ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین که ته‌نیا بیر له‌وه‌بکه‌ینه‌وه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا یه‌ک وڵاتمان هه‌بێت، بابیریش له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر4 وڵاتمان هه‌بێت، با 4 له‌شکری پوخته‌ی کوردستانیمان هه‌بێت و خاوه‌نی 4 کوردی بین له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کا
پرسياره‌کان :

- پارتى سه‌ربه‌ستى کوردستان پارتێکى نه‌ته‌وه‌ييه وکار بۆ سه‌ربه‌خۆيى کوردستان ده‌کات به برواى ئێوه تاچه‌ند له‌گه‌ڵ بارودۆخى ئێستاى کوردستان وبه تايبه‌تيش کوردستانى رۆژهه‌لات يه‌کده‌گرێته‌وه?
وڵام : سه‌ره‌تا منیش سوپاستان ده‌که‌م که ئێوه‌ی لاوان و نه‌وه‌ی دوارۆژی سه‌رپه‌ره‌ستی وڵاته‌که‌مان منتان وه‌سه‌رکردوه‌ته‌وه، ئه‌م دیمانه‌یه بۆ گۆڤار وسایته‌کانتان پێکدێنن.
ئه‌گه‌ر بێت وچاوه‌ڕێێ ره‌زامه‌ندی ده‌ورو به‌رمان بین و یا چاوه‌ڕوانی ڕۆژێک بین که گوایا هه‌لومه‌رج به گونجاو بزانین ئه‌وا هه‌رگیز ئه‌و هه‌له بۆداواکردنی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان کاتی نییه‌وناشبێت. من هه‌میشه وتوومه ده‌بێت ئێمه‌ی کورد به فشاره سیاسی ودیپلوماتییه‌کانمان کاری وابکه‌ین که کاته‌که له ئاست جیهاندا بگونجێنن. سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌شتان که ئایا داواکردنی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ بارودوخی ئیستا له کوردستان یا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ ئه‌م ویسته یه‌کده‌گرێته‌وه.
ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه بزانین که هه‌ر به‌شیکی ئه‌م وڵاته داگیرکراوه‌مان به هۆی شێوه‌ی داگیرکرانییه‌وه تایبه‌تی مه‌ندی خۆیی هه‌یه. ئیستا بۆنموونه له‌باشوری کوردستان پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کۆسپه‌کانی زۆر به‌رچاون به‌م هۆیانه‌ی خواره‌وه. گه‌لی کورد یه‌که‌م گه‌له که خاکی له‌لایه‌ن ئێراقه‌وه داگیرکراوه، پاشان به‌ده‌یان ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی له‌ناوچه‌که‌دا هه‌ن خۆیانن وبه‌شێک له‌ده‌نگی کورسییه‌کانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیان به ده‌سته‌وه‌یه، ئه‌وانیش پێێان ناخۆشه وڵاتێکی عه‌ره‌بی به‌ره‌و لاوازی بروات و ئه‌و ئابورییه‌ی کوردستان که سه‌دان ساڵه لێێ ده‌خۆن لێیان دوورکه‌وێته‌وه. من ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر له ئێراقدا چه‌ند گه‌ڵیکی مه‌زنی وه‌ک کورد له پاش پرۆسه‌ی ئازادی ئێراق له ناوچه‌که‌دا بایه‌ن به دڵنیایه‌وه داوای سه‌ربه‌خۆییان به‌رزده‌کرده‌وه، ئه‌و کاتیش بۆ کورد له باشور زۆر ئاسان ده‌بوو. له ڕۆژهه‌ڵات زۆر پێچه‌وانه‌ی گشت به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانه. له‌و وڵاته‌ی که ئیستا پێی ده‌وترێت ئێران، خاک و زێدی4 نه‌ته‌وه‌یی دیکه‌شیان داگیرکردوه بێجگه له خاکی کوردستان، به کورده‌وه ئه‌و 5 نه‌ته‌وه هه‌موو بێزارن له ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌زاران ساڵه‌ی داگیرکاری ئێران به ناو ناتۆره‌ی جیاوازه‌وه له مێژوودا. به دڵنیایه‌وه هه‌ر کاتێک ڕێژیمی ئیستای ئێران تێک بچێت مه‌سه‌له‌ی سه‌ربه‌خۆیی گه‌لانی بنده‌ست ده‌بێته رۆژه‌فی سه‌ره‌کی، و ئه‌و شه‌پۆله مه‌زنه‌ش به هیچ هێزێکی فارسی ئێرانی وده‌ره‌کیش به‌ری پێناگیرێت، شایه‌ت بۆ هێورکردنه‌وه‌ی توند وتیژییه‌کان نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کان ته‌نیا له سه‌ره‌تاوه کۆنفیدراڵیان لاپه‌سه‌ند بێت، ده‌نا جارێکی دیکه فریوی مێژوویی ده‌سه‌ڵاتدارێتی فارس ناخۆنه‌وه.
- ماوه‌يه‌کى زۆرى ته‌مه‌نت له ئۆردوگاى زۆره‌ملێ و له ژێر زوڵم و زۆرى رژێمه‌کانى ئێران و عێراق ژياوى ئايا ئه‌مه هۆکارى سه‌ره‌کى سه‌ربه‌خۆخوازى ئێوه نيه?
