جێی وهبیر هێنانهوهیه که ئێستا زیادتر له ١٥ چالاکی سیاسی و مهدهنی کورد له گرتووخانهکانی ڕژیمی ئێران، له گهڵ مهترسی جێبهجێ کردنی حوکمهکهیان که ئێعدامه ڕووبهڕوون. پێویستە ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان و گشت هێز و لایەنە کوردستانییەکان جیهان لەو مەترسیە ئاگادار بکەینەوە.
ڕاپۆرتی سیاسی بەڕیز عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پلۆنێۆمی دووەمدا.

ڕاپۆرتی سیاسی بەڕیز عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی پارتی سەربەستیی کوردستان لە پلۆنێۆمی دووەمدا.
هاوبیرانی بەڕێزم : هاوڵاتییانی وڵاتداگیرکراوی کوردستانیم.
یانزە مانگ پێش لە کەش و هەوایەکی ئازاد و دیمۆکراتدا کۆنگرەی یەکەمی پارتیمان پارتی سەربەستیی کوردستان لە پایتەختی وڵاتی نۆرویژ بە سەرکەوتوویی بە ڕێوە چوو. لەو کۆنگرەدا پەیامێکی گشتی لەسەر گۆرانکارییەکانی کوردستان و جیهان لە ماوەی ٣ ساڵ و نیو پێشدا پێشکەشی هاوڵاتییانی کوردستان کرا. ئەوەی ئەمرۆ دەمەوێ پێشکەشی ئێوە و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی بکەم، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە پاش کۆنگرەی یەکەمەوە تا بەستنی پلۆنیۆمی دووەم واتە لە ماوەی ١١مانگدا.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان :
شەپۆلی گرتن ولە سێدارەدانی ڕۆڵەکانی گەلی کورد لە گشت بە شەکانی کوردستان بێڕاوەستان بووە وبەردەوامە. چەند ڕۆژ پێش کۆنگرەکەمان بوو کە هەواڵی لە سێدارەدانی لاوێکی کورد بە ناوی ئیحسان فەتاحی دونیایی گرتەوە، هەر بە دوای ئەو هەواڵەدا زۆری نەبرد کە فەسیح یاسەمەنیش لە سێدارەدراو مەرگی گوماناوی زارا جەعفەریش لە بەندیخانەی ناوەندی ئورومییە بڵاوکرایەوە.
هەر لە پاش کۆنگرەی یەکەمی پارتیمانەوە تا ئیستا بە دەیان لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وبەبیانووی جۆراوجۆرەوە لە سێدارەدراون. کە بە ناوبانگترین جینایەتی ئەو ڕێژیمە لە ماوەی ئەم ١١مانگە لە کوردستان لە سێدارەدانی پۆلێکی ٤ کەسی لە ڕۆشنبیران و چالاککوانانی بواری مافی مرۆڤ بوو، واتە هەر یەک لە فەرزادی کەمانگەر و عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی و شیرین عەلەم هولوی و لەگەڵ ئازادیخوازێکی ئێرانی. کە دەنگدانەوەیەکی زۆری جیهانی وکوردستانی هەبووە، هەر لە دوای لە سێدارەدانی ئەو پۆلە کوردەدا، پارتی سەربەستیی کوردستان و سەرتاسەری حیزب و ڕێکخراوە نیشتیمانپەروەرەکانی کوردستان بەیاننامەو ناڕازینامەیان لە ئاست دەرەوەو ناوخۆ بڵاوکردوە. خۆپێشاندان بە دژی ئەو جینایەتە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وڵاتانی دەرەوەشی گرتەوە، دوکانداخستن و کوژاندنەوەی ڕووناکی ماڵەکان، وڵامێکی دەمکووتانەبوو بۆ هێزەداگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە باشبزانن گەلەکەمان لە ئاست ئەو جینایەتانە بێدەنگی پێشاننادات. مانگرتنە مێژوویەکەی بانەمەڕی ٢٧١٠ ی کوردی لاپەرەیەکی زێرینی یەکدەنگی جەماوەری تۆمارکرد وپەیامێکی نۆیی بە گۆی دوژمنانی گەلەکەماندا گەیاند.
