لە سەردەمی شادا پەیوەندییەکی بەتین لە نێوان شا و چرچلی بەریتانیا هەبوو، بۆیە هەرچی مێژوونووسی بەریتانیا هاتوون بۆ ئێران نەیانتوانیوە بەبێ کۆنترۆڵی شا کاری مێژوونووسی بکەن، بۆیە ساواک بە دڵی خۆی زانیاری
عارف باوەجانی: ئەو زۆڵە کوردانەی پشتیان لە قازی کرد ئێستا لە تاران گەورە بازرگانن و دەیان بەچکە ئیتڵاعاتی وەکو عیرفانی قانع فەردیان ناردووەتە دەرەوە
10 / 8 / 2010
سازدانی: کارزان هەورامی. هەولێر لەم دیمانەیەدا عارف باوەجانی سکرتێری پارتی سەربەستی کوردستان وەکو کەسێکی بە ئاگا لە مێژوو و بزافی رزگاریخوازی کوردستان، وەڵامی بۆچوونەکانی عیرفانی قانع فەرد دەداتەوە و دەشڵێت: بەڵگەی لایە رایەکانی فەرد بۆ شێواندنی مێژووی کوردە و ئیتڵاعات لەپشت ئەو کارەوەیە.
رووبەر: ئەم ماوەیە بەهۆی بۆچوونەکانی عیرفانی قانع فەرد، کە خۆی بەمێژوونووس ناو دەبات، قسەکردن لەسەر مێژووی کورد هاتووەتەوە بەرباس، دەمەوێت بپرسم ئەو بۆچوونانە بۆ و ئایا ئەو کەسە کێیە?
عارف باوەجانی: بەداخەوە دیمانەیەکم لە یەکێک لە گۆڤارەکانی کوردستان خوێندووەتەوە، گۆڤارەکە بەمەبەستەوە هەستاوە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەسێکی سەر بە ئیتڵاعات کردووە و دەڵێت (مێژوونووسانی کورد هیچیان مێژووی واقیع نووس نەبوون و ئەوەی نووسیویانە هەمووی بۆ ئاغا و دەرەبەگ بوون)، کە ئەو واخۆی نیشان دەدات کە هەموو مێژوونووسانی کورد لە حوزنی موکریانییەوە تا د.کەمال مەزهەر مێژوونووس نین، بەداخەوە گۆڤارێکی وەک لڤین رێگە بدات ئەو شتانە بڵاوبکرێتەوە و سووکایەتی بە مێژوونووسانی کورد بکرێت، دواتر باس لە ساواک کراوە کە دیارە ساواک تەنها ئامانجی سووکایەتیکردنە بە مێژووی کورد، چونکە ئەم ساواکەی کە باسکراوە راستییەکەی ئەوەیە کە دەزگایەک بووە کوردی داپڵۆساندووە و باوکی عیرفانی قانع فەرد کەسێکی ساواکی بووە و ناوبراویش ئەو زانیارییانەی سەبارەت بە مەلا مستەفا داویەتی لە باخەڵی خۆیەوە دەرهاتووە و بۆ بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستان بووە، هەر بۆیە گومان هەیە کە قانع فەرد زۆرێک لە ساواکی بناسێت، دواتر چۆن ئەو زەمینەی بۆ دروست دەبێت کە بچێتە ئوسترالیا و لەوێوە بۆ کەندا و و ئەمریکا و ئینجا ئەوروپا، ئەگەر دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران خەرجی نەکێشێت.
رووبەر: لە نزیکەوە عیرفانی قانع فەرد دەناسی?
