تاکەی گەشە بە شۆرشی ئاخوند وکۆمۆنیستەکان بدەین ?
هاشم موحەممەدی
من پێم وایە کۆماری ئیسلامی ئەگەر لەفەلسەفەی پێدانی مافی نەتەوایەتی لە گەڵ نەتەوەکانی تری ئێراندا دیالۆگ ساز بکات ، بەڵام ئامادە نابێت کە لە گەڵ کورد دا ئەو دانیشتنە بکات
تاکەی گەشە بە شۆرشی ئاخوند وکۆمۆنیستەکان بدەین ?
هاشم موحەممەدی
لە دوای شانۆی هەڵبژاردنەکان کە لە ئێران کێشەی نایەوە و بەشێک لە ڕێکخراو پارتە کوردییەکان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانی خۆیان بۆ گرووپی سەوز دەربڕی، و گرووپی سەوزیش هیچ پلان و بەرنامەیەکی تاییبەتی بۆ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێنەبوو بێدەنگی گرووپی سەوز لە مەڕ لە سێدارەدان وبەندکردنی چالاکوانانی کورد وسوتاندنی دارستانەکانی کوردستان، کە چی مخابن ئیستاش هەر کۆمەڵە و ڕێکخراوە کوردییەکان خۆیان بە پشتیوان وهاوخەباتی گرووپی سەوز نیشان دەدەن، لەو پێوەندییەدا ئەم بابەتەم بەپێویست زانی بنوسم و بیخەمە بەردەستی ئێوەی خۆێنەر بۆ لێکدانەوە. لەوانەیە پێش نوسینی ئەم بابەتە بیرم کردەبووێتەوە کە ئەو کۆمەڵە پارت وڕێکخراوانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەڵەی خۆیاندا چووبێتنەوە، بەڵام لەدوای دەربڕینی هەڵوێست وبیر وبۆچوونەکەی خۆیان لە زمان سکرتێر وئەندامانی سەرکردایەتی بۆم دەرکەوت کە ئەوان وەک ئەوەی کە نیشان بدەن بۆچونی ئەوان جیاوازە لە بۆچوونی پارت و ڕێکخراوەکانی دیکە، ئیتر هیچ فەلسەفەیەکی تێدا نییە کە پێویست بە شیکردنەوە بکات.
ئەو ڕەوتەی کە پێی دەڵێن ڕەوتی ڕێفۆرم وچاکسازی لە نێو کۆماری ئیسلامیدا و بە شێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیشی خستووە تە نێو بازنە ی یاری خۆیەوە، لە هیچ کات و سەردەمیکدا نەیویستووە و نایهە وێت ئاڵوگۆڕ لە سیستمی ولایەتی فەقێدا پێک بێت، ئە و ڕەوتە خۆی بە درێژەدەری ڕێگای خۆمەینی وڕێبازی موجاهدینی شۆڕشی ئسلامی دەزانێت کە لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیدادەوری کارامەیان گێڕا وئیستاش دەیانهەوێت ئەم سەردەمە بگەڕێننەوە بۆ دەورانی هاتنە سە ر کاری شۆڕسی ئیسلامی، ودەسەڵات بە دەستەوە گرتنی مەلاکان وقورخ کردنی هەموو ئۆرگانەکان لە لایە ن ئە م کۆمەڵە ئاخووندەوە، هەرچەندئەوان لەسەرەتای دەسەڵات وەدەستەوە گرتن تەنیا نەبوون و بەشیکی زۆر لەو لایەنانە کە پێش لە ڕۆخانی ڕژیمی پاشایەتی دژی سیستمی دیکتاتۆر و فاشیستی ڕەزا شاییەکان خەباتیان دەکرد، وە لە ئاکامی گۆڕانکاری و ڕۆخانی حکومەتی شادا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەوتن پێکهاتەبوون لە ڕێکخراو، پارت ولایەنی سیاسی و مەزهەبی جۆر بە جۆر کەبەشێک لەوان هەڵگری ئایدۆلۆژی ئاینی یان مارکسیستی، لینییستی بوون، کە لە ئاکامی ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی درووشمی دژی ئیمپرالیستی هەڵگترە بوو ئەوانیش ڕێکخراو گەلێکبوون کە بەشیکیان داوای هاتنە سەر کاری سیستمیکی ئیسلامیان دەکرد، و بەشێکیتریش داوای پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیستیان دەکرد، کە تێز و بیر وبۆچوونە خەیاڵی و نەگونجاوەکانی مارکس وئینگلێس کەلە مانیفێستەکەیاندا دەردەکەوت و لە کونج وکەنارەکانی دوونیا شۆڕشی کۆمۆنیستی دەستی پێکردەبوو.