بە پێێ تازەترین هەواڵی بڵاوکراوە کەوا دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دیسانەوە حوکمی لە سێدارەدانی حەبیبووڵا گووڵپەروەر پەسەند کردوەتەوەو مەترسی لە سێدارەدانی ئەویش بە ڕێوەیە. جێی وهبیر هێنانهوهیه که ئێستا زیادتر له ١٥ چالاکی سیاسی و مهدهنی کورد له گرتووخانهکانی ڕژیمی ئێران، له گهڵ مهترسی جێبهجێ کردنی حوکمهکهیان که ئێعدامه ڕووبهڕوون. پێویستە ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان و گشت هێز و لایەنە کوردستانییەکان جیهان لەو مەترسیە ئاگادار بکەینەوە.
یەکێکی دیکە لە کردەوە هەمیشەییەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران، تۆپبارانی گوندنشینانی کوردستانی گەرمیان و کۆێستان بووە، واتە ناوچە لەیەک نزیکەکانی ڕۆژهەڵات وباشوری کوردستان، لە ماوەی ئەم ساڵەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە جارجار بە پاڵپشتی هێزەکانی تورکیاش زۆربەی گوندەکان و شاخ و بۆێستانەکانی کوردستانیان تۆپباران کردوە، بە دەیان هاوڵاتیان شەهید وبریندار کردوە. بە دەیان هەزار هیکتار زەوی و دارستان و کشت و کاڵی خەڵکیان تێکداوە. بە هەزران کەسیان لە ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە کردوە، بەدەیان هەزار مەرو ماڵات وگیانلەبەری دیکەی سەرچاوەی بژێوی ژیانی گوندنشینانیان لەبەینداوە. ئەو جینایەتەی کۆمار ئیسلامی ئێران تا ئیستاش هەر بەردەوامە. هێزەکانی ڕێژیم بەوەش کۆڵیان نەداوە و لە کاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی واژۆی دژی نەهێشتنی مینی زەمینی کۆدەکرێتەوە، بە پێێ زانیارییەکانی بە دەست گەیشتوومان لە سەرچاوەی باوەرپێکراودا، هیزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تازە لە چەندین گوندی کوردستانی مینی تایبەتیان داناوە. کە زۆرجار بووەتە هۆکاری شەهید بوونی هاوڵاتیانی گوند نشین.
پلانێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەم ساڵدا زۆر بەرچاو بووە. سووتاندنی جەنگڵستانی سەرشاخ و باخچەکانی کوردستانە. دیارە بۆ ئەمەش ڕوون وئاشکرایە کە ڕێژیمی ئێران چەندین مەبەستی لە پشتە وەک تێکدانی سروشتی جوانی کوردستان، ناچارکردنی گووند نشینان بۆ چۆلکردنی زێد و زادگەی ژیانی سەدان ساڵەیان و گوازتنەوەیان بۆ شارەکان. لاوازکردنی بنکەی ئابوری خەڵکی کوردستان.
لەم ماوەیەدا گشت شاخ و باخەکانی کوردستان شایەتی ئەو جینایەتەن، شاهۆ و زاگرۆز کە زۆر بەرچاوی دانیشتووانی کوردستانن، لە ئیلامەوە تا هەورامان خەڵک ئەو گرانە ڕۆژانە دەبینن و ئاگرکۆژێنەوەکانی ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێکیان بۆکۆژاندنەوەی ئەو ئاگرانە نەناوە. کە تا ئیستاش بەردەوام لەو هەواڵانەمان پێدەگات.
جینایەتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی کە دەیاننساڵە لەو بوارەوە پێشکەوتنی بە خۆییەوە بینیی و لە جیهاندا نەخشی سەرەکی بووە، ئەویش کاری تیروریستی وتەقینەوە وکوشتنی خەڵکی سیڤیل وبێتاوانە.