عارف باوەجانی: بەڵێ جارێکیان لە ساڵی 2001 ئەم کەسەم لە نەرویج بینی کۆڕێکی بۆ مەزهەری خالقی پێکهێنابوو، من ئەو کات بەرپرسی کۆمەڵەی کولتوری کوردی بووم لە وڵاتی نۆرویژ، وهەروەها کاک مەزهەری خالیقی و کاک هاشمی کەریمی لە بەریتانیاوە هاتبوون بۆ ئەو کۆڕی ڕێزلێنانە، لەو کاتەدا وتارێکم بۆ رێزلێنان لە کاک مەزهەری خالیقی ئامادە کردبوو، بۆیە ئەو قانع فەردە وتی ئەو وتارەت شتی سیاسی زۆری تیایە، ناهێڵم بیخوێنیتەوە، لەکاتێکدا دەمزانی مەرامی چی هەیە، دواتر ئەم کوڕە هەرئەوە بوو خۆمان چاوەڕێمان دەکرد، بینیمان دوای مانگێک لە سان فرانسیسکۆ سەریهەڵدا، دواتر چووە کالیفۆڕنیا کە بەڕاستی جێگەی سەرسوڕمانە چۆن کەسێک بە ماوەی مانگێک دەتوانێت بەبێ سانسۆر ئەو هەموو شارەی قاڕەکان بکات.
رووبەر: عیرفانی قانع فەرد دەڵێت ئەو شتانەی لەسەر مێژووی کورد دەیڵێم راستن و لە ئەرشیفی بەریتانیام دەرهێناون?
عارف باوەجانی: لە سەردەمی شادا پەیوەندییەکی بەتین لە نێوان شا و چرچلی بەریتانیا هەبوو، بۆیە هەرچی مێژوونووسی بەریتانیا هاتوون بۆ ئێران نەیانتوانیوە بەبێ کۆنترۆڵی شا کاری مێژوونووسی بکەن، بۆیە ساواک بە دڵی خۆی زانیاری نادروستی داوەتە ئەو مێژوونووسانە، چونکە هیچ رۆژنامەنووسێک نەیدەتوانی شتێک بڵاوبکاتەوە تا کەسێکی موخابەراتی لەگەڵ نەبووایە، بۆیە کەس نەیتوانیوە بەبێ لایەنانە مێژووی کورد بنووسێتەوە، کاتێکیش دوژمن مێژووت دەشێوێنی ناکرێت وەکو کوردێک ئەو شێواندنە دووبارە بکەیتەوە.
رووبەر: ئەو شێواندنەی مێژوو بۆ و ئایا کێ لە پشتییانە?
عارف باوەجانی: ئیتڵاعات لە سەرانسەری جیهان دەسەڵاتی هەیە، کوردستانێک سنووری 150 کیلۆمەترێک دووربێت لێوەی و لەبەردەستی خۆی بێت، زۆر بە ئاسانی دەیەوێت نفوسی هەبێت، بۆیە بەداخەوە ئیتڵاعات زۆر کەسی بە ناوی رۆژنامەنووسییەوە لە کوردستان داناوە و کاریان بۆ دەکات، بەدەیان قەڵەم فرۆش کەوتوونەتە داوی ئیتڵاعاتەوە.
رووبەر: ئێوە بەڵگەتان هەیە بەرپرسانی ئێران لەگەڵ رۆژنامەنووسان و چەند بەناو مێژوونووسێکەوە هەماهەنگییان هەبێت?
عارف باوەجانی: بەڵێ ئەوەتا عیرفانی قانع فەرد بە بەڵگەوە بەناوی پاسەپۆرتی دیپلۆماتییەوە بەهەزار مەبەست ئیتڵاعات دەینێرێت بۆ شێواندنی مێژووی کورد، چونکە ئەو ئەزموونەی باشوور لەسەر پێی خۆی وەستاوە و دەیانەوێت لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان تێکیان بەربدەن و ئاژاوە بنێنەوە، بەڵگەش لەسەر ئەوە ئەو هەموو ئاگرەی لە سنوورەکان کراوەتەوە دەستی ئێرانی تێدایە، تەنانەت سووتانی ئوتێل سۆما هۆکارێک بوو لەلایەن ئێرانەوە بۆ ئەوەی باری ئارامی کوردستان تێک بدات.
رووبەر: ئایا ئیتڵاعات چاوی بڕیوەتە چەند گۆڤار و رۆژنامەیەک بۆ ئەوەی ئەو بۆچوونانەی تێدا بڵاوبکاتەوە?
