شه‌ممه‌ 2 ره‌شه‌مه 2725

وڵامێک بۆ کورش هەیبەتی و ئەوجۆرە بۆچونانە کە هیچ بەرپرسیاریێتیێکی نەتەوەیی تێدا بەدیناکرێن

هاشم موحەممەدی
وڵامێک بۆ کورش هەیبەتی و ئەوجۆرە بۆچونانە کە هیچ بەرپرسیاریێتیێکی نەتەوەیی تێدا بەدیناکرێن

زۆر پێم سەیرە کە ئاوا باس لە کرماشان دەکەیت، لەوە دڵنیام کە هیچ زانیاریەکی ژئۆپلۆتیکی، سیاسی و کەلتووریت لە بارەی کرماشانەوە پێ نییە، چونکو ئەگەر زانیاریەکت هەبوایە بەو شێوەیە باسی کرماشانت نەدەکرد.

ئەم بابەتە یەکەم جار لە ڕۆژهەڵاتتەیمس بڵاوکراوەتەوە.

وڵامێک بۆ کورش هەیبەتی و ئەوجۆرە بۆچونانە کە هیچ بەرپرسیاریێتیێکی نەتەوەیی تێدا بەدیناکرێن

هاشم موحەممەدی

یەکخستنی گوتارە سیاسی و مەدەنیەکان دەتوانێت لە سەرخستنی نەتەوەیەکی ژێردەست بۆ قۆناغە سەرەتاییەکانی خەباتی نەتەوایەتی لە پێکهێنانی چمکی دەوڵەت، نەتەوە یان، نەتەوە دەوڵەت لە سەر ئەساسی زمان، مێژوو، کەلتور، فەرهەنگ و داب ونەریت کار ساز وشوێندانەر بێت وببێتە هەوێنی خەباتێکی گشتگیر بۆ ڕزگاری نەتەوەیەکی ژێردەست لە ژێر سیستمێکی دیکتاتور وفاشیست کە هەوڵ بۆ تواندنەوە وئاسیمیلەکردنی کورد دەدات، نەک ئاڵۆزی گوتار و ڕوانگەی نا سیاسی چەقیو لە نێو کەلتوری سەدەکانی نێوەڕاست و لە بۆچونی دۆگمای حیزبایەتی هەوڵ بۆ ڕەشکردنی کەسایەتییەکی سیاسی کە لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری دا پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هێزی هەیە.
هەر لە سەرەتایی قسەکانیدا و بە هۆی ئەوە کە شارەزاییەکی سیاسی، ژئۆپلۆتیکی نییە و ئاگاداری ئەو کۆڵەکەو بنەمایانە نییە کە لەپێکهێنانی ئابووریەکی بەهێز دا یارمەتیدەرن، دەستیکردووە بە ناشیرین کردنی کەسایەتی بەڕێز کاک عارف باوەجانی و دەڵێت ئەو بەڕێزە لە کوێوە فێری سیاسەت بووە? منیش لە وڵامدا دەڵێم کاک عارف وێرای ئەوەی چەند ساڵ لە کوردستان لەتەمەنی تازە لاوێتییەوەبە شاخەوە بووەو چەکی پێشمەرگایەتی لە شانکردوە، هەر لە شاخەوە لە سەر خاکە داگیرکراوەکەی گشت لاپەرەی رۆژنامەکانی دەرازاندەوە کە وێدەچێت لەو کاتانەدا تۆ لە گروگاڵدا بووبیت، ناوبراو بنەماڵەی ٢ شەهیدی ڕێبازی نەتەوەییە. هەروەها بەڕێزیان لە نێو کۆمەڵگای ئۆرووپادا وپاش چەندین ساڵ کارکرن لە گەڵ چەند پارتێک و ڕێخکراوێکی ئۆرووپی ونەرویژیدا فێری سیاسەت بووە، من لە نزیکەوە بەڕێزیان دەناسم و دەزانم ئەندامی چەندین ڕێکخراوی گرنگی جیهانییە کە بەڕاستی لە هەر کۆبوونەوەیەکی ئەو ڕێکخراوانە کۆڵێک زانست بە دەستدێنیت، بەڵام جەنابت تاکوو ئیستا لە کوێ بوویت کە ئاگاداری هەلومەرجی کوردستان و بە تاییبەت دەڤەری کرماشان نیت، کە نوسینەکەت لە خزمەت بەرژەوەنی دووژمنی نەتەوەکەماندایە.