بە مەبەستی ناشیرین کردنی کوردستان و پێشاندانی نا ئارامی لە ناوچەکانی کوردستان ماوەیەکە ڕێژیم وەک پێشەی هەمیشەیی دەستیداوە تەقینەوە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەتا لەناوچەکانی سنەو کرماشانەوە دەستی بەمکارەکرد. پاشان گەورەترین کردەوەی تیروریستیان١٧ڕۆژپێش لە مهاباد یەکەم پایتەخەتی سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا. کە ئەو تەقینەوەی مهابادە لە زۆربەی هەرە زۆری میدیاکانی جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو. بە ئاشکرا دیاربوو کە ڕێژیم لەم تەقینەوە چەند مەبەستێکی بەرچاوی هەبووە. یەکێک لەو مەبەستانەی ئەوە بوو کە هەستیان بەوە کردبوو ئاشتەوانی لە نێوان خەڵکی مهابادو بەشێک لە خەڵکی پێکهاتەیەکی دیکە لە مهاباد کە بە مەنگورانی مهاباد ناو دەبرێن و چەندین ساڵە بە هۆکارێکی تایبەتی بەشێکیان پشتیان لە جوڵانەوەی کورد کردبوو خۆیان لەو ڕێژیمە نزیککردبووە. لاوانی ڕۆشنبیر و هۆشیاری هەردوو لا بە پێکهێنانی دیدارو دیالۆگ هەوڵی نزیکبوونەوەی لایەنی تۆراو لە خەلکی مهابادیان دەدا. ئەمەش بۆ ڕێژیم مەترسیدار بوو. هەر بە مەبەستی قووڵکردنی ناکۆکییەکان دەزگاکانی تایبەتی سەربە ڕێژیم بە پلانێکی داڕێژراو لە ڕۆژێکی تایبەتی بە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تەقینەوەیان بەڕێوەبرد، کە بووە هۆکاری کوشتنی دەیان ژن و مناڵی سیڤیل و دەیان کەس لە هێزەکانی خۆیان کە بەشێکیان لە پێکهاتەی نزیک بە خۆیان بوون، بۆ ئەوەی وای پێشان بدەن کە ئەم کارە دەستی خەڵکی مهابادی تێدایەوگوایا بە هاوکاری حیزبە کوردییەکان. بەڵام زۆریان هەوڵدا ئەو پرۆژە ناڕاستەیان بۆ پینەنەکرا. هەر خەڵکی ئەو پێکهاتەش کە بە مەنگورانی مهاباد بە ناوبانگن باش هەستیان کردبوو کە ئەمەکاری خودی ڕێژیمە. چوون ڕێژیم لە ماوەیەکی کورتدا لە پێوەندی بەم تەقینەوە چەندین سینارێوی جۆراوجۆری پێشاندا، ولە ئاکامدا لە هیچیان سەرکەوتوو نەبوون. ئیدی هیچ شک و گومانێک نەما لەوەی کە دەستی خۆیانی تێدا بووە.
هاوڵاتیانی خۆشەویست!
هەڵسەنگاندنی ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشت دەزگاکاناییەوە باش بۆیان ڕوونبووەتەوە کەگەلی کوردی وڵاتداگیرکراوی بندەستی خۆیان بە هیچ شێوەیەک کۆلنادات و بەردەوام لە سەر مافە ڕەواکانی خۆی سوورە.
بگرە ئەم گەلە بووەتە هۆی هاندانی داوای مافی خۆکردنی گەلانی دیکەی وەک بەلوچ و عەرەبی ئەحواز و تورکمەن و تورکی ئازەریش. ڕێژیم پێی وایە ئەگەر جینایەت وپلانەکانی لە کوردستان تووندتر بکاتەوە ئەوا دەتوانێ خەلکەکە بێدەنگ بکات. دیارە ئەوەی کە هەموومان دەیبینین پێچەوانەکەیەتی، کە گەلی ئێمە لە کوشتن وتۆقاندن باکی نییەوە بەربەرەکانی لەگەڵ داگیرکەران زیاتر دەبێت. ئەم خۆراگری و قارەمانییەی خەلک پێویستی بە هێزێکی پوختەو پۆشتەی سیاسییە کە پێویستە لە ئاکامی لێکنزیکبوونەوەی هێزە کوردستانییەکان پێکبێت.