لە هیچکام لە وڵاتانی دوونیا نەیتوانی قۆناغە سەرەتاییەکانی خۆی وەک جێگیربوونی کەلتووری کۆمۆنیستی لە نێو بازنە کۆمەڵایتی وگۆماوە سیاسیەکاندا تێپەڕبکات تووشی تێڕمان و ڕۆخان دەهات، لە بەر ئەوەی کە هەرچەند نان زۆرر بوو بەڵام دیکتاتۆریەی پڕۆتالیایان پێک دەهێنان و ئەو هزرە ناسیۆنالستی وبۆرژواوازییانەی دەسڕیەوە کە دەبوونە هۆی لاوازکردنی بۆچوونە کرێکارییەکان. ئاکامەکەشی ئەوە بوو کە لەبلۆکی سۆڤییەت ڕوویدا ونزیک بە بیست ملیۆن خەڵک کوژران.
لێرەدا دەگەڕێمەوە سەر گووتاری خۆم، ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوە بەشێکیان دەیانهەویست کە لە ئیراندا سیستمێک بێتە سەرکار کە لە زۆربەی ئەو وڵات وناچانەی کە ئەم سیستمە ویستووێتی جێگیر بێت لە گەڵ کێشەیەکی بوونیادی ڕووبە ڕوو بووەتەوە و ڕۆخاوە، بەو واتایەی لە هەر شوێنێک کە ئەزموونکراوە سەرکەوتوو نەبووە، لە ئێرانیش دا کە کەلتووری کۆمۆنیستی و بیر و بۆچوونی خەڵک لەگەڵ باسکردن و هێنانە گۆڕەی ئەم سیستم و کەلتورەدا نەدەگوونجا وباسکردنی پڕمەترسی بوو. بەڵام ئەو لایەنانە شیکردنەوەیەکی تاییبەتیان نەبوو بۆ فەلسەفەی ئیسلامی سیاسی، ئیسلام وڕەوتی ئیسلامی و بزووتنەوە ئیسلامیەکان کە کاتێک دەسەڵات وە دەستدەگرن چۆن چاو لە بزووتنەوە کۆمۆنیستیاکان دەکەن. ئەوان پێیان وابوو کە چونکو کۆماری ئیسلامی هەر وەک باسم کرد درووشمی دژی ئیمپرالیزمی هەڵگرتەبوو دەکرێت لە یەک بەرەدا خۆیان ببیننەوە و وە لە ئاکام دا بینیمان کە لە کاتیک کۆماری ئیسلامی خۆی داسەپاند وبیرو بۆچوونەکانی خۆی لە نێو کۆمەڵ جێگیر کرد و ئەو کەلتوورەی کە دەیهەویست، لە نێو مێشکی بەشیکی زۆر لە خەڵکدا چاند و لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیەوە ئەوەی کە دەلواو و بۆیدەکرا لایەنە دژبەرەکانی خۆی بە دەستکردی ئەمریکا، ئینگلیس و ئسرائیل دەزانی و خەڵکیش بڕوایان هێنا بوو بە ئەو جۆرە گووتارانە، چونکوو ڕۆژەڤی باسەکان بوون و ئەوەش لە نێو مێشک و هزریاندا چرەی دەکرد. لە ئاکام دا ئەو کارەساتانە کە لە سەردەمی شۆڕشی ئیسلامیدا ڕووی دا لەو لایەنانەوە دەستی پێکرد کەخۆیان لە گەڵ درووشمی دژی ئیمپرالیستی دا دەبینییەوە، هەروەها بەشێکی تریش لە لایەنە مەزهەبی و ڕەوتە ئسلامییەکان پێکهاتەبوون و ئەوانیش لە بەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لە ڕەوتی ئیسلام و