وڵام : بێگومان که‌سێکی وه‌ک من که چاوم کردوه‌ته‌وه‌و هه‌ستم به بوونی خۆم کردوه تائیستاشی له‌گه‌ڵ بێت له ئاواره‌یی و ئۆردوگانشینی ژیانم تێپه‌رکردوه، ئه‌مانه‌ش ڕوونن که هه‌مووی نه‌بوونی بێوڵاتییه. ئه‌و که‌سانه‌ی که زیاتر هه‌ست به بێ‌وڵاتی ده‌که‌ن وخه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی په‌سه‌ند ده‌که‌ن، زیاتر ئه‌و که‌سانه‌ن که له ده‌ربه‌ده‌ریدان. به‌ڵام وڵاتی ئێمه به هه‌موو چین و تۆێژ و پێکهاته‌یه‌که‌وه داگیرکراوه و پێویستی به خه‌باتی جه‌ماوه‌ری و دیپلوماتییه به شێوه‌یه‌کی یه‌کگرتوویی بۆ رزگاری وڵاته داگیرکراوه‌که‌مان.
- ماوه‌يه‌کى زۆر له ريزه‌کانى حيزبى ديموکراتى کوردستان پێشمه‌رگه بووى هۆکارى هاتنه ده‌ره‌وه‌ت له حيزب و دامه‌زراندنى پارتى سه‌ربه‌ستى کوردستان چى بوو?.
وڵام: هۆکاری نه‌بوونی ستراتیژی سه‌ربه‌خۆیی بۆ کوردستان بوو، من هه‌میشه شانازی به‌و کاتانه‌وه ده‌که‌م که‌ئه‌ندامی حیزبی دیمۆکرات یا پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و حیزبه بووم، سه‌رده‌مانی ته‌مه‌نی مێرمنداڵ وسه‌ره‌تایی لاوێتیم له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نه بووه. مرۆڤ که ئه‌زموون زیاد په‌یدا ده‌کات زیاتر جێی و هزری خۆی ده‌بینێته‌وه، منیش ساڵ به‌ساڵ هه‌ستم ده‌کردکه شێوه‌ی بیرکردنه‌وی من بۆ خه‌بات له کوردستان له‌نێۆ ئه‌وحیزبه‌دانه‌ماوه، بۆیه به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی وئوسووڵی له‌ڕێگه‌ی نووسراوه‌یه‌کی تایبه‌ته‌وه بۆ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه له زستانی ساڵی 2005 ماڵئاواییم کرد وبریارمدا سه‌نگه‌ری خه‌باتم بگوازمه‌وه نێۆ پارتێکی تایبه‌ت بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان. ده‌مه‌وێ ئه‌وه بڵێم که هزری دروستکردنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له ساڵی 2003 لای من چرۆی کردبوو، به‌ڵام پێموابوو که ده‌بێت زیاتر چاوه‌ڕێبکه‌م به‌شکو له پارته‌کانی رۆژهه‌ڵات گۆرانکاری دروستبێت وخه‌بات به‌ره‌سه‌ربه‌خۆیی په‌ره‌ی پێبدرێت وپێویست به‌دامه‌زراندنی پارتێکی له‌و بواره‌دا نه‌کات. به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ی دیتمان که ئه‌وانه‌ش و تۆزێک باسیان له سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرد چه‌ند هه‌نگاوێک کشانه‌وه دواوه، ئیدی پێمان وابوو چاوه‌ڕێکردن که‌ڵکی نییه، هه‌رچه‌ند که ئاماده‌ی ته‌واویشمان نه‌بوو به‌ڵام له 17-2-2006 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوبیرێکی دیکه‌م دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان‌مان ڕاگه‌یاند. که به‌خۆشییه‌وه ئیستا له ئاستێکی زۆر باشدایه.
- هۆکارى په‌رتبوون و لاوازى پارته کوردييه‌کانى رۆژهه‌لاتى کوردستان له‌چيدا ده‌بينى?
وڵام: له نێۆ زۆربه‌ی ڕێکخراوه‌کانی جیهاندا ئه‌گه‌ر له‌تبوون له‌حیزبێکدا سه‌رهه‌ڵده‌دا هۆکاری سیاسی هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له کوردستان هه‌مووی له سه‌ر یه‌ک قه‌بووڵنه‌کردن و شتی لاوه‌کی رووده‌دات. ئه‌وه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان رروییداوه هه‌مووی له‌و ئاسته‌دابووه، هه‌موو خۆی به‌ستووه به کورسییه‌وه وبه‌رینادات و قسه‌ی به‌رامبه‌ره‌که‌ی قه‌بووڵ نییه. به‌داخه‌وه ئه‌وانه خۆیان وده‌سه‌ڵاتیان زۆر لاگرنگتر بوو له‌وه‌ی که بزووتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵات کز ده‌بێت یا نابێت.