هیزو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
هاووڵاتیانی بەریز : تا ئیستا کە کوردستان لە ژێر ستەمی داگیرکەراندایە، بە دەیان پارت و لایەنی سیاسی کوردی لە تاراوەگەدا بە دژی ئەو ڕێژیمە خەبات دەکەن.
هەم خەڵکی کوردستان بە گشت چین وتۆێژێکانیەوە وێرای ڕیزگرتن لە خەباتی چەندین ساڵەی ئەو هێز و لایەنە کوردستانیانە، بەهەمان شێوە زۆر بە گلێن لە دوورکەوتنەوەی لایەنەکان لە یەکتر و دابڕانیان لە نێۆ کۆمەڵگای کوردستان. هەم لایەنەکانی کوردستانیش بۆ خۆیان باش باش ئاگادارن لەوەی کە خەڵک بە تووندی لێێان بە گلێیە، بەڵام مخابن هیندێک لایەن بەرژەوەندی خۆیان وتاکەکانی نێۆ دەسەڵاتیان لە ویستی خەڵک زۆر لاگرنگترە. بۆیەش نایانەوە لێکنزیکبوونەوەیەک بێنە ئاراوە کە بەرژەوندی تاکی بەرپرسانی ئەوانی تێدا بە دینەکرێت.
پارتی سەربەستیی کوردستان هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە لەسەر ئەو باوەردابووە وهەر لەم پلۆنیومەش دووپاتی دەکاتەوە، کە پێویستە بە زووترین کات شێوە لێکنزیکبوونەوەیەکی سەرتاسەری لە نێۆ گشت لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێتە ئاراوە، کە لە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێت. نەک ئەوەی هەر دوو لایەن و سێ لایەن لە دژی یەکتری لە دەوری یەک کۆببنەوە و بەیاننامەی هاوبەش بڵاوکەنەوە، ئەمە دیارە کە بەشێک لە مەبەستەکە یەکتر نەدوان و کێبەرکێ کردنە لەگەڵ یەکتر نەک بەرژەوەندی خەڵک. ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان بە لێکدانەوەیەکی تەواوەوە لەو باوەرەداین کە بوونی هێزێکی یەکگرتوو دەتوانێ یاسایەکی کاتی بەواژۆ و بۆچوونی هەمە لایەنە بۆ کاتی گەرانەوەمان بۆ نێۆ خەڵک و پاراستنی ئاسایشی خەلکی کوردستان بێنێتە ئاراوە. کە زۆرنموونەی گرنگی جیهانی هەیە کە پێش گەرانەوەیان بۆ نێو خەلک وڕووخانی ڕێژیمی حاکم ئەو لێکنزیبوونەوە یا بەرەیا کۆنگرە، توانیوێتی یەکریزی وئاسایشی خەلکەکە بپارێزێن، بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا ونەبێتە هەرج و مەرج و ڕووبەرووبوونەوە لە کارەسات. دەتوانین وەک نموونە ئاماژە بە کۆنگرەی ئەفریقای باشورو یەکێتی جولەکەکان و بەرەی کوردستانی ساڵێ ١٩٩١بکەین.
دۆستان وخەمخۆرانی یەکریزی گەلەکەمان:
لەم پێوەندییەدا پلینۆمی پارتیمان بۆ جارێکی دیکە بانگەوازێکی تایبەتی دەداتە دەرەوە بۆ گشت لایەنەکانی کوردستان وبانگەشەیان دەکات بۆ کۆبوونەویەکی سەرتاسەری، لە ژێر ناوی کۆبوونەوەی *دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ دواڕۆژی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان* پارتی سەربەستی ئامادەیی خۆشی بۆ دابینکردنی شۆێنی کۆبوونەوەو پەزیرایی وشۆێنە حەوانەوەی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوەیە لە شۆێنێکی ئارام وئاسایشدا لەیەکێک لە وڵاتانی ئوروپایی لە ئەستۆ بگرێت. هەروەها چەندین چاودێری سیاسی کوردستانی وبێگانە کە دۆستی کوردن وەک میوان و ڕاوێژ پێکردن بۆ ئەو کۆبوونەوە بانگدەکرێن.