کرماشان گەورەترین شاری هەر چوارپارچەی کوردستانە کە نزیک بەچوار میلیۆن خەڵک تێیدا دەژین، هەروەها سامانی نەتەوەیی ژێر زەوی وەک نەوت و گازی هەیە کە دەتوانێت لە سەرخستنی ئابووریەکی بە هێز یارمەتی دەربێت وبتوانێت داهاتوی نەتەوەکەمان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی مسۆگەر بکات. لەوەش بە هێزتر ئەوەیە کە خاک وئاویێکی زۆر بە پیتی هەیە کە چەند دەرسەد لە گەنمی ئێران لەوێوە دابین دەکرێت و دەنێرێتە ناوچەکانیتر، و دەشتی ناوداری مایەشت لەم لە پارێزگا کوردیەدا هەلکەوتووە. ئەم خاڵانەی کە بە کورتی باسم کردن لە باری ژئۆپلۆتیکیەوە دەتوانێت جێگای پەسەندی کەسێکی جۆگرافیزان و پلاندانەر بێت، هەروەها لە باری ژئۆپلۆتیکیشەوە بۆ دانانی کرماشان وەک پێتەختی کوردستان زۆر گونجاوە لە بەر ئەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێی کرد.
لەم سەردەمەدا ئەگەر چاو لە زۆربەی وڵاتان بکەین، دەبینین کە شار و ناوچەیەکیان وەک پێتەخت هەلبژاردووە کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی لە هەموو شارەکانی ئەو وڵاتە زۆرترە و لە ناچەیەکی حەساسی سیاسی و ژئۆپلۆتیکیەوە بێت کە لە باری داهاتەوە پێگەی ئابووریەکی بە هێزی لە ناوچەکەدا هەبێت، وەک تاکە نموونەیەکی بەرچاو با باسی ئورشەلیم قودسی ئیسرائیل بکەین.
ئێمە دەبێت گرنگی بە پارێزگای کرماشان بدەین وهەوڵ بۆ ئەوە بخەینە گەڕ کە کرماشان لە سیاسەتی ئاسمیلە کردن و شۆردنەوەی کەلتور و زمانی نەتەوایەتیمان ئاگادا بکەینەوە و ئەوان لەو درزە سیاسی و مەزهەبییە کە کۆماری ئیسلامی پێکیهێناوە بۆ دوور خستنەوەی کرماشان لە کوردەوە تێکبشکێنین، نەک بە هەڵسوکەوتی نا نەتەوەیی و نا سیاسی و عەوامانە یارمەتیدەری ئەو سیاسەتە گڵاوەی کۆماری ئیسلامی بین.
ئێمە دەبێت لەم قۆناغەدا گرنگی وئیستراتیژیکی نەتەوەیمان بخینە سەر ئەو شوێن و ناوچانە کوردیانە کە کۆماری ئیسلامی سیاسەتی چڵکنی خۆی تێدا جێبەجێ دەکات، ئەگەر لە بیرمان بێت بەڕێز ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٢ دا وتی من گرنگی بە قوونیا دەدەم و خەڵکی قوونیا بۆ من گرنگن تا خەڵکی ئامێد، دەرسیم و شێرناخ، بۆ چی? لە بەر ئەوە کە توورک زۆرتر کار لە سەر خەڵکی قوونیا دەکەن بۆ شۆردنەوەی زمان و کەلتوو، و بە کارهێنانی ئەوان بۆ لە نێو بردنی شۆڕشی کوردی لە ئامێد و شێرناخ.