- ماوه‌يه‌ک له پارتێکى نه‌رويجى کارتکردووه وهه‌ر له‌و پارته‌دا گه‌يشتويته ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى ئۆسلۆ, ئه‌زمونى ئاواره‌يى ئۆردوگاى ئه‌ڵتاش ولێپرسراوێتى له ولاتێکى خاوه‌ن سيسته‌مى حوکمرانى وه‌کو نه‌رويج چ کاريگه‌رييه‌کى له سه‌ر که‌سايه‌تيتان هه‌بووه?
وڵام: بۆ زۆربه‌ی کورده‌کانی نۆ‌رویژ و زۆر له وڵاتانی ئوروپایی ئاشکرایه که من له‌یه‌که‌م حه‌فته‌ی گه‌یشتنم به ئوروپا تا ئیستاش که 13 ساڵی به سه‌ردا تێده‌په‌رێت به‌رده‌وام بووم له خزمه‌تکردن به دۆزی گه‌له‌که‌مه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی که بتوانم زیاتر خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌که‌م بکه‌م چوومه ڕیزی یه‌کێک له حیزبه نۆرویژییه‌کان، له‌وێشه‌وه توانیم به هۆی چالاکی زۆرم سه‌رنجی ئه‌و حیزبه راکێشم که بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی شاره‌وانی ئۆسلۆی پایته‌خت کاندیدم بکه‌ن، که توانیم له‌سالی 2003 تا2007 سه‌رکه‌وتن به ده‌ستبێنم، وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆ‌رویژ درێژه به کاره‌کانم بده‌م، له‌وڕێگه‌شه‌وه توانیم دۆستانێکی زۆر بۆلای گه‌له‌که‌م ڕاکێشم وچه‌ندین په‌رله‌مانتار وده‌سه‌ڵاتداری نۆرویژی هانبده‌م له کێشه‌ی کورد چالاکبن، که به‌شێکیشیان سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانیان کردوه. ده‌توانم بڵێم ئه‌زموونێکی زۆر باشیان لێفێربووم، به‌شێک له‌و ئه‌زموونانه هانده‌رم بوون بۆ دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان.
عارف باوه‌جانی سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان له دیمانه‌یه‌کی تایبه‌ت به لاوان نێت.....ديمانه : کامه‌ران غه‌ریب
- بۆچى پارتى سه‌ربه‌ستى ? سه‌ربه‌ستى چ واتايه‌کى لاى به‌رێزتان هه‌يه?
وڵام : سه‌ربه‌ستیی به‌و مانایه‌ی له ژیانی سیاسی وکۆمه‌ڵایه‌تی وژیانی رۆژانه‌ی گه‌له‌که‌مان که‌س حوکمان به‌سه‌ردا نه‌کات وخۆمان سه‌ربه‌ست وسه‌رفرازبین، خۆمان بریاربده‌ین که چۆن بژین وچۆن بریار بده‌ین. که‌س له‌گه‌لانی دیکه براگه‌وره‌و ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بێت به‌سه‌رمانا. چیده‌یکه کزۆڵ وبنده‌ستاین نه‌بین.
- برواتان به خه‌باتى چه‌کدارى نيه ئايا پێتان وايه ده‌توانن له گه‌ڵ رێژێمێکى وه‌کو ئێران به‌م شێوازه خه‌باته بگه‌نه ئامانج?
وڵام: ئێمه نه‌مان وتووه که‌باوه‌رمان به خه‌باتی چه‌کداری نییه، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی جه‌باتی چه‌کداری له‌م سه‌رده‌مه‌دا و به چه‌ند هۆیه‌که‌وه بۆئێمه به گونجاوی نازانین. پێمان وایه به‌خه‌باتی چه‌کداریش ناتوانین له‌م سه‌رده‌مه‌دا به هیچ ئامانجێک بگه‌ین. چوون ئێران ڕێژیمێک نییه به کوشتنی که‌سانێک له هێزه‌که‌ی به‌داخ وکه‌سه‌ر بێت وملکه‌چی داواکارییه‌کانمان بێت. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین که هه‌موو پارته کوردستانیه‌کان پێکه‌وه هێزێکی یه‌کگرتووی پوخته‌و پۆشته‌ی پێشمه‌رگه دروستبکه‌ن بۆ به‌ربه‌ره‌کانی له‌گه‌ڵ ڕێژیم وپاراستنی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، نه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر حیزب ولایه‌نێک بۆ خۆی گروپێکی هه‌بێت. خه‌باتی رێکخستن و خه‌باتی دیپلوماتی له‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر له خه‌باتی نیزامی ده‌وری زیاتره، بۆیه ئێمه‌ش له‌و جۆره خه‌باتانه تا راده‌یه‌کی باش هه‌نگاومان ناوه‌و به‌پێێ ئیمکانات وتواناکانمان به‌رده‌وام ده‌بین.
- ره‌خنه‌تان له سه‌رجه‌م پارته کوردييه‌کانى رۆژهه‌لات هه‌يه که سه‌ربه‌خۆييان نه‌کردۆته دروشمى سه‌ره‌کيان , پێتان وانيه ئه‌مه بارودۆخه که دروشمى به‌سه‌ردا سه‌پاندوون?