هیوداریان کە ئێوەی هێژا گشت کۆمەڵانی خەمخۆری کوردستان وگشت ئەندامان ولاینگرانی لایەنە کوردستانیەکان هاندەری ئەو لایەنانەبن کە لەو کۆبوونەوەدا لە ژێر ناوی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆ دواڕۆژی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری بکەن.
باشوری کوردستان.
پارتی سەربەستیی کوردستان کە خۆی بە پارتێکی نەتەوەیی وسەربەخۆخوازی کوردستانی دەزانێت. وێرای ئەوەی کە خەباتی ئەم سەردەمەی تایبەتە بە چالاکی سیاسی و دیپلوماتی بۆ بە هێزکردنی بیری نەتەوەیی لەوبەشەی کوردستان و بە جیهانیکردنی دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەمانکاتدا بەردەوام خۆی بە هاوبەشی گشت خەباتەکانی دیکەی بەشەداگیرکراوەکانی کوردستان دەزانێت.
باشوری کوردستان ئەو تەنیا بەشەی کوردستانە کە ئیستا بەشی زۆری ناوچەکانی ئەوبەشەی کوردستان خاوەنی دەسەڵاتێکی تایبەتییە کوردییە، کە دەتوانین بڵێین وڵاتێکی سەربەخۆیی ڕانەگەیاندراوی کوردییە. لە ساڵێ ڕابووردا و هەرێمی کوردستان لە ٢ هەڵبژاردنی جیاوازدا خۆی بینییەوە، کە یەکێکیان هەڵبژاردنی پەرلەمان وسەرۆکایەتی کوردستان بوو، گشت خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنێکی ئازدو دیمۆکراتدا و لە پێشچاوی میدیاکانی جیهانەوە دەنگی خۆیانداو نۆێنەری خۆیان هەڵبژارد. لەو هەڵبژاردنانەداپەرلەمانی نۆی لە هەرێمی کوردستان بۆ چوار ساڵ هەڵبژێرانەوە و کابینەی شەشەمی هەرێمیش حکومەتی نۆی دیاریکرد، هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دەنگی زۆرینە لە نێوان ٤ کانیددا کاک مەسعود بارزانی هەڵبژێرایەوە. کە ناوبراو لە لایەن سەرۆکی وڵاتانی جیهانی وەک سەرۆکی کوردستان هەمیشە پێشوازی کراوەو پێشوازی دەکرێت، ئەمەش پەیامێکی دڵخۆشکەرانەی بۆ دوا ڕۆژی کوردستان و بە تایبەت باشوری کوردستان پێیە.
لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمدا کاک دوکتۆر بەرهەم ساڵح بە سەرۆکی هەرێم دیاریکرا. هەر چەند مانگ بە دوای ئەوەدا هەڵبژاردنی سەرتاسەری ئێراق بە ڕێوە چوو کە گەلی کوردیش لە ناوچەکانی هەرێم نۆێنەرانی خۆیان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە پەرلەمانی ئێراقی فیدراڵ هەڵبژارد.
کە وا زیاد لە ٦ مانگە بە سەر ئەو هەڵبژاردنەدا تێپەردەبێت و تا ئیستا هێزەکانی ئێراقی ڕێنەکەوتوون لە سەر دروستکردنی حکومەتی ئێراق. کە ئەمەش بووەتە کێشەیەکی تایبەت لە ئێراقدا. کورد دیارە لەو وەزعەی ئیستا قورساییەکی تایبەتی هەیەو دەتوانێ میزانی دەسەڵات وەک بەهێزکردنی کاندیدی هەرکام لەو بەرەی یەکەم ودووەمەی ئێراق بێت. کە ئەویش بە خۆشییەوە لایەنە سەرکەوتووەکانی کوردستانی بە یەکدەنگ لەگەڵ بەغدا دیالۆگ دەکەن وکێشە چارەسەر نەکراوەکانی کوردستان وەک ناوچە دابراوەکانیان کورد بووەتە پێشمەرجی هەر جۆرە پشتیوانییەک بۆ حکومەتە تازەکەی ئێراق.