زۆر پێم سەیرە کە ئاوا باس لە کرماشان دەکەیت، لەوە دڵنیام کە هیچ زانیاریەکی ژئۆپلۆتیکی، سیاسی و کەلتووریت لە بارەی کرماشانەوە پێ نییە، چونکو ئەگەر زانیاریەکت هەبوایە بەو شێوەیە باسی کرماشانت نەدەکرد.
ئەو کەلتوورەی کە لە نێو مێشکی جەنابت و هاوبیرانی وەک جەنابتدا جێگیرە مەترسیدارە نەک ئەو گوتارە نەتەوەیی و سیاسیانەی عارف باوەجانی، بەڕێزیان باوەڕی بە پلۆرالیسمی سیاسی و ڕەنگاوڕەنگی گوتار و بێر و ڕای جیاواز هەیە، و هەوڵ بۆ جێگیر بوونی سیستمیکی پلۆرالیستی و جێکەوتنی کەلتووری نەتەوەی لە نیو کۆمەڵەگای کوردەواری دەدات کە ببێتە هزر و ئەندیشەی نێو مێشکی لاوەکان کە لە پێکهێنانی دواڕۆژ و داهاتووێکی جوان بۆ نەتەوەی کورد شوێندانەر بێت.
لەم سەردەمەدا کە ئێمە وەک نەتەوەی کورد جارێک قۆناغە سەرەتاییەکانی ڕزگاری نەتەوەییمان تێپەڕ نەکردووە، دەبێت پارێزگاری لە کەلتوور و زمانی نەتەوایەتیمان بکەین و ئەو ناچانە کوردیانە کە بۆ کۆماری ئیسلامی گرنگن لە سیستمی ئاسیمیلاسیۆن کردن بپارێزین وپشتی ئە و گوتارە نەتەوەی و سیاسییانە بگرین کە نەتەوەکەمان ئاگەدار دەکەنەوە لە مەڕ ئەو سیاسەتەی ڕژیمەکانی زاڵ بە سەر ئێراندا، نەک بە دەربڕینی ئەو جۆرە بۆچەنانە خزمەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین وخەڵکی ئەو ناوچانە لە خۆمان دوور بخەینەوە.
مێژووی کرماشان نیشانیداوە کە خەڵکی ئەم ناچەیە هەردەم بەشێکی گرنگ لە خەباتی نەتەوەی کورد لە دژی داگیرکەرانیان پێک هێناوە، هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی خەڵکی ئەم ناوچەیە لە خرابترین شێوە کەڵک وەردەگرێت و سیاسەتی بڵاو کردنەوەی مەوادی موخەدر لە کرماشان پەرە پێدەدات، چونکو دەزانێت ئه‌م جۆره‌ ماده‌یه‌ وه‌ک چه‌کێک وایه‌ که‌ که‌س ده‌نگی نابیسێت، به‌ڵام ناخی کۆمه‌ڵ ده‌سوتێنێت و ده‌بێته‌ هۆی به‌رز بوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی بێکاری ، ئه‌وکاته‌ش که‌ بێکاری زۆر بوو ‌هێزی کاری کۆمه‌ڵگا لاواز ده‌بێت و هێدی هێدی فه‌قر له‌ ناو کۆمه‌ڵدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و له‌م ساته‌ وه‌خته‌دا کار ده‌کاته‌ سه‌ر گه‌شه‌ی ئابووری و که‌لتوری کۆمه‌ڵگا، له‌ هه‌ر شوێنێکدا چه‌نده‌ به‌کار هێنه‌ری ئه‌م ماده‌یه‌ بوونی هه‌بێت ئه‌وه‌نده‌س له‌ هێزی کاری کۆمه‌ڵگا که‌م ده‌بێته‌وه و لە ئاکامدا ده‌بێته‌ هۆی داڕمانی گه‌شه‌ی ئابووری وفه‌رهه‌نگی، وه‌کۆمەڵگە له‌و گه‌شه‌سه‌ندنەی ئابووری و که‌لتوریانه‌ ده‌که‌وێت که‌ ده‌بنه‌ هۆی پێشکەوتنی زمان، کەلتوور و