وڵام : هه‌روه‌ک له پرسیاری دیکه‌دا ئه‌رزم کردی ده‌بێت خۆمان بارودۆخه‌که دروستبکه‌ین، ئایا ئێوه تا ئیستا بیستوتانه که فه‌له‌ستییه‌نییه‌ک ئیسرائیل چێتی بکات و بڵێ خه‌ڵکی فه‌له‌ستینی ئیسرائیل? یاخه‌بات بکات بۆ ئیسرائیلیه‌کی فیدراڵ? هه‌رچه‌ند که‌جوله‌که‌کان خاوه‌نی ڕه‌سه‌نی ئه‌و ئه‌رز و خاکه‌ن و مافی خۆیانه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆییان هه‌بێت، ئه‌وانیش به‌شی خۆیان ئازاریان چێشتووه‌و و فیداکارییان کردوه. ئایا ئێوه بیستووتانه که کۆسۆڤۆیه‌ک تاسه‌ربه‌خۆیی کۆسۆڤۆیان به ده‌ستهێنا بڵێن ئێمه خه‌ڵکی سربیان?. ئه‌ی تاکه‌ی ئێمه ده‌بێت ئه‌م خاکه‌ی کوردستان حه‌ڵال بکه‌ین بۆ ئێران?.
- تاچه‌ند هاوسۆزن له گه‌ڵ خه‌باتى رزگاريخوازانه‌ى پارچه‌کانيترى کوردستان ?
وڵام : پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان له به‌رنامه‌و پرۆگرامی خۆی به‌م شێوه‌یه پشتیوانی له خه‌باتی به‌شه‌داگیرکراوه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌کات. "پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان" نیشتمانی کورد به هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه به یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ناسێ، ئه‌و سنوورانه‌ش که خراونه‌ته نێوان به‌شه‌کانی کوردستان و به ڕواڵه‌ت له‌تیان کردووه، به ده‌ستکردی داگیرکه‌ر وسنووری زۆره‌ملییان داده‌نێ و به ڕه‌سمییه‌تیان ناناسێت، به‌ڵام له‌م هه‌لومه‌رجه ناسکه‌دا، پاڕتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان به‌پێێ چه‌ندین هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕامیاری(سیاسی) وستراتیژیکی ڕۆژ له ناوچه‌که‌دا، خه‌بات وتێکۆشانی ئێستای ته‌رخان ده‌کات بۆبه‌شی داگیرکراوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، واته کوردستانی بنده‌ستی ڕێژیمی ئێران. له‌و دێره‌دا سیاسه‌تی پارتی سه‌ربه‌ستیی بۆ گشت کوردستان روونه. له کاتی دروستبونمانه‌وه تا ئیستا له ئاست هه‌ر کاره‌ساتێکی کوردستان بێهه‌ڵویست نه‌بووین وناشبین.
- بۆچى باشورى کوردستانتان بۆ راگه‌ياندنى پارته‌که‌تان وئاراسته‌کردنى چالاکييه‌کانتان هه‌ڵنه‌بژارد له کاتێکدا که‌زۆر نزيکتره له رۆژهه‌لاتى کوردستانه‌وه? ئايا رێگه‌تان پێنه‌درا? کێ رێگه‌ى پێنه‌دان?.
وڵام : ئێمه له پێش ڕاگه‌یاندنی دامه‌زراندنی پارتیمان پێوه‌ندیمان به ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوره‌وه گرت وداوامانکرد که با له‌خاکی کوردستان دامه‌زراندنی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان ڕاگه‌یه‌نین. به دوای ئه‌ویشدا زۆرمان هه‌وڵدا که له هه‌رێمی کوردستان کۆنگره‌ی یه‌که‌ممان بگرین، به‌ڵام مخابن ئه‌و موڵه‌ته‌مان له‌و کاتانه پێنه‌درا. ده‌نائیمه زۆرمان پێخۆشه له‌سه‌ر هه‌ر بسته‌خاکیکی ئه‌م وڵاته کار‌و کۆبونه‌وه‌کانمان به‌ڕێوه ببه‌ین. به‌ڵام به خۆشییه‌وه دوای 4ساڵ چاوه‌ڕوانی ئیستا هه‌ل ومه‌رجه‌که باشتر بووه.
- ئايا به فه‌رمى داواى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تتان له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کردووه ?
وڵام : به‌ڵێ به ده‌یان جار به فه‌رمی داوامانکردوه، به‌ڵام به‌هۆی هیندێک هۆکاره‌وه که پێوه‌ندیدار بوو به‌چاره‌نووسی ئاسایشی هه‌رێمه‌وه موڵه‌تدانمان دواده‌خرا، وئێمه‌ش به‌وپه‌ڕی ڕیزه‌وه وڵامه‌کانمان وه‌رده‌گرت. پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆشمان ده‌زانین.
- سيسته‌مى رێکخستنتان به چ شێوه‌يه‌که ? له رووى جه‌ماوه‌ره‌وه له چ ئاستێکدان?