کێشەی ناوچەدابراوەکان وەک کەرکوک و خانەقین و سنجارو دەیان ناوچەی دیکە یەکێکن لەو کێشە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە لەسالی ١٩٩١ واتە لە پاش ڕاپەڕینی باشور بەوشێوە ماوەتەوە.
پارتی سەربەستیی کوردستان، ئەو بەشەی کوردستان بە هەر ووردە کەموکوریی وکۆسپەکانی سیاسییەوە، بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بەڵام ڕانەگەیاندراو دەبینێت.
لەم پلینۆمەدا داوا لە گشت لایەنە سەرکەوتوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ک٠¶ڵنەدەرانە لە هەوڵی زیاتردا بن بۆ نەهێشتنی چاوەڕوانی ناوچەدابراوەکان بۆ گەرانەوەی بۆ سەر جۆگرافیایی خۆیان واتە کوردستان.
باکوری کوردستان:
خەبات و بەربەرەکانی ڕۆژ بە دوای رۆژ لە ناوچەی مەزنی کوردستان واتە باکوری کوردستان بەردەوامە، هەر مانگێک پاش کۆنگرەی یەکەمی پارتیمان، دیتمان بە هۆی سەرکەوتنێکی مەزنی دەتەپە وەک پارتێکی کوردی موڵەتپێدراوی یاسای حکومەتی تورکیاوە، ئیتر تورکە ڕەگەز پەرەستەکانی تورکیایی زیاتر تورە کرد، بە هۆی فشارێکی زۆرەوە نەیانتوانی ئەولایەنە بەچۆکدابێنن، کە سەر ئەنجام لە ڕێکەوتی١١-١٢- ٢٠ ٠ ٩ دادگای تورکیا بڕیاری داخستنی چالاکی سیاسی بۆ دەتەپە دەربڕی. لە کاتێکدا ئەو پارتە توانی سەرنجی جیهان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت، بەس مخابن لە کاتی داخستنی دەتەپە، لەمەڕ بەرژوەندی وڵاتانی دەرەوە لەگەڵ تورکیا بێدەنگی زۆر نیشاندرا. بەڕاگرتنی دەتەپە خەبات هەر بەردەوامە وسیاسیەکانی کورد لە باکوری کوردستان لە ژێرناوی دیکە هەر بەردەوامن. هێزەکانی دیکەی باکوری کوردستان لە وەک پێکاکا بەردەوام لە تێکۆشانە، سەرماو گەرمای ساڵانە بە شاخەوە تێپەر دەکەن. لەم ماوەشدا چەندین جاربە مەبەستی پێشاندانی نییەتپاکی کوردو ئاشتیخوازی کورد ئاگربەسی یەکلایەنەیان ڕاگەیاندووە، هەر حەفتەی پێش بوو کە ئەو ئاگربەسە بۆ ١مانگی دیکەنۆێکرایەوە، ئەم کارەش لە ئاست جیهاندا پێشوازی لێکرا. پارتی سەربەستیی کوردستان خەباتی سیاسی ودیپلوماتی ئەوبەشەی کوردستان بە خەباتێکی ڕەواو دروست دەزانێت. پارتیمان لەو باوەرەدایە کە تواناکانی گەلی کورد، تورکیای بە چۆکدا هێناوەو ناجاری کردوە کە زۆر پاشەکشە لەسیاستە تووندەکانی خۆی بکات.