عارف باوەجانی: هیچ رۆژنامەیەکم نەبینیوە لە دنیا بە قەت هەندێک لە رۆژنامەکانی کوردستان دوژمنەکانیان گەورە بکەن، بەڵام لێرە هەندێک گۆڤار هەیە بەناوی ئازادییەوە کە مەبەستێکی تایبەتیان هەیە، دەیانەوێت ئاسایشی کوردستان تێک بدەن، لە ئەوروپا ئەم شتانە بە دادگا یەکلادەکرێتەوە، دواتر شێواندنی مێژوو حوکمی قورسی لەسەرە، ئەوەی لێرە بەناوی ئازادییەوە دەکرێت، ئازادی نییە، چونکە تۆمەت بۆ مێژوو دروست دەکەن، ئەوەتا لەجیاتی ئەوەی رێز لە شەهیدەکان بگرن دێن بە ناویشیانەوە تۆمەت هەڵدەبەستن، زانیاریم هەیە لە ناوچەی بارزان بەکارهێنانی وشەی خوێڕی ناڕەوایە و بەکارنایەت، بەڵام قانع فەرد بە درۆوە لەسەر زاری بارزانییەوە دەڵێت"بارزانی بە قازی محەمەدی وتووە خوێڕییە"، بە داخەوە بۆ گۆڤارێک ئەوە ئەخلاقی بێت، ئەو شتە بڵاوبکاتەوە. زانیاریم لایە مەلا مستەفا بەهۆی شۆڕشی مهابادەوە لە لای شاری ورمێ دەکەوێتە بەردەم کەمینی ساواکەوە و تەقەیەکی زۆری لێدەکرێت و مەلا مستەفا بریندار دەبێت، ئەگەر مەلا مستەفا پیاوی ساواکە چۆن ئەو هەموو تەقەی لێدەکرێت، دواتر چۆن داوای ئیقامەی لە ئێران نەکرد، بەڵام راستی دەرکەوت ئەو زۆڵە کوردانە پشتیان لە قازی کرد ئێستا گەورە بازرگانن لە تاران و بۆ شێواندنی مێژوو دەیان بەچکە ئیتڵاعاتی وەکو عیرفانی قانع فەردیان ناردووەتە دەرەوە.
رووبەر: دەڵێن قانع فەرد دەیەوێت دەستکاری مێژووی قاسملوش بکات ئێوە ئاگاداری ئەوەن?
عارف باوەجانی: بۆ شێواندنی مێژوو ئەو پیاوە هەموو شتێک دەکات، بەڵام نابێت رێگەی پێ بدرێت، قانع فەرد دەڵێت بەڵگەم لایە لە ئیسرائیل دەستم کەوتووە کە ئەندامانی دیموکرات بێڕێزییان بە قاسملو کردووە، باشە من دەپرسم تۆ بڵێیت قانع دەستی ئیسرائیلیشی نەبڕیبێت ئاوا بە ئارەزووی خۆی دەچێتە ناو ئیسرائیلەوە، بۆیە بەڕاستی عیرفانی قانع فەرد جاشێکی ئەکادیمییە، چونکە شانازی بە سەرچاوەی عیسا پژمان دەکات کە ئەوە کوردێکی خەڵکی سنەبوو بە ئاشکرا شانازی بە مێژووی ساواکی خۆیەوە دەکات، ئەوەش وەکو ئەوە وایە تۆ بچیت تەها یاسین رەمەزان بکەیتە سەرچاوەی مێژووی خۆت. دواتر بە شانازیەوە دەڵێت دیمانەم لەگەڵ کوڕی بەنی سەدر کردووە لە کاتێکدا بەنی سەدر لە سنە و نەغەدە خۆی بە پۆستاڵ چووەتە سەر لاشەی هەزاران کورد و هەر ئەویش دەستی خومەینی ماچکرد و دواتر بۆ پاریس رایکرد.
رووبەر: بۆچوونی فەرد ئەوەیە کە بەریتانیا بارزانی ناردووە بۆ تێکدانی کۆماری مهاباد ئێوە چۆن دەڕواننە ئەو قسەیە?