وڵام : ڕێکخستنه‌کانمان به شێوه‌ی شانه‌یی له نێوان 3 تا 5 که‌س له گشت شار‌و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه. به پێێ ته‌مه‌نی که‌می پارته‌که‌مان و بێ ئیمکاناتیشمان، هه‌روه‌ها به قسه‌ی زۆر چاودیری سیاسی ئێمه له ئاستێکی باشداین. ئیستا به خۆشییه‌وه له ئاست پارت ولایه‌نه‌کانی کوردستان وخه‌لکی کوردستان وه‌ک پارتێکی سیاسی له گۆره‌پانه‌که‌دا هه‌ین.
- کاروچالاکييه‌کانتان له‌چيدا خۆى ده‌بينێته‌وه? له ناوخۆى رۆژهه‌لاتى کوردستان چيتان کردووه ?
وڵام : ئێمه به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هاوبیرانمان له سه‌رتاسه‌ری شار‌و ناوچه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له پێوه‌ندیداین. به‌رده‌وام ڕێکیان ده‌خه‌ین وبۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی هانیان ده‌ده‌ین. رۆژانه هاوبیره‌کانمان به‌ره‌و زیادبوون ده‌چن، هه‌روه‌ها تاڕاده‌یه‌کی باشیش هاوبیرمان له کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات که له هه‌رێمی کوردستان ده‌ژین هه‌یه. به سه‌دان کوردی په‌ریوه‌ی هه‌نده‌ران له وڵاتانی ئوروپایی و ئه‌مریکای وئوسترالیایی له‌گه‌ڵ پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستانن. کاره‌کانیشمان له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان به شێوه‌یه‌کی زانستی و دیپلوماتی به‌رده‌وامه. به هه‌موو شێوه‌یه‌کیش بۆ گه‌رانه‌وه‌مان له دوارۆژ بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خۆمان ئاماده ده‌که‌ین.
- وه‌کو پارتى سه‌ربه‌ستى ئامانجتان پێکهێنانى ولاتێکى سه‌ربه‌خۆ وديموکرات له‌رۆژهه‌لاتى کوردستانه, ئه‌ى پارچه‌کانيتر?
وڵام : وه‌ک له وڵامی پرسیاری دیکه‌شتان وڵامم ئاراسته کردی که پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان نیشتمانی کورد به هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه به یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به یه‌ک نه‌ته‌وه ده‌ناسێ، به‌ڵام ڕاستییه‌ک هه‌یه که ده‌بێت قبووڵی بکه‌ین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که سه‌دانساڵه له یه‌کیان دابریوین، هه‌لومه‌رجێکی وایان لا دروستکردوین که خه‌بات بۆ یه‌ک کوردستان پێکه‌وه زۆر دژوارتربێت، هه‌رۆیه‌ش هه‌ر به‌شه‌ی کوردستان به‌پێێ شه‌رایه‌تی ئه‌و وڵاته‌ی که‌ئه‌و به‌شه‌ی کوردستانی داگیر کردوه خه‌باته‌که‌ی ده‌کات. ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین که ته‌نیا بیر له‌وه‌بکه‌ینه‌وه له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا یه‌ک وڵاتمان هه‌بێت، بابیریش له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئه‌گه‌ر4 وڵاتمان هه‌بێت، با 4 له‌شکری پوخته‌ی کوردستانیمان هه‌بێت و خاوه‌نی 4 کوردی بین له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، هێز وتوانامان زیاتر له جیهاندا پێشانده‌درێت. با له دوارۆژدا له ڕاپرسیه‌کی سه‌رتاسه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بریار له بوونی یه‌ک وڵات یه‌کاله‌که‌ینه‌وه.
- پێتان وايه به‌م نزيکانه گۆرانکارى گرنگ له ئێران‌دا رووبدات که رێره‌وى ده‌سه‌لات بگۆرێت?
وڵام : به دڵنیایه‌وه ئه‌و ڕێژیمه کاتی نه‌مانی هاتووه، چوون جاران زیاتر پشتی به‌ناوخۆی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام ئیستا له ناوخۆی وڵاتیش ده‌نگی ناڕه‌زایه‌کان له جاران زیاتر په‌ره‌ی سه‌ندووه. به کورتی ئه‌وه‌تان پێ‌بڵێم که مه‌رگی ئه‌م ڕێژیمه‌ش وه‌ک باقی ڕێژیمه دیکتاتۆره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین نزیک بووه‌ته‌وه. سه‌رده‌م گۆراوه ئه‌وجۆره ده‌سه‌ڵاتدارێتییه نه بۆ نه‌وه‌ی تازه ونه‌بۆ جیهانی مۆدێرین قابیل هه‌زم نین وناتوانن دڕێژه به‌و سیاسه‌ته بده‌ن، به‌تایبه‌ت ئێرانیش وڵاتێکه که خاکی زۆر نه‌ته‌وه‌ی داگیرکردوه.
- سه‌رچاوه‌ى داراييتان له‌کوێوه دابين ده‌که‌ن? له‌لايه‌ن پارتى ويه‌کێتيه‌وه هاوکارى ده‌کرێن?