نەتەوە و سیستمی ئاسیمیلاسیۆن جێبەجێ دەبێت، چونکە کۆمەڵەکە ملکەچی داخوازیەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت، بەواتا کۆماری ئیسلامی دەیهەوێت خەڵکی کرماشان لەو بۆچونەی تۆ ئاگادار بکاتەوە کە کوردە سورانیەکان سەبارەت بە ئێوە بۆچونێکی جیاوازیان هەیە و ئێوە بە کورد نازانن، بەڵام من خەڵکی کرماشان زۆر لە تۆ و هاوبیرانی وەک تۆ بە کوردتر دەزانم و قەد ناتوانم خەڵکی ئەو ناوچەیە لە گەڵ بەڕێززتاندا هەڵسەنگێنم و پیم وایە خەڵکی کرماشان ئەوەندە مەترسیان هەیە بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ شۆردنەوەی کەلتووری کورد لەو ناوچانە دەدات، بۆچوونی من وایە کە ئەو هزرەی کە لە نێو مێشکی کەسێکی بە ناو کوردی وەک تۆدا جێکەوتووە لەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بەهێزترە و شوێندانەرترە لە مەڕ کوردستانیبوونی ئەو شارە.
لەم بەشە لە قسەکانیدا باسی کۆمەڵەو حیزبی دیموکراتی کردووە، بەڵام نازانم باسی لە کام کۆمەڵەو کام حیزبی دیموکراتی کردووە، ئیستا لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان چەند کۆمەڵەیەک و دوو حیزبی دیموکرات بوونیان هەیە، وە لە باری سیاسیەوە هەر وەک لە سەرەوە باسم کردووە بەڕێز کاک عارف باوەڕی بە بوونی فرە حیزبی و بیر و ڕای جیاواز هەیە و ئەو کولتورەش بە شتێکی باش و پیرۆز بۆ کوردستان دەزانێت.
سەبارەت بە بوونی دەسەڵات و دەسەڵات بە دەستەوەگرتن لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، ئەوە خەڵکی کوردستانن کە بڕیار دەرن سیاسی دەبن، نەک حیزب و ڕێکخراوە سیاسیەکان، بەڵام هەموو پارتێکی سیاسی لە هەڵبژاردنێکی پەڕلەمانی ئازاد لە کوردستان دا جێپێ و بوونی خۆی نیشاندەدات ، من لێرەدا وڵامی ئێوە وەک کورش هەیبەتی نادەمەوە، بەڵکوو ئەمە وڵامێکە بۆ ئەو جۆرە بیر وبۆچونە دواکەوتو و کوێرانەیە کە سەدەکانی نێوەڕاست وە بیرمان دەهێنێتەوە و دەیهەوێت کە کۆمەڵگا بخاتە ژێر ڕێکیفی خۆیەوە، بەڵێنی دەدەم کە تەنیا حکومەتی ئیسلامی ئێران ئەو بۆچوەنەی جەنابتیان هەیە، وە هەر لایەنێک باوەڕی بە ئەو فەرهەنگە هەبێت دوا دەکەوێت و ناتوانێت بیروڕای کۆمەڵانی خەلکی کوردستان بۆ لای خۆی ڕابکێشێت، و لە سیستمی بە جیهانیبووبون و گلۆبالیزمی کەلتووری دیموکراتییەت بە جێدەمێنیت و لە ئاکامدا هەڵدەوەشێت.