گووتارە پیرۆزەکان دەرنەچووە ئۆتووماتیک لە گەڵ شۆڕشی ئیسلامی کەوتن، ئەو ڕێکخراو گەلە ئیسلامیانەش پێیان وابوو کە کۆماری ئیسلامی پێکهاتووە لە هەموو ئەو ڕەوت و گرووپانەیە کە مەزهەبی شیعەیان پێکهێناوە و نوێنەرایەتی هەموو شیعە دەکات، بەڵام لە دوایی دا دەرکەوت کە کۆماری ئیسلامی تەنیا نوینەرایەتی کۆمەڵێکی تاییبەت لە شیعەکان دەکات کە لە ژێر چەتری ویلایەتی فەقیه دا خۆیان دەبیننەوە و لە ئاکام دا ئەم ڕەوتەش وەک ڕەوتەکانی تر بوونە قووربانی لایەنیک کە لە سەرەتا دا یارمەتیدەری بوون لە دەسەڵات بە دەستەوە گرتن و قورخ کردنی دەسەڵات بە سەر هەموو ئۆرگانەکاندا.
لە ڕاستی دا فەلسەفەی ئەم ڕەوتە کە ئیستا لە نێو کۆماری ئیسلامی دا خۆی بە ڕەوتی ڕێفۆرم و گۆڕانخواز دەناسێنێت ئەویە کە بۆنیادگەرایە واتا گەڕانەوە بۆ دوا، گەڕانەوە بۆ سەردەمی دەسپێکی شۆڕشی ئیسلامی کە کارەساتی خوڵقاند و ئەو ڕێکخراو و پارت و لایەنانەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی دا نەبوون و باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیه نەبوو، نەک هەر وەلا نران بەڵکوو بە شێوەیەکی زۆر نا مرۆڤایانە کوژران، بەڵگە ش ئەو کوشتارەیە کە لە سەردەمی دەسپیکی شۆڕسی ئیسلامی کە لە سەر داوای خومەینی بە نوێنەرایەتی خاڵخاڵی ئەنجام دران. هەر وەک باسم کرد ئامانجی ئەم ڕەوتە ڕێفۆرم و گۆڕانکاری نییە بەڵکو تێکدان و شێواندنی ئەو ڕەوت و بزوتنەوە مەدەنی، خوێندکاری، سیاسی و دیموکراسیخوازییانەیە کە لە هەوڵ تێکۆشانی تەیفە ڕووناکبیری و لاوە ئازادیخوازەکاندا پێکهاتووە ،ئەم ڕەوتە کە ناوی ڕەوتی ڕێفۆرمە، من پیم وایە نێوێکی شیاو نییە چونکە لە گەڵ ئامانج و مەبەستەکەی ناگۆجێت، لەبەر ئەوەئامانجی ئەم گروپە گۆڕانکاری نییە، بەڵکو تێکدانی ئەو گۆرانکارییا نەیە کە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕەوتی خوێندکاری ومەدەنییەکاندا بەرهەم دەهێنرێن. ئەم گرووپە پێیان وایە کە ئەگەر نەگەرینەوە بۆ سەردەمی دەسپیکی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران، کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هەڵوەشان و ڕۆخاندا ڕووبەڕوو دەبێت، وە ئەو پەری هەوڵ وتێکۆشانی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ گەیشتن بەو مەبەستە دیاریکراوە. لە سەردەمی هاتنە سەرکاری خاتەمی زۆر بەڵێنی بەخەڵکدران و لەو سەردەمەدا خەڵک زۆر هیوامەند بوون بە هاتە سەر کاری خاتمەی و گرووپەکەی، چونکوو خاتەمی هندێک باسی هێنایە گۆڕێ کە جێگای تێڕامان بوون بۆ ئەو کەس لایەنانە کە سیستمی ولایەتی فەقیان نەدەناسی. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خاتەمی هندێک لە ئازادیە تاکە کەسیەکان دران، بەڵام ئەو ئازادییە تاکەکەسیانە لە هندێک بواردا خۆیان دەبینییەوە، واتا نەگەیشتە ئەو ئەندازەیە کە خەڵک بڕیار بکدات چۆن سیپاڵ لە بەر بکات، لە ڕاستی دا ئەو سیاسەتە لەوە دا خۆی دەبینیەوە کە باوەڕ بە خەڵک بهێنێت کە لە چوراچێوەی کۆماری ئیسلامی دا پلۆرالیسمی سیاسی هەیە و لەم کۆمارە دا چەندین گرووپ و ڕەوت هەن کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن، ئەو سیاسەتە لەو سەردەمە دا سەرکەوتوو بوو و نەک هەر خەڵکی لەوە پاژگەز کردەوە بەڵکوو باوەڕی بە هندێک لە پارت و ڕیکخراوە سیاسیەکانی چالاک وەک دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هێنا کە وا ئەوانیش ئەگەر بیانهەوێت دەتوانن لە بازنەی سیاسی کۆماری ئیسلامی دا بەشداری سیاسەت بکەن(لێرەدا ئەو پارت و ڕێکخراوانە ئەزموونی دەورانی دەسپێکی هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامیان هەبوو ، بەڵام لە بە ر چی هۆیەک کە گرنگیان بەو ئەزموونە تاڵە نەدا جێگای پرسیارە ئیستاش) وە بەو شیوەیە خاتەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامی درێژ کردەوە و ئیستاش کۆمەڵێک لە وڵاتانی دوونیا پشتیوانی لە خاتەمی و خاتەمیەکان...( وەک گرووپی سەوز دەکەن). پاشان ئەحمەدی نژاد دەسەڵاتی بە دەستەوە گرت و ئەو چێرکە ئازادیە کە درابوو وەری گرتەوە و جەوێکی ترسناکی خوڵقاند و تۆز و خمارێکی خەفەقانی سەپاند بە سەر سەرتاپای ئێران دا. ئەوەش خاڵێکی حاشا هەڵنگرە کە ئەو گرووپ و لایەنانەی کە کۆماری ئیسلامیان پیکهێناوە هەموو باوەڕیان بە ویلایەتی فەقیه هەیە و لە پیناو سەرکەوتنی ویلایەتی فوقیه دا تێکۆشاون، هەر وەک خامنەئی لە نوێژی جمعەی تاران دا باسی کرد و وتی موسەوی، کەڕووبی و ئەحمەدینژاد هەر هەموو لە ڕۆڵەکانی ویلایەتن و هەر لە سەرەتادا ئەمانە پاسداریان لە کۆڵەکەکانی سیستمی کۆماری ئیسلامی کردووە، هەروەها ئەوەشی وت کە ئامانج لەم سیاسەتە ئەوە بووە کە خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردندا بەشداری پێ بکەن.