وڵام : له هیچ حکومه‌ت ولایه‌نێکه‌وه هاوکاری ماڵی ناکرێین، و ته‌نیا پاره‌و سه‌رمایه‌ی ئه‌ندامانی خۆمانه تا ئیستا به کاری دێنین. ئه‌ولایه‌نه به‌ڕێزانه‌ش که ناوت هێناون هێج هاوکارییه‌کی ماڵی ئێمه‌یان نه‌کردوه، به‌ڵام ئێمه شانازی ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هاوکاریمان بکه‌ن، چوون ئه‌وانه لایه‌نی کوردین و ئێمه هه‌رگیز ئاماده نین داوا له لایه‌نێک بکه‌ین که کوردستانی داگیرکردبێت یا زیانی به کورد گه‌یاندبێت یا بییه‌وه‌ێ زیان بگه‌یه‌نێت. جا بۆیه هه‌ر لایه‌نێکی کوردستانی هاوکاری ماڵیمان بکات به شانازییه‌وه ئه‌و هاوکارییه وه‌رده‌گرین وسوپاسیان ده‌که‌ین.
- په‌يوه‌نديتان له گه‌ڵ پارته سياسيه‌کانى باشوورى کوردستان و به تايبه‌تى پارتى ويه‌کێتى له چ ئاستێکدايه?
وڵام : پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ گشت پارته‌کانی هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستاندا هه‌یه، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ردوو پارتی به‌ریزی باشوری کوردستان وه‌ک پارتی دیمۆکراتی کوردستان ویه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان. ئێمه وه‌ک پارتێکی لیبراڵدیمۆکرات له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خه‌بات ده‌که‌ین، دیاره وه‌ک وتم له‌گه‌ڵ گشت لایه‌نه‌کانی کوردستانی که بۆ ڕزگاری نیشتیمان به شێوه‌ی جیاواز خه‌بات ده‌که‌ن پێوه‌ندیمان هه‌یه، به‌ڵام هیندێک له‌و پێوه‌ندیانه له ئاستێکی زیاتردایه له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی که شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌یان له ئێمه نزیکتره.
- تاچه‌ند گرنگيتان به توێژه‌کانى لاوان وقوتابيان وئافره‌تان داوه? ئايا رێکخراوى تايبه‌ت به‌م توێژانه‌تان هه‌يه?
وڵام : زۆر جار به ئێمه‌یان وتووه که‌ئێوه بۆ خۆتان پارتێکی گه‌نجن، من وه‌ک سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان له دایکبووی ساڵی 1973، پێموایه تا ئیستا هیچ هاوبیرێکمان تێدانییه له 43 ساڵ بۆ سه‌ره‌وه بێت. به‌لایه‌کی دیکه‌وه ئێمه‌ڕێکخراوی لاوانی سه‌ربه‌ستیی کوردستان‌مان هه‌یه، که کاک هاشم موحه‌ممه‌دی لاوێکی ته‌مه‌ن 25 ساڵ سه‌رۆکێتی. هه‌روه‌ها ڕێکخراوی ژنانی سه‌ربه‌ستیی کوردستان‌مان هه‌یه، به‌ڵام جارێک به شێوه‌ی کاتی کاره‌کانیان ده‌که‌ن، له داهاتووداڕێکخراوی ژنان زیاتر خۆی ڕێکده‌خات و چالاکیه‌کانیان ده‌ستپێده‌کات.
- گرنگيه‌کى زۆر به بوارى ته‌کنه‌لۆژياى زانيارى ده‌ده‌ن وچه‌ند ماڵپه‌رێکتان هه‌يه, پێتانوايه ئه‌مه تاچه‌ند کاريگه‌رى هه‌يه بۆ به ئاکام گه‌يشتنى ئامانجه‌کانتان ?
وڵام : هه‌موو جۆره خه‌باتێک به‌پێێ سه‌رده‌م ده‌بێت که‌ڵکی لێوه‌ربگیرێت، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ته‌کنولۆژیای نۆی له ئارادایه که ته‌واوی حیزبه‌کانی جیهانی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن، ئه‌ویش هێل وڕایه‌ڵه‌ی ئینته‌رنێتییه، که مخابن هیندێک لایه‌نی کوردی له‌و ته‌کنولۆژیا نازانن و گاڵته به‌و لایه‌نه‌ش ده‌که‌ن که که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرن، ئێمه زۆر که‌وتووه‌ته به‌رگۆیمان به ئێمه‌یان وتووه گوایه ئێمه حیزبێکی ئینته‌رنێتین، ئیدی بێجگه له‌و هه‌موو چالاکیانه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان که کردومانه، به‌ڵام زۆر به باشی توانیومانه له ڕێگه‌ی ته‌نکولۆژیای نۆیه‌وه که‌ڵک وه‌رگرین، و پێوه‌ندی باشی چ له ئاست ناوخۆی کوردستان و چ له ئاست جیهاندا پێدروستبکه‌ین. هه‌روه‌ها چه‌ندین ماڵپه‌ری پسکمان psk2006.org ,Serbesti.info ،rlsk.org. serbexo.com .تایبه‌ت یانزیک له سیاسه‌تی هه‌بێت وه‌ک ئه‌وانه.