ڕۆژئاوای کوردستان.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش خەبات بەردەوامە، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو لەخەباتی ناوچەکانی دیکەی کوردستان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە، هەڵکەوتەی ئەو بەشەی کوردستان وا نێشاندەدات کە پشت و پەنایەک نییە بۆ ئەو لایەنانەی کە دژێ ڕێژیمی بەعسی سورین بتوانن خۆیان لەشاخەکان حەشاربدەن. هەروەها ئاسیمیلاسێۆنکردنی ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامە، گرتن وبەندیکردنی ڕۆڵەکانی ئەو گەلەش بەردەوام درێژەی هەیە. مانگێک پێش سەرۆکی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئەو بەشەی کوردستان، کە گوایا موڵەتی ڕەسمی کارکردنیان پێدرابوو سزای بەندیخانەی بۆ برایەوە. لەلایەکی دیکەوە ئەو بەشەی کوردستان کەبە بەشی کەمی خاکی داگیرکراوی کوردستان لە بواری ژمارەی دانیشتوانەوە ناوزەد دەکرێت، کە چی پرش وبڵاوییەکی زۆری حیزب ولایەنەکان لە یەکتر هەیە، یەکێتی ویەکڕیزیش بە شێوەیەکی بەرچاو مخابن لەو بەشەی کوردستان لە ئارادا نیە، و پارت ولایەنی سیاسیی زۆریشی تێدایە.
پارتی سەربەستیی کوردستان پێێ وایە یەکڕیزی و دروستکردنی بەرەیەکی پێویست بۆ ئەو بەشەی کوردستان دەتوانێ زیاتر فشار بۆ دەوڵەتی بەعسی سوریا بێنێت، بۆ دابینکرندی هیندێک لە مافەکانیان، و پێویستە سیاسەتێکی ژیرانەی دیپلوماتی وبە پێێ بەلگەکانی داتایی بە جیان نیشان بدرێت کە چۆن ناوچە کوردنشینەکان بە عەرەبی دەکرێن.
هەوڵەکانی جیهان لە بەرامبەر ئێراندا.
ئێران وەک کۆسپێکی ڕێگای ئاشتی لە جیهان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرچاوە، هەر لە پاش کۆنگرەی یەکەممانەوە تائیستا دەبینین بەردەوام دەستی باڵای هەیە لە دروستنەبوونی حکومەتی ئێراق وپشتیوانی بەردەوامی ئەلقاعیدە، نەخشی بەرچاوی هەیە لە ڕێنەکەوتنی فەلەستین و ئیسرائیل. لە نانەوەی ئاژاوەی بەردەوام لە ئەفغانستان و زۆر ناوچەی دیکە. ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە فشارەکان زیاتر بەرامبەر بە ئێران تووندکرێتەوە. ئەوەتە هەر لە ماوەی یەک مانگ پێشدا کە ڕووسیا گەورەترین بفرۆشی چەک بوو بە ئێران بریاریداوە چیدیکە ئەو چەکانە بە ئێران نەفرۆشێت، زۆر وڵاتی دیکە کە پێوەندی بازرگانی بە هێزیان لەگەل ئێراندا هەبووە، وەک بازرگانی نەوت و بەنزین و ئۆتۆمبیل و کەرەسەی دیکە، هەموو بریاری بایکوت کردنی پیوەندییە بازرگانییەکانیان داوە.
چەند مانگ پێش کۆنگریسی ئهمریکا سزایەکی دیکەی دژ به کۆماری ئیسلامی ئێران پهسندی کرد، لە پاش ئەوە لە رۆژی چوارشهممه رێکهوتی٢٩- ٩- ی ٢٠ ١٠ زاینی بەرامبەر ٧ ی رهزبهری ساڵی ٢٧١٠ ی کوردی، باراک ئوباما سهرۆک کۆماری وڵاته یهکگرتووهکانی ئهمریکا بڕیاری زیادکردنی ناوی ههشت بهرپرسی نیزامی و ئینتزامی دهوڵهتیی ئێرانی به لیستی گهمارۆکانی وڵاته یهکگرتووهکانی ئەمریکای زیادکرد. ئەم بڕیارەیان زۆر جیگای پێشوازی بوو، زیاتر قامک خرایە سەر کەسانی جینایەتکاری ئێران لە ئاست جیهاندا. لە ڕوانگەو هەڵسەنگاندنەکانی پارتی سەربەستیی کوردستان لەمەر ئەم سزا نۆیانە، ئێمە پێمان وایە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر سیاستەکانی کۆماری ئیسلامی داناوە، هەر لێدوانەکانی ئەحمەدی نژاد لە نیورۆک، تاوانبارکردنی ئەمریکا بە تەقینەوەکەی ١١ سەپتەمبەر ناڕاستەوخۆ پاڕانەوە بوو بۆ وڵاتانی ئوروپای و ئیسلامی کە پشتیوانی لەو گەمارۆ ئابورییەی ئەمریکا نەکەن بە دژی ئێران، حاکمانی کۆماری ئیسلامی ئێران گڵ٠¶ڵیان لوول بووە و هەرچی دەکۆشن ناتوانن دۆستانی پێشوویان ڕاکێشنەوە. ئێمە پێمان وایە کە بەم هەڵس و کەوتانەی کەسانی بەرچاوی ئێران و سزا نێۆنەتەوەییەکان ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ تەمەنی نەمانی نزیک دەبێتەوە.
بە لایەکی دیکەدا ئێران بەردەوام هێرش دەباتە سەر نەیارانی تازەی دەسەڵاتدارێتی ئەحمەدی نژاد، چەندین جار هێزەکانی تایبەت هێرشیان کردوە سەر ماڵی موسەوی وکەروبی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردون، هەەر لە چەند مانگ پێشدا چەندین دیپلوماتی ئێرانی لە سەفارەتی وڵاتانی ئوروپایی وازیان لە پۆستەکانیان هێناو ڕایانگەیاند کە خۆیان بە شەرمەزار دەزانن ئەگەر دیپلوماتی وڵاتێکی وادیکتاتۆر بن. ئەم حاڵەتانە قەیرانێکی وای دروستکردوە کە دەسەڵاتدارانی حاکم باوەڕیان بە کەسانی نزیکی خۆشیان نەمێنێت و بێباوەری و دڵەڕاوکێی زۆر لە نێوانیاندا دروستبووە.
هاوبیرانی بەڕێزم، هاوڵاتیانی خۆشەویست.
ئەو ڕووداوانەی سەرەوە کە بە کورتی باسم کردن لە ماوەی ئەم ١١ مانگەدا ڕوییداوە، ئەو پەیامەمان پێدەدات کە ئێمەی کورد دەبێت زیاتر خۆمان ڕێکخەین بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ دوارۆژی ئێران، پیویستە لەم پلۆنیومەدا ئاماژەش بەوە بکەم، کە ئێمە نابێت دڵخۆشیمان بەو هیزە سیاسیانەی ئێرانی هەبێت کە خۆیان بە نەیاری ئەم ڕیژیمە دەزانن، ئەوانە خوازیاری گۆرێنی دەسەڵاتی ئیستای حکومەتی ئیسلامین بۆ دروستبوونی حکومەتێکی دیکەی فارسی وەک سەردەمی شا، یانی ئەوانە خوازیاری دابینکردنی مافی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی بندەست نین، هەر لە حەفتەی پێشوودا بوو کە ناشیونالیزمێکی ئێرانی و بەرپرسی گەورەترین حیزبی ناشیونالیستی ئیران بە ڕەسمی ڕاگەیاندووە کە ئەوان خوازیاری ئێرانێکی فیدراڵ نین، و هەر جۆرە باسکردنێک دووربێت لەدەسەڵات و زمانی فارسی ئەوان دژی دەبن. ئەوەش مشتێکە لە خەرمانێک. جا حکومەتی ئێرانی ئەگەر ئاینیی بێت ویا مۆدێرن بێت هەر دژە کورد و دژی ئازادی ومافی نەتەوەکانی بندەستە.
لە کۆتاییدا هیوادارم کە ئێمەی کورد هەر چەند مانگ جارێک گۆرانکاریەکانی کوردستان جیهان وئێران تاتۆی بکەین وچاک وخراپیەکانی لێکدەینەوەو خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.
هەر شەکاوە بێت خەباتی بەردەوام لە پێناو کوردستانێکی دیمۆکرات و سەربەخۆ و سەربەستدا.
لەگەڵ ڕێزیی زۆرم هاوبیرتان.
عارف باوەجانی / سەرۆکی گشتی پارتی سەربەستیی کوردستان
١٧ی ڕەزبەری ٢٧١٠ ی کوردی/ ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠ ١٠ ی زاینی.
ئەم بابەتە بنێرە سەر فایسبووکەکەت