لێرا دا ئەم سیاسەتە بەم شێوەیە دەیهەوێت تەمەنی کۆماری ئیسلامی دریژبکاتەوە و ئەم کۆمارە هەر وەک خۆی بمێنێتەوە. دەسەڵاتدارێتی ئەحمەدی نژاد کۆتایی پێ دێت و ئەم جارەش موسەوی دیتە سەر شانۆ، بەڵام لە گەڵ هاتنە سەرکاری موسەوی وەک سەردەمی خاتەمی ئازادیە تاکە کەسییەکان لە ناوچە فارسنشینەکان بەرفراوانتر دەبن و دیسان خەڵک بۆ ماوەیەکی زۆر بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. خاتەمی لە گەڵ هاتنە سەر کاری دا هندێک لە ئازادی تاکەکەسییەکانی لە گەڵ خۆیی هێنا و ناڕەزایەتیەکان هێدی هێدی کەم بوونەوە و هزر و ئەندیشەیەکیتری لە نێو خەڵک دا ساز کرد، ئەمجارەیان ئەحمەدینژاد هات و ئەو ئازادیە کە لە سەردەمی خاتەمی دا درابوون زەوت کرد، هەروەها لە سەر دەمی ئەحمەدی نژاد دا خەڵک زۆر بێزارن و دەیان چالاکوانی سیاسی و مەدەنی لە سێدارە دراون کە لە نێوانیان دا چالاکوانانی نەتەوە ژێر دەستەکان زۆرینەن و هەروەها لە ژێر ناوی مەوادی موخەدر سەدان چالاکوانی سیاسی لە بەندیخانەکاندان و دەیانیتریش لە سێدارە دراون، لە شانۆی هەڵبژاردنی داهاتوو دا کە دێت ئەماجارە موسەوی دەبیتە سەرۆککۆماری ئێران و دیسان ئەو سیاسەتەی خاتەمی دووبارە دەکاتەوە، هیوادارم کە خەڵک ئەمجارەش فریو نەخۆن، هەر چەند ئەگەرئەم تاکتیکانەی ڕژیم شتێکی تێدا بیت بۆ نەتەوەی سەردەست بە سەر ئێراندا دەبێت و بەس، وە و ئەو کات بۆمان ڕوونتر دەبێتەوە کە یاری سیاسی کۆماری ئیسلامی چۆنە و بە چی شێوەیەک تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە. لەولاشەوە فارسە نەتەوە پەرەست و سەلتەنەتتەلەبەکان چ ئەوانەی کە لە ئێران دا دەژین و چ ئەمانەی کە لە دەرەوەی وڵات و وڵاتانی ڕۆژئاویی ژیان بە سەر دەبەن، پێیان خۆشە و خەبات بۆ ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران نەڕۆخێت بەڵام بە شێوەیەک سیستمەکە لە ئیسلامیەوە بۆ سیستمیکی سکولاری دیکتاتۆر بگۆڕن و دیسان دەسەڵاتی شاهەنشایی لە ئێران زیندوو بکەنەوە، وا هەست دەکەن کە دەتوانن لە ڕیگای گرووپی سەوز ئاڵوگۆڕ بەو شێوەیە کە دەیانهەوێت لە ئێراندا پیک بهێن ، چونکو ئەوان پشتیوانی لە رۆخانی کۆماری ئیسلامی ناکەن و دەڵێن ئەگەر کۆماری ئیسلامی بڕۆخیت ئەوا ئێران پارچە پارچە دەبێت و نەتەوەکانی ژێر دەستی ئێران سەربەخۆیی ڕادەگەێنن، بەڵام ئەمانیش لە هەڵە دان چونکو ئەم گرووپە و گرووپەکانی تر کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامی دا سیاسەت دا دەڕێژن و ئامانجیان خزمەت کردنە بە شۆڕشی ئیسلامی و هیج کات هەوڵ بۆ ئەوە نادەن کە ئەم سیستمە بڕۆخێت چۆنکوو خۆیان چاک دەزانن ئەوەی کە بە سەر ڕژیمی بەعسی عێراق دا هات چارەنووسی هەموو ئەو گرووپ و ڕەوتانەیە کە خزمەتیان بە کۆماری ئیسلامی کردووە. بەڵام ئەوەی کە لێرە دا جێگای داخە ئەمەیە کە بەشێک لە ڕێکخراو و پارتە سیاسیە کوردیەکان پشتیوانی خۆیان لە گرووپی سەوز ڕاگەیاند، هەر وەک باشیش دەزانن کە لە سەردەمی خاتەمی دا ئەو بڕە ئازادیە کە درا بەشی کوردی تێدا نەبوو و بەڵکە کوردستان میلیتاریزە بووە و جەوی خەفەقان هەر دەم لە کەوردستاندا جێگیر بووە و لە چاو سیاسەتوانانی کۆماری ئیسلامیەوە کوردستان شوێنی بێدەنگ کردنی ناوچەکانی تری ئێران بووە، واتا هەر دەم کوردستان سەرکوت کراوە بۆ ئەوە ناچەکانی تری ئێران وانە لەم سەرکوتکردنە وەربگرن و چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی کوردیان لە سێدارە داوە و ڕێپێوانی خەڵکیان بە خوێندا کێشاوە وکاسبکارانی سنووریان نەک هەرکوشتووە بگرە هێستر و ئەسپەکەشان بەهەمان چارەنووسدا بردووە و ئەوەش دەبینین کە چۆن دارستانەکانی کوردستان دەسوتێنن. هەروەها ئەم پارت و ڕێکخراوە کوردیانە کە پشتیوانیان لە گرووپی سەوز کرد ئەزموونی سەرتاکانی دەسپێکی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیان هەیە بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا هندێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو پارتانە بڕیارەیان دابوو کە ئەگەر ئیجازەیان پێبدەن دەچن لە شانۆی هەڵبژاردندا بەشداری دەکەن، لە لایەکی تریشەوە خۆیان بە درێژەدەری ڕێگای ئەو سەرکردانە دەزانن کە بە دەستی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئۆرووپای ترۆرکران ولەو لاشەوە دەیانهەویت لە گەڵ ئەو ڕژیمە دا بکەونە دیالۆگ و گفتگووەوە، کە دەزانن فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ فەلسەفەی ئەساسنامەی ئەماندادا ناگونجێت، وە ئەو بەند ومادانەی کە ئەمان باسیدەکەن لەیاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا هەیە و ئەگەر پێویست بکات کۆماری ئیسلامی خۆی دەیخاتە بواری جیبەجێکردنەوە. لێرە دایە پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئایا بەڕاستی کاتی ئەوە نەهاتووە لە خۆمان بپرسین تاکەی گەشە بە شۆرشی ئاخوندان و کۆمۆنیستان بدەین.
ئایا بە ڕاستی ئەم پارت وڕێکخراوانە باوەڕیان وایە کە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانرێت پرسی کورد چارەسەری سیاسی بۆ بدۆزرێتەوە، بە لە بەر چاو گرتنی ئەو ئەزموونە تاڵەی کە لە ماوەی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەسەر کورددا هاتووە? مێژوو نیشانی داوە کە ئەو گرووپ و لایەنانە کە پێڕەوی لە ئیدۆلۆژیە مەزهەبی و سیاسەکان دەکەن ناتوانرێت ئیسلاح و ڕێفۆرم بکرێن یان دەبێت هەڵوەشێن یان دەبێت وەک خۆیان بمێننەوە چونکوو فەلسەفەی سەرچاوەیان لە ئیدۆلۆژیەکی تاییبەت وەرگرتووە، بۆ نموونە ڕژیمی بەعسی زاڵ بە سەر عێراق دەیزانی کە دەڕۆخێت بەڵام ئامادە نەبوو هیچ گۆڕانکاری لە خۆی دا بکات یان مێژووی پارتە کۆمۆنیستەکان ئەگەر وەبیری خۆمان بهێنینەوە ئەو کات دەبین کە هیچکام لەو پارت و ڕیکخراوانە کە پێڕەوی لە ئیدۆلۆژییەکی تاییبەتی دەکەن نەیانتوانیوە ئیسلاحات و ڕێفۆرم لە خۆیاندا پێک بهێنن، و لە ئاکامدا یان هەڵوەشاون یان لەلایەن هێزی خەڵک یان هێزێکی سیاسی نیزامیەوە ڕۆخاون. ئێمە وەک کورد دەبێت باش ئەوەبزانین کە کۆماری ئیسلامی پێڕەوی لە ئیدۆلۆژیەکی مەزهەبی دەکات کە بیر وهزری کۆمەڵە کەسێکی بەسەردا زاڵەکە خۆیان بەنێوێنەری خودا لە سەر گۆی زەوی دادەنێن و هیچ باوەڕێکیان بە بەها نەتەویی و ئینسانییەکانی نەتەوەی کوردیان نییە. هەروەها ئەوان زۆر چاک دەزانن کە کورد بووەتە هۆی ئەوە کە نەتەوەکانی ژێر دەستی ئێران لە باری داواکاریەکانی وەک مافی نەتەوایەتی چالاک بکرێنەوە و ئەوانیش ئاوێتەی خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بکرێن، من پێم وایە کۆماری ئیسلامی ئەگەر لە فەلسەفەی پێدانی مافی نەتەوایەتی لە گەڵ نەتەوەکانی تری ئێران دا دیالۆگ ساز بکات ، بەڵام ئامادە نابێت کە لە گەڵ کورد دا ئەو دانیشتنە بکات، وە ئەگەر ڕۆژیک هاتە پێش کە کۆماری ئیسلامی داوای دانیشتن و دیالۆگی لە کورد کرد ئاوا ئامانجیکی تاییبەتی لە پشتەوەیە و هیچ کات بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەی سیاسی پرسی کورد ئەو هەنگاوە هەڵناهێنێتەوە. بە بۆچونی من گرووپی سەوز و ئەو گرووپانەی تر کە لەوانیە لە ڕۆژگارێک دا لە نێو کۆماری ئیسلامی دا پێک بێین، ویستەکانی گەلی کورد لە بەر چاو ناگرن و بە یەک چاو و بە یەک تاکتیکی سیاسی لە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەڕوانن، کەواتا باشتر وایە کە ئێمە وەک کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا خەباتی خۆمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دابینکردنی مافی نەتەوایەتی درێژە پێبدەین و خوێن لاوی کورد بۆ یاری و کایەی سیاسی گرووپەکانی نێو کۆماری ئیسلامی نەڕژێنین وخەباتی خۆمان تێکەڵ بەو کایە سیاسیە نەکەین کە ئامانجی خەڵک هێنانە سەر شانۆ و بەر کامێراکانە بۆ ئەوە هێزی خۆیان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا نیشان بدەن. پرسی کورد بە خەباتی بێوچانی ڕۆڵەکانی ئەم گەلە لە نێو بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی دا پێک دێت کە ماف وجێگەی هەموو پارت و ڕێکخراوێک دیار بێت و هیچ پارت و ڕێکخراوێکیش بۆچوەکانی خۆی بەسەر لایەنێکی تردا نەسەپێنێت و بەڵکوو بە فرەگەرایی وپێکهێنای سیستمێکی پلۆرالیستی بەرهەمی خەبات وتێکۆشانی نەتەوایەتی کورد مسۆگەر بکەن.
2010-10-18 11:00:32
15 ساڵ و 4 مانگ و 16 کاتژمێر و 37 خولهک ، پێش بڵاوکراهوهتهوه
ناوهرۆکی ئهم نووسینه ڕاو تێبینی نووسهره، ماڵپهڕی پ.س.ک هیچ لێی بهرپرسیار نییه
تاگ : دهنگوباسهکان