- وه‌کو سه‌رۆکى پارتێکى کوردى به کام له سه‌رکرده کورده‌کان سه‌رسامى له هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان ? چ کۆچکردوو چ ئه‌وانه‌ى له ژيانداماون?
وڵام : زۆر سه‌رکرده‌ی شه‌هیدی مێژووی هه‌ن که ئێمه ده‌بێت هه‌میشه شانازییان پێوه بکه‌ین، وه‌ک شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ مه‌حمودی مه‌لیک، سمکۆی سمائیل ئاغا، پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌د، جه‌نه‌رال مه‌لا موسته‌فا بارزانی. دوکتۆر قاسملۆ. که ئه‌مانه له‌کاتی خۆیاندا نموونه‌ی خۆراگری بوون، ئه‌وانه ڕیشکی داری خه‌باتیان چاندوه که تا ئیستاش به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌رده‌وامه.
که‌سایه‌تی کوردستانی زۆرن که ئیستا له ئاست جیهاندا ناسراون، نموونه‌یان وه‌ک مامجه‌لال که ئه‌رکی سه‌رۆک کۆماری ئێراقی پێسێردراوه. به‌ڵام وه‌ک سه‌رۆکی تایبه‌ت به کوردستان که ئیستا
به‌شێک له کوردستان ئازاده‌و به ده‌نگی زۆرینه‌ی خه‌لکی کوردستان کاک مه‌سعود بارزانی یان وه‌ک سه‌رۆکی خۆیان هه‌ڵبژاردوه. به ڕاستی هه‌ڵبژاردنی که‌سایه‌تییه‌کی به توانا‌و لێهاتووی وه‌ک کاک مه‌سعود زۆر بۆمن وئه‌وانه‌ی بیری سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان هه‌یه شانازییه، و پێم وایه گه‌له‌که‌مان له باشوری وڵاته‌داگیرکراوه‌که‌مان سه‌رۆکێکی شیاو لێهاتوویان هه‌ڵبژاردوه. هه‌ر ئه‌و ئه‌و لێهاتووه‌ی وایکردوه که 75 % دانیشتووانی کوردستان ده‌نگی پێبده‌ن. ناوبراو که‌سێکه به‌ڕاستی زۆر به توانایای و زاناییه‌وه ئه‌رکه‌کانی خۆی به‌ڕیوه ده‌بات. زۆر به قورسی له‌به‌رامبه‌ر جیهاندا سیاسه‌ت ده‌کات. کاتێک ده‌مبینی له‌کۆشکی سپی وڵاته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سه‌رۆکی ئه‌و وڵاته و به‌رپرسه‌باڵاکان به‌و شێوه‌و به به‌رگی کوردییه‌وه پێشوازی لێده‌که‌ن، کاتێک ده‌مبینی وڵاتانی عه‌ره‌بی و وڵاتانی ئوروپایی وه‌ک سه‌رۆکی کوردستان پێشوازی لێده‌که‌ن، زۆر خۆشحاڵ ده‌بووم له‌وه‌ی که نیشتیمانه‌که‌م که‌سی وا به توانای هه‌یه. هه‌ر ئه‌مرۆ که دیتم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستانی کرد، دوایی به ئوتۆمبیل گوازتیانه‌وه بۆ لای کاک مه‌سعود، به‌و هه‌واڵه زۆر شادبوومه‌وه که تورکیا جاران چۆن له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی کوردا هه‌ڵویستی ده‌گرت و ئیستا بۆخۆیان دێن بۆ هه‌ولێر. ئه‌مه‌ش به‌شێکه له‌و سیاته حه‌کیمانه‌ی ئه‌و سه‌رۆکه کورده. جاران هیچ به‌رپرسێکی تورکی ئاماده نه‌بوو ناوی کوردستان به زاریا بێت و له نزیک ئاڵای کوردستانیش ڕاوه‌ستێت، به خۆشییه‌وه ئه‌مرۆ دیتم له بن ئاڵای کوردستان دانیشتبوون و چه‌ند جار وشه‌ی کوردستانیان دووپاتکرده‌وه. دیاره ئه‌مه‌ش هه‌ڵویستی مه‌ردانه‌ی ئه‌و جوامیره کورده‌یه، که وایکردوه بۆخۆیان بێنه هه‌ولێری پایته‌خت.
- وه‌کو سه‌رکرده‌يه‌کى لاو چ په‌يامێکت بۆ لاوانى کورد هه‌يه ?
وڵام : من خۆم له‌و ئاسته نازانم که ڕێنۆێنی یا په‌یام بۆ لاوانی نیشتیمانه‌که‌م بنێرم، ته‌نیا خۆم وه‌ک لاوێکی ئه‌م وڵاته ئه‌وه ده‌ڵێم، که تکایه با هه‌موومان له‌ئاست خۆمانه‌وه بیر له‌وه بکه‌ینه‌وه که ئایا تاکه‌ی به بێ وڵاتی بژین، تکایه با هه‌موومان تواناکانمان بخه‌ینه گه‌ر بۆ خزمه‌ت به خاک و نیشتیمانه‌که‌مان، با کێشه‌ی کاره‌باو ئاو و فڵان مه‌سول نه‌که‌ین به بیانووی دوورکه‌وتنه له کوردایه‌تی. ئه‌و شتانه رووتینی رۆژانه‌ن وسه‌رده‌مانێک دێت کۆتای‌یان پێ بێت، به‌ڵام خاک ونیشتیمان بۆ هه‌میشه هه‌یه‌و پێویستی به خزمه‌تی زیاتره.