سەبارەت بە ئەم بەشە لە قسەکانت کە پێتوایە ئەوە کۆمەڵە و دیموکراتن کە پێتەخت دیاریدەکەن، دەڵێم کە کۆمەڵە و دیموکرات ناتوانن بڕێاردەری ئەوە بن کە کام شاری کوردستان بۆ پێتەخت گونجاوە، بەڵکوو ئەوە پلاندانێران، ژئۆپۆتیکزانان و جۆگرافیناسانن کە بڕیار دەدەن کام شار لە باری سیاسی و ئابووریەوە لە بارە بۆ دانانی وەک پیتەخت، باشتر وایە کە کەمێک زانیاری سەبارەت بە ئەو خاڵانە کۆ بکەیتەوە کە بۆ پێتەختکردنی شارێک یارمەتیدەرن.
بە ڕاستی لە هەر باێکەوە کە چاو لە نوسینەکەت دەکەم، زۆرتر لەوە دڵنیا دەبم کە هیچ زانیاری سیاسی، کەلتوریت لە مەڕ ئەو پرسانە پێنیە کە باست کردوون، بەڕێز ئەوەخەڵکن کە بڕیار دەدەن کە کام ڕیکخراو لە گۆڕەپانی سیاسیدا بەشدار بێت و خزمەت بە گەڵ و نیشتیمان بکات، ئەوە لە توانای پارتە سیاسەکاندا نییە کە بایکوتی هیچ ڕێکخراوێک بکەن.
هەستی ناسیۆنالیستی ونەتەوەیی بوون بۆ کاک عارف و هاوبیرانی کاک عارف زۆر پیرۆزە و پێمان وایە ئەو کەسانە کە نەتەوەیی نەبن لەم قۆناغە دا کە بزاڤی نەتەوایەتیمان تێداتێپەڕ دەبێت هەڵەیە وئەگەر زانیاریت لە مەڕ پرسی نەتەوە ودەوڵەت هەبوایە بەو شێوەیە بیرت دەکردەوە کە خەباتی نەتەوایەتی لە سەر ئەساسی زمان، سیپاڵ، کەلتور و فەرهەنگ دەبێت بۆ گەتشتن بە ئامانجە سیاسی وکەلتورییە میللەکان.
پارتی سەربەستی کوردستان ئاڵا هەڵگری بیری نەتەوەییە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەوە هزرە لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و تازە پێگەیشتوان و لاوەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێم کە جوانترین تاییبەتمەندی کاک عارف ئەوەیە کە لە کاتی گوتارداندا بە بیر و ڕایەکی ئازاد کە لە ناخێکی نەتەوەیی وباوەڕ بە بیر وبۆچونە جۆربەجۆرەکان کە ئەوەش پێداگیری لە سەر ئەساسی کەلتوری دیموکراسی جێکەوتو لە ئیمان وباوەڕەکانی ئەو دایە، و لە هەمان کاتیشدا تاکبڕیاری لە نێو کەلتور و هزری کاک عارفدا جێگەی نابیتەوە و تاکتیک و ئیستراتیژیەکان بە پێی هەلومەرج و کاتوسات لە بەرژەوەندی گەلی کوردا لە نێو هزری بەڕێزیان ئاڵوگۆڕی بە سەردا دێت. لە نوسینەکەتدا دیارە کە توانای بەرپرسیارێتیی لە مەڕ نەتەوەکەت نییە، یان لە بەر پرسایەتی نەتەوەی هیچ تێناگەیت.



2010-10-28 22:56:43

15 ساڵ و 3 مانگ و 4 کاتژمێر و 39 خوله‌ک ، پێش بڵاوکراه‌وه‌ته‌وه‌
ناوه‌رۆکی ئه‌م نووسینه‌ ڕاو تێبینی نووسه‌ره، ماڵپه‌ڕی پ.س.ک هیچ لێی به‌رپرسیار نییه
تاگ : ده‌نگوباسه‌کان
هه‌واڵه‌کان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان
ناوەندی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری پارتی سەربەستیی کوردستان

پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ©