیانکردەوە بەبووژاندنەوەی رەز و باخەکانیان، ئەو چەند ساڵە بە ماندوو بوونی خۆیان ناوچەیەکیان وا لێکردووەتەوە لە بەهەشتێکی بچکۆلە دەچێ، بەڵام مەترسیان هەیە بەهۆی گاز رژاندنە نێو سەرچاوەی ئاوەکەیانەوە، لەنێو بچن و سەر لەبەری هەوڵی چەند ساڵەیان بەفیڕۆ بڕوات.
فەرەیدون مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک کە ناحیەکەی کەوتووەتە خۆرهەڵاتی پێنجوێنەوە، بە(رووداو)ی راگەیاند "لەسەر داوای خەڵکی گوندەکە لیژنەی کشتوکاڵیمان ناردووەتە ئەو شوێنە، دەرکەوتووە پیسکردنی ئاوەکە کاریگەری خێرای بۆ سەرهەنگەوانی هەبووەو ژمارەیەکی زۆر هەنگی لەنێوبردووە، بێگومان زیانی دیکەیشی هەبووە". بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، دەربارەی هەوڵەکانیان بۆ بەرگرتن بەدووبارە نەکردنەوەی ئەو کارە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان تەنیا ئەوەندەیان لەدەستدێ پارێزگاری سلێمانی ئاگادار بکەنەوەو لەوێوە هەوڵەکان بەگەڕ بخرێن بۆ بەرگرتن لە پیسکردنی ئاو و ژینگەی ناوچە سنوورییەکان " ئێمە هەر دەتوانین پارێزگاری سلێمانی ئاگادار بکەینەوەو رادەی زیانەکانی پێ رابگەیێنین".
حاجی قادر عەبدوڵڵا،72ساڵ، لەنێو باخەکەی لە دامێنی گوندەکەیان کە پڕی داری گوێز و مێو و تەماتەو بامێ یە، قسەی بۆ(رووداو) دەکرد، ئەو گوتی " ئەمساڵ پێناچێ بەرهەمە کشتوکاڵییەکەم بەشی خواردنی خێزانەکەشمان بکات، چ جای بەشی فرۆشتن". حاجی قادر، زیاتر لە هەفتەیەکە بە ئاوێک رەز و باخەکەی ئاو دەدات کە گازی هەڵڕژاوی ئێرانی بەتەواوی رەنگی تێکداوەو چیتر بەفراو و ئاوە روونەکەی مانگی پێشوو نییە "ئەو ئاوە تەماتە و بامێکەی بەتەواوی لە گەشە خستووە".
یەکەمین زیان کە ئەو گاز هەڵڕشتنەی پاسدارانی ئێران بە خەڵکی گوندی سیاگوێزی گەیاند، مردنی ژمارەیەکی زۆری هەنگ بوو، بەجۆرێک لە دوو هەنگەڵانی قەرەباڵخی ماڵی جیهان عەبدوڵڵا، هەنگەڵان و نیوێک قڕبوون و ئەوانیتریش بەرەو فەوتان دەچن، بە بەردەکانی قەراخ چەمەکەوە، بەڕوونی کاریگەری گازە هەڵڕژاوەکە دیارە، بەردەکان چەور و رەنگیان مەیلەو نیلی هەڵگەڕاوە، هەفتەیەکیش دوای هەڵڕشتنەکە رەنگی ئاوی چەمەکە هێشتا هەر ڵێڵە.
جەزا عەبدوڵڵا، گەنجێکی تەمەن 32ساڵەو ئەنجوومەنی گوندەکەیە دەڵێ، ژمارەی ماڵەکانی سیاگوێز ئێستا 130 ماڵە، جگە لە باخداری و کشتوکاڵ و هەنگەوانی، هەندێ لە پیاوانی دانیشتووی ئاواییەکە کاری قاچاخچێتیش دەکەن، بەڵام باخداری کاری سەرەکی پارە پەیداکردنی خەڵکی سیاگوێزە، بەتایبەت لە گوێز ئەوجا ترشە سماق و ترێ و هەرمێ.
جەزا گوتی " هێشتا کاریگەریی زیانەکانی ئەو ئاوە بەتەواوی لەسەر دار گوێزە گەورەکان دەرنەکەوتووە، بەڵام تەماتەو هەرمێ و نەمامی دارگوێزی وشککردووە، جگە لە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر هەنگ".
جەزا ئەوە باس دەکات گوندەکەیان لەگەڵ گوندی چەمپاراو، کە دەکەوێتە دیوی ئێران، واتە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەنۆرە ئەو ئاوە دەگرن بۆ باخ و کشتوکاڵیان، ئینجا لەوێوە دەچێتە دەریاچەی دووکان. کەچی پاسدارەکان گوێ بە زیان گەیاندن بە جوتیارە کوردەکانی گوندی چەمپاراوی دیوی خۆشیان نادەن .
گوندی چەمپاراو، 200 مەتر لە گوندی ساگوێز دوورە، دوای رێککەوتنی جەزائیر ئێران رایگواستبوو، لە دوای 2006ەوە ئەوانیش گەڕاونەتەوە گوندەکەیان.
جیهان عەبدوڵڵا، ژنێکی کەرکوکییە و تەمەنی لەسەرووی سی وپێنج ساڵەوەیە، ماوەی زیاتر لە10 ساڵە شووی بەپێاوێکی سیاگوێزی کردووەو ئێستا لەگەڵ مێردەکەی و منداڵەکانی، جگە لەباخداری، دوو هەنگەڵانی گەورەش بەخێو دەکەن.
جیهان لە تەلیسێکدا پاشماوەی ئەو هەنگانە نیشاندەدات، کە لە دوای گازاویبوونی ئاوی چەمەکەیانەوە قڕبوون.
جیهان دەڵێ، کاتێک هەنگەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەچنە سەر چەمەکە ئیتر یان نایێنەوە یان کە هاتنەوە لێرە دەمرن، دانیش بەوە دادەنێ کە پێشتریش هەنگیان لێ دەمرد"بەڵام بەو رێژە زۆرە نا کە ئێستا هەیە". فەرەیدوون مەحمود، بەڕێوەبەری ناحیەی گەرمک، قسەکانی جیهان پشتڕاستدەکاتەوەو دەڵێ " ئەو لیژنە کشتوکاڵییەی بۆ لێکۆڵینەوە چووبوونە سیاگوێز، بۆیان دەرکەوتووە رێژەی لەنێوچوونی هەنگەکان زۆرەو نمونەیان لێ نێردراوە بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ". ماڵی جیهان لەدوو هەنگەڵان، ئێستا کەمتر لەدانەیەکیان ماوە.
سیاگوێز، دوایین گوندی هەرێمی کوردستانەو نزیکە لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێنە. لەو گوندەوە بۆ گەیشتن بەدوایین میلی دیاریکردنی سنوور لەنێوان عێراق و ئێران دا، تەنیا 600 مەترێک دەبێ، گوندەکە لەنێوان دوو بینای پڕ چیمەنتۆی گەورەدایە، لای خوارووی پاسەوانانی سنووری عێراق و لای سەرووی پاسدارانی ئێرانن.


2010-07-21 15:49:41

15 ساڵ و 6 مانگ و 13 کاتژمێر و 23 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©