::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::::
کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر ژیانی به‌رێز عارف باوه‌جانی سه‌رۆکی پارتی سه‌ربه‌ستی کوردستان. ئامادەکردنی ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان.
شۆین و ساڵی له دایکبوون٤ی نه‌ورۆزی ٢٦٧٣ی کوردی واتە ١٩٧٣ ی زاینی، لە گوندی به‌رکوڕی سه‌لاسی باوه‌جانی، سه‌ربه پارێزگای کرماشان. له ته‌مه‌نی٧ ساڵیدا واته له ساڵی١٩٨٠ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی به‌هۆی هه‌ڵگیرساندی شه‌ڕی نێوان حکومه‌تی ئێراق و ئێران وشه‌ڕی حکومه‌تی تازه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ کورده‌کان، ئاواره‌ی ناوچه‌کانی باشوری کوردستان ده‌بن، و له ساڵی ١٩٨٢ له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئێراقه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه ئۆردوگای زۆره‌ملی ئه‌ڵتاش. هه‌ر له‌ئۆردوگای ئه‌ڵتاش و له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیه‌وه هزری کوردایه‌تی له مێشکی عارف په‌روه‌رده ده‌بێت، له ساڵی١٩٨٦ وده‌چێته نێۆ ڕیزه‌کانی حدکا وبه‌ڵام له‌به‌رته‌مه‌نی مناڵی وه‌ریناگرن و ده‌ینێرنه‌وه، دیسانه‌وه له ساڵی ١٩٨٨ده‌چێته‌وه ڕیزه‌کانی حدکا، له‌به‌ر که‌می ته‌مه‌نی بۆ ماوه‌یەک له یه‌کێتی لاوانی حدکا ده‌بێت، پاشان بۆ ماوه‌ی٤ساڵ وه‌ک پێشمه‌رگه له ڕیزه‌کانی حدکا ده‌بێت. له‌ساڵی ١٩٩٧ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی وله رێگه‌ی کۆمیساریایی به‌رزی په‌نابه‌ران ده‌گه‌نه وڵاتی نۆ‌رویژ. ناوبراو له ماوه‌ی ژیانی له وڵاتی نۆ‌رویژ به گه‌رمی سه‌رقاڵی خۆپێگه‌یاندن وناساندنی کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌ی ده‌بێت له‌م وڵاته‌دا، هه‌ر به‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌چێته ڕیزی یه‌کێک له پارته‌کانی وڵاتی نۆ‌رویژ به ناوی پارتی سوسیال چه‌پی نۆ‌رویژ، هه‌ر له لیستی ئه‌و پارته‌دا له‌ساڵی٢٠ ٠ ٣ تا٢٠ ٠ ٧ وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی ئۆسڵۆی پایته‌ختی نۆ‌رویژ هه‌ڵده‌بژێردرێت، هه‌روه‌ها له‌ته‌مه‌نی ئەم چەند ساڵەی ژیانی له وڵاتی نۆ‌رویژ به‌رده‌وام بووه له خزمه‌تی بێوچانی به کێشه‌ی کورد و په‌نابه‌ره‌کانی ناو وڵاتی نۆ‌رویژ، و ئۆردوگای ئه‌ڵتاش وکورده‌کانی ئاواره له تورکیا‌و ولاتانی ئێراق و ئۆردون.
لە پاش پەیداکردنی ئەزموونێکی زۆری سیاسی و دیپلوماتی، له ساڵی٢٠ ٠ ٦ وێرای چه‌ند هاوبیرێکی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستانی وە‌ک پارتێکی نه‌ته‌وه‌یی وسه‌ربه‌خۆخواز بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دامه‌زراندوه. هه‌روه‌ها ناوبراو پێوه‌ندیه‌کی باشی له نێوان که‌سانی باڵاده‌ستی حکومه‌تی نۆ‌رویژ وزۆر له‌وڵاتانی ئوروپایی و ئه‌مریکایدا هه‌یه، که‌سێکی چالاک وهه‌ڵسوڕ وماندوونه‌ناسه بۆ خزمه‌ت به گه‌ل ونیشتمانه‌که‌ی.
کاک عارف خاوەنی سەدان وتار‌و بابەتی بەکەڵکە لە بواری هزری نەتەوەیی و هەروەها خاوەنی چەندین پەرتووکی چاپنەکراوە، کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێک لەو پەرتووکانە کە تەرخانکراون بۆ بیری نەتەوەیی دەکەنەوە بەردەستی خۆێنەرانەوە.
لینکی ماڵپه‌ری لاواننێت و گۆڤاری پێشکه‌وتن له هه‌ولێر
http://www.lawannet.com/Detail.aspx?IdNews=19&TypeNews=Interview#