عارف باوەجانی: راستی ئەوەیە کە پێشتر جەنابی قازی محەمەد بەر لە راگەیاندنی کۆمار نامەی بۆ بارزانی ناردووە، پێیوتووە خەریکی کارێکن، بۆیە بارزانی بە خۆی و لەشکرێکەوە رێیەکی زۆر دەبڕێت تا دەگاتە مهاباد، کاتێک دەگەنە ئەوێ یەکسەر مەلا مستەفا دەکرێتە جەنەڕاڵی کۆماری کوردستان و بە ئامادەبوونی بارزانی کۆمار رادەگەیەندرێت، بۆیە ئینگلتەرا هیچ پەیوەندییەکی بە کۆماری کوردستانەوە نییە، ئەو کاتە روسیا لە پشت دامەزراندنی کۆماری کوردستانەوە بووە، دواتر لە نووسینی مێژوونووسێکی وەک کەمال مەزهەر شتی وانەهاتووە لە کاتێکدا ئەو زۆرترین تەمەنی بۆ بە دوا گەڕانی مێژووی کورد بەخشی بۆ دەستی نەکەوت? لەبیریشت نەچێت ئیتڵاعات بەئاسانی دەتوانێت بەڵگەی تەزویر دروست بکات، بە بەڵگەوە دەیسەلمێنم ئیتڵاعاتی ئێران بەڵگەی تەزویری دروستکردووە بۆ ئەوەی مێژووی کورد بشێوێنن و دەیان دا بەدەست قانع فەردەوە.
رووبەر: لە بەرامبەر شێواندنی ئەو مێژووە پێدەچێت کاردانەوە لە حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە دروست بێت، ئایا بەنیازی شتێکی وان?
عارف باوەجانی: وەکو پارتی سەربەستی کوردستان بەنیازین لە ئایندەیەکی نزیک کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەو مەسەلەیە ئەنجام بدەین، چونکە ئەوە بێڕێزیکردنە بە هەرێمی کوردستان و مێژووی کورد، بۆیە داوا لە حزبەکانی کوردستان دەکەین بەرامبەر بەو قەڵەم فرۆشە هەڵوێست وەربگرن، چونکە قانع فەرد لە دەرەوەی وڵات قۆڵی چەند کەسی بڕیوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنێکمان بە توندی ئیدانەی بکەین و داوا لە مامۆستا و قوتابیانی کورد لە دەرەوەی وڵات دەکەم لە هەر شوێنێک ئەو قانع فەردەیان بینی بایکۆتی بکەن و ریسوای بکەن و نەفرەتی لێبکەن.
رووبەر: لە ناو رۆشنبیرانی رۆژهەڵات بۆچوونێک هەیە کە عیرفانی قانع فەرد راپۆرتی لەسەر رۆژنامەنووسانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوە، ئایا ئێوە لەمبارەیەوە بەڵگەتان لەبەر دەستە?
عارف باوەجانی: بەڵێ بەدەیان راپۆرتی هەڵەیان داوە بە کۆماری ئیسلامی، بۆیە هەرچی رۆژنامەنووس لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، تێکەڵاوی عیرفانی قانع فەرد ناکەن، چونکە خەریکی پیلاندانانە.
رووبەر: عیرفانی قانع فەرد بیرەوەرییەکانی مام جەلالی نووسیوەتەوە و بەڕێزەوە ناوی دەبات، بەڵام دژایەتی توند بەرامبەر پارتی و مێژووی پارتی و سەرکردەکانی دەردەبڕێت، ئەوەیان بۆ?
عارف باوەجانی: ئەو دەیەوێت بەو نووسینانە کورد تێک بەربدات و دەستێکی گەورەی لە پشتەوەیە، ئەوەش دەستی ئیتڵاعاتی ئێرانە، بەڵام بە ناڕاستەوخۆ کار دەکات، بۆیە دەبێت کورد چاوپۆشی لەوە نەکات بێت مێژووی کوردێک بنووسێتەوە، بەڵام سووکایەتی بە براکەم بکات، بۆیە دەیڵێمەوە هەوڵێک هەیە بۆ تێکدانی کوردانی هەر چوار پارچەکە و بەرنامەکەش دانراوە، دەبێت بە وردی کار لە سەر پووچەڵکردنەوەی بکرێت.